ژنانی گەنجی تیکۆشەر کەمپێکی ژنۆلۆژییان لەژێر ناوی " شەهید دەلال" ڕێکخست

لە ماوەی کەمپێکی دوو ڕۆژەدا لەناو سروشتدا ژنانی گەنجی تیکۆشەر زانست و ئەکادیمیای ژنۆلۆژییان بە بەشداربووانی کەمپەینەکە ئاشناکرد.

ئامانج لە کەمپەینەکە خۆناسینی جەوهەری ژن و ئەرک و مافەکانی بوو لەڕوانگەی زانستی ژنۆلۆژیەوە، کە چەندەها چالاکی جۆراو و جۆر، سیمیناری تایبەتی لەخۆگرتبوو.

کەمپەینەکە لەناو سروشتدا ڕێکخرابوو، ئامانج لەوەش ئاشتکردنەوەی فکر و رۆحیەتی ژنان بوو لەگەڵ سروشت، ئەوەی جێگای سەرنجی بەشداربووان بوو ئەو هاوکاری و تیکەڵبوونەیان بوو لەگەڵ یەکدی بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان لەمیانی ئەو دوو رۆژەی کەمپەکەدا، کە ئەمەش کەمپی ژنۆلۆژی جودا ئەکردەوە لەگەڵ کۆڕ وکۆبونەوەکانی دیکەی ژنان؛ وەک ڕێکخەرانی ژنانی تیکۆشەر باسیان لێوە کرد مەبەست لەم کارەیان ئەوەیە کە هزر و تێڕوانینی ژنان لەو سیستەمەی کاپیتالیزم دووربخەنەوە کە پەیوەندیەکانی نێوان ژنانی لاوازکردوە و متمانە و پیکەوەیبونیانی لێسەندوونەتەوە؛ ئەمەش لەسەر بنەماکانی فکری ڕێبەر ئاپۆ بوو کە نیشتیمانپەروەری و ئیرادە و ئیتیک و ئیستەتیکە بۆ پەروەردەی خۆسەری ژنان.

کەمپەکە لەماوەی دوو رۆژدا لە سێ سیمیناری جیاوازدا زانستی ژنۆلۆژی بە کچانی گەنج ئاشناکرد، هەروەها شوێن و بنکە و ڕێبازی ژنۆلۆژی ڕوونکردەوە و دامەزرێنەران و پێشەنگانی ئەو بوارەی باس کرد، لەگەڵ هەموو ئەمانەدا ئەرک و ماف و جەوهەری ژنان و ڕێچکەی خەباتی تاکی بە ئامادەبوان ناساند، ئەمەش لەپێناو بەرفراوانکردنی هەوڵەکانی ژنان بۆ دروستکردنی زەمینەیەکی لەبار و کەمکردنەوەی ئەو توندوتیژیانەی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردیدا.

بەشێکی دیکەی کەمپەکە سیمناری تەندروستی لەخۆگرتبوو کە ژنان لە ڕووی زانستی پزیشکیەوە بە جەستەی خۆیان ئاشناکران، گرنگترینیان ئەو پرسە تەندروستی و زانستیانە بوون کە چەندان سەدە بەهۆی شاراوەیی بوونیان ژنانی پێوە چەوسێندراونەتەوە و ستەمیان لێکراوە، " بۆ نمونە نەبوونی منداڵی کوڕ" بە درێژایی مێژوو ژنی لەسەر کوژراوە و ستەمی لێکراوە لەگەڵ ئەوەی لەڕووی زانستی پزیشکیەوە هۆکارەکە ژنان نەبوون بەڵکو پیاو بووە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کە ئێستا هۆکارەکەی زانراوە بەڵام هێشتا لە ناوچە دورەدەەستەکان ، لەناو کۆمەڵگە داخراوەکان و خێزانە کۆنەپارێزەکاندا هێشتا بەهەمان هۆکار بەشێک لە ژن ستەمیان لێدەکرێت.
کەمپی ژنانی گەنجی تیکۆشەر تەنها سیمینار و پەروەردەی لەخۆنەگرتبوو، بەڵکو چالاکی جودای دیکەی تێدابوو لەوانەش وەرزشکردن، شێواز و تەکنیکی خۆپارێزی، سەما لەوانەش " زۆمبا"، وەرزش و کێبڕکێ، کە ئەمەش ئامانج لێی بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان کچان بوو کە ئێستا لەناو کۆمەڵگەدا بەتەواوی لاوازبووە.

لە کۆتایی کەمپەکەدا وەک هاندانێکی کچانی گەنج کە بەشداریان لە کەمپەکە کردبوو دیاری بەسەر هەموواندا دابەشکرا.
کەمپەکە لەژێر ناوی هەڤاڵ دەلال شۆڕش ڕێکخرابوو، کە یەکێکە لەو گەریلایانەی تیکۆشەرانە خەباتی بۆ ئازادی کوردستان و ژنان کرد لەناوچە جیاوازەکانی کوردستان تاوەکو لە مانگی تشرینی ٢٠٢٢ بە چەکی کیمیایی لەناوچەی زاپی باشوری کوردستان شەهید بوو.

هـ . ب