بەسێ ئەرزینجان: ساکینە جانسز پێشەنگی بزووتنەوەى ئازادیى ژنانە

بەسێ ئەرزینجان ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەژەکە لەبارەى ژیانى ساکینە جانسزەوە وتى "هەڤاڵ سارا بەهۆی دڵسۆزی و خەونى بۆ ئازادی، بووەتە پێشەنگی هەموو ژنان".

ساکینە جانسز (سارا) یەکێکە لە دامەزرێنەرانى پەکەکە، کە تا دوا هەناسەى چالاکانە بەشداریی لە کار و ئەرکەکانى رێکخستن دا کرد. ساکینە جانسز (سارا) لەگەڵ فیدان دۆغان (رۆژبین) نوێنەری کەنەکە لە پاریس و لەیلا شایلەمەز (رۆناهی) ئەندامى بزووتنەوەى گەنجان لە رۆژی ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ / ٢٠ی فەرانبار لە شاری پاریسی پایتەختى فەرەنسا تیرۆرکران.

بەسێ ئەرزینجان ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆمەڵەکانى ژنانى کوردستان (کەژەکە) بە بۆنەى ٦هەمین ساڵیادى شەهادەتى ساکینە جانسز و هاوڕێکانییەوە باسی لە کەسایەتى و تێکۆشانی جانسز کرد و بە رێزەوە یادی بەرز راگرتن و وتى "کۆمەڵکوژکردنیان لە شاری پاریسی پایتەختى فەرەنسا لەلایەن بەرپرسانى دەوڵەتى تورکەوە ئەنجامدرا. ئەو کۆمەڵکوژییە بە توندی ئیدانە دەکەم. دەوڵەتى تورک هەرگیز ناتوانێت بەر بە تێکۆشانی ئازادیى گەل و ژنانی کورد بگرێت".

ئەرزینجان ئاماژەى بە تێکۆشانی جانسز کرد و وتى، خاڵی بنەڕەتیى تێکۆشانی ئازادیى ئەوە بوو، لێکۆڵینەوە و بە دواداچوونی بۆ ژیانى ئازاد قوڵ بوو.

"هەرگیز دڵسۆزیى بۆ رێبەرایەتى لاواز نەبوو"

ئەرزینجان باسی ئەوەیکرد، ساکینە جانسز یەکەم ژن بوو کە بەشداری ریزەکانى پەکەکە بوو، بۆیە دڵسۆزیى بۆ عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بەشێوەیەکى بەهێز بەردەوامیى هەبوو و بە بەردەوامی دەیوت "رێبەرایەتى هەموو کات هێز بە ژنان دەدات. لە قورسترین کاتەکاندا پشتیوانى لە ژنان دەکات. دەرفەتى رەخساند بۆ ئەوەى ژنان خۆیان پێشبخەن".

بەسێ ئەرزینجان باسی ئەوەشیکرد "لە راستیدا پەیوەندیى رێبەرایەتى لەگەڵ هەڤاڵ سارا بۆ پەیوەندیى بوو لەگەڵ ژنان دا. پەیوەندیى رێبەرایەتى و ژنان تایبەت و جیاوازە، بەهێزە و نالەقێت".

خۆشەویستى و هاوڕێیەتى گەورە

بەسی ئەرزینجان وتى "پەیوەندیى نێوان رێبەرایەتى و ژن، لە خۆشەویستى، رێز، بڕوا و دڵسۆزیى گەورە پێکهاتووە. هاوکات پەیوەندیی تێکۆشانە. دەبێت مرۆڤ لەو چوارچێوەیەدا لێکدانەوە بۆ پەیوەندیى نێوان رێبەرایەتى و هەڤاڵ سارا بکات. لە نێوان رێبەرایەتى و هەڤاڵ سارا دا هەم خۆشەویستى و هەم هاوڕێیەتییەکى گەورە و هەم تێکۆشانێکى گەورە هەبوو. ئەو شێوازە لە پەیوەندی، پەیوەندییەکى هاوڕێیانە بوو، کە مرۆڤی ئازاد و مەزن دەکرد و دیگۆڕی. ئەوە هاوکات خۆشەویستییەکى جیاوازى هاوڕێیەتى بوو".

بووە پێشەنگی هەموو ژنان

بەسێ ئەرزینجان ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەژەکە رایگەیاند، ساکینە جانسز بووەتە پێشەنگی هەموو ژنانی جیهان و لەوبارەیەوە وتى "رۆژی ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ / ٢٠ی بەفرانبار و کاتێک لە پاریس کوژرا، لە هەموو دونیادا بووە رۆژەڤ. دواتر لە پێش هەموانەوە گەلی کورد و گەلانى تر هەموویان هەڤاڵ ساکینە جانسزیان ناسی. بە تایبەتى ژنانى چەپ، شۆڕشگێڕ، سۆسیالیست، فمینیست و ئانارشیت ئەویان بە باشی ناسی. هەڤاڵ سارا نەک تەنها بۆ ژنانی کورد خاوەنی هەڵوێست و ئیدعا و پێداگری بوو، بەڵکو بە پێداگریى بۆ ژیانى ئازاد و بەرخودانەکەى لە زینداندا بووە پێشەنگی هەموو ژنانى جیهان".

ئەرزینجان سەرنجی خستەسەر گرنگیى تێگەیشتن لە ژیانى ساکینە جانسز و وتیشی "ژن دەبێت بە بەهێزی وانە لە ژیانى هەڤاڵ ساراوە وەربگرێت. بە وەرگرتنى وانە، ژنان دەتوانن ببن بە خاوەنی هەڵوێست و تێگەیشتنێکى بەهێز بۆ تێکۆشان. کاتێک کتێبى "ژیانم هەمووی شەڕ بوو"ی هەڤاڵ سارا بخوێنرێتەوە و لێکۆڵینەوە لەسەر ژیانى بکرێت، ئەو تێگەیشتنە بە روونی خۆی دەخاتەڕوو و تێگەیشتنەکە لە کەسایەتى و ژیان و تێکۆشانی قوڵتر دەبێتەوە. کەسایەتی و تێکۆشانی هەڤاڵ سارا سەلماندیان کە باجەکەى چەند قورسیش بێت، ژن دەتوانێت سەرکەوتن و ژیانى ئازاد بەدەست بهێنێت".

"ئەوەى هەڤاڵ سارای کردە پێشەنگ، هەڵوێستەکانیەتى لە ناو ژناندا"

ئەرزینجان لە کۆتایى قسەکانیدا ئەوەشى وت "ئەوەى هەڤاڵ سارای کردووەتە پێشەنگ، هەڵوێستەکانیەتى لە ناو ژناندا. بەهۆی هەڵوێستەکانی و بەهۆی پێداگری و رادیکاڵبوونییەوە بۆ ئازادی، بەهۆی دڵسۆزیى بۆ خەون و خولیاکانى ئازادی، پێشەنگایەتیى بۆ ژنانى کوردستان، رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و دونیا کردووە. لە تێکۆشانی ئازادیدا بەبێ ئەوەى قورسی و دژوارییەکان لەقی بکات، بە بڕوا و پێداگرییەکى گەورەوە تێکۆشانی ئەنجامداوە. کەسایەتیى ئازادی لە کەسایەتیى خۆیدا ئافراند. لەبەر ئەوەش بۆ ژنان پێشەنگ و لیدەرێکى گەورەیە. رێ و رێبازەکانى ئافراندنى ژیانى ئازادی لەو چوارچێوەدا چەسپاند".

ر.م