١٠٥ پارێزەر لە دژی گۆشەگیری لە سەر ئیمڕاڵی سەردانی سەندیکای پارێزەرانی ئامەدیان کرد

ئۆهەدە لە دژی گۆشەگیری لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەگەڵ ١٠٥ پارێزەر بە داواکاری ئەوەی بکەوێتە ناو هەوڵەوە سەردانی سەندیکای پارێزەرانی ئامەدیان کرد.

لقی ئامەدی کۆمەڵەی یاساناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) سەبارەت بە گۆشەگیری لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و سەردان و داکارییەکەی خۆی لە بینای کۆمەڵەکە کۆنفرانسی رۆژنامەوانی سازکرد. ژمارەیەکی بەرچاو لە پارێزەران بەشداری کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکە بوون. راگەیەندراوەکە لە لایەن هاوسەرۆکی ئۆهەدەی ئامەد موحەرەم شاهینەوە خوێندرایەوە. شاهین باسی لەوەکرد، کە بۆ کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری دژوار لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، حامیلی یەڵدرم، عومەر زەیری کۆنار و وەیسی ئاکتاش کە لە زیندانی جۆری ئێف بە ئاسایشی بەرزی ئیمراڵیی زیندانیکراون، بەمەبەستی هەڵگرتنی قەدەغەی سەر دیداریان لەگەڵ پارێزەران، بۆ ئەوەی زیندانیانی ئەوێ لە مافە یاساییەکانیان سودمەند بن، بەتایبەتی سەندیکان پارێزەران، یەکێتی سەندیکاکانی پارێزەرانی تورکیا و وەزارەتی داد دەبێت ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن و بەپێی بەرپرسیارێتی خۆیان مامەڵە بکەن.

ئیمراڵی شوێنێکی نایاساییە

شاهین ئەوەی خستەڕوو کە زیندانی جۆری ئێف بە ئاسایشی بەرزی ئیمراڵی شوێنێکی نایاساییە و بەم جۆرە درێژەی پێدا: "یاسای ناوخۆیی و نێونەتەوەیی بێکاریگەر کراون. لە شوباتی ساڵی ١٩٩٩دا بە تایبەت بۆ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان دروستکراوە و زیندانێکی دوورگەیی تاکەکەسییە. لەو رۆژەوە تائێستا بە قەوارەیەکی تایبەت و بە سەپاندن بەسەر کەسێکی تایبەت بەڕێوەبراوە. بەڕێز حامیلی یەڵدرم، بەڕێز عومەر خەیری کۆنار و بەڕێز وەیسی ئاکتاش کەلەگەڵ بەڕێ عەبدوڵا ئۆجالان زیندانی کراون، لە تەواوی قۆناغی زیندانیکردنیان لە دوورگەکەدا لە هەلومەرجی قورسی گۆشەگیریدا راگیراون.

جگە لە هەندێک دیدار لە نێوان ئایار – ئابی ٢٠١٩، لە ٢٧ی تەموزی ساڵی ٢٠١١ەوە تا ئەمڕۆ بە درێژایی ١١ساڵ هیچ دیدارێک لەگەڵ بەرێز ئۆجالان ئەنجام نەدراوە. ساڵی ٢٠١٤ ەوە تا ئێستا بەڕێز ئۆجالان تەنیا چەند دیدارێکی ئەنجامداوە. تائێستا تەنیا توانیویەتی ٢ جار لە رێگەی تەلەفونەوە قسە بکات و دوای پەیوەندیشی لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١ ئەنجامدرا کە زۆر کورت و دواتر پەیوەندییەکە پچڕێنرا.

لە ئاداری ٢٠٢١ەوە تائێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی بەڕێز ئۆجالانەوە بەردەست نییە

لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١ەوە تائێستا هیچ زانیارییەک لە بەڕێز ئۆجالانەوە بەردەست نییە. بەڕێز ئۆجالان ناتوانێت بچوکترین مافە یاساییەکانیشی بەکاربهێنێت. سەرباری یاسای پەیوەست بە دیدار لە نێوان پارێزەران و موەکیلەکانیش، ئەو مافە لەلایەن کارگێڕییەوە بە شێوەیەکی نایاسایی پێشێل دەکرێت. بنەما یاساییەکان هەمووان دەگرێتەوە. ریزپەڕکردن و هەڵاوێردکردنی لایەنەکان یا کەسەکان لەو یاسایانە، پێشێلکردنی یاسای ناوخۆیی و نێونەتەوەییە. هەروەها پێشێلکردنی بنەمای یەکسانیە. مافەکان بۆ زیندانیان لە زیندانە جیاوازەکان، بەڕێز ئۆجالانیش دەگرێتەوە. ئەگینا نابێت باس لە یەکسانی و دەوڵەتی یاسا بکرێت. ئەو کەسانەی زیاتر پەیوەستن بە بنەما یاساییەکان، ئەوانەن کە یاسا جێبەجێ دەکەن یا خود بەڕێوەبەرن. بەڵام لەئێستادا دەردەکەوێت ئەوانەی رێگە لەبەردەم پێسێلکاری دژواری یاسایی دەکەنەوە، ئەو کەسانەن کە بۆ جێبەجێکردنی یاساکان ئەرکدارن و بەڕێوەبەرانی زیندانەکانن.

بانگەواز بۆ سەندیکان پارێزەران، یەکێتی سەندیکاکانی پارێزەران و وەزارەتی داد راگەیەندرا

لە چوارچێوەی ئەو خاڵانەی لەسەرەوە دەستنیشان کران؛ بۆ ئەوەی گۆشەگیری توندکراو لە زیندانی جۆری ئێف بە ئاسایشی بەرزی ئیمڕاڵی کۆتایی پێبهێنرێت، بۆ ئەوەی قەدەغەی دیدار لەگەڵ پارێزەران هەڵبگیرێت، بۆ ئەوەی زیندانیان بتوانن مافەکانی خۆیان لە چوارچێوەی یاسای ناوخۆیی و نێونەتوەیی بەکاربهێنن و بۆ ئەوەی پارێزەران بتوانن ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن، دەبێت هەموو یاساناسان، سەندیکاکانی پارێزەران، یەکێتی سەندیکاکانی پارێزەران و وەزارەتی داد ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن، ئەمە بەرپرسیارێتیەک و پابەندبوونێکی یاسایی و مرۆڤییە".

شاهین ئاماژەی بەوەکرد کە بە داواکاری ئەوەی کە دژی گۆشەگیری بکەونە هەوڵەوە لەگەڵ ١٠٥ پارێزەر سەردانی سەندیکای پارێزەرانی ئامەدیان کردووە.

هـ . ب