٢ چالاکوانی کورد لە سنە دەستگیرکران

ڕژێمی ئێران بەردەوامە لە دەستگیرکردنی چالاکوانانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە بەردەوامیی ئەو شەپۆلەدا، دوێنێ دوو چالاکوانی مەدەنیی کورد لە شاری سنە دەستگیرکران.

بەپێی راپۆرتەکان، هێزە ئەمنییەکانی رژێمی ئێران لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی دوو چالاکوانی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی کەژاڵ نەسری و فەرهەنگ عەیوەزی. هێزەکانی ڕژێم ماڵەکەیان گەڕاون و دەستیان بەسەر چەندین کەلوپەلی تایبەتی هەردوو چالاکوانەکەدا گرتووە. پاشان ئەو دوو چالاکوانە دەستگیرکراون و بردونیان بۆ ئیدارەی ئیتیڵاعاتی شارەکە.

هێزەکانی رژێمی ئێران نزیکەی مانگێکە دەستیان بە شەپۆلێکی نوێی دەستگیرکردن کردووە و بە بەردەوامی و بە چڕی هاوڵاتیانی کورد و چالاکوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیر دەکەن. لەو ماوەیەدا بەلانیکەمەوە ٤٢ کەس لە بانە، سەقز، مەریوان و سنە دەستگیرکراون. لەو دەستگیرکراوانە تەنها ٣ کەس بە ناوەکانی زاگرۆس رەشیدی، عەبدولڕەحمان ئەفشار و عەبدولڕەحمانی ئاشتاک بە دانانی کەفالەتی پارە ئازاد کراون.

ژ.ت