لە سەروبەندی یەکەمین ساڵیادی سەرھەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی'، ٢٧ خۆپیشاندەری خەڵکی شاری ئابدانانی سەر بە پارێزگای ئیلام، کە ساڵی ڕابردوو لە گەرمەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەو شارە لەلایەن هێزەکانی سەر بە دەسەڵات دەستبەسەرکران و دوای ماوەیەک دۆسیەی دادگاییکردنیان بەر "لێبوردنی عەلی خامنەیی" کەوت و داخرا، جارێکی دیکە بانگھێشتی لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی شاری ئیلام کران.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، ناوی ئەو ٢٧ خۆپیشاندەرەی بەمجۆرە بڵاوکردووەتەوە؛ "ئیسماعیل باویر، عەلیڕەزا سولەیمانی، بابەک دانیالی، محەمەد حاجیان، یەدوڵا جوندی، عەلی محەمەدی، خالید شامحەمەدی، عەلیڕەزا ئاروانە، حسێن کولیوەندی، حەمید بوچانی، ڕوحوڵا ڕەحیمی ، بەهروز شێخی، جەلال عەبدوڵاهی، حسێن لالەزاری، ڕەزا مورادخانی، موسا سەبزەواری، عەلی کولیوەندی، سەجاد ڕەحمانی، ئەمیرحسێن وەلیزادە، ئارمین خەیری، سەجاد خەیری، بەهزاد خەیری، محەمەد بوچانی، کوروش ڕەحمەتی، محەمەد دارایی، ئێحسان سولەیمانی و مستەفا عەلیزادە".
لەو بانگھێشتنامەی بۆ ئەو کەسانە نێردراوە، وێنەیەکی سکاڵا نامەکەش پەیوەست کراوە و تێدا تۆمەتەکانی "سوکایەتی بە عەلی خامنەیی" و "بەڕێوەبردن و پێشەنگایەتی کۆبوونەوە و جموجۆڵ بەمەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات" خراوەتە پاڵیان.
ھاوکات لەگەڵ بانگھێشتکردنی ئەو ٢٧ چالاکوانە، مامۆستایەکی تەمەن ٥٠ ساڵیش بەناوی ئەحمەد عەلیزادە کە پێشتر بە تۆمەتەکانی، "بەڕێوەبردن و پێشەنگایەتی کۆبوونەوە و جموجۆڵ، بەمەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات" و "سوکایەتی بە عەلی خامنەیی" سزای ٦ ساڵ و ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانی بەسەردا سەپابوو، بانگھێشتی ھەمان دادگا لە شاری ئیلام کراوە.
بە گوێرەی ئەو بانگهێشتنامەیەی کە ئاراستەی ئەو چالاکوانانە کراوە، دەبێت ڕۆژی ١٠ ئەیلول لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی شاری ئیلام ئامادەبن.
ژ.ن