٣ تەرم گەیەنرانە پزیشکی دادی ئامەد

لەناوچەی فارقینی ئامەد ٣ تەرم کە دەوترێت تەرمی سێ گەریلان و لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی تورکەوە شەهید کراون، گواسترانەوە بۆ پزیشکی داد. لەلایەکی دیکەوە ئەو لەهێرشی سەر خێمەی کۆچەرییەکاندا دەستگیرکرابوون گواستراونەتەوە بۆ فەرماندەیی جەندرمە لە ئامەد.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی مێزۆپۆتامیا لە دەوروبەری گوندی هێلینی ناوچەی فارقینی ئامەد سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٣ گەریلای هەپەگە شەهیدبوون و تەرمەکانیان گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی دادی ئامەد.

لەو سێ کەسەی ژیانیان لەدەستداوە بنەماڵەی رەحیم سایگی بۆ ناسینەوە و دەستنیشانکردنی ناسنامەی تەرمەکە سەردانی داواکاری گشتیی کۆماری لە ئامەدیان کردووە.

لەلایەکی دیکەوە لە کاتی هێرشێکی داگیرکەریدا لە فارقینی ئامەد خێمەی کۆچەریەکان سوتێنرابوو و هەریەک لە (ر.د) تەمەن ٥٤ ساڵ، (س.د) تەمەن ٢٤ ساڵ، (ه.د) تەمەن ٢٨ ساڵ، (م.س) تەمەن ٤٥ ساڵیش بە ئەشکەنجەدان دەستگیرکرابوون. راگەیەندرا کە ٥ دەستگیرکراوەکە دواستراونەتەوە بۆ فەرماندەیی جەندرمەی شاری ئامەد و لەوێ راگیراون.

ژ. ن