٤٦٣ خێزانی دیکەی ئێزدی گەڕانەوە شەنگال

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند: " ٤٦٣ خێزانی دیکەی ئاوارەی ئێزدی گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان لە شەنگال".

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ٤٦٣ خێزانی ئێزدی ئاوارەی کەمپی شاریای لە دهۆک بۆ زێدی خۆیان لەقەزای شەنگال ڕاگەیاند، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، لەم هەفتەیەدا ئەمە دووەم وەجبەی خێزانی ئاوارەیە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

لە ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەراندا هاتووە: "٤٦٣ خێزانی دیکە ئاوارەی کەمپی شاریا لە دهۆک گەڕانەوە زێدی خۆیان لەقەزای شەنگال، کەلەم هەفتەیەدا ئەمە دووەم وەجبەی خێزانە ئاوارەکانە دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان،

پرۆسەی گواستنەوەی خێزانە ئاوارەکان بە سەرجەم کەلوپەلەکانیانەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران (IOM) و بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و ئیدارە خۆجێییەکانی پارێزگاکانی دهۆک و نەینەوا ئەنجامدراوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لەماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ٨٠٠ خێزانی دیکەی ئێزدی ئاوارەی کامپەکانی سەربە پارێزگای دهۆک بە ئارەزوومەندانە گوازرانەوە بۆ زێدی خۆیان لە قەزای شەنگال.

جێگای باسە، حکومەتی عێراق بۆ گەڕانەوەی هەر خێزانێکی ئاوارە  بڕی چوار ملیۆن دیناری لە شێوەی چەک تەرخانکردوە، هەروەها حکومەتی عێراق ڕایگەیاندووە کە هەلی کار بۆ دامەزراندنی بێکاران و دانانیان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و چەندین دەرفەتی تر بۆ ئاوارە گەڕاوەکان دەڕەخسێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا کەلوپەلی فریاگوزاری و چەند ئامێرێکی ناوماڵیان بۆ دابین دەکات.