٤٧ رۆژە رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد لەلایەن پەدەکەوە رفێندراوە

دوای تێپەڕبوونی ٤٧ رۆژ بە سەر رفاندنی رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد لەلایەن پەدەکەوە، تائێستا چارەنووسی دیار نییە و رێگری لە پاڕێزەرانیش دەکرێت چاویان پێی بکەوێت.

سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی رۆژ نیوز، لە ١ـی تشرینی یەکەمەوە، بۆ سەردانی خێزانەکەی و بەشداریکردن لە پرسەی باوکی چووبووە ڕۆژئاوای کوردستان، دوای گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان، لە دەروازەی فەرمیی فیشخاپوورەوە، لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە دەستگیر و بێسەروشوێنکرا.

دوای شەش رۆژ لە رفاندنی ئەو رۆژنامەنووسە درەنگانی شەوی ٣٠ی تشرینی یەکەم ئاسایشی پەدەکە لە دهۆک بۆ بەلاڕێدابردنی رای گشتیی و رێگەخۆشکردن بۆ ئەوەی هاوشێوەی چالاکوانان و رۆژنامەوانانی بادینان سزای بەسەردا بسەپێنێت، رایگەیاند، دەستگیرکردنی سلێمان ئەحمەد پەیوەندی بە کاری رۆژنامەوانییە نییە.

ئاژانسی رۆژنیوز وێڕای رەتکردنەوەی ئەو بانگەشەیەی ئاسایشی پەدەکە داوای کرد دەستبەجێ هەواڵسازەکەیان ئازاد بکرێت و سەلامەتی گیانی ئەو رۆژنامەنووسەشی خستە ئەستۆی پەدەکەوە.

پەدەکە لەمامەڵە نایاساییەکانی بەرامبەر بەو رۆژنامەنووسە بەردەوامە و تائێستا رێگەی نەداوە پارێزەرانی چاویان پێی بکەوێت و لەو بارەوە پێشتر نەریمان ئەحمەد، یەکێک لە ئەندامانی تیمی پارێزەرانی سلێمان ئەحمەد رایگەیاندبوو: لە کاتی ڕفاندنی سلێمان ئەحمەدەوە ئێمە هەوڵدەدەین بیبینین و دۆسییەکەی بخوێنینەوە، سەردانی ئاسایشی گشتیی لە دهۆکمان کرد، سەرەتا بە بیانووی ئەوەی، کە لەوێ نییە ڕێگرییان لێ کردین، هەرچەندە دڵنیابووین، کە لەوێیە و زانیارییمان هەبوو لە چی شوێنێکە لەناو ئاسایشی دهۆک، دواتر وتیان لەژێر لێکۆڵینەوەدایە ناتوانن بیبینن.

باسى لەوەشکرد، لە ڕێگەی سەرچاوەیەکی خۆمانەوە زانیارییمان پێگەشت، کە کەیسەکەی لە ژێر دەستی دەزگای پاراستنە، وەکو تیمێکیش لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین و هەموو هەوڵی خۆمان بەگەڕ دەخەین.

رفاندن و بێسەروشوێنکردنی ئەو رۆژنامەنووسە لە سەر ئاستی کوردستان، عێراق و جیهان کاردانەوە و ناڕەزایەتی رێکخراوەکانی داکۆکیکار رۆژنامەنووسان و ئازادی کاری رۆژنامەنووسی لێکەوتووتەەوە و لە دوایینن نمونەش زیاتر لە ٢٠٠ رۆژنامەوان و دەزگای راگەیاندنی باشووری کوردستان بێسەروشوێنکردنی ئەو رۆژنامەوانەیان شەرمەزار کرد و داواشیان کرد دەستبەجێ سلێمان ئەحمەد ئازاد بکرێت.

هـ . ب