دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ٢٣ ی ئاب لە باشووری کوردستان ئۆتۆمبیلێکی ڕۆژنامەنووسانی کردە ئامانج بەهۆیەوە ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین شەهیدبوون.
ئەندامانی ڕاگەیاندنی ئازادی شەنگال ئەم نیوەڕۆیە لە پارکی سەرۆکایەتی لە شەنگال کۆبوونەوە و هێرشەکەیان شەرمەزار کرد و وێنەی هەردوو شەهیدەکەیان هەڵگرت.
خەباتکاری چاپەمەنی ئازادی شەنگال ڕۆژبین حەبابی ڕایگەیاند لەبەرئەوەی ڕۆژنامەنووسان دەنگی ڕاستین بۆیە دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشیان دەکاتەسەر، گوتی: "ئەم هێرشانە ئێمە ناوەستێنێت، بەڵکو بەهێزترمان دەکات".
ڕۆژبین گوتی: "دەوڵەتی تورک بە هاوکاری پەدەکە هێرش دەکاتە سەر ڕۆژنامەنووسان، بەڵام دەبێت بزانن ئێمە لەسەر ڕێگەی شەهیدانمان دەبین و هێرشەکان ناتوانن کپمان بکەن".
ڕۆژنامەوان ئیبراهیم ئێزدی گوتی: "وەک چۆن ڕاگەیاندنی ئازاد پێشەنگایەتی سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیک دەکات، دەزگاکانی ڕاگەیاندنی پەدەکە پێشەنگایەتی کۆیلایەتی و داگیرکردنی خاکی کوردستان دەکەن. پێش ئەوەی ئێمە بزانین هەڤاڵە ڕۆژنامەنووسەکانمان لە ئۆتۆمبیلەکەدان، دەزگاکانی ڕاگەیاندنی پەدەکە زانیان، ئەمە دەریدەخات دەستیان لە هێرشەکەدا هەیە".
تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ) لەم بارەیەوە ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هێرشەکە شەرمەزارکرا و ئاماژە بەوە کرا پەدەکە بە خیانەتەکەی خزمەتی دەوڵەتی تورک دەکات و بۆ ڕازیکردنی دەوڵەتی تورک کوردستان و هەموو گەلی کورد دەکاتە قوربانی، گوتی: "لەبەرئەوەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد هەردەم ڕاستی و قێزەونی ئەوان و پلان و ڕێککەوتنە قێزەونەکانیان ئاشکرا دەکەن، بۆیە دەیانکەنە ئامانج"،
تاژێ ئاماژە بەوە دەکات کەس ئومێد و چاوەڕوانیەکی لە پەدەکە نەماوە، دەڵێت: "ڕەوشەکە تادێت مەترسیدارتر دەبێت، بۆ لەناوبردنی جڤاک هەموو شتێک دەکەن، ئومێدمان بە گەلەکەمان و ژنانی ئازادە. بە هەڵوێستی ڕوونی خۆمان، دەتوانین پاشەکشە بە دوژمن بکەین، بۆیە دەبێت لە هەموو جێیەک بڕژێینە گۆڕەپانەکان و لێپرسینەوە لە هێرشەکان بکەین".
لەکۆتاییدا تاژێ سەرەخۆشی لە کەسوکار و هاوخەباتانی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین دەکات و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازێت.