بە بۆنەى ٢٥ی سەرماوەز؛ وتوێژ لەگەڵ کاکشار ئۆرامار نووسەری کتێبی "یادگارییەکانی کۆماری کوردستان"

کاکشار ئۆرامار نووسەری کتێبی "یادرگارییەکانی کۆماری کوردستان" لە چاوپێکەتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)، لەبارەی چۆنیەتیی نووسینی کتێبە ٦٤٥ لاپەڕەیەکەوە وەڵامی پرسیارەکانی داینەوە.

٧٥ ساڵ لەوە پێش لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە رووداوێکی مێژوویی بێ وێنەدا ئاڵای کۆماری کوردستان لە مەهاباد هەڵکرا. لەو رووداوە مێژووییەدا، کە ساتی بەدیهاتنی ئامانجە مێژووییەکانی گەلی کورد بوو، کاریگەرییەکی وای لەسەر داهاتووی سیاسی و تێکۆشانی گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستانی داگیرکراو دروستکردووە، کە هەرگیز لە یادەگەى مێژووی و سیاسیی گەلی کورددا ناسڕێتەوە.

بە بۆنەى ئەم رۆژە مێژووییەوە، کە بە بەردەوامی وزەبەخشی تێکۆشانە، ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ لێکۆڵەری کورد کاکشار ئۆرامار لەبارەی کتێبی "یادگارییەکانی کۆماری کوردستان" ئەنجامدا. کاکشار ئۆرامار لەم چاوپێکەوتنەدا ئاماژەى بە لایەنی مێژووی و سیاسیی کۆماری کوردستان، هۆکارە سیاسییەکانی کۆماری کوردستان لەسەر دۆخی ئێستا دەکات و لەو بڕوایەدایە، تێکۆشانی گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان بە بەدەستهێنانی هێز و رەوایی لە رووداوە مێژووییەکانی کۆماری کوردستان، درێژەدانە بە بەدیهێنانی ئامانجەکان و یادگارەکانی کۆماری کوردستان.

دەقی چاوپێکەتنەکە لەگەڵ کاکشار ئۆرامار

ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF): لەم دواییانەدا کتێبێكتان بە ناونیشانی (یادگاریەکانی کۆماری کوردستان) بە زاراوەی کورمانجی لە دوو توێی (٦٤٥) لاپەڕەدا بڵاو کردەوە. بڕیاریشە بەرگی دووەم و سێهەمیش بەم نزیکانە چاپ و بڵاو بکرێتەوە؛ بە چاوخشاندنێک بەم کتێبەدا ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ئەم بەرهەمە وەک لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی و تەنانەت ئینسکلۆپیدیای کۆماری کوردستان پێشکەش بکرێت. پێش هەموو شتێ سەبارەت بەم بەرهەمە سەنگینە پیرۆزباییتان لێدەکەین. وەک یەکەم پرسیار بفەرموون ئایا ئەم پڕۆژەیە چۆن لە زیهنی ئێوەدا دروست بوو، هەروەها چەندە کاتی پێویست بوو؟ کتێبەکەتان لەکام چاپخانەو کام بەشی کوردستان چاپ کراوە؟

کاکشار ئۆرامار: سەرەتا دەمەوێت زۆر سوپاسی ئێوە بکەم کە بەم گفتوگۆیە جارێکی تر دەرفەتی هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی تر لە مێژووی کوردستان بۆ من و خوێنەران دەڕەخسێت. ئەو پێشوازیە گەرمەی کە لە باشوری کوردستان و بەتایبەت شاری سلێمانی لە کتێبی یادگاریەکانی کۆماری کوردستان کرا، قۆناغێکی نوێە لە ژیانی مندا و زۆر وزە بەخشە. ئەمجارە لەوە تێگەیشتم کە عەشقی کوردان بۆ مێژووی ئازادیخوازی هۆکاری بنەڕەتی مانەوەمان بووە. هەر ئەمەش بووەتە هۆکار کە لە کاروباری ژیانیمدا لاپەڕەیەکی نوێ بکەمەوەو زیاتر لە ساڵانی ڕابردوو چالاکیەکانم وەک بەرپرسیارێتیەک بەئەنجام بگەیەنم. کارکردن لەسەر پڕۆژەیەکی ئاواو بەدوادا چوونی، وەکو گۆشت و ئێسک بەشێکی لێک دانەبڕاوی ژیانی من و خێزانەکەم بووە. بابەگەورەم، خورشید نەبی یەکێک لە شۆڕشگێڕەکانی سەرهەڵدانی ئۆرامار بووە. لە ٢١/٦/١٩٣٠ لە ناوچەی ئۆرامار بە هاوکاری شێخ ئەحمەد بارزانی و چەند کەسێکی تر لە ڕێبەرانی کورد لەکاتێکدا دەستیپێکرد کە سەرهەڵدانی ئاگری لەلایەن سەربازانی تورک و دەوڵەتی ئێرانەوە گەمارۆ دراو نزیک بوو لەناو بچێت. لەو باوەڕەدام کە سەرهەڵدانی ئاگری ئاگاداری ئەم سەرهەڵدانە بووبێت و زانیاریان پێگەیشتووە کە بەرامبەر کۆمەڵکوژی دڕندانەی کەمالیستەکان پێشگیری بکەن و ڕێگا نەدەن کە لە ناوچەکانی تری وەک ئاگری و سەرحەد لە باکوری کوردستان کۆمەڵکوژیەکی تر ئەنجام بدرێت. بەڵام بەداخەوە بە هاوکاری کۆمەڵێک خیانەتکاری ناوچەکە و سەرۆک عەشیرەتەکان سەرهەڵدانی ئۆرامار زۆر درێژەی نەکێشا. ئەنقەرە زوو هاتە مەیدان و بە لەشکرێکی گەورە، پڕچەک و هێزێکی ئاسمانی مەزنەوە توانی ئەم بزاڤە لەماوەی دوو هەفتەدا سەرکەت بکات. لە کۆتاییدا لەشکری تورک توانی لە جولای ١٩٣٠ لە دۆڵی زیلان دەیان هەزار کوردی بێتاوان کۆمەڵکوژ بکات و لە درێژەشدا سەرهەڵدانی ئاگری لە سێپتامبەری ١٩٣٠ بەهۆی گەمارۆی چیای ئاگری گەورەو بچوک، لەلایەن دەوڵەتی ئێران و تورکیاوە سەرکوت بکات. هیچ گومانێک لەوەدا نیە کە لەم دوو سەرهەڵدانەدا، ڕێبەرانی کورد لە هەردوو لای سنور لە دوو ناوچەی ئۆرامار و بارزان لەلایەن خۆییبوونەوە لە بارودۆخی ئاگری ئاگادار بوون.

لە کۆتاییدا سەرهەڵدانی ئۆراماریش سەرکوت کرا و بابەگەورەم لەگەڵ دەیان خێزانی تر کۆچبەری باشوری کوردستان بوون و لەگەڵ شێخ ئەحمەد بارزانیدا لە ناوچەی شێروان لەگەڵ حکومەتی بەریتانی و دەوڵەتی تازەی عیراق ڕوو بەڕوو بوونەوە. لەساڵی ١٩٤٥ و تێکچوونی شۆڕش لەم هەرێمە، ناچار بوون ڕوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن. لەوێش کۆمەڵەی ژ.ک دواتریش حیزبی دیموکراتی کوردستان کارو چالاکیان کردووە. بە دامەزراندنی کۆماری کوردستان، بابەگەورەم و باوکم بوونە پێشمەرگەی کۆماری کوردستان. باوکم ئەوکاتە گەنجێکی ١٧-١٨ ساڵان بوو و بە پێداگری و خواستی خۆی بووە پێشمەرگەی کۆماری کوردستان.

باوکم خاوەن بیرەوەریەکی دیرۆکی مەزن بوو. بەردەوام بە هێز و عیشقێکی بێ پایانەوە، بەڵام پڕ لە حەسرەت باسی ئەو ساڵانەو شەڕەکانی دەکرد کە چۆن لەگەڵ خێزانەکەی باکوری کوردستانیان بەرەو باشور جێهێشتووەو لەوێشەوە چوونەتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئاوارە بوون. ماڵەکەی هەمیشە پڕبوو لە خەڵک، کاتێ کە ڕۆدەچووە ناو یادگاریەکانی خۆی لە کۆماری کوردستان و باسی ڕۆژانی کۆتایی ژیانی باوکی دەکرد، فرمێسک و خەمێکی قوڵ بەسەر ڕوخساریدا دەهاتنە خوار. بابەگەورەم لە سەفەرێکی ٦٤ ڕۆژە بەرەو سنورەکانی کۆماری ئازەربایجان، یەکێتی سۆڤیەتی ئەوکات و پەڕینەوە لە ئاوی ئاراس، یەکێک لەو ٥٠٣ کەسەی هاوڕێی مەلا مستەفا بوو. لەم سەفەردا و لە کاتی شەڕدا لەلایەن یەکێک لە جاشەکانی ئێران یان عیراق بریندار بوو بوو. لەکۆتاییدا و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە تاشکەندی پایتەختی ئۆزبەکستان شەهید دەبێت. چیرۆکی ئەم شەڕە کە ژان و تاڵییەکی زۆری بۆ باوکم، دایکی و خوشکەکانی جێهێشتبوو، بەردەوام هێزێکی پاڵنەر بۆ درێژەدان بەم ڕێگایە بوو. بە کورتی؛ لە سەردەمی منداڵیمدا، کاتێک ١٥-١٦ ساڵە بووم، باوکم کە یەکێک لە یادگاریەکانی کۆماری کوردستان بوو کە تۆوی ئەم هێزەو ئەم ڕووداوە سیاسی و مێژووییەی لە زیهنی مندا چاند.

زۆر کات ڕوو بەڕووی لێشاوی پرسیارەکانی من دەبووەوە، توڕە دەبوو لە دەستم... کاتێکیس کە دەیبینی ئەمەوێ لە زمانی خۆیەوە شێوازی دامەزراندنی کۆماری کوردستان و ڕووداوەکان چیرۆکێکی تر ببیستم، بە ڕۆحێکی پڕ لە میهرەبانیەوە چاوی لێدەکردم، دەستی دەگرتم و بە شەوق گەرمایی دەنگێکی باوکانە دەیگوت: ڕۆڵە... ئەزیزەکەم، هەموو ئەو دەرد و ئێشانەی کە لە ڕێگای کوردایەتیدا کێشاومە، میراتێکە کە باوکم بۆی بەجێ هێشتووم، ئێستاش تۆ دەتەوێ ئەم ڕێگا پڕ لە دەرد و دژواریەت نیشان بدەم؟!... وەڵاهی خیانەت لە نێوان ئێمەی کورد-دا ئەوەندە زۆرە کە ناهێڵێت تۆیش بەهیچ ئامانجێک بگەیت، بەڵام لەبیری نەکەیت هیچ کات خیانەت لە خاکی کوردستان و کێشەی گەلی کورد نەکەیت. تۆ گەورە دەبیت و هیچ کەس نازانێ کە ڕێڕەوی ژیانمان بەرەو کوێ دەچێت؟ بەڵام تا ئێستا حەوت جار ماڵم وێران بووە و من و دایکت ئەم ماڵەمان دروست کردۆتەوە. ئەگەر حەفتا جاری تریش لەدوای مردنمان ئەم ماڵە وێران ببێت، بەرامبەر دوژمن سەری بەرزمان نەوی ناکەین. بەم ئاماژەیەو بە وردی وەڵامی پرسیارەکانی منی دەدایەوە.

باوکم بە فیداکاری و تێڕوانین و دوور بینیەکانی خۆی، یەکەمین مامۆستای من بوو کە تۆوی خۆشەویستی و عیشقی بۆ مێژوو لە دڵ و ڕۆحمدا چاند. لە بەرگی دووەمی کۆماری کوردستاندا گفتوگۆیەکم لەگەڵ باوکم ئەنجام داوە. لەم کتێبەدا بەباشی دەتوانیت بە پەی بە لایەنەکانی ئەم چیرۆکە ببەن. باوکم کەسێکی ڕووڕاست، دڵنزم، ژیر، خاوەن بۆچوونی دەوڵەمەند و خۆزگەو ئاواتی بێکۆتایی بۆ زانین و گۆڕانکاری ڕیشەیی کۆمەڵگا بوو. ئەو لەدەرەوەی سنورە دیاریکراوەکان، خاوەن بۆچوونی کوردستانی بوو. قوڵ و دوور بیری دەکردەوەو تا کۆتاییەکانی ژیانیشی پلانەکانی پڕ لە هێز، خۆشەویستی و هیوا بوو. ئەو ئەم ڕۆح و ئیرادە دوور بینانەو لێوڕێر لە بەرخۆدانەی بەرامبەر کێشە زۆر دژوارەکانی ژیانی بۆ من وەک میراتێکی گران بەها بەجێهێشتووە. ساڵانی دواتر کە لە کاناڵی سەتەلایتی مەد تی ڤی و کاناڵەکانی تری تەلەفزیۆنی بەرنامەکانی منی سەبارەت بە کۆماری کوردستان تەماشا دەکرد، هەمیشە دەیگوت: بەرنامەکانی تۆ بە هیچ شتێکی تر لەم دونیایەدا ناگۆڕمەوە، نەتهێشت کە ڕەنجی من، باوکم و هاوڕێکانمان لە بیری مێژوو بچنەوە... ڕێزگرت و پێشوازیەکان لە چالاکی و بەرنامەکانی من، بێهیوایی لە دڵی ئەودا ڕەواندبووەوە. من خوێندکاری ئەم باوکە بەڕێزەم کە هیچ کاتێک ناتوانم لەبیری بکەم و لە ڕێگای ئازادیخوازی ئەودا کە ڕێگای سەربەرزیە، بەردەوام دەبم. لەم زانکۆیەدا وانەی مەزنی ئەخلاق و ڕاستی ژیان فێر بووم. ئەو هەمیشە دەیگوت: ڕۆڵەکەم پێویستە فیداکاری کەسە مەزنەکان و ڕێبەرەکان لەبیر نەکەین. چونکە هەموو شتێکی خۆیان بەخشی تا کەرامەتی کورد و کوردستان بپارێزن. کۆماری کوردستان و ناوی پیرۆزی پێشەوا قازی محەمەد، مێژوویەکی پڕ لە دەستکەوتی بۆ بەشێک لە ژیانی ئێمە گۆڕیوە کە نابێت هیچ کات لە بیرەوەری مێژووی کۆمەڵگای ئێمەدا بڕەوێنەوە.

مژاری کۆماری کوردستان بەشێک لە ژیانی ئێمە بووەو وێڕای ئەوەی کە دەورانی منداڵیم لە کوردستان نەگوزەراندووە، بەڵام گێڕانەوەی ئەم ڕووداوە لە زمانی باوکمەوە بووە هۆی ئەوەی کە نەک تەنها من، بەڵکو تەواوی ئەندامانی خێزانەکەمان بە هەستی نیشتمان پەروەری گەورە و پەروەردە بن. من بە گوێگرتن لە گێڕانەوەی چیرۆکی جوامێری ڕێبەرانی وەکو سمکۆی شکاک، شێخ عەبدوڵا، پێشەوا قازی محەمەد، ئیحسان نوری پاشا، برۆی حەسکی تێلی، فەرزەندە بەگی عمر، مستەفا بارزانی و هەزاران قارەمانی تر، شانازی بەکورد بوونمەوە دەکەم. بەتێپەڕبوونی ساڵانێکی درێژ، بەڵام سەرنجم زۆرتر دەچووە سەر کۆماری کوردستان. خاڵێکی ئەرێنی ئەوەیە کە من لە تەبریز گەورە بووم کە لە ساڵانی ١٩٤٥-١٩٤٦ پایتەختی حکومەتی میلی ئازەربایجان و نزیکی مهاباد و ئورمیە بوو. دواتر بە هاوکاری مامۆستایانی وەکو ئەحمەد قازی، تاهیر خانی سمکۆ و چەند کەسی تر لەڕێگەی چاوپێکەوتن و گفتوگۆی مەیدانی چوومە ناو ڕابردوو و ڕووداوەکانی کۆماری کوردستان، تێگەیشتم کە ئەم ڕووداوانە وەکو دەریایەکی بێ بن لە چەندین دورگەی جیاواز پێکدێت. بەو مانایەی کە پێویستی بە کۆششێکی زۆرە بۆ دەرخستنی لایەنەکانی. لە ساڵی ١٩٩١ بەدواوە لەسەر ئەم بابەتە کار دەکەم و چەندەش لێکۆڵینەوە دەکەم زانیاری و بەڵگەی زۆرترم دەست دەکەوێت و لە ئەنجامدا بەرهەمی ئەم چەند ساڵە توێژینەوەیە لە کتێبێکدا بە ناونیشانی یادگاریەکانی کۆماری کوردستان لە دەیەی چلی زایینیدا لە چاپخانەی سیتوا لە باکوری کوردستان چاپ کراوە.

ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF): یەکێک لە گرنگترین لایەنەکانی ئەم کتێبە نوسینی مێژووی کورد لەلایەن خودی کوردەوەیە کە دەتوانێت لە دەرەوەی تێڕوانینە ڕۆژهەڵاتناسیەکان، نەفرەتی مێژوویی و لەهەمووی گرنگتر وەک ڕووداوێکی ئەزموون کراو بێت. بۆ نوسینی ئەم کتێبە سودتان لە چ ڕوانگەیەک وەرگرتووە و تێڕوانینی ئێوە بۆ مێژووی کۆمار کام ڕەوشی مێژوو ناسی(تاریخنگارانه) بووە؟

کاکشار ئۆرامار: ئەم پرسیارە زۆر گرنگە، هەروەها بەرپرسیارێتیەکی گەورە دەخاتە ئەستۆی نوسەر و لەلایەکی ترەوە چەند خاڵی گرنگ هەیە کە دەبێ ئاماژەیان پێ بکرێت. یەکەم؛ ئێمە خۆمان مێژووی خۆمان نەنوسیوە، چونکە بن دەست بووین. دەردی ژێر دەستەیی لە هەموو دەردەکانی تر بە ئازار ترە. کاتێک کە نەتەوەیەک باسی هەبوون بکات، دوژمن بۆ بە چۆکدا هێنانی، مێژوو ئاوەژوو دەکات. ئەم سوکایەتیە ناتوانرێت بەسەر شاهێدانی مێژوودا بسەپێندرێت، بەڵام ئەگەر گەورەکان و ڕۆشنبیرانی کۆمەڵگایەک لە سیاسەتی ڕاسیستی دژی گەلەکەیان ئاگادار نەبن، جیلەکانی دواتر ئاسیمیلەو کەم کەم ڕابردووی خۆیان لە دوای چەند جیلێک لەبیر دەکەن. ڕۆژهەڵاتناسان و ئەو بیانیانەی سەبارەت بە مێژووی کوردستان دەنوسن، سەرچاوەکانیان بە پلەی یەکەم ئەو نوسراوەو بەڵگانەن کە لەلایەن کەسانی وابەستە بە دەسەڵاتەوە نوسراون، بڵاوکراونەتەوەو ئارشیڤ کراون. سەرهەڵدانە سیاسیەکان لە کوردستان وەکو یاخی بوون کە بەمانای گوناهێکی گەورە لەبەرامبەر سوڵتان و پادشاکانی دەوڵەتی سەردەست پێناسە دەکرێن.

لەڕێگای چاوپێکەوتنە مەیدانیەکان لەگەڵ شاهێدانی ڕووداوەکان، ئەم سێ بەرگەی کتێبەکەم ئامادە کردووە کە لەوانە: بەرپرسان، پێشمەرگەکان، خوێندکاران، مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردە، ڕۆشنبیران، لێکۆڵەران و کەسانێکی تر کە خاوەن ئینسیاتیف بوون. بەبێ ئەوەی کە بە بیر تەسکی یا بە شێوەیەکی سنوردار چاو لەم ڕووداوانە بکرێت، چوومە ناو ئەم پڕۆسەیە. لە شێوازی دروستکردنی خانوو و شار و گوندەوە بگرە تا بارودۆخ و شێوازی ژیانی خەڵک و چۆنێتی دامەزراندنی دەزگا و ڕێکخراوەکانی کۆماری کوردستان، من هەوڵم داوە کە خوێنەران بگەڕێنمەوە ناو ئەو ئاتمۆسفێرەی ساڵانی پێشوو. ساڵانی دوای شکانی سەرهەڵدانی سمکۆی شکاک و گیان بەختکردنی لە ٣٠/جولای/١٩٣٠، کورد ناوەندی تێکۆشانی سیاسی خۆی لە ئورمیەوە بۆ ناوچەی موکریان دەگوازێتەوە. وەرچەرخانێک کە لە کۆتاییدا ڕووپەڕێکی نوێ لە تێکۆشانی سیاسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ڕێگەی دامەزراندنی کۆمەڵەی ژیانەوە دەست پێدەکات.

من ویستوومە بە جیلی ئێستا نیشان بدەم و بە خوێنەران بڵێم کە ئەم ئالوگۆڕ و دەستکەوتە مەزنە بە ئاسانی و بەبێ زەحمەتی بەدەست نەهاتووە. چونکە هەندێ کەس بە شێوەیەکی ساویلکانەو نرخاندنی سادە، لەگۆڕ دەرفەتەکانی ئەمڕۆ چاو لە ڕووداوەکانی سالانی ١٩٤٠ دەکەن. لە هەنگاوی یەکەمدا دەرفەتەکانی ئەو سەردەمە دەدەمە ناساندن و بە بەڵگەوە و لە زمانی شایەتە زیندووەکانەوە بانگەشەکانم دەسەلمێنم. بۆ نمونە، سەرهەڵدانی سمکۆی شکاک یان هەنگاوەکانی ژ.ک و زەمینەی دامەزراندنی کۆماری کوردستان دەخەمە بەر باس و لێکۆڵینەوە. ئەو گفتوگۆیانەی دەربارەی بابەتە مێژووییەکانن هیچ کات کۆن نابن و چێژێکی شیرینیان هەیە، بەتایبەت کە ئەگەر ئەم یادەوەری و یادگارییانە بابەتگەلێک بن کە لە زمانی بەرپرسانی کۆمار یان خەباتکارانی ئەم کۆمارەوە ببیسترێت. بۆ نمونە سەیری چاوپێکەوتنەکانی ئۆریانا فالانچی ١٩٢٩-٢٠٠٦، ڕۆژنامەنوسی بەناوبانگی ئیتالیا بکە کە بەناونیشانی گفتوگۆ لەگەڵ مێژوو، چۆن لەگەڵ سەرکردەکان، پاشا خاوەن دەسەڵاتەکان بە جەسارەتەوە وتو وێژ دەکات داوای وەڵامیان لێدەکات. هێرۆدۆت، باوکی مێژوو ٤٨٤-٤٢٦ پ.ز بە سەرنجەوە گوێ بۆ قسەی پیرەپیاوان دەگرێت و بۆ نمونە بە وردی لە زمانی ئەوانەوە مێژووی ئێران دەنوسێتەوە. لە چاوپێکەوتنەکان و هەڵسەنگاندنەکانی مندا کین و دوژمنایەتی لە دژی لایەن، نەتەوەو ڕێکخستنێک نیە، بەڵام ئەگەر کەسێک لە دژی لایەن و ناوێک شتێکی وتبێت، من بە ئەمانەتەوە لە زمان یان لە پێنوسی ئەوانەوە لە لاپەڕەی کتێبەکەدا وەک خۆی نوسیومەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF): کتێبەکەی ئێوە لە ٣٥ چاوپێکەوتن کە لەگەڵ ئەو کەسایەتیانەی لەسەردەمی کۆماری کوردستاندا بەرپرسیارێتیان هەبووە یان لەو ڕووداو مێژووییەدا یادگاریەکیان هەیە، پێکهاتووە. چاوپێکەوتنەکان لەسەر بنەمای گفتوگۆی ئازاد بووە یان پرسیاری هاوبەشتان لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی کەسەکان لەبەر چاو گرتووە؟ بەگشتی چ ڕوانگەیەکتان لە چاوپێکەوتنەکاندا بە بنەما گرتووە؟

کاکشار ئۆرامار: هەڵبەتە پرسیارەکان پەیوەندی بە بەرپرسیارێتی کەسەکان لە کۆماری کوردستاندا هەبووە. لەگەڵ نەمر مەناف کەریمی زێدەتر باسی دۆخ و سیستەمی پەروەردەم کردووە. لەگەڵ تاهیر خانی سمکۆ دەربارەی ئارتەش و ڕۆڵی عەشایەری کورد یان هێزی وڵاتپارێزی لە کاتی کۆماردا گفتوگۆ کراوە. لەگەڵ کوبرا عەزیمی و مینا قازی زیاتر باس لە ڕۆڵ و بارودۆخی ژنان لەو ساڵە مێژووییانەدا کراوە. ئەمە چەند نمونەیەکە، بەڵام پرسیاری هاوبەشم بۆ تەواوی یادگاریەکانی کۆماری کوردستان پێشکەش کردووە، وەک؛ لە ڕۆژی دامەزراندنی کۆماردا چیت لەبیرە؟ جیاوازیەکانی کۆماری کوردستان و کۆماری ئازەربایجان، هۆکارەکانی شکستی کۆمار و... .

لەلایەکی ترەوە بە دوو شێوە گفتوگۆم لەگەڵ یادگاریەکانی کۆماردا کردووە؛ سەرەتا پرسیارەکانم بە نوسراوە پێداون، ئەوانیش وەڵامەکانیان بۆ دەنوسیم کە هەندێ جار دوو یان سێ مانگی پێ دەچوو. لەدوای خوێندنەوەی وەڵامەکان، پرسیاری نوێم بۆ دروست دەبوو. ئەمجارە بەشێوەی زارەکی و لەسەر بنەمای وەڵامەکانی ئەوان گفتوگۆمان دەکرد و دەنگەکانی ئەوانم تۆمار دەکرد. هەڵبەتە دۆزینەوەی ئەو کەسایەتیانەش کارێکی ئاسان نەبوو. لەدوای پەیدا کردنی ئەو کەسانە، پێشەکیەک پێویست بوو تا لە دوای چەندین جار گفتوگۆ یادەوەری ئەوان زیندوو ببێتەوەو بە وردی وەڵامی پرسیارەکانم بنوسن یان قسەی لەسەر بکەن. نمونەی ئەم گفتوگۆیانە دەتوانم ئاماژە بە سلێمان بەگی دەرگەڵەیی، مینا قازی و دکتۆر عەزیز شەمزینی بکەم. لەلایەکی تریشەوە هەندێک لە گفتوگۆکان بە بەڵگەو وێنەی گرێدراو بەم مژارەوە، وەک بەشێکی تری گرنگی ئەم بەرهەمە ئەژمار دەکرێت. هەر چاوپێکەوتنێک بۆخۆی دەتوانێ بۆ دەرهێنەر، ڕۆمان نوس، یان سیناریستێکی کورد یان بیانی ببێتە مژاری دراما، فیلمێکی سینەمایی، یان یەک ڕۆمان. لێکۆڵینەوەیەکی قوڵ و شارەزایانە لەسەر کۆماری کوردستان بووە هۆکاری ئەوەی کە وەڵامی شایستە بۆ چەندین پرسیارو لایەنی شاراوەی ڕووداوەکانی ئەو ساڵانە لە زمانی شایەتەکانی ئەو سەردەمەوە وەربگرینەوە.

لەم کتێبەدا دەمەوێت، مێژووی زارەکی ئێمە، لە زمانی ئەو کەسانەدا وێنا بکەم کە هەم لە ناو کۆمەڵگادا خاوەن پێگەی تایبەت بوون و هەم نەیاندەزانی بەپێی بەرژەوەندی خێزانی و خێڵەکی، راستیەکان بشارنەوە و نەیاندەتوانی، بێ بەڵگە لەسەر کار و چالاکی ئەو کەسانەی کە لە کۆمارەکە دوور کەوتونەتەوە قسە بکەن یان وەک خاینیان بەناو بکەن.

بۆ نمونە، لە هەندێک وتووێژدا پرسیارم لە کار، خەبات و هەڵوێستی عومەرخان شەریفی ١٨٧٣-١/١٠/١٩٥٨ کە هەم لە کاتی سەرهەڵدانی سمکۆی شکاک و هەم لە کۆماری کوردستاندا ئامادە بووە، لە زۆر کەس کردووە. گفتوگۆ بەشێوەی ڕاستەوخۆ و لێگەڕێنێکی فراوان ئەنجام دراوە. من لەو کەسانەم کە لە ئەنجامی گفتوگۆکاندا تا ئەو کاتەی تینوێتیم لە هەموو لایەنەکانی بابەتەکە نەشکێت، دەست لە میوانەکەم بەرنادەم. هەربۆیەش لەهەندێ بابەتدا یادگاریەکانی کوردستان لێم ناڕەحەت دەبوون، بەڵام دواتر کە مەتنی کۆتایی چاوپێکەوتنەکە ئامادە دەبوو گرنگی چاوپێکەوتن و مەتنی گفتوگۆکەیان دەبینی، زیاتر لە هەموو کاتێک کلیلی یادەوەریەکانی خۆیان دەدایە دەستم. لە هەلومەرجی سەرکوت و وڵاتێکی داگیرکراودا، کارێکی بەم شێوەیە ئاسان نیە.

ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF): کتێبەکەی ئێوە چ جیاوازیەکی لەگەڵ بەرهەمە هاوشێوەکاندا هەیە؟ (بۆ نمونە لە ئەدەبیاتی ئینگلیسیدا ئەو بەرهەمانەی کە دەستەواژە و چەمکی نوێ بۆ زانست زیاد دەکەن بەناوی کانتریبیوشن پێناسە دەکرێن) ڕۆڵی کتێبەکەی ئێوە لە زیادکردنی مێژوو نوسی کورد-دا چیە؟

کاکشار ئۆرامار: لەم پەیوەندیەدا دەتوانم ئاماژە بەم جیاوازیانە بکەم:

یەکەم؛ لەبەر ئەوەی کوردستان لەچوارچێوەی دەوڵەتێکی یەکگرتوودا نیەو سیستەمێکی یەکپارچە یان بە واتایەکی تر سەربەخۆ نیە، کوردی بەشێک لە کوردستان ئاگاداری زۆرێک لە ڕووداوی بەشەکانی تر نیە. سیستەمی پەروەردەو شێوازی ڕێنوسی زمانی کوردی لە باکوری کوردستان لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لێکچوونیان نیە. من ویستوومە زانیاری پەیوەندیدار بە مێژووی سیاسی لەم بەشەی کوردستان بۆ کوردانی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان بگوازمەوە کە تەنانەت ناتوانن بە زاراوەی سۆرانی بخوێنن و ڕێنوسی عەرەبی بنوسن. من نەمویستووە کە تەنها ناوی قازی محەمەد و مهاباد ببیستن، بەڵکو ئامانجم ئەوەبوو کە بەقوڵی بچنە ناو بابەتی مێژوویی-سیاسی برا کوردەکانیان لە دەرەوەی سنورە دەستکردەکانی کوردستان کە ئێستا لە بن دەستی داگیرکاری دەوڵەتی ئێراندایە.

دووەم؛ لە دژی کۆماری کوردستان و حکومەتی میللی ئازەربایجان لەلایەن دەوڵەتە داگیرکەرەکانی ئێران، تورک و عەرەب، پڕوپاگەندایەکی خراپ کراوە کە زۆر لە ڕاستیەوە دوورە. لەبەشی یەکەمی ئەم کتێبەدا بۆ نمونە وتارێک لەژێر ناونیشانی هەڵوێستی دەوڵەتانی دراوسێ و جیهانی لە دژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان نوسراوە. لەم بەشەدا هەوڵم داوە کە درۆو قسە بێ بنەماکانی هەندێ لە بەناو ڕۆشنبیران، مێژوونوسان یان ڕۆژنامە نوسان و توێژەران، بکۆڵمەوە و بە بەڵگەو گوتەی شایەتە زیندووەکان بە پێچەوانەی گوتنی ئامانجداری ئەوان، ڕاستیەکان بسەلمێنم. بۆ نمونە هەندێک دەڵێن نەمر سەدری قازی هۆنراوەیەکی بۆ جەنەراڵ مستەفا بارزانی نوسیوەو بەم هۆیەوە لەسێدارە دراوە. بەڵام کاتێک لەگەڵ چەند کەس لە بنەماڵەی قازی گفتوگۆم کرد سەبارەت بەم بابەتە چەند بەڵگەیەکم دەست کەوت، تێگەیشتم کە تەواوی ئەم بابەتە درۆ بووە. درۆیەک کە نە بارزانی بە هەموو لایەنەکانی ژیانی سیاسی و تێکۆشانی خۆی پێویستی بە شتێکی ئاوایە، نە شتێکیش بۆ ڕاستینەی مێژووی شاراوەمان زیاد دەکات. لەم ڕووەوە پێویستە باوەڕمان بەو کەسانە بێت کە بەشدار بوون لەم ڕووداوە مێژوویەدا. ویلیام ئیگلتون ناتوانێ لە ڕەحیم قازی، دکتۆر شەمزینی و مەناف کەریمی سەبارەت بە ڕووداوەکانی کۆماری کوردستان بنوسێت. سەرۆکی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە هەستیاری نەتەوەپەرستی خۆی ناتوانێ دژی قازی محمەد ڕاستیەکان بخاتە ڕوو، بەڵام کاتێ کە لە زمانی خوێندکارێکی ئەو سەردەمە وەک غەنی بلوریان یان عەلی قازی چاو لە بابەتەکان دەکەین، دەتوانین ڕاستیەکان بەو شێوەیەی کە ڕووی داوە هەڵسەنگێنین. من ویستومە کە زۆرتر لە زمانی ئەم کەسانەوە بپەرژێمە سەر ڕاستیەکان نەک لە زمانی کەسانێک کە لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان هەر جارەو عەبایەکی نوێ دەپۆشن.

بابەتێکی تر کە بەرهەمەکەی من لەوانی تر جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە تا ئێستا هیچ کەس بەو ئەندازەیە سەبارەت بە ڕووداوەکانی کۆماری کوردستان یەکجێ و لە سێ بەرگدا بڵاو نەکردۆتەوە. هەر ئەمەش بوو وایکرد کە لە باکوری کوردستان کتێبەکەی من وەک ئینسکلۆپێدیای کۆماری کوردستان پیناسە کراوە. هەروەها وێنەو بەڵگەکانی پەیوەندیدار بە چاوپێکەوتنەکان بەشێوەیەکی ڕەنگاو ڕەنگ بڵاو کراوەتەوە.

ئیتر جێگاو پێگەی ئەم پەرتوکە لە دیرۆکی کوردستاندا لەکوێدایە و توانیویەتی چی زیاد بکات، پێویستە پسپۆڕانی ئەم بوارە لەسەری بنوسن و بۆچوون، ڕەخنە، پێشنیار و نرخاندنەکانی خۆیان بێننە زمان. چونکە هیچ شتێک بێ کەموکوڕی نیە. بەڵام من ویستوومە بە هەموو دڵسۆزی خۆمەوە نە کەم نە زیاد ئەو چاوپێکەوتنە مێژووییانە لە چوارچێوەی سێ بەرگدا بەناوی " یادگاریەکانی کۆماری کوردستان" پێشکەشی کتێبخانەی کوردی بکەم. ئەو پێشوازی و نرخاندنەش کە تا ئێستا لەم پەرتوکە کراوە باشەو لەم ڕەنجە مەزنە ڕازیم.

ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF): کتێبەکەتان بە زاراوەی کورمانی نوسیوە، هۆکارێکی تایبەتتان بۆ ئەمە هەبوو؟

کاکشار ئۆرامار: چەند هۆکارێکی هەیە:

  • بە ئەندازەی پێویست هەتا ئێستا بە زاراوەی سۆرانی و ڕێنوسی ئارامی گەلێک پەرتوک، وتار، بەرنامەی (ڕادیۆ و تی ڤی) نوسراون و بڵاوکراونەتەوە.
  • لە ساڵی ٢٠١٢ و بودواوە کاتێ کە ڕۆژئاوای کوردستان لەدەستی بەعسیەکان ڕزگاری بوو و کانتۆنەکان دامەزران، بەرپرسانی ڕۆژئاوا ڕایانگەیاند کە ئێمە ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا سیستەمێکی دیموکراتیک ئاوا دەکەین و خۆمان بە درێژەپێدەری ڕێبازی قازی محەمەد دەزانین. من ویستم بەو عیشقەوە کە دەیان ساڵ لەدوای دامەزراندنی کۆماری کوردستان کچ و کوڕانی کورد بە بەرخۆدانی کۆبانێ پرەستژی دۆزی کوردیان زیاتر بە ڕای گشتی و جیهان نیشان دا، پێشکەشی ئەو قارەمانە بێ ناو و نیشانانە بکەم. دامەزراندنی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا هیوایەکی مەزنیان بە من و ملیۆنان کەسی تر بەخشی. ئەو سیستەمە دێتە واتای ڕێزداری، خواستی کوردان بۆ ئازادی و ئەو نرخانەی کە وەکو قازی محەمەد لە پێناویدا بە سەربڵندی گیانی خۆی فیدا کرد و لەهەمووی گرنگتر بەردەوام کردنی دۆزێکی ڕەوا کە دۆزی کوردستانی ئازادیخوازە. ئیدی من بینیم کە لە ڕۆژئاوا ئەو دۆزە چووتە قۆناغێک کە بە پێچەوانەی سیستەمە هێژمونگەرا هەرێمیەکان، مافی هەموو پێکهاتە ئەتنیکی-ئاینییەکان داوا دەکات. یەکسانی ئەو سیستەمەو ئەو سیستەمەی کە بەرپرسانی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیانویست دایبمەزرێنن، قۆناغێکی نوێ بوو کە دیسان ئەو ڕۆژە لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە هەڵهاتبوو.
  • کاتێک کە من لەدەرەوەی وڵات یان لە ئەوروپا دەژیام، حەزی بەدەستهێنانی زانیاری سەبارەت بە کۆماری کوردستان لەلایەن کوردانی باکورو ڕۆژئاواوە زۆرتر بوو لە کوردانی ڕۆژهەڵات و باشور. قازی محەمەد لە چاوی کوردانی ڕۆژئاواوە کەسایەتیەکی کاریزماتیک و پیرۆزی دۆزی کوردایەتیە.
  • لەو سیمینار و بەرنامە و یان ئەو نوسین و بەرهەمانەی هەندێ جار لە ڕۆژنامەو گۆڤارەکاندا بكاوم کردۆتەوە، لەلایەن خوێندکارانی زانکۆ و کەسانی ترەوە گەلێک پرس و داخوازیان لە من هەبوو. من ئەوەندەی کە وەڵامی ئەوانم دایەوە، بەڵام ڕاستیەکیش بۆ من سەلمێندرا کە ئەو تینوێتیەی خەڵک سەبارەت بە کۆماری کوردستان، کار و خەباتێکی زیاتری دەوێت.

پێویستە ئەو ڕاستیە بڵێم کە هەتا ئێستا پێشوازیەکی گەورە لە باکوری کوردستان لەم پەرتوکە کراوە. لە ڕۆژئاوای کوردستانیش زۆر جار داوا کراوە کە بۆ ناساندنی کتێبەکەو مژاری کۆمار بڕۆمە ئەوێ. ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە خەڵک تینووی زانینن سەبارەت بە پرسی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦.

ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF): یادەوەریەکانی کۆمار، ئێستا جارێکی تر و لە چوارچێوەیەکی تردا ژیاونەتەوە، وەک مێژوو نوسێک و کەسایەتیەکی وڵاتپارێز، چۆن پەیوەندی نێوان یادەوەری و کرداری سیاسی و وڵاتپارێزی لەنێوان گەلی کورد-دا گرێ دەدەیت؟

کاکشار ئۆرامار: ئەمە پرسیارێکی زۆر گرنگە و لەوانەیە لە درێژەی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەدا بتوانم باشتر ئامانجی کار و خەباتی خۆم لەسەر ئەم پڕۆژەیە ڕوون کەمەوە. زیندوو کردنەوەی ڕووپەڕێکی هەرە گرنگ لە مێژووی سەدساڵەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کارێکی ئاسان نیە. لەکاتی ئەم چاوپێکەوتنە مێژووییەو لێکۆڵینەوە لەسەر مژارێک کە هێشتا لە چاوی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا وەکو تابۆ دەبینرێت، کارێکی زۆر زەحمەت بوو. لە هەلومەرجێکی سیاسی قورسدا هەرکەس نەیدەوێرا سفرەی دڵی خۆی بۆ لاوێک بکاتەوە کە نەیان دەناسی، بەڵام شارەزایی و هێزی بێکۆتایی من لە کاتی چاوپێکەوتنە سەرەتاییەکاندا سەرنجی ئەوانی ڕادەکێشا. هەندێ جاریش ئەوان پرسیاری زۆریان لە من دەکرد و خۆشحاڵ دەبوون بەوەی کە من دەمەوێ جارێکی تر لاپەڕەکانی ئەو مێژووە زێڕینە لە زمانی ئەوانەوە زیندوو بکەمەوە. کاتێک کە من سەرقاڵی کارکردن لەم پڕۆژەیەدا بووم چەندین کەس منیان هۆشیار دەکردەوە لە مەترسیەکانی ئەم کارەو تەنانەت دەیانوت لەوانەیە ئەندامانی تری بنەماڵەکەشم ڕوو بەڕووی مەترسی ببنەوە، بەڵام هەمیشە ئەو وتەیەم دەهاتەوە بیر کە دەڵێ "ئەگەر دڵی شێرت نیە، مەکەوە سەر ڕێی عەشق"، وە بەم شێوەیە بوو کە لەکارەکەمدا سەرکەوتم.

ئەو بیرەوەریانەی کە لە زمانی کەسانی ڕەنج دیدەوە دەگوترێن ویژدانی نوستووی مرۆڤ بێدار دەکات و ناچاریان دەکات کە هەندێک ئەرکی نیشتمانی خۆیان پێکبێنن. ئەو بیرەوەریانە دەتوانێ پەیوەندی سیاسی-کۆمەڵایەتی لە کوردستانی مەزندا بەهێزتر بکات. کاتێ مرۆڤ دەچێتە ناو قوڵایی گوتن و داخوازی یادگاریەکانی کۆمار، ئەوکاتە باشتر هەست بە ئێش و ژانی هاوبەشی کوردانی هەموو کوردستان دەکات. چونکە هەرچەندە سنورە جیۆگرافیەکانی کۆمار چوارچێوەیەکی دیار و بچوکی هەبوو، بەڵام سنورە مەعنەویەکانی فراوان و باشترە بڵێین دڵی هەموو کوردانی کوردستانی مەزنی لەخۆ گرتبوو. کاتێ تاکی کورد لە زمانی بەرپرس و یادگارەکانی کۆماری کوردستانەوە تێدەگات کە ڕۆژی ٢ فێبرایەری ١٩٤٦ لە مەیدانی چوارچرا چی ڕووی داوە و کوردانی چوارپارچەی کوردستان لەوێ بوون، ئەو کاتە هەم سنورە دەستکردەکان لە بەر چاوی بێواتا دەبن و هەم سنورێک بۆ خەباتی سیاسی خۆی نابینێ. لێرەدایە کە وڵاتپارێزی بە هەموو شێوازێکیەوە لە کوردستان دەربازی سنورێکی بەرفراوان دەبێت و هەستی یەکێتی بەهێزتر دەکات. کوردانی کۆبانێ، عەنتاب، ئیستانبوڵ، سلێمانی و کەرکوک، جیاوازی لەنێوان ئازاری ژێردەستی خۆیان و کوردانی ئورمیە، ماکۆ، ئیلام، مەهاباد و مەریوان دا نابینن. دەرد یەکەو ئێشیش هاوبەش. بەرهەمێکی وەها لە بەهێزکردنی پێڤاژۆی یەکێتی نەتەوەییدا خاوەن ڕۆڵێکی زۆر ئەرێنیە. ئیتر نازانم پەیام و ئامانجی لەمە مەزنتر هەیە یان نا؟

ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF): لە گۆشەیەکی ترەوە پرسیارەکان دەگرمە دەست؛ پەرتوکەکەی ئێوە بنچینەیەکی باشە بۆ هەڵسەنگاندنی زەمینەو کاتی کۆماری کوردستان و تەنانەت شێوازێک لە مێژوو نوسی لەسەر بنەمای وڵاتپارێزی بۆ نەتەوەی کورد فەراهەم دەکات. لەسەر ئەم بنەمایە، ئێستا و دوای نوسین و چاپکردنی ئەم پەرتوکە، بزوتنەوەی نەتەوەیی کورد لە کوردستان تا چ ئەندازەیەک قەرزداری فکر و باوەڕەکانی کۆماری کوردستانە؟

کاکشار ئۆرامار: بە درێژایی دوو مانگ مانەوەم لە باشوری کوردستان و قسە کردنم لەسەر کتێبەکە، زۆر جار ئەم پرسیارەم لێکراوە.لەبەر ئەوەی پرسیارێکە کە چەند پرسێکی تریش لەخۆ دەگرێت. کۆمار خاوەن ناسنامەیەکی کوردستانی، سیستەمێکی لیبراڵ، دیموکراتیک و دەستپێکی قۆناغێکی نوێی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوینە. لە گۆڕ هەلومەرج و دەرفەتەکانی ساڵانی ١٩٤٠ و دواتر من دامەزراندنی کماری کوردستان وەک " ڕێنیسانسێکی فرە ڕەهەندی" بەناو دەکەم. یانی لەبواری پەروەردە، ئاواکردنی یەکەمین یەکێتی ژنان، ڕاگەیاندن، دروستکردنی دامەزراوەی کۆمەڵایەتی و بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری کۆمەڵگا، دامەزراندنی کۆمار وەرچەرخانێکی بنچینەیی لەگەڵ خۆی هێنابوو. هەڵبەتە لە دامەزراندنی ڕێکخراو و دەزگاکاندا سمکۆی شکاک لەکاتی سەرهەڵدانی خۆیدا یەکەمین هەنگاوی لە هەرێمی کورمانج نشین هەڵگرتبوو، بەڵام دەسەڵتدارانی تاران بەهەموو هێزی خۆیانەوە لەدژی کردنەوەی خوێندنگەی کوردی لە شاری خۆی، بڵاوکردنەوەی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەناونیشانی کورد لە ئورمیە، کردنەوەی کۆمەڵەیەک بەناوی جیهان دانی (لەبواری پێگەیاندن و پەروەردە)، کردنەوەی دارالمساکین و هەموو هەوڵدانەکانی تر بۆ ڕاگەیاندنی حکومەتی کوردی و... شەڕێکی مەیدانی و دەرونی بەرامبەر ئەو هەنگاوانە، دەستپێکرد. بۆ ئەوەی ئەو هەوڵانە سەرنەگرێت، تەنانەت داوای هاوکارییان لە دەوڵەتانی تر کرد لە مەیدانی شەڕدا یارمەتیان بدەن، بەڵام ئیدی ئەو خەبات و چالاکیانە لەسەر ناوی سمکۆ و شۆڕشەکەی لە بیری مێژوو ناچنەوە. ئەو کار و خەباتە فیکری و مێژووییەی سمکۆی شکاک لە ساڵانی ١٩١٢ تا ١٩٢٢ بە هاوکاری کەسانی ڕۆشنبیری گرێدراو بە دۆزی کوردستانەوە کردیان، بابتێکی مێژوویی و شایستەی توێژینەوەیە. پێشەوا قازی و چەندین کەسی تر لە سەرکەشی ئەم پرۆسێسەدا خاوەن ڕۆڵێکی مەزنن. چونکە ئەگەر کەسانی سیاسەتمەدار، دووربین، فیداکار و کورد پەروەر نەبوونایە، ئەو دەرفەتانەش لەدەست دەچوون. ئەوان بە ڕۆحێکی کوردستانی و لە ناو دڵی سیستەمێکی سەڵتەنەتیدا کۆمارێکیان ڕاگەیاند کە لە هەموو ئێراندا ئەوە یەکەمین هەوڵدان لە دژی دەسەڵاتداری ئۆلیگارشی ٢٥٠٠ ساڵانە بوو کە لە کۆتاییدا کەوتبووە دەستی بنەماڵەی پەهلەوی. پێش ئەوە میرزا کوچک خان لە گیلان و باکوری ئێران هەوڵێکی وەهای دابوو، بەڵام سەرنەکەوتبوو و نەیتوانیبوو کۆمار ڕاگەیەنێت.کەسانی زانا، فیداکار و ئاگا لە ڕەوشی سیاسی-کۆمەڵایەتی سەردەمانی خۆیان کارهایەک دەکەن کە دەستکەوتی مەزن بکەنە ماڵی مێژووی مرۆڤایەتی. کۆمار و قازی دوو ناوی پیرۆزن کە مهابادیشیان کردۆتە ناوەندێکی پیرۆزی کوردستان. کۆمار لەتەمەنێکی کورتدا توانی هەم کەلتوری سیاسی لە کوردستان بگۆڕێت، هەم سەرکەوتنی ئیرادە لە بەرامبەر سیستمە دیکتاتۆرەکان بسەلمێنی و هەمیش بە مردنی خۆی خزمەتێکی تر بە گەل و دۆزی کوردستان بکات کە لەلای خەڵکە وەک پێغەمبەران ببینرێت. یانی ڕێبەرانی کۆمار و لەسەرووی ئەوانەوە قازی محەمەد کارێکیان کرد کە ئێمە بەسەر بەرزیەوە بڵێین ئێمەیش مەهاتما گاندیمان هەیە. پێویستە ڕێبەر و پارتە سیاسیەکان لە دوای دەیان ساڵ باش پەیام و داخوازیەکانی سیستەمی کۆمار هەڵسەنگێنن. ئەگەر وەکو قازی لە خۆشی و ناخۆشیدا لەگەڵ گەل بمێنن ئەو کاتە میراتێکی تر دەخەنە سەر میراتەکانی تری پێش خۆیان. دۆزی کوردستان لەهەموو بەشەکانی کوردستان زۆرێک قەرزداری بیر و ڕامانی سیستەمی کۆماری دیموکراتیکە و هۆکاری ئەوەی لەدوای ساڵانێکی درێژ هەموو دووی ڕێبەندانێک و ٣١ ی ئادارێک بەتەواوی لە هۆش و بیرەوەری کۆمەڵگادا زیندوو ماوەتەوەو بەبیر دەهێنرێتەوە، ئەمەش سەلماندنی ئەو ڕاستیەیە.

ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF): ئێوە بە درێژایی نوسینی ئەم پەرتوکە لەگەڵ چەندین کەسایەتی گفتوگۆتان کردووە، بەڵگەنامەی زۆرتان جیاکردۆتەوەو تاووتوێتان کردووە، وەک مێژوو نوسێک پێویستە چەند گرێکوێرەیەکی مێژوویی بکەنەوە؛ یەکەم ناوی کۆمار؛ کۆماری مهاباد، کۆماری کوردستان و دووەم، ئەم ڕووداوە مێژووییە دەوڵەتێکی سەربەخۆ بوو یان داخوازی نا ناوەندێتی هەبوو؟ وە سێهەمیش، ئاڵای کوردستان لە سەردەمی کۆماردایە؛ سەبارەت بەم سێ بابەتە دەمەوێت ڕاو بۆچوونی ئێوە ببیستم.

کاکشار ئۆرامار: بەکورتی لەسەر ئەو سێ بابەتە دەتوانم بڵێم:

ا. بەپێی ئەو بەڵگانەی لەدستی ئێمەدا هەیە ناوی کۆمار "دەوڵەتی کۆماری کوردستان" بووە، بۆ من زۆر ناخۆشە کاتێ دەڵێن کۆماری مهاباد. لە وتارێکی کتێبەکەمدا بە درێژی لەسەر ئەم بابەتەم نوسیوە، ئێوە هەوڵ بدەن ئەو وتارە بخوێننەوە. لە وێنەیەکدا کە قازی محەمەد لە نوسینگەی کاری خۆی لە ناوەندی (HDK) لە شاری مهاباد هەڵیواسیوە لە پشتی خۆیەوە، نەخشەی کوردستانی مەزن دەبینرێت. چەندین پەیامی گرنگ لەو وێنە سەرنج ڕاکێشەدا هەیە. ناوی "کۆماری مگاباد" بەپێی وتەی ویلیام ئیگلتۆن لەژێر فشاری دەزگای ساواکدا لەسەر کتێبەکەی نوسراوە وبەو مەرجەش لە ساڵانی ١٩٦٠ دا مۆڵەتی کارکردنیان لە پرۆژەیەکی ئاوادا پێداوە. چاوپێکەوتنەکانی من لەگەڵ یادگارەکانی کۆماری کوردستاندا، ئەو ڕاستیە دەسەلمێنن کە ناوەکەی کۆماری کوردستان بووە. بەداخەوە بەبێ لێکۆڵینەوە ئەم ناوە کەوتۆتە ناو ئەدەبیاتی سیاسی کورد و حەیف میراتگرانیشی یان حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی دیموکراتی کوردستانی عیراق، بە ساویلکەیی بە لای ئەم بابەتەدا تێپەڕیوون. بەڵام بەڕاستی ئێوە قەت بیستووتانە بڵێن: کۆماری بەڕلین؟، کۆماری ئەنقەرە؟، کۆماری شام؟!

ب. بە ئەندازەی ئەوەی کە پێویست بێت لەسەر ئەوەی کە ئایا کۆمار سەربەخۆ بووە، بەڵگەمان لەبەر دەستدایە.لە دادگای ئارتەشی ئێرایشدا یەکێک لە هۆکارەکانی لەسێدارەدانی قازی محەمەد تاوانی "جیاخوازی یان دابڕاندنی پارچەیەک لەخاکی ئێران" دەستنیشان کراوە. بەڵام لە کاتی چاوپێکەوتنەکاندا، بەرپرسانی کۆمار هەندێ جار باسی سیستەمی "ئەیالەتی-ویلایەت'-یان کردووە و لەبەر ئەوەی ڕەوشی جیهان و دەوڵەتی ئەو کاتی ئێران بە تەواوی لە دژی داخوازیە دیموکراتیکەکانی کوردان بوون، قازی محەمەد دووربینانە ویستوویەتی پرسی کورد لە ئێراندا بەڕێگای تریش چارەسەر بکات. لە تابلۆو نوسراوەکانی سەردێڕی نامە فەرمیەکانی کۆماردا بە ڕوونی دیارە کە کۆمار دەوڵەتێکی سەربەخۆ بووە و هیواو و حەسرەتیش بۆ ئاوا کردنی کوردستانێکی سەربەخۆی مەزن لە بیر و ڕامانی ڕێبەرانی کۆماردا هەبووە. لە تیۆریکدا کەمتر، بەڵام لە پراکتیکدا کۆمار لە گۆڕ مانیفیستۆی ژ.ک (کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان) هەڵسوکەوتی کردووە.

ت. نە لە ڕۆژی ١٧/١٢/١٩٤٥ و لە لە ڕۆژی ٢٢/١/١٩٤٦ ئەو ئاڵایەی کە ئەمڕۆ لە باشوری کوردستان هەڵکراوە، لە مهاباد هەڵنەکراوە. کۆمار لەلایەن حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە ڕاگەیەندراوە و ئەوانیش ئاڵای خۆیان لەم ڕۆژە مێژووییەدا بەرزکردۆتەوە کە جگە لە سێ ڕەنگی سپی، سورو زەرد، بە دوو گوڵە گەنم و پێنوسێک و تیشکی ڕۆژ خەمڵێندراوە. هەڵبەتە لە ئاڵای کوردستاندا ١٦ تیشکی ڕۆژ هەبووە کە بەدەستی ژنێک بەناوی فاتیمە بارزانی چنراوە، کە لەم مەراسیمەدا هەڵنەکراوە. دواتریش بەپێی ئەو وێنانەی لەبەر دەستی ئێمەدا هەیە لە بۆکان و نەغەدەش هەمان ئاڵای حیزبی دیموکراتی کوردستان هەڵکراوە. بەگوتەی چەند کەسێک کە من چاوپێکەوتنم لەگەڵ ئەنجام داون، ئاڵای کوردستان کە ١٦ تیشکی ڕۆژی تێدایە (کە ئەمڕۆ لە باشور بووەتە ٢١ تیشک)، لەلایەن پێشەوا قازیەوە پێشکەشی مستەفا بارزانی کراوە. ئایا مستەفا بارزانی هیچ کاتێک لە بیرەوەریەکانی خۆیدا ئەمەی باس کردووە؟ من نازانم ئەمە چەندە ڕاستە، بەڵام بۆچی لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلول (١٩٦٣-١٩٧٥) دا ئێمە لە بەڵگەو دیمەنەکانی ئەو ساڵانەدا ئەو ئاڵایە نابینین؟. لەسەر مژاری ئاڵای کۆمار و ئەوەی ئەمڕۆ لە هەموو ئەو بەرنامەو دانیشتنانەی کە من تێیدا بەشدار بووم، ئەمە بووەتە پرسێکی سەرەکی، بەڵام من هیوادارم کە ئەمە نەکەینە هۆکاری دوورکەوتنەوەی پارت و لایەنە سیاسیەکان لەیەکتر، چونکە ئێمە خانوویەکی سەربەخۆمان نیە، ئێ بۆچی لەسەر ڕەنگی دیوارەکانی ناوەوەی خانووەکە کیشە دروست بکەین؟ لەلایەکی تریشەوە لەسەر مێژووی ئاڵای کوردستان لە سەردەمی ئیمپراتۆری ماد، تا ساڵانی ١٩١٨ و ١٩٢٧ و دامەزراندنی کۆمەڵەی ئیستیخلاسی کوردستان لە ئیستانبوڵ و ڕێکخستنی خۆییبوون، هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ ئەوەندەی کە پێویست بێت لێکۆڵینەوە، وێنە و وتار لە ئارشیڤی مێژووی کوردستاندا هەیە. پێویست نابینم ئێمە لەسەر ئەم مژارە هەستیار بین و چاوپێکەوتنەکانمان لەیەک دوور بخاتەوە.

سەبارەت بە هەرسێ مژارەکەی کە ئێوە پرسیارتان لەبارەوە کردووە، منیش کەم و زیاد لە نوسینەوەی چاوپێکەوتنەکانم لەگەڵ یادگارەکانی کۆماری کوردستاندا کار و خەباتم کردووە. لە پەرتوکەکەی مندا لە بەرگی یەکەم و لە هەردوو بەرگەکەی تریشدا زۆر جار ئاماژەم بە هەرسێ بابەتی ئاڵا، ناو و سنوری کۆمار کردووە. لێرەدا پێویستە ئەوە بڵێم گێرانەوەی ڕاستیە مێژووییەکان لە دژی هیچ پارت و کەسایەتیەکی ڕێکخستنی دیاری کراو نیە. هەموو بەڵگەو گوتنەکان لەبەر چاوانن و ئەوان چییان وتووە من وەک خۆی بڵاوم کردۆتەوە.ئامانجی من ئەوەیە کە جیلی پاشەڕۆژ ئاگاداری ڕەنج و خەباتی جیلی پێش خۆیان بن تا بتوانن ئەو کاروانەی لە نیوەڕیدا ماوەتەوە، بگەیەننە مەنزڵی خۆی.

ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF): بەڕێز کاکشار ئێستا ئەگەر خۆتان وەک توێژەر و لێکۆڵەری مێژوو، کتێبەکەتان بخوێننەوە، خاڵە بەرجەستەو ئەرێنیەکانی کۆماری کوردستان چۆن دەستنیشان دەکەیت؟ ئەم خاڵە بەرجەستەو ئەرێنیانە لە ڕووداوە سیاسیەکانی ئێستادا چۆن ڕەنگی داوەتەوە؟

کاکشار ئۆرامار: ئەگەر ڕەوشی سیاسی جیهان، ئێران و کوردستان بەپێی ئەو دەرفەتانەی ئێستا هەیە لەبەر چاو بگرین، دەتوانم بڵێم لە دەرفەتی زۆر کەم سودی زۆر گەورە وەرگیراوە. لە کوردستانی ساڵی ١٩٤٦ لە هەموو ئێران ڕێژەی خوێندەواری ٪٥ و لە کوردستان لەوانەیە ٪٢ نەبووبێت. قازی محەمەد کەسێکی ڕۆشنبیرو خوێندنەوەی بۆ کۆمەڵگای کورد فرە ڕەهەند بوو. شێخ و ئاغا لە دژی ئازادی ژنان و چالاکیە پێشکەتنخوازیەکان بوون، بەڵام قازی جیاواز بوو. ڕیفۆرمخواز و لەهەمان کاتدا ئاگاداری داب و نەریتی کۆمەڵگای کوردستان بوو کە هەموو باوەڕی و لایەنەکانی ژیان بەپێی سیستەمی فیودالیسم بەڕێوە دەچوو. لەم لایەنەوە ئەگەر چاولێبکەین کارنامەی کۆمار پڕە لە خاڵی ئەرێنی. من دەتوانم بە دەستنیشان کردنی هەندێک دەستکەوت باشتر وەڵامی پرسیارەەتان بدەمەوە کە هەتا ئێستاش کاریگەریەکانی خۆی لەسەر کوردستان لەدەست نەداوە.

  • پێش دامەزراندنی کۆمار هەستی نەتەوایەتی لەناو کوردان دا زۆر بەهێز نەبوو. لە دوای شەهادەتی سمکۆی شکاک دەوڵەتی ناوەندی ئێران بە شێویەکی سیستماتیک دەستی بە سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن و ڕاگواستنی کوردان کردبوو. پێش دامەزراندنی کۆمار کۆمەڵەی ژ.ک گروپی شانۆییان دامەزراندبوو و هەستی نەتەوەیی کوردییان جارێکی تر خستبووە گەڕ و لە خەوی مردن بێداریان کردبوون. ئەو پێڤاژۆیە لەسەردەمی سەرهەڵدانی شێخ عوبەیدوڵای نەهری و سمکۆی شکاک لە ڕووبەرێکی فراوانی خاکی کوردستاندا دەستی پێکردبوو، بەڵام لە ساڵی ١٩٤٢ بەدواوە ئەم بابەتە خێراتر بەرەو پێشەو جوو.
  • کاری چاپەمەنی و ڕاگەیاندن لە سەردەمی کۆماردا خاوەن بەهایەکی زۆر گران بوو. لەو ساڵە پیرۆزەدا بەرپرسانی کۆمار چاپخانەیان هێنایە شاری مهاباد و ئەمەش ئەو ڕاستیە پشتڕاست دەکاتەوە کە شارساتانیەت و پێشکەوتن لەلای بەرپرسانی کورد نرخێکی مەزنی هەبوو. لەدوای ئەوە گۆڤار، ڕۆژنامە، پەرتوک و بڵاو کراوە چاپ و پەخش کران و گەل بە حەزکردنێکی بێ کۆتایی کەوتنە دوای خوێندن و بەرزکردنەوەی ئاستی زانیاریە کۆمەڵایەت-سیاسیەکان.
  • ژن و خزمەتکردن بە ژنان لەلای سەرۆک کۆمار واجبێکی دینی، نەتەوەیی و ئەخلاقی بوو. لە ماڵەکەی خۆیەوە دەستی پێکردو مینا قازی ڕازی کرد ببێتە سەرۆکی یەکێتی ژنانی کوردستان. کاردانەوەی ئاغا، شێخ، مەلا و کەسایەتیە ئایینیەکان لە دژی ئەم کارە زۆر توند بوو. بەڵام پێشەو قازی چەند ڕۆژێک لەگەڵیان گفتوگۆی دوور و درێژی کرد. لە کۆتاییدا هەموو بەشداری ڕێی قازی بوون و تێگەیشتن کە لە سیستەمێکی دیموکراتیکدا پێویستە ژن و پیاو وەک یەک خاوەنی ماف بن.
  • کۆمار خاوەن مانیفیستۆیەکی کوردستانی بوو، کوردانی باشور، باکور و ڕۆژئاوای کوردستان لە مەهاباد هەموو هاتبوونە لای یەک و لە دەوری پێشەوا قازی کۆبووبوونەوە. ئەوان هەموو بە دڵ و گیان خەباتیان دەکرد کە لەو دەرفەتە زێڕینە زۆرترین سود وەرگرن و شیاوی خۆ بەڕێوەبرن بۆ دۆست و دوژمن بسەلمێنن. نمونەی ئەم ڕاستیەش لەو ساڵانەدا:

ئەو هێزەی کە جەنەراڵ مستەفا بارزانی بەڕێوەی دەبرد، ڕۆحێکی نیشتمان پەروەری مەزنی خستبووە ناو کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بە هەبوونی هێزەکانی بارزانی لە ئایندەدا زۆرتر پشت گەرم بوون. ئارتەشی ئێران ترسێکی زۆری لە هێزەکانی بارزانی هەبوو. لە چەند شەڕێکدا لەنێوان هەردوو لادا هێزە ئێرانیەکان تێکشکان. ئەم ئەزموونانە ئەو ڕاستیەی بە هێزە عەجەمەکان سەلماند کە ناتوانن هەروا ئاسان بکەونە ناو سنورەکانی کۆماری کوردستان.

5. لە بواری ئابوریەوە هێدی هێدی ڕەوشی ژیانی خەڵک گۆڕانی بەسەردا دەهات. کۆمپانیایەک بەناوی "تەرەقی" بە ئامانجی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی بیانی دامەزرا.

6. بە دامەزراندنی کۆمار، کوردان بوونە خاوەن ئارتەشێکی میللی و لاوانی کورد بە شەو و ڕۆژ تێدەکۆشان تا خۆیان فێری هونەری شەڕ و تاکتیکی خۆپاراستن بکەن. جەنەراڵ و سەرلەشکرانی کورد بە خۆشەویستیەکی بێ کۆتاییەوە کاریان دەکرد کە ئارتەشەکەیان بتوانێ لە ڕۆژانی تەنگانەدا سنورەکانی وڵاتەکەیان بپارێزن. لە پاڵ ئەمەشدا هێزی گەل هەبوو کە لە ڕۆژانی تەنگانەدا لەگەڵ لەشکری میللی ئامادە بوون.

7. خوێندن بە زمانی زگماکی، مارشی "ئەی ڕەقیب"، دروستکردنی ئاڵای حکومەتی کوردستان، شاعیری میللی و چەندین شتی تر لە سەردەمی کۆماردا لەلایەنی سیاسی و کۆمەڵیەتیەوە کەوتنە ناو ژیانی کورد.

8. لەناو سنوری کۆماری کوردستاندا کەمەنەتەوەی ئازەرەی، ئاسوری و ئەرمەنی وەکو کورد خاوەنی هەموو مافێک بوون. ئەمە ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێت کە بیر و ڕامانی سەرۆک کۆماری کوردستان دیموکراسیەکی مۆدێرن و سەردەمیانە بوو. پێشەو ئاگاداری ڕەوشی سیاسی جیهان بوو دەیویست دەوڵەتی کورد وەک وڵاتانی دیموکراتیک خاوەن هەموو پرەنسیپە ئاشتیخواز و دیموکراتیکەکان بێت.

خاڵە ڵاوازەکان یان ئەو کارانەی دەیانتوانی بیکەن و نەیان کرد:

  • باوەڕی بە حکومەتی میللی ئازەربایجان کە بەپێی پەیمانێکی سێ خاڵی پێویست بوو لە دانوستاندن لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی و پاراستنی سنوری هەردوو دەسەڵات و ئاگاداری و هاوکاری یەک بکەن. تەبریز ڕووبەری کۆماری کوردستانی بە بەشێک لە خاکی خۆی ئەژمار دەکرد و نەیدەویست کورد وەکو ئەوان خاوەن دەسەڵات بن، بەڵام قازی و بەرپرسانی تر لە دژی ئەم بڕیارە بوون. ئەمەش زیانێکی گەورەی بەهەردوو لا گەیاند کە بەداخەوە کورد ساویلکانە لەبابەتەکەیان ڕوانیوە.
  • کۆنترۆڵێکی باشی ئاسایشی جوڵەی سەرۆک عەشیرەتە کوردەکان نەبووە کە لە تەمەنی یازدە مانگی کۆماردا لەگەڵ سوێندەکەی خۆیان وەفادار نەبوون. باوەڕم لەو ڕەوشەدا و لەو ئاتمۆسفێرە عەشیرەتییەدا کارێکی ئاوا ئاسانیش نەبووە، بەڵام هێشتا لە سەردەمی دەسەڵاتی کوردیدا پێویستی بە هەڵوێستی توند و لێکۆڵینەوە لەو کەسانە هەبووە کە سیخوڕییان کردووە.
  • لەوانەیە بە هەبوونی هێزی کوردانی باشوری کوردستان و ئارتەشی کۆمار، دەیانتوانی چەند مانگێک لە دژی ئارتەشی ئێران بەرخۆدان بکەن و بەو شێوەیەش ڕێبەرانی کۆمار لەسێدارە نەدەدران. بە پێچەوانەشەوە لەوانەیە بەهاوکاری هێزی عەشیرەتە کوردەکان و ئارتەشی ئێران، ئەو تراژیدیایەی لە تەبرێز ڕوویدا، لە کوردستانیش ڕووی بدایە.
  • ئەو ساڵانە دەرفەتی ئەوە هەبوو کە ڕووبەری سنورەکانی کۆمار فراوانتر بکرێن و بە ئامانجی ڕزگارکردن هێرش بکەن و سنە، کرماشان، ئیلام، شار و هەرێمی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕزگار بکەن و لەشەڕکردن لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیدا ناچار نەبن خۆیان لەهەرێمی تەنگ بەناوی موکریان هەمیشە لەبەردەم هێرشی لەناوچووندا بهێڵنەوە. چونکە مهاباد بچوک بوو بەڵام سنەو کرماشان گەورە بوون. ئەوان دەیانتوانی ناوەندی دەسەڵاتی خۆیان لە مهابادەوە ببەنە سنەش، بەو شێوەیەش هێزی کۆمار زیاتر دەبوو.
  • ڕەخنە لەسەر قەتیسمانی سنورەکانی کۆمار و دابەشکردنی کار و ئەرکەکانی کابینەی وەزیرەکان تەنها لەناوکوردانی مهاباد-دا هەیە. زۆر جار ئەم پرسیارەم لێکراوە:" بۆچی لە کابینەی حکومەتی کۆماردا کوردێکی ئورمیە، ماکۆ، یان سنەو کرماشان نابینرێت؟"

وێڕای ئەو هەموو بۆچوون و خاڵانەی باسکران، من بڕیاری پێشەوا قازی بۆ شەڕنەکردن لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی و هەڵنەهاتنی لە مهاباد، پیرۆز و ئەرێنی دەنرخێنم. ئەو نەیویست لە گەلی خۆی دوور بکەوێتەوە و لە دادگای سەربازیشدا بە بوێری و هەموو هێزی خۆی بەرامبەر هەڕەشەو سوکایەتیەکانی دەوڵەتی فاسدی ئێران و جەنەراڵانی ئارتەشێکی ٢٥٠٠ ساڵی شاهەنشاهی، بەرخۆدانی کرد. ڕوو ڕيشی کردە بەشی ئەو شێخە خیانەتکارانەی کە دەستیان بە کەمپەینی کۆکردنەوەی ئیمزا بۆ لەسێدارەدانی پێشەو کرد. ئیدی ئەو بەرخۆدانە مێژووییەی ئەو کە بەرپرسانی ئێرانیش دانی پێدا دەنێن، بووە هۆکاری ئەوەی کە دۆزی کورد لە ئێران بەتەواوی زیندوو ببێتەوەو هەتا ڕۆژی ئەمڕۆش بەردەوامی بە ژیانی خۆی بدات. گەلۆ دەستکەوت لەوەش گەورەتر هەیە؟ کورد وەکو نەتەوە زۆر قەرزداری ڕەنج و ناوی ڕێبەرانی وەک قازی محەمەد و سمکۆی شکاکە.

لە ڕۆژی ئەمڕۆشدا ئەو کار و خەبات، ئەو بەرخۆدان و سەرفرازیە وەکو تاجێکی زێڕین لەسەر سەری ئەو شۆڕشگێڕانەی کوردە کە خۆیان بە شوێنکەوتووانی قازی محەمەدە دەزانن. لەو خاڵە ئەرێنی و نەرێنیانە وانەی پەند و ئامۆژگاری وەردەگرین و کارێک ناکەین کە مێژوو لە کوردستان دووبارە ببێتەوە.

ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF): کوردستان یەک وڵات و یەک جیۆگرافیای دابەش کراوە، یادگاریەکانی کۆماری کوردستان لە باکوری کوردستان و ڕۆژئاوا چۆن ڕەنگ دانەوەی هەبووە؟ ئەم یادگاری و مێژووە چۆن کاری سیاسی لە باکورو ڕۆژئاوای کوردستان خستۆتە ژێر کاریگەریەوە؟

کاکشار ئۆارمار: شرۆڤەکانی سەرۆک ئاپۆ وەکو ڕێبەرێکی خاوەن ڕامان و فەلسەفی و کاریزماتیک لە بزاڤی سیاسی کورد-دا لەسەر کۆماری کوردستان و کەسایەتی پێشەوا قازی سەرنج ڕاکێش و خاوەن ناوەرۆکێکی دەوڵەمەندە.

لە چاوپێکەوتنێکدا کە پێش چەند ساڵێک لەسەر ساڵڕۆژی کۆماری کوردستان لەگەڵ بەڕێز موراد قەرەیڵان ئەنجامم دابوو، بە وشەی پڕ و بە ناوەرۆک و دەوڵەمەند باسی ئاستی ڕۆشنبیری و فیداکاری ڕێبەرانی کوردی لە مهاباد کرد کە دەتوانن لە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتی یوتوب چاوی لێبکەن.

مژاری کۆماری کوردستان لەم ساڵانەی دواییشدا لە ڕێی پاڕلەمانتارانی هەدەپەوە گەیشتە ناو پاڕلەمانی تورکیا. ئەو تورکانەی کە ناسنامەی کورد ئینکار دەکەن، ناچار بوون کە کەسایەتی قازی محەمەد بناسن و لەگەڵ پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوو بەڕوو بوونەوە. پرۆفیسۆر د.قدری یلدرم لە لەسەر ٧١-هەمین ساڵڕۆژی شەهادەتی قازی محەمەد بە زمانی تورکی وتارێکی پێشکەش کرد.

هەروەها لەم بیست ساڵەی ڕابردوودا کۆمار وەکو مۆدێلێکی دیموکراتیک لە دەسەڵاتی کوردان لە سەد ساڵی ڕابردوودا بە دڵگەرمی لەلایەن کوردانی باکوری کوردستان و بەتایبەتی توێژی گەنجانەوە پێشوازی و بەدوادا چوونی بۆ دەکرێت. لەلایەن تەڤگەری هەرە مەزنی کوردانەوە واتا پەکەکە، و ڕاگەیاندن لە ئەوروپا، بەبیرهێنانەوەی کۆمار و ساڵڕۆژی شەهادەتی ڕێبەری کورد، خاوەن ڕێز و جێگایەکی تایبەت بووە. ئەم کەلتوری ڕێزگرتنە هەتا ڕۆژی ئەمڕۆش بەردەوامە و ئیدی کەس نیە کەسایەتی قازی و ئەو دەستکەوتانەی کۆماری کوردستان بۆ دۆزی کورد پێشکەشی کردوون، نەناسێت.

کاتێک کە دروست لە ساڵوەگەڕی دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا تەڤدەم و بەرپرسانی پەیەدە لە ساڵی ٢٠١٤ لە ڕۆژئاوای کوردستان کانتۆنەکانیان ڕاگەیاند و وتیان ئێمە ڕێبازی پێشەوا قازی محەمەد و دۆزی کۆماری کوردستان بەردەوام دەکەین، ئیدی مزگێنی لەوە خۆستر نەبوو و بە دڵگەرمیەکی مەزنەوە لەلایەن کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا. ئەگەر بیرەوەری مێژوویی ئێمە بەهێز بێت پێویستە بێتەوە بیرمان کە دروست لە ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوادا دەوڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠١٨ دەستی بە هێرشی داگیرکاری عەفرین کرد. ئەوە بۆ ئێمەی کورد پەیامێکی پڕ لە گوتنی شاراوەیە. بیرەوەری مێژوویی ئێمە پێویستە بەم کردەوە داگیرکاریانە زیاتر بکەوێتە گەڕ.

کاتێ لە ساڵی ٢٠١٦ من چوومە ڕۆژئاوای کوردستان، دیمەنی هەرە جوان کە هەرگیز لەبەرچاوم ون نابێت، وێنەی قازی محەمەد و سمکۆی شکاک بوو کە لە دامەزراوە کەلتوری و ڕەسمیەکاندا لەپشتی سەری بەرپرسانەوە هەڵواسرابوون. من لەو باوەڕەدام کە کۆمار و قازی محەمەد زیاتر لە هەموو بەشەکانی کوردستان، لە ڕۆژئاوا خۆشەویستتر بن.

ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF): ڕێبەر ئاپۆ لە هەڵسەنگاندنە سیاسیەکانیدا، کۆماری کوردستانی وەک ڕووداوێکی سیاسی تایبەت و بە واتا لە دیرۆکی گەلی کورد-دا دەنرخێنێت. وەک چالاکێکی کورد و مێژوونوسێکی مێژووی سیاسی کورد، ڕەنگدانەوەی ئەم ڕووداوە لە سیاسەتی کوردستان-دا لەم کاتەدا و بەتایبەت لە ڕۆژئاوای و باکوری کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

کاکشار ئۆرامار: نرخاندنەکانی ڕێبەر ئاپۆ لەسەر مێژووی کوردستان بەگشتی و کۆماری ساڵی ١٩٤٦ بەتایبەتی ئەم وتەیەی پێشینان دێنێتەوە بیری من: "تەنها زێڕینگەر قەدری زێڕ دەزانێت...". ئەم تێڕوانینەی ڕێبەرێکی کورد کە بە خوێن و ڕەنجێکی بێ کۆتایی دەستی بە شۆڕشێکی ئاوا مەزن لەهەموو کوردستان کرد، لە بەهێزکردنی پەیوەندیە سیاسی-کۆمەڵایەتیەکاندا لە کوردستانی مەزندا، خاوەن کاریگەریەکی زۆر بووە. لە ژێر کاریگەری ئەو هەڵسەنگاندنانەدا بوو کە ئێمە ئەمڕۆ جیاوازی لەنێوان کۆبانێ و مەهابد-دا نابینین. ئۆجالان چەندەی لە ڕۆحا خۆشەویستە، لە مەریوان، ماکۆ و باکوری خۆراسانیش خۆشەویستە. ئیدی بەپێی پرەنسیپەکانی ڕێبازی سیاسی بە پێشنگایەتی پەکەکە و سەرۆک ئۆجالان، جیاوازی لەنێوان باکور، باشور، ڕۆژئاواو ڕۆژهەڵاتدا نیە. ئەمە مەزنترین دەستکەوەتی بیرو ڕامانی سیاسی-مرۆیی ئەوە کە هەموو کۆمەڵگا لە کوردستان و هەر شوێنێک کە کوردی لێ دەژی، دەبینرێت.

نرخاندنی ڕووداوە دیرۆکیەکان کاری هەرکەس نیە، بەڵام ئەو کەسانەی کە لەناو دڵی کۆمەڵگای پڕ لە ئێش و ژان ڕابوون، باشتر لەهەر کەس دەتوانن ناسنامەی ڕووداوە سیاسیەکان ڕەخنە، شرۆڤە و پێشبینی بکەن. ئەو بە شرۆڤە فەلسەفیەکانی وەها زانایانە مرۆڤ دەباتە ناو قوڵایی مژارە دیرۆکیەکان کە ناچار دەبیت بە ویژدانێکی ئەخلاقیەوە کارێک بکەیت کە بەدوادا چوونی ئەو ڕێبازە بکەیت. کەم کەس هەن کە وێڕای هەڵسەنگاندنی وردبینانە و هەمەلایەنە بتوانن وەکو سەرۆک وانەی باش لە لاپەڕەکانی مێژوومان پێشکەش بکەن. لەم بوارەوە ئەو کەسێکی ژیر و خاوەن شایستەییەکی مەزنە. باشی، کەموکورتی، خۆزگە و ڕێگا باشەکان لە ئەنجامی هەر نرخاندنێکی ئەودا ڕێگایەکی چارەسەریش دەخاتە بەردەم مرۆڤ. ئەم تایبەتمەندیە لەلای هەر ڕێبەرێک نیە. ڕێزدار ئۆجالان بە بۆچوونە قوڵەکانی، هیواو هێز کە لەمێژوو وەریگرتووە، دەیداتە ئێمە. ئەمەش کاری ئەو کەسانەیە کە لایەنی سایکۆلۆژی کۆمەڵگای خۆیان بەباشی خوێندۆتەوە، ناسیویانەو شرۆڤەیان کردووە. سەرۆک ئۆجالان لە چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ ڕێزدار عەلی قازیدا بە ڕێزێکی بێ کۆتاییەوە باسی ڕەنجی قازی محەمەد و سیستەمی دیموکراتیکی سەردەمی کۆماری کوردستان دەکات. خۆی وەکو خوێندکارێکی خوێندنگەی قازی محەمەد پێناسە دەکات و هەوڵەکانی بۆ دیموکراسی بەرز و گرنگ دەنرخێنێت. لە مانیفیستۆی پەکەکەدا جێگای کۆماری کوردستان تایبەتەو بە فراوانی لەسەر دەستکەوت و هۆکارەکانی لەناوچوونی، زانیاری هەیە. چۆنێتی شەهادەت، داخواز و فیداکاری قازی محەمەد لە گوتار و ئاخاوتنی ڕێبەرانی پەکەکەدا جێگایەکی زۆر تایبەتی هەیە. من باوەڕ ناکەم لە ڕاگەیاندنی هیچ پارتیەکی سیاسیدا بە ئەندازەی ڕاگەیاندنی جوڵانەوەی باکوری کوردستان بۆ ناساندنی کۆماری کوردستان کار و خەبات کرابێت. نمونەی ئەمەش من بۆخۆم توانیم کار و چالاکیەکانم لەسەر پڕۆژەی کۆماری کوردستان لە مەد تیڤی دا دەست پیبکەم و هەتا ڕۆژی ئەمڕۆش ئەو چاوپێکەوتنە دیرۆکی و بەنرخانە لەڕێگای شاشەی ئەو پەنجەرە ڕوناکانەوە لە هەموو کوردستانی مەزن بڵاو بکەمەوە. بۆ من یەکەمین خوێندنگەو کاری ڕۆژنامەوانی و دروستکردنی بەرنامەی دیرۆکی-کەلتوری، مەد تیڤی بوو.چونکە لەو خوێندنگەیەدا من توانیم ببمە کەسێک کە هەندێ جار دەنگی دیرۆکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگەیەنمە کوردانی پارچەکانی تری وڵاتەکەم. لەمەش مەزنتر هیچ بەختەوەریەک لە ژیانمدا نابینم و هەستی پیناکەم.

ئاژانسی هەواڵ فورات (ANF):" وەک دوایین پرسیار؛ یادگاریەکانی کۆماری کوردستان چۆن دەتوانن بەردەوامی خۆیان لە درێژی میژووی کورد-دا بپارێزن و ڕۆڵی ئێمە لەم پاراستنەدا چیە؟

کاکشار ئۆرامار: ئەم دۆزە دەستی لێ بەرنادرێت، هەر یادگارێکی کۆماری کوردستان دەتوانێت ببێتە ئەکتەرێک لە لاپەڕەی مێژوو و لەسەر شاشەی تی ڤی، یان لە سینەمای کوردان-دا. ئەو یادگارانە دەستنیشانی دەکەن کە:" ئێمە ڕێبازی پێش خۆمان درێژە پێداوەو ئێستاش درێژەدانی ئەو ڕێبازە چاوەڕوانی جیلی پاش ئێمەیە. نابی ئێوە ئامانجەکانمان نیوچڵ بهێڵن و هەتا دوا مەنزڵی ئازادی درێژە بە ڕێگای خۆتان بدەن..."

لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستاندا پێشەوا قازی ناوی چەند ڕێبەرێکی وەکو شێخ سەعیدی پیران، سمکۆی شکاک، سارم بەگ و چەند کەسی تر بەبیر دێنێتەوە کە لە پێناو دۆزی کوردستان بە شێوازی نامەردانە لەلایەن دوژمنانی داگیرکەرەوە تیرۆرکراون، دەڵێت ئێمە ڕێبازی ئەوان بەردەوام دەکەین.

پێویستە ئێمە ئەو بیرەوەریانەی یادگارەکانی کۆماری کوردستان بە وردی بخوێنینەوەو سەربوردە، داخوازی و داواکانی ئەوان بۆ ئێمە ببێتە وانەی ژیانی پاشەڕۆژ کە مێژووی پڕ لە کۆکوژی و شکستی سیاسیمان دووبارە نەبێتەوە.

لەوە گرنگتر و بەنرختر ناتوانم شتێک بڵێم و داوای بکەم. تەنها داوام ئەوەیە: دەبێت وەکو ئەرکێکی ئەخلاقی، سیاسی، مێژوویی و ویژدانی، دەست لە دۆزی ئازادیخوازی کوردستان هەڵنەگرین. پێشەوا قازی محەمەدیش لە دوایین ساتەکانی ژیانیدا لە ژێر پەتی سێدارەی جەلادانی تاراندا دەیان داواکاری بەم جۆرەی لە گەلی کورد و ئازادیخوازان کردبوو.

ژ.ت