بۆ هاوڕێەکەم، بۆ کوڕەکەم...

لە چیا ئازادەکاندا بوومە هەڤاڵت ئەو هەڤاڵیەتییەی ئێمە هەڤاڵیەتی ڕاستەقینە بوو لەگەڵ پەکەکە. لە هەڤاڵیەتی ئێمەدا ناپاکی، درۆ، دووڕوویی و خیانەت بوونی نەبوو. لە هەڤاڵیەتی دایک و کوڕ زیاتر، هەڤاڵیەتی ئێمە هەڤاڵیەتی لەگەڵ پەکەکە بوو.

ئایا دایکێک دەتوانێت دوای منداڵەکەی بژی و لەسەر منداڵەکەی بنووسێت و جارێکی دیکە ئاگری ناو دڵی خۆیدا بە گوڕ بکات؟ بەڵێ 'حەقی' ئازیزم جارێکی تر لەسەرت دەنووسم. چەند ساڵی تر، چەند جاری تر لەسەر تۆ دەنووسم. بەڵام هەر دەقێک کە دەنووسم دڵم دەست بە سوتان دەکات؛ واتە ئەم ئاگرە دەمسووتێنی و کەم نابێتەوە؛ هێشتا بە پێچەوانەوە بە گوڕتر دەبێت. دەڵێن کات ئازارەکان کەم دەکاتەوە؛ بەڵام بۆ ئازاری ڕۆڵەکان وشەی کات دەبێتە وشەیەکی بێمانا. چونکە کات ئەم ئازارە گەورەتر دەکاتەوە.   هەتا ئێستا بۆ هەر دەردێک چارەسەرێک دۆزراوەتەوە، بەڵام هیچ چارەسەرێک بۆ دەرد و ئازاری ژیانێک کە لە دڵی دایکێکدا دابڕاوە نەدۆزراوەتەوە. کاتێک بیستم کە تۆ هەرمان بوویت و چوویتە ریزی نەمرانەوە، لە جەستەی مندا شتێک کەم بووەوە ئەوەندە ئازاریدام کە نەمتوانی دەنگ هەڵبڕم. لەو ساتەدا وتم: "ژیان جارێکی تر وەک جاران نابێتەوە، چونکە ژیانم کەم بووەوە." بەڕاستی وا بوو؛ واتە ئەمڕۆ ژیان بۆ من هەرگیز وەک جاران نییە. نە کات، نە شوێن و تەنانەت هیچ یادەوەرییەک بۆ من وەک یەک نییە. چونکە ئیتر تۆ لە ژیانمدا نەماوەی و ناتوانم بتبینم.

بەردەوام خۆم هەڵدەخەڵەتێنم و دەڵێم؛ "ئەو لە شوێنێک دەژیت، ڕۆژێک دێتەوە." چونکە کاتێک بەشداری گروپی ئاشتی بووم لە ئاسایشی ئینزێ ئێمە خاترمان لە یەکتر خواست و ڕۆیشتین. هەرگیز لە بیرم نەچووتەوە لەو کاتەدا کە دوایین چاوپێکەوتنی من و تۆ بوو. من بەردەوام خەونم پێوە بینیوە کە بێم و باسی گەشتەکەم بۆ ئاشتیت بۆ بگێڕمەوە. هێشتا کاتی زیندوو بوونم کۆتایی پێ نەهاتووە و دەرفەت نەبووە. بیستوومە تۆش بوویتە ئەستێرە. لەناو چوار دیواردا کە من هەواڵەکەم بیست، زۆر ئازارم پێگەیشت کاتێک بیستم ژیانم کەم بووەتەوە. هەرگیز ئەو ڕۆژەم لەبیر ناچێتەوە.  بەڵێ، لێرەدا دووبارە جارێکی تر لەسەر تۆ دەنووسم. ئایا من مافی نووسینم هەیە یان نا؟ خولقاندنی ژیانێک کە ژیانێکی نوێ لەخۆ دەگرێت، لەوانەیە بەنرخترین شت بێت بۆ مرۆڤایەتی. بەڵام لە جیهانێکی ئەوەندە گڵاودا کە ژیانیان لە دەمی شێردا داناوە، لە کاتێکدا خوڵقاندنی ژیانێکی نوێ وەک تاوان تەماشا دەکرێت، دەبێت بزانین کە نابێت ژیانێکی نوێ نە‌هێننە دنیاوە. خوڵقاندنی ژیانێکی نوێ لەوانەیە پیرۆزترین ڕووداو بێت لە جیهاندا. بەڵام دایکان لەم کاتەدا ئەم ئەرکە پیرۆزە بە تاوان دەزانن، چونکە بە ئازارێکی زۆرەوە سەیری دەکەن کە ژیانێک لە جەستەی خۆیاندا دەخوڵقێنن و بە لە دایک بوون دەکوژرێن. خواوەندەکانی جەنگ هەرگیز ناتوانن لەم ئازارە تێبگەن چەندە بۆ دایکان قورسە. لەم کاتەدا منیش خۆم بەتاوانبار دەزانم و دەڵێم؛ "من حەقیم هێنایە جیهانێکی ئاوا و نەمتوانی ئاگام لێی بێت. من ئەوم هێنا بۆ ئەم جیهانە، بەڵام ئەو ئێستا نییە و من دوای ئەو ژیانم بەردەوام دەکەم. من ژیانی دوای تۆ وەک تاوانێک دەبینم. خوداوەندەکانی شەڕ قەت ناتوانن لەوە تێبگەن کە ژیانی تاوانباری مرۆڤێک کە دوای کوڕەکەی چەندە ئازارێکی گەورە و قورسە. ئەگەر تێبگەیشتنایە ئەو شەڕەیان بەسەر مرۆڤەکاندا نەدەسەپاند.

خوداوەندەکانی جەنگ بۆ داگیرکاری، تاڵان، ڕانت و دەسەڵات جیهانیان کردە شوێنی کۆمەڵکوژی بەوبۆنەوە بەهەزاران کەس ڕۆژانە گیانیان لەدەست دەدەن. لە هەمووی مەترسیدارتر ئەوەیە کە ئێش و ئازاری بەهەزاران کەس وەک دۆخێکی ئاسایی دەبینن. مرۆڤەکان زۆر پێیان نەزانیوە عەقڵیەتێک چەندە دەتوانێت مەترسیدار بێت. عەقڵییەتی دەسەڵاتداری، کە دەستی بەسەر تەکنیک و زانستدا گرتووە و سەرکردایەتی جیهانی ئێمەی بەدەستەوە گرتووە. بەڵێ، جیهانیان کردووتە جیهانێکی پڕ لەئێش و ئازار و من تەنها بە هەوڵدان بۆ پڕکردنەوەی هەردووکمان دەتوانم درێژە بە ژیانم بدەم. من بەردەوام ئازار دەچێژم هەتا ئەو کاتەی تۆڵە دەکەمەوە و بەم شێوەیە درێژە بە ژیان دەدەم. ئەگینا، چۆن دەتوانم دوای تۆ درێژە بە ژیانم بدەم؟ تۆ خەونی زۆر جوانت بە داهاتووی گەلەکەتەوە بینی، بەڵام هەموویان کوشت. من ئێستا ئازارم دەبینم کە نەتوانم ئەو خەونانە بەدی بهێنم. کەم بوومەوە، کەم بوومەوە و دیسان کەم بوومەوە. جەستەم کەم بووەوە هەروەها خەونەکانم کەم بووەوە، بەڵێ ئازیزم ویستم لەسەر تۆ بنووسم، بەڵام جارێکی تر لەسەر خۆم نووسیم. ئازیزم چۆن دەتوانم بە بێ خۆم لەسەر تۆ بنوسم؟ تەنانەت بۆ ساتێکیش ناتوانم لەبیرت بکەم.  ئێمە ئێستا زیاتر لەگەڵت دەژیم. ئەوانەی لەڕووی جەستەییەوە لەیەکتریان جیاکردینەوە، زۆر هەڵە بوون. با بە مێشکی دەستکردیان هەروا بیربکەنەوە، بەڵام یەکێتی دڵمان زۆر مەزنتر بووەتەوە. ئێستا زیاتر لە جاران لەگەڵتم. هەڤاڵیەتی ئێمە پاک، خاوێن و دوور لە خیانەت بوو. لە شاخە ئازادەکانی کوردستان هەڤاڵیەتیمان لە سەر هەڤاڵیەتی ڕاستەقینەی پەکەکە بوو.  لە هەڤاڵیەتیماندا شوێنێک بۆ ناپاکی، درۆ، دووڕوویی و خیانەت نەبوو. زیاتر لە هەڤاڵیەتی دایک و کور، هەڤاڵیەتی ئێمە هەڤاڵیەتی لەگەڵ پەکەکە بوو. بۆیە زۆر بیری ئەو هەڤاڵیەتیمان دەکەم. ئایا مرۆڤ دەتوانێت بیری ئەو هاوڕێیەتییە نەکات؟ ئایا مرۆڤ دەتوانێت لە شتێکی جوان تێر ببێت؟ من لەو هەڤاڵیەتیمان تێر نەبووم، تا ئێستاش تینووی ئەو هەڤاڵیەتیەم. چ شتێکی بە ئازارە کە مرۆڤ ناتوانێت جارێکی تر ئەو هەڤاڵیەتیە جوانەی ئەزموون بکاتەوە.

بەداخەوە ناتوانم پێت بڵێم چەندە بیرت دەکەم. بەڵام بەڵێنت پێدەدەم؛ هەتا دوژمن بە چۆکدا دێت، تێکۆشانمان بەردەوام دەبێت. بەڕێزدارییەوە خاوەنداری لە میراتی بەنرخی ئێوە و هەموو ئەستێرەکانی وڵاتەکەم دەکەم. بەدڵنیاییەوە بە تێکۆشانمان بۆ کوردستانێکی ئازاد ئامانجەکەت دەڕازێنمەوە. ئازیزم سڵاوێکی بێکۆتاییت لێدەکەم و لە کەسایەتی تۆدا سەری خۆم لەبەردەم هەموو ئەستێرەکانی ئازادییدا دادەنوێنم.

  حەقی پازارجک لە ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٢ بوو بە ئەستێرەی درەوشاوەی وڵاتەکەی.

   زەلال حەقی (دایکی)