مەقبوڵە ئۆزەری تەمەن ٨٠ ساڵ بە تۆمەتی "یارمەتیدانی ڕێکخستن" لە وان سزای ٢ ساڵ و مانگێک زیندانیی بەسەردا سەپێنرا، بۆ جاری دووەم داواکاریی پارێزەرانی بۆ ئەوەی "لە ماڵەوە درێژە بە سزاکەی بدات" ڕەتکرایەوە.
دەسەڵاتی جێبەجێکاری سزاکان لە وان ڕایگەیاند، تەنها ڕاپۆرتی پزیشکیی نەخۆشخانەی هەرێمی وان بەس نییە و پێویستە دەزگای پزیشکیی دادیش ڕاپۆرت بدات.
دیلان کانت ئایان پارێزەری دایە مەقبوڵ ئۆزەر ناڕەزایەتیی دەربڕی و وتی: "ئەگەر ژنێکی تەمەن ٨٠ ساڵ، کە کەمئەندامییەکەى بە ڕێژەی سەدا ٥٥ بێت و لە زینداندا بێت ئەوە یانی مامەڵەیەکی خراپ و جیاکارانە هەیە".
دوای بڕیاری لقی یەکی دادگای سزا قورسەکانی وان سکاڵا و تانەى مەقبوڵە ئۆزەر دەبرێتە دادگای باڵای دەستووری.
هێزە ئەمنییەکانی دەڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠١٨ هەڵیانکوتابوویە سەر ماڵی هادی ئۆزەر و مەقبوڵە ئۆزەر و دەستگیریان کردن و دواتر لەلایەن دادگای دەوڵەتی تورکەوە بە تۆمەتی "یارمەتیدانی رێکخستن" سزای ٢ ساڵ و یەک مانگ زیندانیکردن بۆ هەر یەکێکیان دەرکرا و ماوەیەکە بڕیارەکە چوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ژ.ت