بۆ جاری هەشتەم داواکاری گشتیی دۆزی بنەماڵەى شەنیاشار گۆڕدرا

بەرخودانی بنەماڵەى شەنیاشار بەردەوامە. ئەو داواکارە گشتییە، کە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی کۆمەڵکوژکردنی بنەماڵەى شەنیاشار دەکات بۆ ٨هەمین جار گۆڕدرا.

ئەمینە شەنیاشار، کە هاوسەرەکەی و دوو کوڕی لەلایەنی خزمانی ئیبراهیم خەلیل یڵدز پەرلەمانتاری ئاکەپەوە کوژران، لەگەڵ فەرید شەنیاشاری کوڕیدا، کە ئەویش لە هێرشەکەدا بریندار بوو بوو، بەردەوامن لە چالاکیی ئێشکگرییان بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و چالاکییەکەیان لە ١١٤هەمین رۆژدایە.

بنەماڵەى شەنیاشار هەموو رۆژێک بۆ چالاکیی ئێشکگریی دادپەروەرییان دەڕۆن بۆ حەوشەى دادگای رحا، بەڵام پۆلیسی دەوڵەتى تورک لە دوێنێوە پێی راگەیاندوون، بە بڕیاری داواکاری گشتی رێگایان پێنادەن بڕۆنە حەوشەى دادگاکە لەوێ چالاکییەکەیان بەڕێوەببەن. تاوەکو ئێستا ئەمینە شەنیاشار و فەریدی کوڕی چەندجار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە کاتی چالاکییەکەیاندا دەستگیرکراون، بەڵام بە پێداگرییەوە بەردەوامن لە چالاکییەکەیان.

ئەو داواکارە گشتییەی دەوڵەتی تورک، کە دۆسیەى کۆمەڵکوژکردنی بنەماڵەى شەنیاشاری لەلایە بۆ جارێکیتر گۆڕدرا و دۆسیەکە بە داواکارێکی گشتیی تر درا. بەوەش ئەم داواکارە دەبێتە ٨هەمین داواکار بۆ ئەو دۆسیەیە.

ژ.ت