"بە پێشەنگایەتی ژن، ژیان، ئازادی، دەبێت تێکۆشانی ئازادی بەگوڕتر بێت"

ئادار گابار، ئەندامی کۆمیتەی تۆڕی زێڕین ڕایگەیاند، شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی' کە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد، بەها کولتوورییەکانی ھێنایە ئاراوە و وتی: "لە بەهێزکردنی شۆڕشدا هونەرمەندان و ڕۆشنبیران ڕۆڵێکی گەورەیان هەیە".

ئادار گابار، ئەندامی کۆمیتەی تۆڕی زێڕین، بە بۆنەی ساڵیادی شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی' کە ڕۆژی ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢، دوای کوژرانی کچە کورد، ژینا ئەمینی دەستی پێکرد، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فورات نیوز (ANF) ڕایگەیاند، گەل لە قۆناغی شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی'دا ئازاری زۆریان چەشت، بەڵام سەرباری ئەوەش دەستبەرداری هەڵوێستی خۆیان نەبوون و وتی: "بەتایبەتی دوای کوشتنی ژینا ئەمینی، هەڵوێستی گەلی ئازادیخوازمان، هەڵوێستی گەنجان و ژنان هەڵوێستێکی بڕیاردرانە بوو. بە ھۆی ئەو ھەڵوێستەیان پیرۆزباییان لێدەکەین".

گابار وتیشی: "ڕۆحی شۆڕشی پەرەسەندوو لە زۆر ناوچەی جیهاندا بڵاوبووەتەوە و بێ گومان لە پێناو ئەو شۆڕشەدا قوربانی زۆر دراوە. زۆرێک لە کەسە بەنرخەکانمان، هونەرمەندان، ڕۆشنبیران، نووسەران، بنەماڵە بەنرخەکانمان، بنەماڵە کوردەکانمان لە ئێران، بنەماڵەکانمان لە بەلوچستان قوربانی گەورەیان دا. بە ڕێزەوە یادی ئەو کەسانە دەکەینەوە کە لە پێناو ئەو شۆڕشەدا  شەهید بوون و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەکانیان دەکەین. زۆر کەسمان دەستگیرکران. بۆ ئەوەی خوێنی شەهیدەکانمان بەفیڕۆ نەچێت و ئازادی گەلەکەمان کە لە زیندانەکاندان مسۆگەر بکەین، پێویستە بە رۆحی شۆڕشگێری، ئازادی و تێکۆشان و بە دروشمی 'ژن، ژیان' ئازادی' لە دەوری ئەو کەسانەی دەستگیرکراون  بازنەیک دروست بکەین".

ئادار گابار ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، خواستێک ھەیە کە دەیانەوێت شۆڕش بێ ناوەڕۆک بکرێت و سەرنجی بۆ سەر گرنگی تێکۆشانی بەڕێکخستنکراو ڕاکێشا و وتی: "بەو پرۆپاگەندانەی کە داگیرکاری قووڵتر بکەن، مامەڵە لەگەڵ گەلەکەمان دەکەن. بە پەیڕەوکردنی ئەو سیاسەتە دەیانەوێت ئیرادە، ڕۆحی ئازادی و متمانە بەخۆبوونی گەلان لەناوبەرن. دەیانەوێت گەل لە ناو چوار دیواردا گۆشەگیر بکەن. بۆ ئەوەی ئەم هێرشانە بۆ سەر گەلەکەمان تێکبشکێنین، پێویستە ڕۆحی شۆڕشگێڕانە گەشتر بکەین. ئازادی شتێکی لەوجۆرەیە. ئازادی بێ قوربانیدان دەستەبەر نابێت. بێگومان ئەوانەی لە ھەر شۆڕشێکدا، لە ھەر وڵاتێکدا، خوازیاری ئازادین، قوربانی بۆ دەدەن. کاتێک سەیری قەیرانەکانی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەین، هەموویان دەرئەنجامی هێرشی داگیرکەرانن.هۆکاری قەیرانی ئێرانیش ھەر ئەوەیە .کۆمەڵکوژی دەکەن، دەستدرێژی دەکەنە سەر ژنان، گەنجان و دایکان. ئەو کێشانەی کە ئەمڕۆ لە ئێراندا بوونیان هەیە، کێشەی بچووک نین. دەیانەوێت کێشەی ژنان، کێشەی مرۆڤایەتی و کێشەی ئازادی گەلەکەمان پشتگوێ بخەن. ئەوە سیاسەتێکی زۆر چەپەڵە. دەیانەوێت ئیرادە و هەڵوێستی گەل و کۆمەڵگا بەکەم نیشان بدەن. کێشەی ژنان بە کەم دەبینن. دەیانەوێت شۆڕش بێ ناوەڕۆک بکەن. بۆ ئەوەی شۆڕش لە ئامانجەکەی دۆرنەکەوێتەوە، پێویستی بە چالاکیی بەڕێکخستنکراو و تێکۆشانێکی گەورە هەیە. پێویستی بە بەرخۆدان و ڕۆحی تێکۆشان هەیە".

'هونەرمەندان لە دەستپێکی شۆڕشدا رۆلێکی گەورەیان گێڕا'

گابار سەرنجی بۆ گرنگی لایەنی هونەری ڕاکێشا و وتی: "لە سەرەتای شۆڕشدا هونەرمەندان ڕۆڵێکی گەورەیان گێڕا. قوربانی زۆریان دا. زۆرێک لە هونەرمەندان، نووسەران، ڕۆشنبیران، کەسانی پێشەنگی کۆمەڵگا، ژن، پیاو و منداڵان لە زیندانەکاندان، دەبێت بازنەیەک بە دەوریان دروست بکەین، ئەمڕۆ ھەندێک لە هونەرمەندان بێدەنگن، دەبێت ئەوانیش خزمەت بە شۆڕش بکەن، دەوڵەت هەڕەشەی لە سێدارەدان، ئەشکەنجەدان و کوشتنیان لێدەکات، ئازادی پێویستی بە قوربانیدانە. ئەگەر بۆ ئازادی داوای گیانم بکرێت دەبێت لەپێناو گەلەکەم گیانم بدەم، ھەر شتێک پێویستی بە تێچوو و قوربانیدان هەیە، ئەمڕۆ دەبینین لە چیاکانمان چەکی کیمیایی کە لە جیهاندا قەدەغەکراوە، بەکاردەهێنرێت، لە ئیمراڵی گۆشەگیرییەکی توند لەسەر ڕێبەری گەلی کورد بەڕێوەدەچێت. لە کەسایەتی ڕێبەر ئاپۆدا گەلی کورد و مرۆڤایەتی لە ژێر گۆشەگیریدایە، لە سەتاسەری ئێران گۆشەگیری بوونی هەیە، بە تایبەتی گەنجان و گەلی کورد لە ژێر گۆشەگیریدان، ئەو ژنانەی کە لە خوێندنگەکان دەخوێنن بە ئەقڵیەتی ئەوان ژەهراوی دەکرێن. ڕۆژانە ژەهر خوارد دەکرێن، دەستگیر دەکرێن و دەکوژرێن. بۆ ئەوەی ئەم تێچوو و قوربانییە قورسانە نەدرێن، پێویستی بە رێکخستنبوون و تێکۆشانێکی بەهێز ھەیە. پێویستە بڵێین ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە سەدەی 21دا کۆتایی هاتووە. کاتەکەی کۆتایی ھاتووە. ئیتر لە چوار پارچەی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئازادی لێمانەوە نزیکە. ئەو هێرشانەی لە دەرەوە دەکرێنە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە کەسایەتی گەلی کورددا بۆ سەر کوردستان ئەنجام دەدرێن.

'دەبێت هونەرمەندان ڕێگە نەدەن شۆڕش لە ئامانجەکەی دوور بکەوێتەوە'

گابار جەختیشیکردەوە، دەبێت ڕۆڵی بەڕێکخستنبوون و تێکۆشان گەشتر بکرێت، ھاوکات بانگەوازی ئاراستەی ڕێکخراو و گرووپە ھونەرییەکان کرد و وتی: "وەرن با ئەو سیاسەتە کە دەیەوێت شۆڕش لە ئامانجەکەی دوور بخاتەوە و بەکەم نیشان بدات، پووچەڵبکەینەوە. با ڕێگە نەدەین شۆڕشەکەمان کە ھەوڵ و ماندووبوونمان بۆ کێشاوە، دابمرکێت. نابێت وڵاتەکەمان بەجێبهێڵین و کۆچ بکەین. باج و تێچووەکەی هەرچییەک دەبێت با ببێت، خاکەکەمان بەجێناهێڵین. خاکەكەمان شکۆمەندی و شەرەفمانە. لەوە بە نرختر شکۆمەندی و شەرەف بوونی نییە. وەک کۆمەڵگایەکی کوردی مێژوویەکی پڕ لە ئەزموونمان هەیە. بۆ ئەوەی مێژووەکەمان بەهێزتر ببێت، پێویستە فیداکاری و گیانبازی زیاتر ئەنجام بدرێت. لەو باوەڕەدام خوێنی شۆڕشگێڕانی ئازادی کوردستان کە قوربانیان داوە بە فیڕۆ ناچێت. با هەموو ئەو بنەمالانەمان کە قوربانیان داوە ئاسوودە بن، خوێنیان بە فیڕۆ ناچێت. شۆڕشی ئازادی لەلایەن گەلەوە دەستی پێکرد، لە لایەن هیچ هێزێکەوە دەستی پێنەکرد، بە بەشداریی گەل دەستی پێکرد. وەرن با شۆڕشی گەل بەرفراوانتر، بەھێزتر و بەربڵاوتر بکەین. وەرن با بە ڕۆحی نەتەوەی دیموکراتیک، شەڕی شۆڕشگێڕی گەلان بەهێز و بەگوڕتر بکەین".

'شۆڕش ڕۆحێکی هونەری و کولتووری بەرەوپێشبرد'

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی تۆڕی زێڕین وتیشی: شۆڕش بە ڕۆحی کولتووری و هونەری دەستی پێکرد و بەم جۆرە کۆتایی بە قسەکانی هێنا، "ئەو بەهایانەی شۆڕش ھێناونییە کایەوە، بە هۆشمەندیەکی هونەری ھاتووەتە ئاراوە. جگە لە ڕۆژهەڵات، ئێران یاخود ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پێناو شۆرش بەتایبەتی لە رۆژئاوا بەهای زۆر باش ئافرێندران. بەو بەرھەمە هونەریانەی کە خولقاندیان پاڵپشتیان لە  شۆرش و فراوانبوونی کرد. لە ئێستا بەدواوە پێویستمان بەم شتە هەیە. هونەرمەندان بە ئەرک و هۆشمەندییەکی ویژدانی لەم کارەدان. دەوڵەتی ئێران هەرچەندە ڕایگەیاندبوو، کە هونەر وەک بناغەی کۆمەڵگا دەبینێت، بەڵام لەوە تێنەگەیشت کە هونەر چەکێکە لە دژی ئەوە. بەوجۆرە دایان نابوو، کە خزمەت بەوان دەکات. بەڵام ئەمڕۆ هونەر لە خزمەتی شۆڕش دایە. هیوادارین ژنە هونەرمەندەکان و هونەرمەندانی دیکە بتوانن هونەرەکەیان بخەنە خزمەت شۆڕشی گەلەوە. ئیدی هەمووان ئەرکی ویژدانی خۆیان دەزانن. لە ئێستادا زۆرێک لە هونەرمەندان لە زیندانەکاندان. دەیانەوێت بەر بە ئەندێشە، فکر و بەرهەمه هونەریەکانی هۆنەرمەندان بگرن. بەڵام ناتوانن بەر بەو هەست و بەرپرسیارێتی ویژدانیە بگرن. ئەم ڕۆح و هەستە خۆی ڕادەستی داگیرکەران ناکات. ھەربۆیە پێویستە هونەر باشتر بەڕێکخستن و دەوڵەمەندتر بکرێت. پێویستە لە بواری مۆسیقایە، سینەما و لایەنەکانی دیکەدا دەوڵەمەند بکرێت. ئێستا قورسایی لەسەر بەرەوپێشچوونی مۆسیقایە، بەڵام دەبێت بوارەکانی دیکەش وەک سینەما و شانۆ پەرەی پێبدرێت. بە تایبەتی دەتوانن بواری شانۆ لە هەموو شوێنێکدا پەرەپێبدەن و بەهێزی بکەن. دەتوانن پەرە بە سیستەمی کۆموناڵی دیموکراتیکی گەلان بدەن و خۆیان بەڕێکخستن بکەن. پێویستە شۆرشی هونەر و کولتوور باشتر گەشەی پێبدرێت. بۆ ئازادی ژنانیش پێویستە ئەوە بەهێزتر بکرێت".

 ژ.ن