بۆ رێگری لەھەرجۆرە مانگرتنێک گوشار دەخرێتە سەر دوکانداران و کاسبکارانی رۆژھەڵاتی کوردستان

ھێزە ئەمنیەکانی ئێران بۆ رێگری لە ھەرچەشنە ناڕەزایەتییەک، لە ساڵیادی سەرھەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی'، ئەمجارە گوشارەکانیان لەسەر کاسبکاران و دوکانداران چڕ کردووەتەوە، بۆ ئەوەی بەشداری لە ھیچ جۆرە مانگرتنێک نەکەن.

سەرکوتکاری و گوشارەکانی دەوڵەتی ئێران لە سەروبەندی نزیکبوونەوەی یەکەمین ساڵیادی سەرھەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی'، بۆ سەر چین و توێژەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بەردەوامە و ئەمجارەیان ھێزەکانی سەر بە دەوڵەتی ئێران کاسبکاران و دوکاندارانیان کردووەتە ئامانجی ھەڕەشە و ترساندنەکانیان.

بە گوێرەی ماڵپەڕی کۆڵبەر نیوز، ھێزەکانی سەر بە دەسەڵات لە شارەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، بەتایبەتی مەھاباد و بۆکان ھەڕەشەیان لە دوکانداران و کاسبکاران کردووەو لە یەکەمین ساڵیادی سەرھەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی'، وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی دوکانەکانیان دانەخەن و ماننەگرن.

ماڵپەڕەکە لە زاری سەرچاوە خۆجێییەکان بڵاویکردووەتەوە، ناوەندە ئەمنییەکان لە شارەکانی بۆکان و مەھاباد ھەڕەشەیان لە دوکانداران و کاسبکاران کردووە، بەڵێننامەشیان بەوان پڕکردووەتەوە، کە لە ساڵیادی سەرھەڵدانەکە، خۆیان لە داخستنی دوکانەکانیان و بەشداریکردن لە ھەرجۆرە مانگرتنێک بەدوور بگرن.

'لە ئەگەری داخستنی دوکانەکانیان سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت'

ئاماژە بەوەشکراوە، ھێزە ئەمنییەکان ھەڕەشە ئەوەشیان لە کاسبکاران کردووە، کە لە ئەگەری داخستنی دوکانەکانیان سزای داراییان بەسەردا دەسەپێنرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە ساڵی ڕابردوو، دوکانداران و کاسبکاران، بۆ دەربڕینی پاڵپشتی خۆیان بۆ خۆپیشاندەران، چەندین جار بەشداریان لە مانگرتنە سەرتاسەرییەکان کردبوو.

ژ.ن