بۆ تاوتۆێکردنی دۆخی ناوچە جێناکۆکەکان، حزبە کوردستانیەکانی کەرکوک کۆبوونەوە

ڕەوەند مەلا مەحمود: "پرسی مافە دەستووری و یاساییەکانی کورد و رێوشوێنەکانی جێبەجێکردنی مادەی (١٤٠) تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەی حزب و لایەنە کوردستانییەکان بوو".

ئەمڕۆ سێ شەممە ٣١-١-٢٠٢٣ لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتیی لە شاری کەرکوک بە سەرپەرشتی ئاسۆ مامەند کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بە ئامادەبوونی لێپرسراوی یەکەمی حزبە کوردستانییەکانی شاری کەرکوک، کۆبوونەوەی حزب و لایەنە کوردستانییەکانی کەرکوک بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا ١٤ حزب و لایەنی سیاسی کوردی شارەکە بەشداربوون کە بریتیبوون لە( تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، حزبی شیوعی کوردستان، پارتی پێشکەوتنخوازی کوردستان، پارتی سەوزی کوردستان، سۆسیال دیمۆکراتی کوردستان، بزووتنەوەی دیمۆکراتیی گەلی کوردستان، هاوپەیمانیی نشتیمانی، بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، کۆمەڵی دادگەری، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، یەکێتی نشتیمانی کوردستان و حزبی ئیسلامی عیراق).

ڕەوەند مەلا مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی ٢ی کەرکوکی یەکێتی نشتیمانی کوردستان، ڕاگەیەندراوی هاوبەشی کۆبوونەوەی حزب و لایەنە کوردستانییەکانیی کەرکوکی خوێندەوە و وتی: "لە کۆبوونەوەکەدا حزب و لایەنە کوردستانییەکان؛ بە گشتیی دۆخی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە سەر یەکڕیزی نێوان حزب و لایەنە کوردستانییەکان کردەوە، بە جۆرێک کە وەڵام دەرەوەی واقیعی ئێستای کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان بێت.

هەروەها تاوتوێی سەرجەم ئەو گیرو گرفتانەش کران کە لە ئێستادا بوونەتە مایەی نیگەرانی هاوڵاتییان، و لەو رووەوە حزب و لایەنە کوردستانییەکان تەئکیدیان کردەوە؛ کە لەگەڵ تەواوی داواکاری و خواستەکانی هاوڵاتییاندان و لەو چوارچێوەیەشدا هەنگاوی پراکتیکی دەنێن."

لە درێژەی قسەکانیدا ڕەوەند مەلا مەحمود وتیشی: "حزب و لایەنە کوردستانییەکانی کەرکوک، لە سەر کۆی پرسەکان هاوڕابوون، بە ئامانجی چارەسەرکردن و نەهێشتنی ئەو گیرو گرفتە ئیداری و ئەمنییانەی کە رۆژانە رووبەڕووی دانیشتوانی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان دەبنەوە".

لە کۆتاییدا سەبارەت بە بابەتی هەڵبژاردن و جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراق کە تایبەتە بە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ڕەوەند مەلا مەحمود ڕایگەیاند: "پرسی مافە دەستووری و یاساییەکانی کورد، و کێشەی زەوی و زارە کشتوکاڵییەکانی جوتیاران، و پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردن، و رێوشوێنەکانی جێبەجێکردنی مادەی (١٤٠) کە لە کارنامەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق هاتووە، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەی حزب و لایەنە کوردستانییەکان بوو، بڕیارەکانی مادەی ١٤٠ زۆر گرنگن تا کەرکوک لە بەعەرب کردن بپارێزێت".

ف.ق