بۆ تاوتوێکردنی ڕەوشی کەرکوک، تەڤگەری ئازادی سەردانی حزبی زەحمەتکێشانی کرد
بۆ تاوتوێکردنی ڕەوشی سیاسی، ئەمنی و ئیداریی شاری کەرکوک، شاندێکی تەڤگەری ئازادی سەردانی کۆمیتەی کەرکوکی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستانی کرد.
بۆ تاوتوێکردنی ڕەوشی سیاسی، ئەمنی و ئیداریی شاری کەرکوک، شاندێکی تەڤگەری ئازادی سەردانی کۆمیتەی کەرکوکی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستانی کرد.
ئەمرۆ یەکشەممە شاندێکی ئەنجومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان سەردانی کۆمیتەی کەرکوکی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستانی کرد، سەردانەکە بۆ تاوتوێکردنی ڕەوشی شارەکە بوو لەڕووی ساسی، ئەمنی و ئیداریەوە.
شاندەکەی تەڤگەری ئازادی بەسەرپەرشتی کۆمەڵ سەرمەد هاوسەرۆکی ئەنجومەنی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، لەلایەن شوان محەمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی کۆمیتەی پارێزگای کەرکوکی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستانەوە پێشوازیان لێکرا.
سەبارت بە کۆبوونەوەکە، کۆمەڵ سەرمەد هاوسەرۆکی ئەنجومەنی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، ڕایگەیاند: "ئێمە وەکو تەڤگەری ئازادی بڕیارمانداوە سەردانی بەشێكی زۆری حزبەکانی شارەکە بکەین نەک تەنها حزبە کوردستانیەکان بەڵکو حزبەکانی دیکەش، بە گونجاومانزانی سەرەتا لەسەردانی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستانەوە دەستپێبکەین."
سەبارەت بە ئامانجی کۆبوونەوەکەیان و ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە، کۆمەڵ سەرمەد ڕایگەیاند: " لە کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندنمان کرد بۆ بارودۆخی شارەکە لە ڕووی ئەمنی، سەربازی، سیاسی و ئیداریەوە، هەروەها باسمان لە پەیوەندییەکانی هەردوو حزب کرد و هەڵسەنگاندنمان کرد لەسەری، هەروەها تاوتوێی هەڵبژاردنی داهاتوومان کرد."
شوان محەمەد ئەندامی مەکتەب سیاسی و بەرپرسی کۆمیتەی پارێزگای کەرکوکی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، سەبارەت بە کۆبوونەوەکە وتی: " ئێمە وەکو حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لەشاری کەرکوک پەیوەندیەکی دێرینمان هەیە لەگەل تەڤگەری ئازادی، لە کۆبوونەوەکەی ئەمرۆدا باسمان لە چەند پرسێک کرد کە رۆژانە رووبەرووی هاوڵاتیانی شارەکە دەبێتەوە، وەکو پرسی سیاسی، ئەمنی، سەربازی و خزمەتگوزاری."
سەبارەت بە رۆڵی حزبە کوردستانیەکان لە شاری کەرکوک، شوان محەمەد ئەوەی خستەڕوو، "وەکو حزبێکی سیاسی کە بوونمان لەم شارە هەیە، پیمان وایە بارودۆخی شارەکە لە رووی ئەمنی و سیاسی و خزمەتگوزاری باش نیە، پێمان وایە حزبە کوردستانیەکان بەشێكن لە کۆمەڵگای ئەم شارە، پێویستە رۆڵیان هەبێت لەو کێشە و گرفتانەی کە رووبەرووی هاوڵاتیانی شارەکە دەبنەوە، پێویستە حزبە کوردستانیەکانی کەرکوک ببنە هێزێک بۆ چارەسەرکردن و باشترکردنی دۆخی شارەکە، هەروەها جەختمان کردەوە لەسەر پەیوەندی نیوانمان."
ف.ق