بە تەقەی سوپای پاسداران کۆڵبەرێک کوژرا و دوو براش برینداربوون

هێزەکانی سوپای پاسداران لە سنووری شاری سەردەشت تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کرد و بەهۆیەوە کۆڵبەرێک کوژرا و دوو کۆڵبەری دیکەش برینداربوون.

لەو بارەوە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە ١٦ی تەمووز (٢٦ی پوشپەڕ) لە ناوچەی سنووری قەندیل لە شاری سەردەشت ژمارەیەک کۆڵبەر کەوتووبەر دەستڕێژی گولـلەی هێزەکانی سوپای پاسداران.

ئاماژەی بەوەسکرد لە ئەنجامی ئەو تەقەکردنەدا کۆڵبەرێک بە ناوی کیانی زینی تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵکی گوندی رەشە هەرمێ کوژراوە و دوو براش بە ناوەکانی پەیمان و کەیوان قادری برینداربوون.

سەبارەت بە رووداوەکەش روونیکردووەتەوە، هێزەکانی سوپای پاسداران لە بنکەی سەربازی کۆترلەی سەردەشت بە بێ هۆشداری پێشوەختە و لە مەودای نزیکەوە تەقەیان لەو کۆڵبەرانە کردووە.

بە گوێرەی ئامارێکی کۆڵبەر نیوز لە ماوەی ١٠ رۆژی رابردوودا لانیکەم ٢ کۆڵبەر کوژراون و ١٣ کۆڵبەریش برینداربوون.

هەروەها بەپێی ئامارێکی ئەو ناوەندە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٣٤ کۆڵبەر کوژراون و ٢٣٦ کۆڵبەر و کاسبکاریش برینداربوون، کە زۆرینەیان بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەت بووە.

هـ . ب