جیلۆی بچووک لە زاپ یەکێک لە سەنگەرەکانی بەرخودانی گەریلایە لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکان. لە بەرخودانی گەریلادا بە پێشەنگایەتیی فەرماندە باوەڕ دەندرا و رۆناهی ئاخین، لە نێوان هێزەکانی گەریلا و سوپای تورک دا ٤٠ رۆژە شەڕێکی قورس بەڕێوەدەچێت. لە ناوچەکان و تونێلەکانی شەڕ لە جیلۆی بچووک، بە تێکۆشان لە دژی سوپای تورک لەلایەن مەلسا، رۆستەم، چیاگەر و ئاندۆکەکانەوە چەندین قارەمانی تۆمار کرا. سوپای تورک ٤٠ رۆژە لە دژی تونێلەکانی شەڕ لە ناوچەى جیلۆی بچووک بە هەموو شێوازێکی بەدەر لە مرۆڤایەتی شەڕ دەکات. لە دژی هێرشە سەربازییەکان و چەتەکانی دەوڵەتی تورک، هەم لە تونێلەکانی شەڕ و هەم لە دەرەوەی تونێلەکان وەڵامی هێرشەکان دەدرێتەوە و ماوەى ٤٠ رۆژە تێکۆشانێکی بێ هاوتا بەڕێوەدەچێت.
سوپای تورک ١٩ی ئایاری ٢٠٢١ بە پشتیوانیی کۆپتەرە جەنگییەکانی جۆری کۆبرا، لە رێگەى کۆپتەرە سکۆرسکییەکانەوە دەستیکرد بە دابەزاندنێ هێز لە ناوچەى جیلۆی بچووک، بەڵام ئەمجارە ئەوەى لە کۆپتەرەکان دابەزێنران سەرباز نەبوون، بەڵکو تەقەمەنیی کیمیایی و گازی ژەهراوی بوون. سەربازانی تورک، کە ناوێرن سینگ بە سینگ لە دژی گەریلا شەڕ بکەن و وایان لێهاتووە، کە ناتوانن خۆیان لە ناوچەکانی گەریلا دابەزێنن و بمێننەوە، لە ١٩ی ئایاردا بە کۆپتەری جۆری سکۆرسکی بۆمب و تەقەمەنیی کیمیایی و گازی ژەهراوییان بە گوریس خستە ناو تونێلەکانی شەڕ. ئەو بۆمب و تەقەمەنیانە دواتر کەوتنە دەست هێزەکانی گەریلا. ئەو بۆمب و تەقەمەنییانە، کە ماددەی کیمیایی و گازی ژەهراوییان تیادا بوو تاوانەکانی شەڕی دەوڵەتی تورک لە ناوچەکانی گەریلا بە روونی نیشان دەدات.
گەریلای هەپەگە هێرش ئاندۆک لەبارەی ئەو تەقەمەنی و بۆمبانەوە، کە دەستیان بەسەردا گرتوون وتی، "لە ١٩ی ئایاردا هێرش ئەنجامدرا و کۆپتەرە سکۆرسکییەکان لە جموجوڵدا بوون. هەوڵیاندەدا ئەو تەقەمەنییانە هەڵبدەنە ناو تونێلەکانی شەڕی ئێمەوە. هێشتا ئێمە ئەوەمان بۆ روون نەبووەتەوە، کە ئەوە چ جۆرە تەقەمەنییەکە. دوژمن ئەو تەقەمەنییە لە کۆپتەرە سکۆرسکییەکانەوە بە گوریس بەردایەوە بۆ ناو تونێلەکانی شەڕی ئێمە، بەڵام بەوەش نەیانتوانی هیچ ئەنجامێک بە دەست بهێنن و تەقەمەنییەکان لەلایەن ئێمەوە دەستیان بەسەردا گیرا. ئەو تەقەمەنییانە بە ماددەیەکی زۆر هەستیار رووپۆشکرابوو، کە بە بچووکترین بەرکەوتن دەتەقینەوە، بەڵام گەریلا بە لێهاتووییەوە توانیی دەستیان بەسەردا بگرێت. ئێمە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەین تاوەکو بە تەواوەتی بزانین ئەو تەقەمەنی و ماددە کیمیایی و گازە ژەهراویانە چین. دواتر زانیاریی زیاتر لەبارەیانەوە بڵاو دەکەینەوە".
ژ.ت