بە ھۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ھێزەکانی ئێران چەند کۆڵبەرێک کوژران و بریندار بوون

لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە ناوچە سنووریەکانی بانە و چاڵدران لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، بە ھۆی ئەشکەنجە و تەقەی ڕاستەوخۆی ھێزەکانی ئێران، کۆڵبەرێک کوژراوە و ٣ کۆڵبەریش بریندار بوون.

بە گوێرەی ماڵپەڕی کۆڵبەر نیوز، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە ناوچە سنوورییەکانی 'ھەنگەژاڵ و کێلێ'ی بانە لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی ھێزەکانی ئێران کۆڵبەرێک گیانی لە دەستداوە و دوو کۆڵبەریش بریندا بوون، ھەروەھا لە ناوچە سنووریەکانی شاری چاڵدرانیش کە دەکەوێتە پارێزگایی ورمێ، کۆڵبەرێک بە ھۆی ئەشکەنجەدانی لە لایەن ھێزەکانی سەر سنوور، بەسەختی بریندار بووە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانە، ڕۆژی ٢ی ئەیلول، کۆڵبەرێک بە ناوی "محەمەد ساڵح شەھناز" تەمەن ٢٩ ساڵ، لە لایەن ھێزەکانی سەر سنووری ئێران لە ناوچەی چاڵدران بەتوندی لێیدراوە و ئەشکەنجە کراوە. لە ئەنجامدا ئەو کۆڵبەرە بە سەختی بریندار بووە. باس لەوەدەرت دۆخی تەندروستی ناجێگیرە.

لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی ٤ی ئەیلول، لە ناوچەی سنووری 'کێلێ'ی بانە، کۆڵبەرێکی خەڵکی ئەو شارە بە ناوی "بەھزاد کەریمی" بە ھۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ھێزەکانی ئێران بە سەختی بریندار بووە و دواتر بە مەبەستی چارەسەر گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

ھەروەھا ڕۆژی ٥ی ئەیلول، ھێزەکانی سەر بە دەوڵەتی ئێران لە ناوچەی سنووری 'ھەنگەژاڵ'ی بانە" تەقەیان لە گروپێکی کۆڵبەران کردووە و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی "حامید فەرەج پور" خەڵکی شاری سەقز، بەسەختی بریندا بووە و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە و ئەنجامدانی نەشتەرگەری گیانی لەدەستداوە.

ھەر بە گوێرەی ئەو زانیارییانە، ڕۆژی ٦ی ئەیلولیش، بە ھۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ھێزەکانی ئيران لە ناوچەی سنووری ھەنگەژاڵ، کۆڵبەریکی خەڵکی گوندی مەنجەڵانی بانە بە ناوی "سەلاح حسێنی" تەمەن ٣٣ ساڵ، بریندار بووە و دواتر بە مەبەستی چارەسەر بۆ نەخۆشخانەکانی شاری تەورێز گواستراوەتەوە.

ڕۆژانە لەناوچە سنوورییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، كۆڵبەران لەلایەن هێزەكانی ئێرانەوە ڕاستەخۆ دەكرێنە ئامانج و بەوهۆیەوە لەماوەی چەند مانگی ڕابردوو دا ژمارەیەكی زۆر لە كۆڵبەران گیانیان لەدەستداوە یان بە سەختی بڕیندار بوون.

ھاوکات بە پێی ئامارێکی کۆڵبەر نیوز، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، لانیکەم ١١ کۆڵبەر لە ناوچە سنووریەکانی پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان بە هۆکاری جیاجیا لەوانەش تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران، هەرەسی بەفر، کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزاییەکان و تەقینەوەی مین و هتد.. گیانیان لەدەستداوە و ٥٠ کۆڵبەریش بریندار بوون.

ژ.ن