بافڵ تاڵەبانی: هەندێک ناوچەی هەرێم بۆتە مەکۆی کپکردن و بەندکردنی دەنگی ئازاد

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان (یەنەکە) پیرۆزبایی دەکات بەبۆنەی ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردی و دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی پێش ١٢٥ ساڵ.

بەبۆنەی یادی ١٢٥ ساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردی و دەرچوونی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی لە قاهیرە بەناوی «کوردستان»، سەرۆکی یەنەکە ڕاگەیاندراوێکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە:

پیرۆزبایی لە ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەکەم بەبۆنەی ساڵیای ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە، هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

«ئاشکرایە ڕۆژنامەگەریی ئازاد و ڕەخساندنی فەزایەکی ڕادەربڕینی ئازاد، پایەیەکی گرنگ و سەرەکییە بۆ دیموکراسی و ئاماژەی گەشە و پێشکەوتنی وڵاتە. بەداخەوە، هەندێک ناوچەی کوردستان، نەوەک هەر لە ساڵانی ڕابردوو گەشەی بەخۆوە نەدیوە لەم ڕووەوە، بەڵکو بۆتە مەکۆی کپکردن و بەندکردنی دەنگی ئازاد، ئەوەتا تۆمەتی ناڕەوا بۆ ڕۆژنامەنووسان هەڵدەبەسترێت و ئەمەش وێنەیەکی نەرێنی لەسەر هەرێم دەداتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

ئێمە بڕوایەکی پتەومان هەیە بە ڕۆژنامەگەریی ئازاد و ڕۆژنامەی بوێر، هەرگیز خۆمان لەسەرووی ڕەخنەوە نابینین، پشتگیری هەموو هەوڵێک دەکەین بۆ دەستنیشانکردنی هەڵەکانمان و ئاراستەکردنمان بۆ ڕێگەی ڕاست، لەسەر ئەم بڕوایە بەردەوام دەبین و دەبینە پاڵپشتی ڕاگەیاندنی پیشەیی و هەموو دەنگە ئازاد و بوێرەکان».

لە زیندانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) چەندین ڕۆژنامەنووس هەن، بەتایبەت ڕۆژنامەنووسانی بادینان، سەرباری داواکارییەکان بۆ ئازادکردنیان، کەچی پەدەکە بەردەوامە لە هەڵبەستنی تۆمەتی ناڕاست بەرامبەر ئەم ڕۆژنامەنووسانە.

ف.ق