بە بۆنەی بەستنی ١٠یەمین کۆنگرەی پارتی یەکێتی دیموکراتی-پەیەدە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەنەکە، پەیامێکی ئاراستەی پەیەدە کرد.
لەسەرەتای پەیامەکەدا بافڵ تاڵەبانی پیرۆزبایی بەستنی کۆنگرەی لە پەیەدە کردووە و دەڵێت: "بەستنی كۆنگرەكەتان لە هەلومەرجێكی هەستیاردایە كە ناوچەكەمان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووچاری ئاڵنگاریی گەورەبووەتەوە، كە لە هەمووكات زیاتر پێویستمان بە هاریكاریی و كاری هاوبەش هەیە بۆ پارێزگاریكردن لە مافە نەتەوەییەكانمان و ئەو دەستكەوتانەی بەدەستهاتوون."
سەرۆکی یەنەکە دەشڵێت: "ئێمە باوەڕمان وایە هیچ كێشە و ئاریشەیەك نییە كە بە گفتوگۆ چارەسەرنەكرێن، باشترین بژاردەش بۆ ئەم گۆڕانكارییانەی هاتوونەتە پێش چارەسەری ئاشتییانە و پەنابردنە بۆ گفتوگۆ وەك وتوشمانە هەتا پرسی كورد لە ناوچەكەدا چارەسەرنەكرێت سەقامگیریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدینایەت و هیوادارم هەموولایەك بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ باوەڕی تەواومان بە پێكەوەژیان و كاری پێكەوەیی ببینە هاوبەش نەك دوژمنی یەكتری."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندووە: "دڵنیام لەم ئەزموونەشتاندا سەركەوتوودەبن، كە چاوەڕوانین ڕاسپاردە و بڕیارەكانتان لە خزمەتی زیاتری ئامانجە باڵاكانی گەلی كورد و پێكەوەژیانی ئاشتییانەی هەمووگەلان بێت".
لە ٢١ و ٢٢ـی ئەیلوول ١٠ـیەمین کۆنگرەی پارتی یەکێتی دیموکراتی-پەیەدە بە درووشمی “پێکەوە بۆ پێکهێنانی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، چەسپاندنی ئیدارەی خۆبەرێوەبەریی و بنیاتنانی سووریایەکی دیموکرات” لە هۆڵی سەردەم لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو، لە کۆنگرەکەدا هەریەک لە “غەریب حەسۆ و پەروین یوسف” وەک هاوسەرۆکانی نوێی پەیەدە دیاریی کران.