ئەمجەد ئەمینی، باوی ژینا ئەمینی سەبارەت بە سازدانی مەراسیمێك بۆ دووم ساڵەوەگەڕی شەهیدکردنی كچەكەی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە بۆ ناوەندێکی ڕاگەیاندنی ئەو وڵاتە قسەیکرد و ئاماژەی بەوەدا؛ گەر ڕژێمی ئێران هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو كۆت و بەند درووست نەكات، ئەوا لە ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو مەراسیمەكە بەڕێوەدەچێت.
ئاماژەشی بەوەداوە؛ وەک بنەماڵەی ژینا ئەمینی هاوشێوەی هەر بنەماڵەیەکەی دیکەی ئێران مافی خۆمانە ڕێوڕەسمی ساڵانەی نەریتیی و یادی ئاینیی بۆ كچەكەمان بگێڕیین.
دەسەڵاتدارانی ئێران ساڵی ڕابردوو بەمەبەستی ڕێگریكردن لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی ژینا ئەمینی، هەموو ڕێگاكانی گۆڕستانی ئایچییان لە سەقز داخست كە گۆڕی شەهیدی شۆڕشی 'ژن، ژیان،ئازادی' ژینا ئەمینی لێیە.
ژینا ئەمینی ژنێكی ٢٢ ساڵانی خەڵكی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بوو، لە ڕۆژی ١٣ـی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە یەكێك لە میترۆكانی تاران بەبیانووی نەگونجاویی حیجابەكەی لەلایەن 'پۆلیسی ئەخلاق'ی ئێرانەوە دەستبەسەركرا، بەهۆی ئەشكەنجە و لێدان كەوتە حاڵەتی كۆماوە و دوای سێ ڕۆژ و لە ١٦ـی هەمان مانگ لە نەخۆشخانەی كەسرا لە تاران كۆچی دوایی كرد.