جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە وتی: زۆر گرنگە پارتی چەپی سەوز لەم هەڵبژاردنەدا بە بەهێزی سەربکەوێت و دەنگ لە دژی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بدرێت. دەبێت دروشمی ئەم هەڵبژاردنە شێوەیە بێت: تاکە ڕێگا چەپی سەوزە.
جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری تورکیا و باکوری کوردستانی بۆ ڕۆژنامەی سەرخۆبوون هەڵسەنگاند و وتی: "ئاکەپە-مەهەپە ڕکابەرەکانیان بە دوژمن دەزان، کە دەبێت لەناوببرێن. لەبەر ئەوەش پەنا دەبنە بەر هەموو ڕێگا و شێوازێک. لە هیچ شوێنێکی دیکەی جیهاندا هەڵبژاردنێکی لەمشێوەیە ئەنجام نەدراوە."
هەڵسەنگاندنەکەی بایک لەو بارەیەوە بەم شێوەیەیە:
"لە هیچ شوێنێکی دیکەی جیهاندا هەڵبژاردنی لەمشێوەیە ئەنجام نەدراوە. دیکتاتۆرەکان هەڵبژاردن ناکەن! ئاکەپە – مەهەپەش هەمان تێگەیشتن و عقڵییەتیان هەیە. تەنها بەگوێرەی شەڕی تایبەت بۆ هەڵخەڵەتاندنی جیهان و کۆمەڵگا، دەیانەوێت شتێک، کە وەک هەڵبژاردن بێت، ئەنجامی بدەن، بەڵام ئامانجیان ئەوەیە هەموو ڕێگا و شێوەیەک بۆ مانەوەیان لە دەسەڵاتدا بەکار بهێنن. لەبەر ئەوەش چیتر بیر لەم دەسەڵاتەدا نەماوە، نەک تەنها لەناو هێزە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا، بەڵکو کۆمەڵگاش بەم شێوەیە بیر دەکاتەوە. ئەم بیرۆکەیە بیرۆکەیەکی بێ نرخ نییە، چونکە ئەم هەڵبژاردنە بە هەڵبژاردنی ڕووخاندنی دەسەڵات و بنیاتنانی دەسەڵاتێکی نوێ دەزانرێت. ترسیان لەوەیە، ئەو سیاسەت و عەقڵییەتە کە سەردەمەکەی بەسەرچووە، لەناو بچێت. بۆیە بەم هەڵبژاردنەدا ئەوە دەسەلمێت، کە ئایا دەکرێت دەسەڵاتداران لە تورکیا بە هەڵبژاردن بگۆڕدرێن، یان نا. گرنگیی ئەم هەڵبژاردانە بۆ هێزە دیموکراتییەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە. ئەگەر هێزە دیموکراتییەکان هەڵوێستێکی بەهێز نیشان بدەن و ڕێگە نەدەن دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە جارێکیتر دەست بەسەر دەسەڵات دا بگرنەوە، ئەوە بۆ سیاسەتی تورکیا پرۆسەیەکی گرنگ دەئافرێنێت.
دیموکراتیکردنی تورکیا بە تێکۆشان دەبێت
هەڵەیە مرۆڤ بەم هەڵبژاردنە بکەوێتە ناو چاوەڕوانی ئەوە، کە تورکیا دەبێتە دیموکراسی و کێشەی کورد چارەسەر دەکرێت. دیموکراتیبوونی تورکیا بە تێکۆشان بەدی دێت. چونکا دوژمنایەتی بەرامبەر بە کوردەکان مێشکێکی دواکەوتوو و واقیعێکی کۆمەڵایەتیی دروستکردووە، هەروەها بونیاتنان و ڕێکخستنی دەوڵەتیش لەسەر ئەم بنەمایە دروستبووە. ئەمانە ئەو بابەتانە نین، کە تەنها بە هەڵبژاردنێک و سەودایەک لەگەڵ حکومەتی نوێدا چارەسەر بکرێن. کاتێک بابەت دێتە سەر پرسی کورد، هەڵەیە مرۆڤ بڵێت، بە سەودایەک ئەنجام بەدەست دەهێنرێت و بەپێی ئەو وتەیە، سیاسەت دیاری بکرێت. چاوەڕوانییەکی لەمشێوەیە بە مانای ئەوەیە، کە لە واقیعی دەوڵەتی تورک و سیستەمەکەی تێنەگەیشتوون. بە هەڵبژاردن فاشیزم لە سەنگەرێکدا تێکدەشکێت، بەڵام شکستدانی تەواوەتیی بە تێکۆشان بەدی دێت. ئەگەر هاوکاریی خەبات و تێکۆشانی هێزە دیموکراتیک و ئازادییەکانی گەلی کورد و گەلانی تورکیا پێکبهێرێت و زیاتر بەهێز بکرێت، ئەوکاتە خەبات و تێکۆشانی دیموکراسیش گەشە دەکات. بە کورتی تەنها لە ڕێگەی خەبات و تێکۆشانەوە دیموکراسی لە تورکیا بەدی دێت. ئازادیی گەلی کوردیش بە بەشدارییەکی بەهێز و کاریگەر لەم تێکۆشانەدا بەدی دێت.
هەدەپە پارتی یەک ناسنامە نییە
پێویستە لەم هەڵبژاردنەدا لەسەر هێڵی هەدەپە خەباتێکی کاریگەر ئەنجام بدرێت. هەدەپە نە پارتێکی کوردان، نە پارتێکی عەلەوییەکان و نە پارتێکی بەشێکی دیکەی کۆمەڵگەیە، بەڵکو هەدەپە پارتی هەموو ئەو کەسانەیە، کە دیموکراسییەکی ڕادیکاڵیان بۆ تورکیا دەوێت. لەم چوارچێوەیەدا، حیزبی کوردان، عەلەوییەکان، ژنان، ژینگەپارێزان، زەحمەتکێشان، گەنجان، کۆمەڵگەکانی گەل و باوەڕە جیاوازەکانە. ئەو نزیکایەتییە، کە هەدەپە وەک حیزبی یەک ناسنامە نیشان بدات، ئەو نزیکایەتییە دەبێتە گەورەترین خراپە، کە بەرامبەر بە هێڵی هەدەپە ئەنجام دەدرێت. بۆیە دەبێت ئەوانەی لەسەر هێڵی هەدەپە تێدەکۆشن هەڵوێستیان لە دژی ئەوانە هەبێت، کە هەوڵ دەدەن هەدەپە وەک پارتی یەک ناسنامە نیشان بدەن.
نابێت وتە و نزیکایەتی بۆ تەنگاوکردنی هاوپەیمانییەکە بکرێن
ئەگەری داخستنی هەدەپە زۆر بەهێز بوو، بۆیە بڕیاریاندا بە پارتی چەپی سەوز بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن. ئەگەر هەدەپە دابخرێت، ئەوە ڕوون و ئاشکرایە، کە هێڵی هەدەپە بە پارتی چەپی سەوز بەردەوام دەبێت. ناوەکەی بۆ سەرنجڕاکێشانە سەر ژینگەپارێزی گرنگە. پارتی چەپی سەوز یەکێک لە گرنگترین پێکهاتەکانی هاوپەیمانیی ڕەنج و ئازادییە. جگە لە پارتی کرێکارانی تورکیا، هەموو لایەنەکانی دیکە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن لەژێر سەرپەرشتی پارتی چەپی سەوز. پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ) بەشێوەیەکی جیاوازتر لە ژێر چەتری پارتی چەپی سەوزدا بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکات. دەنگەکانی لەسەر هاوپەیمانیی ڕەنج و ئازادی ئەژماردەکرێت، بەڵام پارتی چەپی سەوز و پارتی کرێکارانی تورکیا بەپێی ژمارەی دەنگەکانی خۆیان ژمارە نوێنەرەکانیان دیاری دەکرێت. بێگومان ئێمە دەمانخواست پارتی کرێکارانی تورکیا لەژێر چەتری پارتی چەپی سەوز دا بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکات، چونکا ئەوە دەیتوانی ئەنجامی باشتر بۆ هاوپەیمانیی ڕەنج و ئازادی بەدەست بهێنێت، بەڵام پارتی کرێکارانی تورکیا خواستی بە لۆگۆی خۆیەوە بەشداری لە هەڵبژاردندا بکات. ئەگەر بەو شێوەیە نەبوایە، باشتر دەبوو، بەڵام ئەوە بڕیار و ویستی خۆیانە، بۆیە ئێمەش ناتوانین هیچ شتێکیان پێ بڵێین، کە بۆچی سەربەخۆ بەشداریتان لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە.
هیوادارین بەشداربوونی بە جیاجیا زیان بە پارتی چەپی سەوز و بە تیپ نەگەیەنێت. ئەوەی گرنگە بەلامانەوە ئەوەیە کە هاوپەیمانی رەنج و ئازادی بەهێز بێت، دوای هەلبژاردنیش ئەو هاوپەیمانێتیە زیاتر بەهێز و بەرفراوانتر دەبێت. هەڵبژاردن بە ناگرنگ دانانێین، بەڵام ئەوەی سەرەکیە هاوپەیمانی رەنج و ئازادییە، تێکۆشانی دیموکراسیە. لەبەر ئەوە قسە، هەڵویست و مامەلەکردنیک کە ئەو هاوپەیمانێتیە تەنگەتاو بکات دروست نییە. دەوڵەتی تورکی کۆلۆنیالیستی قڕکەر نایەویت کە هێزە دیموکراسی و ئازادییەکانی کورد و هێزە دیموکراسییەکانی تورکیا بەدەوری یەکەوە کۆببنەوە. بۆ ئەوەش شەڕێکی تایبەت بەڕێوەدەبات، بۆ ئەوەی بتوانێت پەیوەندییەکانی نێوان هێزەکانی ئازادی کورد و هێزە دیموکراسییەکانی تورکیا بپچڕێنیت، هەموو ڕێگە و شێوازێک دەگرێتەبەر. هەربۆیە بەشداریکردنی بە جیای تیپ لە هەڵبژاردندا نابێت وەک زەمینەیەک بۆ پەرتکردنی و لەبەریەک هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانی دابندرێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەگەر هەندێک بە نیازپاکیشەوە شتێک بڵێن دەستوپێوەندەکانی ئاکەپە و میت بۆ پرشوبڵاوکردنەوەی هاوپەیمانی رەنج و ئازادی بابەتی هاندان و ئاژاوەگێڕی بڵاودەکەنەوە. دەبیت ئەمە ببینرێت و وتە و هەوڵوێستێک نەخەنەروو، کە رێگە بۆ شتی لەو جۆرە خۆش دەکات.
لە لیستەکەدا دەکرا جێگە بۆ کاندیدێکی دیکەی ئەرمەن دابندرایە
دەبێت ئەوە بە بنەما بگیرێت کە هەڵبژاردن ببیتە هاوکاری هێزەکانی دیموکراسی تورکیا و هێزەکانی دیموکراسی و ئازادی گەلی کورد. دەبێت بانگی هەموو ئەوانە بکرێت کە داوای دیموکراتیکبوونی تورکیا دەکەن. ئەگەر ئێمە باسی تیکۆشان لە دژی فاشیزم دەکەین، ئەو کاتە تیکۆشان و هەڵوێستی هاوبەشیش دەبێت بەرفراوان بێت. هەڵبژاردن ڕێگەی نەدا کە کاندیدەکان بە هەڵبژاردن دیاری بکرێن. بەڵام کاتێک مرۆڤ سەرنجی لیستەکان دەدەن دەبینن کە هەوڵ دراوە کە جێگە بۆ نوێنەرانی بەشە جیاجیاکانی کۆمەڵگا بکریتەوە. دەتوانرێت بوتریت کە دەکرا باشتر جێگە بۆ بەشە جیاجیاکانی کۆمەڵگا بکرایەوە. دەکرا لە لیستەکانی کوردستاندا جێگە بۆ هەندێک هێزی دیموکراسی تورکیا دابندرایە. جێگە دانەنان بۆ کاندیدی ئەرمەن بووەتە مایەی رەخنە. ئەگەری هەیە کە رەخنەی دیکەش هەبن. بەڵام دوای ئەوەی لیستەکان دیاریکران، ئیتر واتایەکی نییە کە مشتومڕی لەسەر بکریت. گرنگ ئەوەیە کە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بە گوێرەی ئەو رەخنانە لیستەکان ئامادەبکرێن.
زیزبوون، دابڕان، ناڕەزایەتی ناکرێت
خۆی لە خۆیدا لە ناو هێزەکانی دیموکراسی، هێزە دیموکراتیکەکاندا ناڕەزایەتی ئەوەی 'کە دەبوایە من، یاخود ئێمە ببوینایە پەرلەمانتار' نابێت بوونی هەبێت. دەکرێت پێشیاری نوێنەرایەتیەکی باشتر بکرێت. بەڵام ناکرێت زیزبوون، دابڕان و ناڕازیبوون بکرێتە پاساو. دەبێت ئیتر هەموو کەس تا لەدەستی دێت تێبکۆشێت. دەبێت پارتی چەپی سەوز بەشێوەیەکی بەرچاو لە هەڵبژاردندا سەربکەوێت؛ بۆ شکستدانی تەیب ئەردۆغان دەنگەکان بەکاربهێندرێن. لەبەر ئەوەش دەبێت دروشمی هەڵبژاردن بەم جۆرە بێت؛ تاکە رێگە پارتی چەپی سەوزە.
دەبێت بزانریت لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردن گێرەشێوێنی و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیش زیاتر دەبن. لەبەرامبەر ئەوەشدا دەبێت گەل بە هەڵوێستیکی رێکخراو مامەلە بکات و هەنگاو بۆ دواوە نەنێت. گرتنی رۆژنامەوانان، هونەرمەندان، پارێزەران و سیاسەتمەداران لە کوردستان دەریدەخات کە دەیانەوێت لە چ دۆخێکدا هەڵبژاردن بکرێت. بەتایبەتی دەسەڵاتداری فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە لە کوردستان سیاسەتی هێرشبەرانە بەڕێوەدەبات. ئەم هێرشانە لە هەمان کاتدا ئاماژەن لەسەر توڕەیی هەڵویستی پێداگرانەی هێزەکانی دیموکراسی و ئازادی گەلی کورد کە بەرامبەر هەموو جۆرە گوشارێک سەر دانانەوینن. ئەگەر ئەمڕۆ لە تورکیا هێزەکانی دیموکراسی هێشتا لەسەر پێن لە دژی فاشیزم هەڵوێست دەگرنەبەر، لێرەدا کاریگەری تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد یەکلاکەرەوەیە.
گەلی کورد و هێزەکانی دیموکراسی تورکیا قوربانی گەورەیان داوە و بە تێکۆشانی خۆیان دەسەڵاتداری فاشیستی ئاکەپە- مەهەپە گەیەندرانە لێواری رووخاندن.
ئەگەر تێکۆشانێکی پێداگرانە بەردەوام بێت، بە بەهێزی خاوەنداری لە سندووقەکانی دەنگدان بکرێت، ئەو کاتە دەسەڵاتی ئێستا لەناو دەچێت. ئەگەر سەرباری شکست دەستبەرداری دەسەڵات نەبێت ئەو کاتە هێزەکانی دیموکراسی دەبێت بۆ رووخاندنی دەسەڵاتداری فاشیست لە ناو تیکۆشان و بەرخوداندا بن. دەوترێت کە دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە رۆژی هەڵبژاردن و دوای ئەوە هێرش دەکات. لە لایەنی فاشیستەوە هەموو رۆژێک هەندێک دێن و دەڵێن ئەمە هەڵبژاردن نییە، دەبێت ئیتر بە رێگەی جیاواز مامەڵە بکرێت. هەربۆیە بەرامبەر بەوە دەبیت ئامادەکاری بکرێت و بە هەڵوێستی خۆیان رێگە لەو جۆرە مامەڵەکردنە بگرن.
ژ. ت/ هـ . ب