بایک: دەبێت گەلەکەمان دەنگ بە پارتی چەپی سەوز بدات

جەمیل بایک ڕایگەیاند، چەند ڕۆژێکی کەم بۆ هەڵبژاردنەکان ماوە و بەدڵنیاییەوە گەلی کورد لەبەرامبەر هێرشەکانی ڕژێمی ئاکەپە-مەهەپەدا سەر دانانەوێت و وتی، "من لەو بڕوایەدام گەلی کوردستان دەنگ بەپارتی سەوزی چەپ دەدەن و خاوەنداری لە مێژوو و کولتوری خۆیان دەکەن."

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ۱٤ی ئایار لە باکوری کوردستان و تورکیا دایەوە.

بایک ڕایگەیاند، دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە هەڵمەتی هەڵبژاردنی خۆیان لەسەر بنەمای دوژمنایەتیکردنی گەلان ئەنجام دەدەن، هێزەکانی حکومەت، ئەوانەی کە دەزانن هەتا جەنگ ڕوونەدات ئەوان سەرکەوتوو نابن، بە دڵنیاییەوە هەموو دەرفەتەکانیان لەدەست دەدەن و دادگایی دەکرێن. بایک ڕاشیگەیاند، ئاکەپە - مەهەپە بە هەموو هێزی خۆیانەوە شەڕێکی پیس بەڕێوەدەبەن و وتی، "ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە پەکەکە پرۆسەی دانوستانەکانی لەگەڵ رێبەرایەتی تێکداوە، پەکەکە زیانی بە گەلی کورد گەیاندووە. هەموو ڕۆژێک ئەم چیرۆکانە لە تەلەفزیۆنەکانیانەوە و لە ڕۆژنامەکانیانەوە دەگێڕێنەوە. دەیانەوێت بەم شێوەیە جارێکی دیکە گەل هەڵخەڵەتێنن و دیسانەوە ببنەوە بە دەسەڵات. ئەوان هەوڵ دەدەن شۆڤینیزم و فاشیزم بەهێز بکەن. لەبەر ئەوەش مرۆڤەکان دەکوژن، دەستگیر و زیندانی دەکەن، درۆ دەکەن، چییان لە دەست بێت ئەنجامی دەدەن. وەک دەزانرێت لەم چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین پارێزەر، ڕۆژنامەنووس، هونەرمەند و سیاسەتمەدار دەستگیرکراون. بەم شێوەیە پەیامێکیان نارد. پێش هەموو شتێک ئەم پەیامەیان بە گەلی کورد دا. واتە ئامانجیان شکاندنی ئیرادە و ورەی گەلی کوردە. دیسانەوە لە کەسایەتی گەلی کورد دا بە شکاندنی ئیرادەی گەلانی تورکیا و هێزە دیموکراتیکخوازەکان هەمووان بترسێنن. ئامانجی ئەوان ئەوەیە، کە هەموو کەسێک واز بهێنێت و بکشێتەوە و ئەوانیش  سەربکەون، بەڵام ئەوان بۆیان دەرکەوت و بینییان، کە هیچ کەسێک ناکشێتەوە، بە بوێرییەکی زیاترەوە بەرەو پێش دەڕۆن. کارە  ڕاستەکەش  ئەوەیە. هەم گەلی کورد و هەمیش هێزە دیموکراسی و ئازادییەکان ئازایانه و پێداگرانە لە دژی هێرشەکان تێدەکۆشن".

دەقی چاوپێکەوتنەکەی جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە:

گفتوگۆیەکی زۆر لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دەکرێت، بەڵام هێشتا گۆشەگیریی قورس لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە. ئێوە چی لەبارەی ئەو گفتوگۆیانە و ئەو گۆشەگیرییەوە دەڵێن؟

گفتوگۆکانیش لەسەر ڕێبەر ئاپۆ لە ئەخلاق و ویژدان داماڵراون. ڕێبەر ئاپۆ ڕێبەری گەلی کورد و مرۆڤایەتییە. ئەوانەی باس لە ڕێبەر ئاپۆ دەکەن پێویستە ڕەچاوی ئەوە بکەن و بەم شێوەیە گفتوگۆی لەسەر بکەن. ئەگەر ئەوان ئەمە لەبەرچاو نەگرن و بە تەنها خۆیان بۆ خۆیان قسە بکەن، ئەوە قبوڵ ناکرێت. پێویستە هەموو کەسێک ئەمە بزانێت. ڕێبەر ئاپۆ لە ژێر گۆشەگیرییەکی تونددایە. هەم گۆشەگیرییەکی لەو شێوەیە بەسەر ڕێبەر ئاپۆدا دەسەپێنن و هەم بەو شێوەیەش گفتوگۆی لەسەر دەکەن. ئەمە ناهەقییەکی گەورەیە. ئەگەر گفتوگۆ لەسەر ڕێبەرایەتی دەکەن، ئەوە دەبێت دەرفەتی گفتوگۆ بۆ ڕێبەر ئاپۆ دروست بکەن. هەم ئەو دەرفەتانە نادەن و هەمیش هەمووشتێک لەسەر ڕێبەر ئاپۆ دەڵێن. ئەم کارە بۆ ئەوە دەکەن تاوەکو لە هەڵبژاردنەکان دا سەر بکەون. بە تایبەتیش دەسەڵاتی ئاکەپە - مەهەپە ئەم گفتوگۆیانە دەهێنێتە پێشەوە. دەیانەوێت کاریگەری ڕێبەر ئاپۆ لەسەر گەلی کورد، گەلانی تورکیا، هێزە دیموکراسی و ئازادییەکان، ژنان و گەنجان بشکێنن. دەیانەوێت بەم شێوەیە هەڵبژاردنەکان ببەنەوە. هیچ شتێک لەوە خراپتر، بێ ئەخلاقانەتر، بێ ویژدانانەتر نییە. ئەوانەی ئەم گفتوگۆیانە دەکەن دەبێت بزانن، کە ئێمە ئەم دۆخە قبوڵ ناکەین.

ناتوانن بەو گفتوگۆیانە ڕێبەر ئاپۆ لاواز و بێکاریگەر بکەن. لەوانەیە حسابات بۆ شکاندنی کاریگەرییەکانی و بەدەستهێنانی ئەنجامەکان بکەن، بەڵام گەلەکەمان، گەلانی تورکیا، هێزە دیموکراسی و ئازادییەکان، ژنان و گەنجان ڕاستیی ڕێبەر ئاپۆ باش دەزانن. ڕێبەر ئاپۆ ژیانی خۆی خستە خزمەتی گەلان و لەو پێناوەدا تێدەکۆشێت. ڕێبەر ئاپۆ ئەوەندەی هەست بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر گەلی کورد دەکات، ئەوەندەش هەست بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە گەلانی تورکیا و مرۆڤایەتی دەکات. ئەم بەرپرسیارێتییە لە بارودۆخێکی زۆر سەخت و لە هەلومەرجی ژێر گۆشەگیریی رەهادا بەجێدەهێنێت. دەیەوێت تورکیا لە فاشیزم ڕزگاری بێت و ببێتە دیموکراتیک. ڕێبەر ئاپۆ خەبات دەکات بۆ ئەوەی هەموو ئەو گەلانەی لە تورکیا دەژین بە ئازادی بە زمان و کولتوور و باوەڕەکانی خۆیانەوە بژین. ئاکەپە - مەهەپە نایانەوێت کێشەکانی تورکیا چارەسەر بکرێن. چارەنووسی خۆیان بە جەنگەوە بەستووەتەوە و دەیانەوێت لە ڕێگەی جەنگەوە دەسەڵات و هێزی خۆیان بپارێزن. ئەوان دەبنە هۆی وێرانکردنی شارەکان. ڕژێمی ئاکەپە-مەهەپە هۆکاری ئەوەن، کە کێشەی کورد، کێشەی گەلانی تورکیا چارەسەر نابن، چونکە ئەوان دژی دیموکراسی و گەلن. ئەوانەی خزمەتیان نەکەن وەک دوژمن سەیریان دەکەن. دەیانەوێت هەموویان لەناو ببەن. لەبەر ئەوە پەنا دەبەنە بەر جەنگ، ئەشکەنجە و دەستگیرکردن و زیندانیکردن.

چیتر ناتوانن کەس فریو بدەن. پێشتر فریویان دەدا، دوژمنایەتیی ڕێبەرایەتییان دەکرد، دوژمنایەتیی گەلی کورد، پەکەکەیان دەکرد،  دوژمنایەتیی عەلەوییەکان و ژنان دەکرد. بەم شێوەیە هەندێکیان هەڵدەخەڵەتاند، بەڵام ئەمڕۆ لە هەموو ڕوویەکەوە ڕوخساری ڕاستەقینەیان بۆ هەموان ئاشکرا بووە. ناتوانن بیشارنەوە. هێشتا دوژمنایەتییەکەی خۆیان دەشارنەوە، بەڵام بەم شێوەیە خۆیان لەناودەبەن. ئەگەر ئەمڕۆ لە تورکیا کۆتایی بە دەسەڵاتی ئاکەپە - مەهەپە هاتبێت و لە تورکیا هاوسەنگیی سیاسی گۆڕابێت، ئەوە بەهۆی پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ و خەباتی ئەوەوە پێکهاتوە. ئەوانەی ئەم ڕاستییە نابینن لە کۆتاییدا دەدۆڕێن. بۆیە پێویستە هەموو کەسێک بە شێوەیەکی ڕاست و گونجاو لە قۆناغەکە و پرۆسەکە نزیک بێتەوە. ئێستا گەلی کورد، دۆستەکانیان، ئەوانەی ئازادی و دیموکراسییان دەوێت، ئێستا ژنان و گەنجان ئیدی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیان دەوێت. ئەوان دەیانەوێت ئەمە زوو پێکبێت.. دەیانەوێت ئەم دڕندەییەی سەر ڕێبەرایەتی کۆتایی پێ بێت.

دەبێت ئیدی هێزە سیاسییەکان و دامەزراوە یاساییە نێونەتەوەییەکان یارمەتیدەری دەوڵەتی تورک نەبن. پێویستە یاساکانی خۆیان جێبەجێ بکەن. پێویستە خزمەتی دیموکراسی بکەن. پێویستە بەپێی ئەو یاسا و ڕێسایانە، کە خۆیان باسیان دەکەن بجوڵێنەوە. بێگومان ئێمە تێدەگەین؛ دەوڵەتی تورکیا دەوڵەتێکی ئەندامی ناتۆیە، بەڵام دەبێت ئەم هێزە بە شێوەیەکی بێسنوور هاوکاری و یارمەتیی دەوڵەتی تورک نەکات. دەبێت داخوازییەکانی گەلی کورد و مرۆڤایەتی ببیستن و بە گوێرەی ئەوە بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن.

چەند ڕۆژێک بۆ هەڵبژاردنەکانی باکوور و تورکیا ماوە. لە تەواوی پرۆسەی هەڵبژاردن دا نزیکبوونەوەی دەوڵەتی تورکتان لە  کورد چۆن بینی؟ هێشتا لە باکوور لە چوارچێوەی باری نائاساییدا شەڕێک بەردەوامە. هۆکاری ئەمە چییە؟

نزیکایەتیی ئاکەپە - مەهەپە بەرامبەر بە گەلی کورد، هێزە دیموکراتییەکان و بزووتنەوە سۆسیالیستییەکان بۆ هەموان ڕوونە. چارەنووس، دەسەڵات و داهاتووی خۆیان بەستووەتەوە بە دوژمنایەتیکردن بەرامبەر بە گەلی کورد، ڕێبەر ئاپۆ، پەکەکە و هێزەکانی دیموکراسی و ئازادییەکان. کاروبار و بانگەشەی هەڵبژاردنی خۆیان لەسەر ئەو بنەمایە بەڕێوەدەبەن. لەوەش وردتر و ڕاستتر ئەوەیە، کە ئەوان لەژێر ناوی هەڵبژاردندا جەنگێکی تایبەت دەکەن. نەک تەنها شەڕی تایبەت، بەڵکو شەڕی سەربازیش دەکەن. هەروەک دەزانرێت، ئێمە لە کاتی بوومەلەرزەکەدا هەڵوێستێکمان گرتەبەر و چالاکییەکانمان ڕاگرت، بەڵام ڕژێمی ئاکەپە-مەهەپە ئەو بڕیارەی ئیمە بە دەرفەت بۆ خۆی زانی و هێرشە سەربازییەکانی زیاتر کرد. هەموو چەکێک بەکار دەهێنێت. بە بێ ڕاوەستان شەڕێکی تایبەت لە دژی ڕێبەر ئاپۆ، پەکەکە و گەلی کورد هەیە. هەروەها شەڕێکی پیس لە دژی هێزە دیموکراسییەکان، ئازادی، گەلان و ژنان و بزووتنەوە سۆسیالیستییەکان بەڕێوەدەبات. ئەوان دەزاننـ کە ناتوانن بەبێ شەڕ و بەردەوامی بە دەسەڵاتی خۆیان بن. بە دڵنیاییەوە ئەوان تێکدەشکێن، گورزێکی گەورە دەخۆن، هەموو دەرفەتەکانیان لە دەست دەردەهێنرێت و تەنانەت لەوانەیە دادگاییش بکرێن. بۆ ئەوەی ئەمە ڕوونەات، ئەوان بە هەموو هێزی خۆیانەوە جەنگێکی پیس دەکەن. هەموو ڕۆژێک دەڵێن، بەرپرسێکی پەکەکەمان کوشتووە، بە نزیکەیی هەموو ڕۆژێک ئەو جۆرە هەواڵانە بڵاو دەکەنەوە. بڕیارگەی ئێمە ڕایگەیاند، ئەم هەواڵانە هەموویان درۆن. بڕیارگەکەمان لە کاتی بوومەلەرزەکەدا بەرپرسیارێتی خۆیی بەرامبەر بە گەلان و مرۆڤایەتی بەجێهێنا، بەڵام دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە تاوەکو دێت ڕۆژ بە ڕۆژ شەڕی قێزەون و پیس زیاتر دەکات. چونکا بەرامبەر بە گەلان و مرۆڤایەتی هەست هیچ بەرپرسیارێتییەک ناکەن. ئەوان بیر لەوە دەکەنەوە، کە چۆن لە هەموو شوێنێک زیاتر تاڵان بکەن. لەسەر ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە چەندین لێدوان و ڕاگەیاندراو بڵاودەکەنەوە. بانگەشەی ئەوە دەکەن و دەڵێن پرۆسەی گفتوگۆکان پەکەکە تێکیداوە، پەکەکە زیانی بە گەلی کورد گەیاندووە. هەموو ڕۆژێک ئەم چیرۆکانە لە تەلەفزیۆن و ڕۆژنامەکاندا دەگێڕنەوە. دەیانەوێت بەم شێوەیە جارێکی دیکە گەل هەڵخەڵەتێنن و دیسانەوە ببنەوە بە دەسەڵات. هەوڵ دەدەن شۆڤینیزم و فاشیزم بەهێز بکەن. لەبەر ئەوەش مرۆڤەکان دەکوژن، دەستگیر و زیندانی دەکەن، درۆ دەکەن، چییان لە دەست بێت ئەنجامی دەدەن. وەک دەزانرێت لەم چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین پارێزەر، ڕۆژنامەنووس، هونەرمەند و سیاسەتمەدار دەستگیرکراون. بەم شێوەیە پەیامێکیان نارد. پێش هەموو شتێک ئەم پەیامەیان بە گەلی کورد دا. واتە ئامانجیان شکاندنی ئیرادە و ورەی گەلی کوردە. دیسانەوە لە کەسایەتیی گەلی کورد دا بە شکاندنی ئیرادەی گەلانی تورکیا و هێزە دیموکراتیکخوازەکان هەمووان بترسێنن. ئامانجی ئەوان ئەوەیە، کە هەموو کەسێک واز بهێنێت و بکشێتەوە و ئەوانیش بە ئەنجام بگەن.، بەڵام ئەوان بۆیان دەرکەوت و بینییان، کە هیچ کەسێک ناکشێتەوە، بە بوێرییەکی زیاترەوە بەرەو پێش دەڕۆن. کارە  ڕاستەکەش  ئەوەیە.

گەلی کوردیش، هێزە دیموکراسی و ئازادییەکانیش بە بوێری و پێداگریی زیاترەوە لە دژی هێرشەکان تێدەکۆشن. دەسەڵات چی دەکات با بیکات، بە دڵنیاییەوە ئەنجام بە دەستناهێنێت. هەموو ڕۆژێک هەڕەشە لەسەر هەڕەشە دەکەن. سلێمان سۆیلو، ئەردۆغان، خولوسی ئاکار، بینالی یڵدرم هەموویان هەڕەشە دەکەن. ئەوان پەیامی ئەوە دەنێرن، کە ئەگەر لە هەڵبژاردنەکان دا سەرنەکەون، قبوڵی ناکەن. واتە شەڕ دەکەن. پەیامی ئەوە دەدەن، کە دەسەڵات ڕادەست ناکەن. ئەوەش لە ئێستاوە و بۆ داهاتووش هەڕەشەیە، کە لە بەرامبەر گەلان بەکار دەهێنرێت. ئەوان پێیانوایە هەموو کەسێک بەو هەڕەشانە دەترسێنن، پاشەکشەیان پێدەکەن و بە ئاسانی و سادە بە ئەنجام دەگەن. ئێستا لە تورکیا هەموو گەل و هێزە دیموکراتییەکان لەم تاکتیکانە تێدەگەن. بۆیە پێویستە هێزە دیموکراتییەکان، هێزە سۆسیالیستییەکان و گەلی کورد بە توندی وەڵامی هەڕەشەکانی حکومەتی ئاکەپە - مەهەپە بدەنەوە. پێویستە بزانن، کە هەڕەشەکەیان هیچ سوودێکی نابێت. پێویستە هەموو کەسێک ئازایانەتتر و بەهێزتر تێبکۆشێت. بەم شێوەیە کۆتایی بە دەسەڵات دێت و بە دیموکراسیکردنی تورکیا پێکدێت.

مسوڵمانانی راستەقینە ئەو زیانە دەبینن کە ئاکەپە بە ئیسلامەتی گەیاندووە

ئاکەپە و مەهەپە هیچ شتێکیان نەماوە کە بیدەن بە گەلانی تورکیا. ئەوان هەرگیز دیموکراسی و ئازادی ناهێنن. ژیانی گەل خۆش ناکەن. ئامانجییان ئەوەیە کە چۆن درێژە بە دەسەڵاتدارییان بدەن، چۆن وڵاتەکە تاڵان بکەن و چۆن گیرفانیان پڕبکەن. ئەوەی بیری لێدەکەنەوە تەنیا ئەوەیە. تەنیا بیر لەوە دەکەنەوە. هەمووان بینیان کە تورکیایان خستە چ دۆخێکەوە. ئەگەر گەلانی تورکیا و هێزەکانی دیموکراسی نایانەوێت تورکیا وێرانتر ببێت، نایانەوێ ژیانیان خراپتر بێت دەبێت کۆتایی بە دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە بهێنن. ئەم دەرفەتەیان بۆ رەخساوە. دەبێت ئەو دەرفەتە بە باشی هەڵبسەنگێنن و رۆڵی مێژوویی خۆیان بە جێبگەیەنن. ئاکەپە-مەهەپە لە رێگەی بەکارهێنانی ئیسلامەوە مسوڵمانان دەخەڵەتێنن، هەموو چەپەڵییەکانیان بەم جۆرە دەشارنەوە. رەنگە تا ماوەیەک رووی راستەقینەیان بەم جۆرە داپۆشی. هەموان لە ژێر ناوی ئیسلامێتیدا دەخەڵەتێنن، بەڵام ئیتر ئاشکرا بوو کە هیچ پەیوەندییەکیان بە ئایینی ئیسلامەوە نییە.

زیانی گەورە بە ئایینی ئیسلام و مسوڵمانان دەگەیەنن. لەبەر ئەوەی ئیسلامیەت ستەم قەبوڵ ناکات، دادپەروەری، پێکەوە ژیان و خوشک و برایەتی قەبوڵ دەکات. بەڵام هەموو شتێک کە ئەوان بە ناوی ئیسلامێتییەوە ئەنجامی دەدەن لە دژی ئیسلامە. مسوڵمانانی راستەقینە ئەوە دەبینن. لەبەر ئەوەی ستەمێکی گەورە دەکەن، کۆمەڵگا دابەش دەکەن، تێکیان بەردەدەن، خوشک و برایەتی و پێکەوە ژیان لەناو دەبەن. ئەستەمە مسوڵمانان ئەوە قەبوڵ بکەن. لەو بڕوایەدام مسوڵمانانی راستەقینە لە هەڵبژاردندا وانەیەکی گەورە دەدەن بە رژێمی ئاکەپە-مەهەپە. بانگەوازی من بۆ مسوڵمانن ئەوەیە؛ ئاکەپە-مەهەپە زیانێکی گەورەیان بە ئایینی ئیسلام و مسوڵمانان گەیاندووە، تاکەی چاوپۆشی لێدەکەن، تا کەی دەنگیان پێدەدەن؟ ئاکەپە-مەهەپە بە وتنی ئەوەی کە 'ئێمە دەرفەتمان بۆ ئێوە رەخساند، ئەگەر دەسەڵات لەدەست بدەین ئەو دەرفەتانەتان لە دەست دەردەچێت' مسوڵمانان دەترسێنن، هەڕەشەیان لێدەکەن.بەم جۆرە دەیانەوێت هەمووان چاویان بەسەر ئەو کردەوانەی ئەنجام دەدرێن بنوقێنن. بەڵام لەو بڕوایەدام کە گەلە مسوڵمانەکەمان بڵێت ئیتر بەسە. لەسەر بنەمای ئیسلامییەت لێپێجینەوەیان لەگەڵدا بکات.

گەلی کورد و بەتایبەتی هونەرمەندان دەبێت بزانن کە ئاکەپە-مەهەپە چەندە دوژمنی گەلی کورد و ژنانن، بە هەمان شێوەش دوژمنی هەنەرمەندانیشن. هونەرمەندی کورد جیهان ئایماز لە ئیستەنبوڵ لە دژی ئاکەپە هەندێک گۆرانی وت. واتە رەخنەی گرتووە و راستی وتووە. فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە ویستی نەک ئەو گۆرانییانە بەڵکوو گۆرانیەکی فاشیستی بڵێت، بەڵام لەبەر ئەوەی نەچووە ژێر بار بەر چەقۆیان دا و خستیانە ناو دەریاوە و شەهیدیان کرد. بەم بۆنەوە بە رێز و پێزانینەوە جیهان ئایماز بە بیردێنمەوە. گەلی کورد، ئەو هێزانەی بۆ دیموکراسی و ئازادی تێدەکۆشن، سۆسیالیست، هونەرمەندان و نوسەران دەبێت خاوەنداری لە جیهان ئایماز بکەن. خاوەنداری لە جیهان ئایماز خاوەندارییانە لە خۆیان. ئەوەی خاوەنداری لە هونەرمەندانی نەکات، ناتوانێت خاوەنداری لە ئایندەی خۆیشی بکات. لەم رێگەوە من سەرەخۆشی لە بنەماڵەی جیهان ئایماز، گەلی کورد و سەرجەم هونەرمەندان دەکەم.

هەڵوێستی بۆتان زۆر بەهێزە

دەژمن بەتایبەتی دەیەوێت هەرێمی بۆتان لە رووی ئابووری، سیاسی و کولتوری لەناو ببات. ئێوە چیتان هەیە بۆ گەلی بۆتان کە رووبەڕووی ئەو هێرشانەن؟

دەتوانین بڵێین کە بۆتان دڵی کوردستانە. کاتێک دەڵێین بۆتان، بەدرخان پاشا، مەلای جزیری، مەم و زین، محەمەد تونچ، ئاسیا یوکسەل، ئەحمەدی خانی و بەهەزاران شۆڕشگێڕ و شەهیدی وەک ئەوانمان بەبیر دێتەوە. بۆتان بەو قارەمانانە، بە بەرخودان، ناسنامە، کولتور و زمانی خۆی دەناسرێتەوە. لەبەر ئەوەش بۆتان لە مێژوودا بەردەوام نوێنەرایەتی ناسنامە و زمانی کوردی کردووە و خۆڕاگری کردووە و قوربانی گەورەی بەخشیوە. هەرگیز لەبەردەم داگیرکەر و کۆمەڵکوژی سەری دانەنەواندووە. بەردەوام دژی ئەوان شەڕی کردووە، هەربۆیەش ناسنامە، زمان و کولتوری کوردی پاراستووە. لە بۆتان هەندێک بەهای کۆمەڵایەتی بە بەهێزی ماونەتەوە. کۆمەڵگای بۆتان پشتی بە جەماوەریبوون بەستووە و خاوەنداری لێدەکات. هێشتاش ژینگە دەپارێزن. مافی ئەوە دەدات. لەبەر ئەوە گەلەکەمان، گەلی بۆتان بەم جۆرە دەناسێت. واتە وەک دڵی خۆی دایدەنێت و خاوەنداری لێدەکات. وەک دەزانرێت بە پێشەنگایەتی هەڤاڵ عەگید لە بۆتان گەریلایەتیمان بەرەوپێش برد و لە بۆتان قەڵەمبازی ١٥ی تەباخمان جێبەجێ کرد. ئەمە بە رێکەوت نییە. لەبەر ئەوەی گەلی کوردمان بە بنەما گرت. لەپێناو ئەویە گەلی کورد بە ئازادی بژیت ئێمە مێژووی کوردمان بە بنەما گرت. لە سەر بناغەی بۆتان کە مێژووی کوردی لەسەر داندراوە. لەبەر ئەوەی مێژووی گەلی کورد هەرچەندە لاوازیش بوو لە بۆتان بەردەوام بە زیندوویی راگیرا. لەبەر ئەوە ئێمە بۆتانمان بە بنەما گرت.

لە بۆتان هەڵوێست لە دژی وڵاتپارێزی، کۆمەڵایەتیبوون، داگیرکەری و کۆمەڵکوژی زۆر بەهێزە. بۆتان سەرچاوەی ئەو کەسانەیە کە دەیانویست لەپێناو کوردستاندا تێبکۆشن. لەبەر ئەوەش ئێمە قەڵەمبازی ١٥ی تەباخمان لە بۆتان جێبەجێ کرد. لە بڕوایەدام گەلی بۆتان ئەمرۆ پارێزگاری لەو مێژووەی خۆی دەکات. لەبەر ئەوەی گەلی بۆتان هەم لە مێژووی گەلی کورد و هەمیش لە مێژووی پەکەکەدا جێگەیەکی تایبەتی هەیە. لە ژێر هەموو باردودۆخێکدا لە دژی داگیرکەری و ستەم وەستاوەتەوە. هەربۆیە قوربانی زۆری داوە. لە بۆتانەوە هەزاران شەڕڤان بەشدارییان لە تێکۆشانی پەکەکەدا کردووە و فەرماندە و قارەمانی گەورە سەریانهەڵداوە. لەبەر ئەوە گەلی بۆتان نەک هەر بە خۆی، بەڵکوو خزمەتی گەورەشی بە گەلی کورد کردووە. بەهای گەورەی خوڵقاندووە. لە جۆلەمێرگەوە تا شڕنەخ لە هەموو گوند و شارەکانەوە بەشداریین لە تێکۆشاندا کردووە. کاتێک دەڵێم بۆتان مەبەستم تەنیا شڕنەخ نییە، بۆتان وەک چەترێکە. لە جۆلەمێرگەوە تا شڕنەخ هەموو شار و گوندەکان دەگرێتەوە. لەبەر ئەوە گەلەکەمان وەک چۆن تا ئەمڕۆ خاوەنداری لە وڵاتپارێزی، ئایندە، زمان، کولتور، بەها و شەهیدانی کردووە، ئەمڕۆش خاوەنداری دەکات. هەربۆیەش بۆتان بۆ داگیرکەری تورک دەکەنە گۆڕستان.

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر باش دەزانێت کە بۆتان بۆ گەلی کورد بە چ واتایەکە. هەربۆیەش ئێستا راوەستە لە سەر بۆتان دەکات. بە هەزاران سەرباز، پۆلیس، تیمی تایبەت، کارمەند و جەردەوانی خۆی لە بۆتان جێگیرکردووە. لە هەندێک شوێن ژمارەیان لە خەڵکی شوێنەکە زیاترە. دەیانەوێت گەلی بۆتان لە هەڵبژاردندا بیدۆڕێنێت. سیاسەتی ئەوان لە بۆتان بەم جۆرەیە، کە گوایە گەلی کورد قەبوڵیان دەکەن و دەنگیان پێدەدەن. دەبێت گەلەکەمان لە بۆتان وەڵامێکی پڕبەپێست بەوە بدەنەوە. دەبێت گەلەکەمان لە بۆتان دەنگ بە پارتی چەپی سەوز بدەن. بانگەوازی من بۆ گەلی بۆتان بەم جۆرەیە.

دەبێت عەشیرەتە کوردەکان لەپێناو خۆیاندا تێبکۆشن

لەبارەی هەڵبژاردنەوە هیچ پەیامێکتان بۆ کۆمەڵگای بۆتان، عەشیرەتەکان و هەروەها جەردەوانەکانی بۆتان هەیە؟

وەک دەزانرێت عەشیرەت ریشەی کۆمەڵگا سروشتییەکنە. هەبوونی عەشیرەتەکان لە کوردستان چەندە لاوازیش بێت بۆ هەمیشەییبوونی بەها و کولتوری کۆمەڵایەتی سروشتییە. ئەگەر گەلی کورد لە ژێر گوشار، داگیرکەری و چەوساندنەوەی دوژمندا لەناو نەچووە، لەمەدا عەشیرەتەکان رۆڵیان هەیە. عەشیرەتەکان کۆمەڵگا سروشتییان بەزیندوویی راگرتووە. واتە راستی کوردانیان بە زیندوویی هێشتووەتەوە. ئەوان رۆڵێکی گرنگی بەم جۆرەیان گێڕاوە. دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەپێناو لەناوبردنی کوردان عەشیرەتەکان دەکاتە بنەما و دەیانکاتە ئامانج. لەنێوان عەشیرەتەکاندا ناکۆکی و دووبەرەکی دەنێتەوە. بەم جۆرە دەیەوێت کۆمەڵگای کوردی پاکتاو بکات. لەوپێناوەدا زۆری هەوڵدا بەڵام سەرنەکەوت. رەنگە عەشیرەتەکان لاواز بکات و ببێتە مایەی نانەوەی کێشە، بەڵام ناتوانێت بە تەواوەتی ئەو راستیە لەناو ببات. عەشیرەت لەسەر دروستی و وڵاتپارێزی بونیادنراون. هەموو کات لەسەر ئەو بنەمایانە خۆپاراستن بە بنەما دەگرن. دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، هەم لە مێژوودا و هەمیش لەمرۆدا لە دژی عەشیرەتەکان شەڕێکی چەپەڵی بەڕێوەبردووە. ستەم و زۆرداری گەورەی لە دژی عەشیرەتەکان و گەلی کورد ئەنجامداوە. ئەوەی مێژووی خۆی بە باشی بزانێت، راستی دەوڵەتی تورکیش دەزانێت. ئەو کاتە سەید رەزا لە سێدارە دەدەن، لەبارەی کۆتا داواکارییەوە پرسیاری لێدەکەن. سەید رەزا دەڵێت، 'داوادەکەم کە کوڕەکەم لە بەرچاوم لە دار نەدەن، لە دوای من لە سێدارەی بدەن'. بە تەنیا داوای ئەوە دەکات، بەڵام دەوڵەتی تورک کوڕەکەی بە بەرچاوی ئەوەوە لە سێدارە دەدەن. کاتێک کەسێکی بەتەمەن لەسێدارە دەدەن لە کۆتا خولەکەکانیشدا ستەمی لێدەکەن.  

هەروەها سەرهەڵدانی ئاگری هەیە. برۆیێ حەسکێ تەلی دەزانێت کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر چەندە دڕندەیە. نایەوێت ژن و منداڵەکانی بکەونە دەستی دەوڵەتی تورک. لەبەر ئەوە هەڵوێستێک وەردەگرێت. هەروەها رۆستەمی زاڵ هەیە. باوک و کوڕ یەکتر ناناسن. دوژمن وایان لێدەکەن لەگەڵیەکدا شەڕ بکەن. کوڕەکەی رووبەڕووی رۆستەم دەکەنەوە. دەبێت گەلەکەمان باش لەو نمونانە تێبگەن. نمونەی بەو جۆرە لە مێژووی گەلەکەماندا زۆرن. ئەو کەسانەشیان لەناوبرد کە کاریان بۆ دەوڵەتی تورک کرد و خیانەتیان لە گەلەکەیان کرد. لەبەر ئەوە وتیان کە ئەمانە دوژمنایەتی گەلی خۆیان دەکەن، دواتر زیاتر دوژمنایەتی ئێمە دەکەن. دەوڵەتی تورک ئەمەیە. نابێت هیج کوردێک بە قسەکانی دەوڵەتی تورک هەڵبخەڵەتێت. دەبێت دوژمنایەتی گەلی خۆیان نەکەن. بەم جۆرە هیچ شتێک بەدەستناهێنن، نەک هەر ئەوە مرۆڤایەتی خۆیشیان لە دەست دەدەن. هەربۆیە دەبێت عەشیرەتەکانی کورد لەپێناو خۆیاندا شەڕ بکەن. بەم جۆرە دەتوانن بژین. بۆئەوەش دەبێت بڕوایان بە رێبەر ئاپۆ، شەهیدان و تێکۆشان هەبێت. ئەوەی دەیانپارێزێت و گەشەیان پێدەدات ئەم تێکۆشانەیە.

بەسە کاری جەردەوانی

دەمەوێت بانگەواز لە جەردوانەکان بکەم، تا ئێستە جەردەوان بوون، بەڵام ئیتر لە قۆناغی هەڵبژاردنەکان پێویستە لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە، بەم ڕێگەیە نزیکی هەڵبژارندنەکان دەبنەوە. نابێت دژی گەلەکەیان بوەستنەوە، بەڵکو دەبێت خزمەت بکەن. با بیر لە ئایندە و ڕۆڵەکانیان بکەنەوە. وەک گوتم، ڕەنگە بە چەند هۆکارێک چەکی دوژمنیان هەڵگرتبێت و بووبن بە جەردەوان، بەڵام لاپەڕەیەکی نوێ لە تورکیا دەکرێتەوە. ئەمە دەرفەتە بۆ جەردەوانەکان تا سودی لێ وەربگرن و واز لەم کارە بهێنن، خزمەت بە گەلەکەیان بکەن نەوەک دوژمن. بڕوانن، دوژمن سەرەتا دەیگوت، چەک هەڵگرن و تەنها گوندەکانتان بپارێزن، بەڵام بڕوانن، ئێستە دەیاننێرن بۆ شەڕ، ڕاستییەکەی ئەوان ڕۆژانە لە شەڕدان و دەکوژرێن. جەردەوانەکان دەخەنە پێشی پێشەوە، دەیاننێرن بۆ ترسناکترین ناوچەکان، چونکە هیچ گرنگ نین بەلای دەوڵەتی تورکەوە. ڕەنگە جەردەوانەکانیش لەم شتە تێگەیشتبن. بۆیە بانگەوازیان لێ دەکەم، واز لە جەردەوانی بهێنن، با بڵێن ئێمە لە خزمەتی گەلەکەمانداین، پێویستە لە هەڵبژاردنەکان ئەم هەنگاوە بنێن، ئەمەیان لێ داوا دەکرێت، پێویستە دەنگ بدەن بە پارتی چەپی سەوز و خۆیان لەم شەڕە ڕزگار بکەن.

دەوڵەتی تورکی دوژمنی دێرسیمە

بایەخی دێرسیم و عەلەوییەکان ئاشکرایە، دەوڵەت و پارتە جیاوازەکان سیاسەتێکی تایبەت بەڕێوەدەبەن، چ دەڵێن سەبارەت بە عەلەوییەکان و دێرسیم؟

گەلی دێرسیم وەک گەلێکی هەرە بەرخۆدەر لە مێژووی کوردستان ناسراون، هەریەک لە بەسێ و زەریفە و سەید ڕەزا و عەلی شێر بەرخۆدانێکی مەزنیان دژی دەوڵەتی داگیرکەری تورک تۆمارکرد. هەزاران فەرماندە و شەڕڤان لە دێرسیم شەهیدبوون. ئێستاش شەڕ دەکەن. پەکەکە درێژپێدەری بەرخۆدانی بەسێ و زەریفە و سەید ڕەزا و عەلی شێرە، دەیەوێت تۆڵەی حەم شەهیدانە بکاتەوە، بۆیە تێدەکۆشێت. دەوڵەتی داگیرکەری تورک دوژمنی دێرسیمە، چونکە دێرسیم کوردی و عەلەوییە. بەدرێژایی مێژوو، دێرسیم بەڕووی داگیرکەردا وەستاوەتەوە. دێرسیم تەنها ناوەندی عەلەوییە کوردەکان نییە، بەڵکو ناوەندی هەموو عەلەوییەکانە. هەمان شتە بۆ عەلەوییە کوردەکان و عەلەوییە تورکەکان، دڵی عەلەوییەکانە. بۆیە دەوڵەت دژایەتی دێرسیم دەکرێت. بۆیە ئەردۆگان دەڵێت «یەک دەوڵەت، یەک میللەت، یەک ئاڵا، یەک ئایین»، تورکیا ژمارەیەکی زۆر لە عەلەوییەکان دەگرێتەخۆ، دەیانەوێت بیانکەن بە سوننە، دەیانەوێت ئەوانەی نابنە سوننە بێ ڕۆڵ بکەن. ئەم سیاسەتە قێزەونە لە دێرسیم جێبەجێ دەکەن. شەڕێکی تایبەت دژی دێرسیم دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە عەلەوییەکان. هەروەها سیاسەتێکی قێزەون دژی گەلی کورد بەڕێوەدەبەن، بەڵام سیاسەتێکی قێزەونی تایبەت لە دێرسیم جێبەجێ دەکەن، دەیانەوێت لەڕێگەی ئەم سیاسەتە تایبەتانەوە، دەیانەوێت دەرفەتی ژیان لە دێرسیم ببڕن.

پێشتر دوو پەرلەمانتار لە دێرسیم هەبوون، ئێستە بۆتە یەک پەرلەمانتار، چونکە ژمارەیان کەمی کردووە. پێویستە گەلی دێرسیم ئەمە ببینێت. دەوڵەتی داگیرکەری تورک تەنها دژی گەلی دێرسیم نییە، بەڵکو دژی سرووشتی دێرسیم‌یشە، ئەوان سرووشتی دێرسیم تێکدەدەن، بۆیە داوا لە گەلی دێرسیم دەکەم؛ دەستبگرن بە مێژوو و بەها و ئایین و کەلتووری خۆتانەوە، دەستبەرداریان مەبن. بەم ڕێگەیە دەتوانن لێپێچینەوە لە حکومەتی ئاکەپە و مەهەپە بکەن. دێرسیم خاوەنی مێژووییەکی دێرینە، بەهای مەزنی داهێناوە بۆ هەموو عەلەوییەکان و گەلی کورد. دڵنیام گەلی دێرسیم دەستبەرداری مێژوو و ئایین و کەلتوور و بەهاکانیان نابن.

دێرسیم خاوەندارێتییەکی بە‌هێز لە حەقیقەتی خۆی دەکات

گەلەکەمان لە دێرسیم خاکەکەی خۆیان زۆر خۆشدەوێت، چونکە بەڕاستی شوێنی خۆشەویستییە. سرووشتە جوگرافییەکەی زۆر دڵڕفێنە و گەلەکەی قەت ستەم قبووڵ ناکەن. دێرسیم لەگەڵ دادپەروەرییە، پشت بە ژیانی یەکسان دەبەستێت، دژی درۆ و فێڵ و گێرەشێوێنییە، لەسەر بناغەی جڤاکی ئەخلاقی ئەخلاقی و سیاسی دامەزراوە. بۆیە خاوەنی ئەخلاق و ویژدانی زیندووە. دڵنیام گەلی دێرسیم بەرگری لە حەقیقەتی خۆی دەکات، سەرەڕای ئەو شەڕە تایبەتەی دەکرێتە سەریان. گەی دێرسیم، بەتایبەت ژنان و گەنجان، بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن لەپێناو ئایندەیەکی ئازاد، هەروەها سەرکەوتن مسۆگەر دەکەن. هەموویان دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و پارێزگاری لە دەنگەکانیان دەکەن و دەنگ دەدەن بە پارتی چەپی سەوز. بەم ڕێگەیە، وەڵامێکی بەهێز و گونجاو دەدەنەوە بە پارتەکانی ئاکەپە و مەهەپە.

گەلی سەرحەد خاوەندارێتی لە ئایندەی خۆیان دەکەن

هەرێمی سەرحەد هەرێمێکی گرنگە، گەل لە هەموو شوێنێک جۆشوخرۆش پیشاندەدەن بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکان، دەتوانن چ بڵێن سەبارەت بە سەرحەد؟

وەک دەزانرێت، ڕێبەر ئاپۆ کاروانی کوردستان لە سەرحەد دەستپێکرد و لە دیلۆک کۆتایی پێ هێنا، واتە یەکەم هەنگاوی لە دەستپێکرد، سەرحەدی کرد بە بناغە، وەک چۆن ئەم تەڤگەرەی لە نەورۆز دامەزراند، بەهەمانشێوە یەکەم هەنگاوی لە سەرحەد دەستپێکرد، هۆکاری چییە؟ چونکە هەرێمی سەرحەد وەک هەرێمێک خاوەندارێتی لە ناسنامەی وڵاتپارێزی کوردی و کەلتوور و زمانەکەی دەکات. تەڤگەرێک لە نەورۆز دابمەزرێت و لە سەرحەد دەستپێبکات، هەر دەبێت پێشبکەوێت. ئەمە حەقیقەتی پێشکەوتنی پەکەکەیە. سەرحەد وەک هەرێمێک قەت داگیرکەری قبووڵ نەکردووە، بەردەوام بە بوێرییەوە تێکۆشاوە. وەک دەزانین، لە شۆڕشی ئیحسان نوری پاشادا، زۆرینەی عەشیرەتەکان بەشداربوون و قارەمانێتییەکی مەزنیان پیشاندا، بەتایبەت عەشیرەتی جەلالیان ڕۆڵێکی مەزنیان گێڕا. هەستی وڵاتپاڕێزی لە سەرحەد زۆر بەهێزە، بۆیە بەردەوام بەرخۆدانی کردووە، شەهیدی مەزنی پێشکەش کردووە. پەیوەندیکردن بە پەکەکەوە زیادبووە، گەلێک فەرماندە و شەڕڤانی مەزن دەرکەوتن. پەکەکە بەرخۆدان و بەهاکانی سەرحەدی کردە بناغە، لەسەر ئەم بناغەیە، تێکۆشانی دەستپێکرد.

دوژمن لە سەرحەد ستەمی گەورەی کردووە، سیاسەتی شەڕی تایبەتی جێبەجێ کردووە. هەوڵیدا جەردەوانی و سیخووڕی و بەکرێگیراویی پێشبخات، بەڵام ئامانجەکەی نەهاتەدی، ئەوەش بەهۆی وڵاتپارێزیی هەرێمی سەرحەدەوە. دوژمن هەوڵیدا لەڕێگەی بەکارهێنانی پارە و ئایینەوە بگاتە ئامانج، بەڵام شکستی هێنا، دانیشتووانی سەرحەد خاوەندارێتییان لە ناسنامەی تایبەتی خۆیان کرد، خاوەندارێتییان لە کوردبوون و بەها و کەلتوور و مێژوو و زمانەکەیان کرد. ئەمڕۆش هەمان شت دەبینین، گەلی سەرحەد بە جۆشوخرۆشەوە ڕوودەکەنە خەباتی هەڵبژاردنەکان، بەهێز و جۆشوخرۆش و مۆڕاڵی مەزنەوە بەشداری دەکەن، بەم شێوەیە خاوەندارێتی لە ئایندەی خۆیان دەکەن. تەنها کوردەکان لە سەرحەد ناژین، گەلانی تریش دەژین، ئەوانیش لە حەقیقەتی دەوڵەتی تورک و حەقیقەتی ئاکەپە و مەهەپە تێگەیشتوون، هەروەها لە حەقیقەتی پەکەکە و حەقیقەتی ڕێبەر ئاپۆ و گەلی کورد تێگەیشتوون. ئەوانەی لەم ڕاستییە تێگەیشتوون، پارادایمەکەی ڕێبەر ئاپۆ دەکەنە بناغەی خۆیان، واتە برایەتی گەلان و دیموکراسی و ئازادی دەکەنە بناغە. دەوڵەتی داگیرکەری تورک زۆازانەکانی قەدەغە کردووە، تاوەکو ئاستەنگ بۆ ژیانی گەلی سەرحەد دروست بکەن. نەوەک هەر لە سەرحەد، بەڵکو لە سەرتاپای کوردستان ئەم سیاسەتە قێزەونە جێبەجێ دەکرێت. هەموو زۆزانەکان قەدەغەکراوە تا خەڵک برسی بن و موحتاجی دەوڵەتی تورک بن. بەڵام گەلەکەمان دژی ئەم سیاسەتە قێزەونە وەستان و ڕادەست نەبوون، ڕاستە برسێتی و نەهامەتی چەشت، بەڵام ڕادەستی دەوڵەتی تورک نەبوو، دەستبەرداری کوردبوون و بەهاکانی نەبوو.

بەم بۆنەیەوە، سڵاو لە گەلەکەمان دەکەم، بەتایبەت ئەو کوردە کۆچەرانەی دەچنە زۆزانەکان، ڕێز و سڵاوم بۆیان هەیە. دەرفەتێکی باشیان لەپێشە، دەتوانن لەم هەڵبژاردنە تۆڵە لە حکومەتی ئاکەپە و مەهەپە بکەنەوە. بەم شێوەیە، دووبارە دەچنەوە زۆزانەکان و ژیانی ئازادی خۆیان بەردەوام دەکەن. بۆیە هەمووان لێپێچینەوەیەکی مەزن بکەن، هەمووان دەتوانن لێپێچینەوە بکەن، بەڵام لێپێچینەوەی مەزن لە پشکی کوردە کۆچەرەکان دەبێت، چونکە مافی ژیانیان لێ زەوتکراوە. هیچ لەمە خراپتر نییە. بۆیە لەم هەڵبژاردنانە دژی ئاکەپە و مەهەپە دەوەستنەوە و دەنگ بە پارتی چەپی سەوز دەدەن.

ژ. ت/ هـ . ب