بایک: دەبێت گەلەکەمان لە هەموو شوێنێکدا بڕژێنە گۆڕەپانەکانی نەورۆز

بایک رایگەیاند، لەم سەردەمەدا ئاکەپە – مەهەپە نوێنەرایەتیی زوحاکی زاڵم دەکەن. مەزڵوم دۆغان وەک کاوەی ئاسنگەر ئاگری ئازادیی هەڵکرد، بۆیە دەبێت مرۆڤ لە بەرامبەر فاشیزم بوەستێتەوە و تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادی بەهێزتر بکات.

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و لە پەیامەکەدا نەورۆزی لە هەموان پیرۆز کرد و رایگەیاند، "دەبێت لە هەموو شوێنەکاندا گەلەکەمان بڕژێنە گۆڕەپانەکانی نەورۆز و لە دژی ئاکەپە، کە نوێنەرایەتیی زوحاکی زاڵم دەکات، بە رۆح و ئیرادە و ورەی بەرخودانی کاوە تێبکۆشن".

پەیامە ڤیدیۆییەکەى جەمیل بایک هاسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە بە ناوی دەستەى هاوسەرۆکایەتیی بەڕێوەبەری کەجەکە بڵاوکراوەتەوە و تیادا هاتووە:

"بە ناوی هاوسەرۆکایەتیی دەستەى بەرێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) سڵاو لە هەموتان دەکەم، جەژنی نەورۆز لە رێبەر ئاپۆ، گەلەکەمان لە هەر چوارپارچەى کوردستان، لە کامپی شەهید رۆستەم جودی (مەخمور)، شەنگال، لاڤیرۆ و دەرەوەی وڵات، لە بەرخودانی زیندانیان، گەریلاکانی سەر چیاکان، کە لە ریزەکانی هەپەگەدا تێدەکۆشن، لە دۆستانی گەلی کورد پیرۆز دەکەم. لە کەسایەتیی مەزڵوم دۆغان بەڕێزەوە یادی هەموو شەهیدانی نەورۆز و شەهیدانی گارە دەکەمەوە. ئەو بەڵێن و پەیمانەى بە شەهیدانی دیموکراسی و ئازادیمان داوە، دووبارەی دەکەمەوە.

وەک دەزانرێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا شەڕی جیهانیی سێیەم روودەدات. لەو شەڕەدا هاوسەنگییەکان تێکچوون و هێشتا پێگەی نوێش دروست نەبوون. لەو شەڕەدا، کە پێگە و هاوسەنگی تێکچووە، گەلی کورد ئەنجامی زۆری وەرگرتوە. هەم خۆی بە رێکخستن کرد و هەم بۆ خۆی بەها و نرخی نوێی ئافراند. دەوڵەتی تورکی فاشیست و داگیرکەر بینیی، ئەگەر رێگری لەوە نەکات، گەلی کورد لە گۆڕەپانەکانی دیموکراسی و ئازادیدا هەنگاوی زۆر بەهێز دەنێن و کۆتایی بە مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست، دەوڵەتە داگیرکەر و پاکتاوکارەکان دەهێنن. دەوڵەتی تورک لەبەر ئەوەى نایەوێت هیچ یەک لەوانە روو بدات لە دژی گەلی کورد دەستی بە هێرشیکی گەورە کردوو و ئەو هێرشەش هێشتا بەردەوامیی هەیە. ئەو هێرشانەى دەکرێنە سەر گەلی کورد، لە هێرشەکانی زوحاک لە دژی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قورستر و قوڵترن. دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە لە رێگەى ئەو هێرشە قورسانەوە دەیانەوێت گەلی کورد پاکتاو بکەن.

هەموان چاویان لە تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسیی کوردانە

دەوڵەتی تورکی فاشیست دوژمنی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دیموکراسییە. بۆیە کات کاتی بەرزکردنەوە و هەستانەوەى رۆحی نەورۆزە. وەک دەزانرێت لە مێژوودا زوحاک زوڵمی لە کوردان و گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە. کاوەی ئاسنگەر لە دژی زوحاک وەستایەوە و ئاگری نەورۆزی گەش کرد. دوای راپەڕینی کاوەی ئاسنگەر، زوحاک و زوڵمەکەى تێکشکان و بۆ گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردەمێکی نوێ دەستیپێکرد. لەم سەردەمەدا ئاکەپ – مەهەپە نوێنەرایەتی زوحاک دەکەن. مەزڵوم دۆغان وەک کاوەی ئاسنگەری هاوچەرخ ئاگری ئازادیی هەڵکرد، بۆیە دەبێت مرۆڤ لە دژی فاشیزم بوەستێتەوە و تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادی بەهێزتر بکات. داوای من لەگەلەکەمان ئەوەیە، کە دەبێت لە هەموو شوێنەکاندا روو لە گۆڕەپانەکانی نەورۆز بکەن و رۆح و ئیرادەی نەورۆز بەرز و بڵند بکەنەوە.

گەلەکەمان بە درێژایی رەوتی مێژوو، زۆر سەختی و ناڕەحەتی و زوڵمی بینیوە. گەلی کورد لەبەر ئەوانە بە رۆح و ئیرادەی نەورۆز دەستی بەبەرەنگاری و بەرخودان کرد، هەموو زەحمەتی و دژوارییەکانی لە ناو برد و لە گۆڕەپانی ئازادیدا هەنگاو دەنێت. لەبەر ئەوە رێبەر ئاپۆ دەڵێت، "گەلی کورد گەلی نەورۆزە" و وەک دەزانرێت، رێبەر ئاپۆ بناغەى پەکەکەى لە رۆژی نەورزۆزدا داڕشت. گەلی کوردی گەیاندە مێژوو و رەگە رەسەنەکەی خۆی. نەک تەنها گەلی کورد، بەڵکو ژنانیشی گەیاندە مێژوو و رەگ و ریشەى خۆیان. لەسەر ئەو بنەمایە هەم ژنان و هەم گەلی کوردی بەرەو پێشبرد و جوانیکردن. ئەوە زۆر مانادارە.

گەلی کورد لەبەر ئەوەى گەلی نەورۆزە، بەرپرسیاریی خۆی هەیە. دەبێت بەرپرسیاریی خۆی هەم بۆ خۆی و هەم بۆ گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبەجێ بکات. گرینگە گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێشەنگایەتیی بۆ ئازادی بکات. تەنها ئەوە لە گەلی کورد چاوەڕێ دەکرێت، بۆیە هەر چۆن لە مێژوودا گەلی کورد رۆحی نەورۆزی ئافراند، ئێستاش دەبێت بەو رۆحە ئەرک و بەرپرسیارییەکانی خۆی بەجێبهێنێت. لەبەر ئەوە ئیستا هەموو چاو و سەرنجەکان لەسەر تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسیی گەلی کوردە. ئەوە بۆ گەلی کورد شەرەفێکی زۆر گەورەیە، ئێمە ئەمڕۆ بەو شەرەفەوە دەژین.

گەلی کورد ئیدی بەهێزتر و رێکخستنکراوترە

چەند مانگ لەوە پێش ئێمە دەستمان بە هەڵمەتێکی مێژویی بە ناوی "کات کاتی ئازادییە" کرد. ئامانجی ئەو هەڵمەتە مسۆگەرکردنی ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆیە. ئێمە ئازادیی رێبەرایەتی، کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستمان خستووەتە سەر شانمان. لەسەر بنەمای ئەو ئامانجە ئێمە تێدەکۆشین. لە سایەی رەنج و تێکۆشانی رێبەر ئاپۆ و شەهیدان ئێمە بووینە گەلی نەورۆز. بۆیە ئەوەى لە نەورۆزی ٢٠٢١دا لە ئێمە چاوەڕێ دەکرێت، ئەوەیە کە لەسەر بنەمای ئازادیی رێبەر ئاپۆ و کوردستان تێکۆشان ببینە قۆناغێکی نوێ. چونکە ئێمە قەرزداری رێبەر ئاپۆ و شەهیدانین. بۆ دانەوەى قەرزەکەمان دەبێت ئێمە زۆر زیاتر خۆمان بە رێکخستن بکەین و تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادی بڵندتر و گەشتر بکەین.

بێگومان لەمپەر، رێگری، زەحمەتی، دژواری و هێرشی قورسمان لە بەردەمدایە. لەگەڵ ئەوەشدا بۆ بەدیهێنانی ئازادیی رێبەر ئاپۆ و گەلەکەمان، لە هەموو کات زیاتر دەرفەتمان لە بەردەستدایە. ئەوەش راستییەکە. دەرفەتێکی لەو جۆرە پێشتر دەستی کوردان نەکەوتبوو. بە بەکارهێنانی ئەو دەرفەتە، بە بەرزکردنەوەى تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادی دەتوانین ئەنجام بە دەست بهێنین.  

گەلی کورد ئیدی زۆر بەهێزتر بووە، ئیدی بووەتە خاوەنی ئەزموونێکی زۆر و بەهێز. دۆستانی گەلی کورد رۆژ بە رۆژ زیاد دەکەن. دوژمنانی گەلی کوردیش ئیدی وەک پێشتر بەهێز نین. لە مێژوودا ئێمە چۆن لەگەڵ گەلانی دراوسێدا هاوپەیمانی و رێککەوتنمان کرد و پێکەوە زوحاکی زاڵممان لە ناوبرد، هەر چۆن بۆ خۆمان و بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی سەردەمێکی ئازادیمان دەستپێکرد، ئەمڕۆش دەتوانین لەسەر ئەو بنەمایە تێبکۆشین. هەم بە رێکخستنبوون و هەم بە پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ دراوسێکانمان دەبێت ئێمە تێکۆشان لە دژی زوحاکی ئەم سەردەمە گەورە و بەهێز بکەین. ئەگەر ئێمە ئەوە بکەین، هەر چۆن پێشتر ئەنجاممان بە دەستهێنا، ئەمڕۆش ئێمە ئەنجامێکی باشتر بە دەست دەهێنین. ئەوە ئەرکی ئێمەیە و دەبێت ئێمە ئەو ئەرکە جێبەجێ بکەین.

تێکۆشانی ژنانی کورد لە جیهاندا دەنگی دایەوە

لە ٨ی ئاداردا ژنانی کورد کارێکی گەورەیان ئەنجامدا. لە مێژوودا، لە ناو تێکۆشانی ئێمەدا ژنانی کورد خاوەنی رۆڵێکی گرنگن. هەم لە نەورۆز و هەم لە راپەڕینەکاندا بە ئەرکی پێشەنگایەتیی خۆیان هەستاون. ئەگەر لە کوردستان نەورۆز و راپەڕینی بەهێزی لەو جۆرە ئەنجامدراون، ئەوە لە ئەنجامی پێشەنگایەتیی ژنانی کورد بووە، دەرەنجامی بەشداربوونی بوونی رەنگی ژنانە. ژنانی کورد لە تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادیدا نەک تەنها بۆ گەلی کورد، بەڵکو لە هەمانکاتدا بۆ گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی پێشەنگایەتی دەکەن. تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادیی ژنانی کورد، کە لەسەر هێڵی ئازادیی ژن بەرێوەدەچێت، لە سەرتاسەری جیهان دەنگی دایەوە. ژنان لە سەرتاسەری جیهان ژنانی کورد بە پێشەنگی خۆیان دەزانن. ژنانی کورد بە تێکۆشانی خۆیان نەک تەنها کاریگەرییان لەسەر ژنانی جیهان دروستکردووە، بەڵکو لە هەمان کاتدا کاریگەریشیان لەسەر گەلان دروستکردووە.

ئەگەر ئەمڕۆ لە جیهاندا ژنان، گەنجان، سۆسیالیستەکان لە دژی فاشیزم بەرەنگاری دەکەن، هێزەکانی ئازادی و دیموکراسی هەم گەلی کورد و هەم ژنانی کورد بۆ خۆیان کردووە بە بنەما و ئەوەش دەرەنجامی تێکۆشانی ژنانی کوردە. لە ئەنجامی ئەو تێکۆشانەدا، مرۆڤ گەلی کورد و ژنانی کورد بۆ خۆی دەکاتە نمونە. ئەوە هەم بۆ ژنانی کورد و هەم بۆ کۆمەڵگەى کورد شەرەفێکی گەورەیە. دیارە تێکۆشانێک، کە لەلایەن ژنانەوە بەرەوپێش دەڕوات تاوەکو ئازادیی رێبەر ئاپۆ، ئازادیی گەلانی کوردستان و تورکیا بەردەوامیی دەبێت. ژنانی کورد لەو هەڵمەتەدا رۆڵی خۆیان زۆر بەهێزتر و گەورەتر دەگێڕێن.

دەبێت بە رۆحی بەرخودانی شەهیدانی گارە بڕژێینە گۆڕەپانەکانی نەورۆز

وەک دەزانرێت، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و پاکتاوکار لە گارە هێرشێکی گەورەی ئەنجامدا. دەیخواست لە رێگەى ئەو هێرشەوە  گورزێکی گەورە لە بڕیارگەى بزووتنەوەکەمان بدات. گەریلاکانی هەپەگە لە دژی ئەو هێرشە بە شێوەکی ئەفسانەیی بەرەنگارییان کرد و شەهیدیان دا. شەهیدانی گارە لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بە رۆحی نەورۆز بەرخودان و بەرەنگارییان کرد. بە تێکشکاندنی هێرشەکان گورزێکی گەورە لە دوژمن درا. دەوڵەتی تورک، جگە لەوەى نەیتوانی بە ئامانجەکەى بگات، گورزێکی زۆر گەورەی بەرکەوت و تێکشکا. لەبەر ئەوەش دەبێت ئێمە هەموو کات رۆحی بەرخودانی شەهیدانی گارە بۆ خۆمان بکەینە بنەما. بۆیە ئەو بەرخودانە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر گەلەکەمان لە هەر چوارپارچەى کوردستان و دەرەوەی وڵات دروستکرد و ورەی بەرزکردنەوە.

ئێمە دەتوانین ئەنجامی گەورە لەو دۆخە وەربگرین. ئەگەر ئێمە رۆحی نەورزۆ بۆ خۆمان بکەینە بنەما و لەسەر ئەو بنەمایە تێبکۆشین، ئێمە دەتوانین لە هەڵمەتەکانی دیموکراسی و ئازادی ئەنجامی گەورە بە دەست بهێنین. لە مێژوودا چۆن کاوەی ئاسنگەر ئاگری نەورۆزی گەشاندەوە، بەو ئاگرە گەلی کورد و و گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتاییان بە زوڵمی زوحاک هێنا، شەهیدانی گارەش بە هەمان شێوەی ئەو ئاگرەیان لە گارە گەش کرد. دەبێت ئێمە بەو رۆح و ئیرادە و ورەیە بڕژێینە گۆڕەپانەکان. ئێمە ئێستا بە رۆحی نەورۆز بەرەو ئازادی دەڕۆین. ئەو رۆحە رۆحی دیموکراسی و ئازادییە، داگیرکەری، کۆیلەیەتی و زوڵم قبوڵ ناکات. ئێمە لەسەر ئەو بنەمایە بەرەوە ئازادی دەڕۆین و رێپێوانەکەمان تاوەکو گەیشتن بە ئازادی بەردەوامیی دەبێت. ئێمە سەردەکەوین. بژی رۆحی نەورۆز، بژی جەژنی نەورۆز، بژی سەرۆک ئاپۆ، بژی تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادیمان. سەرکەوتن بۆ هەمووان دەخوازم و جارێکیتر نەورۆز پیرۆز دەکەم".

ژ.ت