هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە جەمیل بایک بەشداری لە بەرنامەی تایبەتی ستێرک تیڤیدا کرد و لە بەرنامەکەدا ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، گۆشەگیری لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بەرخودانی گەریلای لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک هەڵسەنگاند.
بایک ئاماژەی بەوەکرد کە بۆ ئەوەی گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کۆتایی پێبهێندرێت و ئازادی جەستەیی ئەو دەستەبەر بێت، دەبێت گوڕ بە تێکۆشان بدرێت. بایک ئەوەشی خستەڕوو کە گۆشەگیری هیچ پەیوەندییەکی بە یاساوە نییە، گۆشەگیری بابەتێکی سیاسیە و لە بەرامبەر گۆشەگیریدا دەبێت هەمووان بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن.
بایک بە بیری هێنایەوە کە دوای بومەلەرزەکەی شوبات کە چەقەکەی کەوتبووە مەرەش، ئەوان ئاگربەستیان راگەیاندووە و لە کاتی هەڵبژاردنیشدا ئاگربەستەکە بەردەوام بووە، بایک هێمای بۆ ئەوە کرد کە دەوڵەتی تورک ویستوویەتی ئاگربەستەکە بقۆزێتەوە، هێرشەکانی بۆ سەر گەریلا زیاتر کردووە. بایک سەرنجی راکێشا کە بەهۆی ئەوەی دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا، باشور، باکور و رۆژئاوا هیچ واتایەک بۆ ئاگربەست نەماوەتەوە و لەبەر ئەوەش کۆتاییان بە بڕیاری ئاگربەست هێناوە.
بایک یەک لە کادرە پێشەنگەکانی پەکەکە شەهید زیلان (زەینەب کناجی)ی بەبیرهێنایەوە کە لە ٣٠ی حوزەیراندا لە دێرسیم چالاکی گیانبازی ئەنجامدابوو و لەو بارەوە وتی، "ئەمڕۆ لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا، زاپ، مەتینا و ئاڤاشین هێڵی زیلان و گیانی زیلان بە شێوەیەکی قوڵ لە ژیاندایە. هۆکاری ئەوەی دوژمن ناتوانێت پەکەکە پاکتاو بکات، گەلی کورد قڕ بکات، گیانی بەرخودانی زیلانە".
چاوپێکەوتنەکەی هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە جەمیل بایک کە لە ستێرک تی ڤیەوە بڵاوکرایەوە بەم جۆرەیە:
گۆشەگیری لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە. عەبدوڵا ئۆجالان ناتوانێت لەگەڵ بنەماڵە و پاڕێزەرانی دیدار ئەنجام بدات و 'سزا'ی نوێی بەسەردا دەسەپێندرێت. ئێوە چۆن دۆخەکە هەڵدەسەنگێنن؟
لەو کاتەوەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دامەزراوە، دەستی بە کۆمەڵکوژی لە دژی گەلان کردووە. چەندین گەل رووبەڕووی جینۆساید بوونەوە. یەک لەوانەش گەلی کورد بوو. ئازاری گەورەیان بە گەلی کورد چەشتووە. کوردیش بەرامبەر بەو هێرشانەی دەوڵەتی تورک راپەڕیون. بەرخودانی قارەمانانەیان کرد و خۆیان پاراست. دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هێشتا دەیەوێت درێژە بە سیاسەتی کۆمەڵکوژی بدات. ئەگەر ئێمە لە سیاسەتەکانی کۆمەڵکوژییەکانی پێشوو تێنەگەین. ئێمە ناتوانین لە مامەڵەکردنی ئەمڕۆیان بەرامبەر رێبەر ئاپۆ تێبگەین. ئەگەر بەرامبەر بە رێبەر ئاپۆ سیاسەتێکی بەم جۆرە پەیڕەو دەکرێت، بە واتای ئەوەیە کە ئەو سیاسەتە لە دژی کوردان، گەلان و مرۆڤایەتی دەگیرێتەبەر. لەبەر ئەوەیە کە رێبەر ئاپۆ رێبەری گەلانە. لەبەر ئەوە پێویستە ئەقڵیەتی دەوڵەتی تورک درکی پێبکرێت. ئەگەر دەوڵەتێک ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی بۆ خۆی بە بنەما گرتبێت، ئەو دەوڵەتە گوێ بە یاسا، دادپەروەری و رێسا نێونەتەوەییەکان نادات. ئەگەر ئەمڕۆ لەوە وردببینەوە، دەبینین کە ئەم سیاسەتەیان بەرامبەر بە گەلی کورد نە لە یاساکانی خۆیاندا و نە لە یاسا نێونەتەوەییەکاندا جێی نابێتەوە.
تاکە یاسایان ئەوەیە کە کوردان لە ناو ببەن. هەموو دامەزراوەکانیان بۆ ئەوە بەکاردەهێنن، ئەو سیاسەتانەی بەرامبەر بە رێبەر ئاپۆ پەیڕەو دەکرێن، بەرامبەر گەلی کورد و بەهاکانی پەیڕەو دەکرێن. رێبەر ئاپۆ بەها مرۆڤایەتیەکان دەپارێزێت. هەربۆیە گۆشەگیری لەسەر رێبەر ئاپۆ بە واتای تەواوکردنی سیاسەتی کۆمەڵکوژییە. گۆشەگیری هیچ لایەنێکی یاسایی نییە، بناغەکە سیاسیە. دەبینین کاتێک تێکۆشان گەش دەبێت، هەندێک گۆشەگیری خاو دەکەنەوە، بەڵام کاتێک تێکۆشان لاواز دەبێت، سەرلەنوێ گۆشەگیری رەها بەکاردەهێننەوە. لەبەر ئەوە دەبێت هەموان بەرامبەر بە گۆشەگیری رەها بە باشی لە ئەرکی خۆیان تێبگەن و لە دژی کۆمەڵکوژی بوەستنەوە. ئەو کاتەیە کە دەولەتی تورک لە سیاسەتی کۆمەڵکوژیدا هەنگاوێک بۆ دواوە دەنێت. ئەمە بەرپرسیارێتی گەلەکەمان، دۆستانمان، شۆڕشگێڕان و سۆسیالیستەکانە. بۆیەش نابێت کەس بە ئاسودەیی بژی. ئەوانەی خۆیان وەک وڵاتپارێز، سۆسیالیست، دیموکرات و رۆشنبیر پێناسە دەکەن، دەبێت لە دژی گۆشەگیری رەها بوەستنەوە و لەپێناو ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆدا گوڕ بە تێکۆشان بدەن.
لەبەر ئەوە دەبێت هەموو کورد، سۆسیالیست، دیموکرات، دۆستانی گەلی کورد لە هەر چواربەشی کوردستان و لەدەرەوەی وڵات بۆ رێبەر ئاپۆ تێکۆشانی گەورە بەڕێوەببەن. بۆ ئەوەش دەبێت دوانەکەون. لەبەر ئەوەی دەوڵەتی تورک سیاسەتی کۆمەڵکوژی بەڕێوەدەبات. لەکەسایەتی رێبەر ئاپۆدا دەیانەوێت کوردان و پەکەکە کۆمەڵکوژ بکەن. دەبێت دەوڵەتی تورک دەستبەجێ گۆشەگیری هەڵبگرێت، دەبێت پارێزەران و بنەماڵەی رێبەر ئاپۆ بتوانن بچنە سەردانی. رێبەر ئاپۆ دیلە و مافی تایبەت بە دیلەکان هەیە و دەبێت ئەو مافانە قەبوڵ بکەن. داوا لە سیاسەتمەداران، تێکۆشەرانی مافەکانی مرۆڤ دەکەین، لەپێناو دیدار لەگەڵ رێبەر ئاپۆ داواکاری پێشکەش بکەن.
ئێوە بەهۆی بومەلەرزە و دواتریش لەبەر هەڵبژاردن ئاگربەستتان راگەیاند، بەڵام دەوڵەتی تورک سەرباری ئاگربەستیش درێژەی بە هێرشەکانیدا. ئێوەش هەفتەی رابردوو راتانگەیاند، کە کۆتاییتان بە ئاگربەست هێناوە. دوای بڕیارەکە گەریلاکان چالاکی بەهێزیان ئەنجامدا. لەئێستادا شەڕ لە چ قۆناغێکدایە؟
ئەوەی ئاگربەست رابگەیەنین هۆکاری هەبوو. لە ناوچەکانی کوردستان بومەلەرزەی گەورە روویدا. بە هەزاران کەس لە خەڵکەکەمان ژیانیان لەدەستدا و برینداربوون. ئازاری زۆریان چەشت. ئێمەش بەرپرسیارێتی خۆمان بە جێگەیاند. ویستمان ئازاری گەلەکەمان سوک بکەین. هۆکاری دیکەش بەرەوپێشبردنی بناغەیەکی پتەو بوو بۆ سیاسەتی دیموکراتیک. لەبەر ئەوەی تا شەڕ بەردەوام بێت، سیاسەتی دیموکراتیک ناتوانێت زۆر تێبکۆشێت. لەبەر ئەوەی لە تورکیا دەسەڵاتداری فاشیست و کۆمەڵکوژکار بوونی هەیە. دەست لە هەموو شت وەردەدات. ناهێڵێت دوو کەس پێکەوە کۆببنەوە. بڕیارەکەمان بڕیارێکی مرۆیی و ئەخلاقی بوو. لەبەر ئەوەش بوو ئەو کاتە بڕیارێکی لەو جۆرەمان دا. لە تورکیا و باکووری کوردستان هەڵبژاردن ئەنجام دەدران. لەناو گەلاندا باس لەوە دەکرا کە ئاکەپە و مەهەپە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا ئاژاوەگێڕی دەکەن. لەبەر ئەوەی پێشتریش ئاژاوەگێڕی لەو جۆرەیان کردبوو. ترسێکی بەو جۆرە لەناو گەلدا هەبوو. ئێمەش ئەوەمان لەبەرچاو گرت. بۆ رێگریی لە ئاژاوەگێڕی ئێمە ئاگربەستمان درێژکردەوە.
سەرباری بڕیاری ئێمە بۆ ئاگربەستیش دەوڵەتی تورک لە سیاسەتی شەڕی خۆیدا هیچ گۆڕانکارییەکی نەکرد. خۆی لە خۆیدا دەوڵەتی تورک دەیەوێت پەکەکە و گەلی کورد پاکتاو بکات. لەبەر ئەوەش نەیتوانیبوو لێکدانەوەی بۆ هۆکاری بڕیارەکەی ئێمە هەبێت. دەیانوت گوایە گەریلا لاواز بووە و لەبەر ئەوە بڕیارێکی لەو جۆرەی داوە. ویستیان بڕیاری ئاگربەست بکەن بە دەرفەتێک بۆ وەشاندنی گورز قورس لە گەریلا. لەبەر ئەوەش هێرشەکانیان زۆر زیاتر کرد. هەم لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا، هەم لە باشوور، رۆژئاوا و باکوور هێرشەکانیان زیاتر کرد. بۆردومانیان کرد و چەکی کیمیاییان بەکارهێنا. هەموو تواناکانی بەردەستیان بەکارهێنا. مرۆڤەکانیان گرت و کوشتیانن، لە زیندانەکاندا سزای قورسیان بەسەر مرۆڤەکاندا سەپاند. دوای ئەوانە ئیتر هیچ واتایەک بۆ بڕیاری ئاگربەستی ئێمە نەمابووەوە. ئێمەش بە شێوەیەکی فەرمی کۆتاییمان بە ئاگربەست هێنا. دەوڵەتی تورک هەرگیز لە هێزی چالاکی گەریلا تێنەگەیشتووە. هێشتاش تێی ناگات. تەکنەلۆژیایان هەیە، هەندێک هێز یارمەتیان دەدەن. لەبەر ئەوەش وابیریان کردەوە کە بە ئاسانی دەتوانن لە گەریلا بدەن. بەڵام ئەمە هەڵەیە بۆ ئەوان. دوای ئەوەی ئاگربەستمان راگرت، گەریلا چالاکی بەهێز و کاریگەری ئەنجامدا.
لەئەنجامی ئەو چالاکییانەدا لە زۆر ناوچە بەتایبەتی خواکورک و مەتینا دەوڵەتی تورک گورزی گەورەی بەرکەوت. بەم بۆنەوە من هەڤاڵان ئاسیا، ئازاد و کۆچەر کە لە شەڕی خواکورکدا شەهیدبوون بە رێزەوە یاددەکەمەوە. ئەو هەڤاڵانە یەکیان ئەڵمانی، یەکیان تورک و یەکیان کوردبوون. ئەوانە نوێنەرایەتی گەلیان دەکرد. ئەمە راستی بزوتنەوەکەمان دەردەخات. ئەم بزوتنەوەیە تەنیا بزوتنەوەیەکی کوردستانی نییە، بزوتنەوەی گەلانە. شەڕ گەورەتر دەبێت. لەبر ئەوەی دیسان حکومەتی شەڕ دامەزرا. خۆی لە خۆیدا ئەردۆغان ەب ئاشکرا وتیم کە شەڕی سەربازی و دیپلۆماتیک بە شێوەی بەهێزتر ئەنجام دەدەن. لەسەر ئەو بنەمایە کابینەی نوێ پێکهێندرا. بەکردەوەش ئەوە دەکەن. رۆژ لە دوای رۆژ هێرشەکان زیاتر دەکەن. بەرخودانی ئێمەش بەرامبەر بەو هێرشانە زیاتر دەبێت. دەبێت گەلەکەمان و دۆستە دیموکرات و سۆسیالیستەکانمان ئەو راستیە ببینن. کاتێک دەوڵەتی تورک هێرشەکانی زیاتر دەکات و شەر گەورە دەبێت، نابێت کەس بەرمبەر بەو دۆخە بێدەنگ بێت و تەننیا سەیری دۆخەکە نەکەن. لە هەرکوێیەک هەن دەبێت ئەرکی خۆیان بەرامبەر بە گەلی کورد، تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادی جێبەجێ بکەن.
ئێوە لە راگەیەندراوەکەتاندا لە بارەی ئاگربەرست باستان لەوەکردبوو کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بە تایبەتی بۆ سەر رۆژئاوا زیادیان کردووە. لەدوایین نمونەدا هاوسەرۆکی کانتۆنی قامیشلۆ یوسرا دەروێش، جێگری هاوسەرۆک لەیمان شوێش و ئەندامی ئەنجومەن فورات توما لە ئەنجامی هێرشی دەوڵەتی تورکدا تیرۆر کران. ئەو هێرشانە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
وەک دەزانرێت لە ئاستانا کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا کە روسیا، سوریا و ئێرانیش بەشداربوون تیایدا. کۆبوونەوەی ئاستانا پێشتریش زۆر جار ئەنجامدراوە. بەڵام چارەسەر بۆ هیچ کێشەیەک نەبینراوەتەوە. نە لە سوریا، نە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کێشەکانی گەلان چارەسەر نەکراون. تەنیانەت کێشەکانی ئێستاشیان گەورەتر کرد. دیارە کە لەو کۆبوونەوەدا راوەستە لە سەر پرسی کوردیش دەکەن. بەڵام قەبوڵی ناکەن. لەبری ئەوەی کێشەکە بە شێوەیەکی سیاسی، دیموکراتیک چارەسەر بکەن، لە سەر بنەمای ئەوەی کە چۆن زیاتر کوردەکان بێگاریگەر بکەن، چۆن لە ناوی ببەن مامەڵە دەکەن. دوای هەر کۆبوونەوەیەک هەم لە سوریا و هەم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆزی زیاتر دەبن. کێشەکان گەورەتر دەبن. دەوڵەتی تورک چەندین ناوچەی سوریای داگیرکردووە. تەنانەت ئەو شوێنانەی داگیرکی کردوون خستوونیەتە سەر خاکی خۆی. لەبەر ئەوەی لەو شوێنانەی داگیری کردوون هەموو دامودەزگاکانی خۆی تێدا کردوونەوە. لە سەرێکانی، گرێ سپی، عەفرین کوردەکان دەردەکەن و چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکی تێدا جێگیردەکەن. واتە لەوێ دیموگرافیا دەگۆڕن. لەبەر ئەوەی دەوڵەتی تورک کۆمەڵکوژکردنی کوردان بە بنەما دەگرێت و لە سەر ئەو بنەمایە درێژە بە هێرشەکانی دەدات. دەڵێت هەموو ئەو ناوچانەی بەدەست کوردەوە ماونەتەوە، دەمهەون. هەربۆیە بە بەرچاوی هەمووانە هێرش ئەنجام دەدات.
دەوڵەتی تورک کە ئامانجیەتی کورد و کوردستان لەناوببات، ئەوەش تەنیا بە هێزی خۆی ئەنجام نادات. لەلایەکەوە ئەوانەی لە ئاستانا بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن پشتیوانی لێدەکەن، لەلایەکی دیکەوە ناتۆ دەنگی لێوەنایات. دەوڵەتی تورکیش لەوەوە بوێری وەردەگرێت و بە ئاسودەیی درێژە بە سیاسەتی شەڕ دەدات. نابێت لێکدانەوەی هەڵە لەگەڵ دەوڵەتی تورک بکرێت کە خاکی سوریای داگیرکردووە. ئەگەر کارێکی لەو جۆرە بکەن خودی ئەوان گورزی گەورەیان بەردەکەوێت. هێزە بەشداربووەکانی ئاستانا بە سوریا دەڵێن کە بۆ لەناوبردنی کوردەکان پشتیوانی لێدەکەن، دەبێت سوریا ئەمە قەبوڵ نەکات. لەبەر ئەوەی ئەمە پلانێکە. لە بری ئەوە دەبێت لەگەڵ گەلی کورد، عەرەب و سوریانی یەکبگرێت. چارەسەرکردنی پرسی کورد بۆ خۆی بە بنەما بگرێت. دەبێت لەگەڵ کوردەکاندا دانوستان ئەنجام بدات. دەبێت لە دژی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر تێبکۆشێت، دەوڵەتی تورک لە ناوچە داگیرکراوەکان دەربکات. بەم جۆرە دەتوانێت خزمەت بە سوریا بکات. ئەگەر دژی گەلی سوریا شەڕ بکات، ئەو کاتە زیانی گەورەی بەردەکەوێت. هەربۆیە لەو بڕوایەدام سوریا لەو راستیە تێدەگات.
کاتێک دیداری ئاستانە ئەنجامدرا مەسرور بارزانیش چووە تورکیا، لەگەڵ ئەردۆغان، فیدان و یاشار گولەر کۆبووەوە. دواتریش یاشار گولەر راگەیەندراویدا و وتی، 'دیدارێکی باشمان لەگەڵ مەسرور بارزانی هەبوو، ئەنجامی ئەرێنی لێدەکەوێتەوە'. دوای دیدارەکەی مەسرور بارزانیش هێرشەکەی سەر قامیشلۆ روویدا و هاوسەرۆکی کانتۆنی قامیشلۆ یوسرا سەروێش، جێگری هاوسەرۆک لەیمان شوێش و ئەندامی ئەنجومەن فورات توما شەهیدبوون. هەڵبەتە مەسرور بارزانی دەتوانێت بچێتە تورکیا، دیداریش بکات. دژی ئەوە نین. بەڵام کاتێک چووە ئەنقەرە، یاخود کاتێک هێشتا لەوێ بوو هێرش کرایە سور کور، هەروەها دوای ئەوەی گەڕایەوە هێرشکرایە سەر کوردەکان، ئەمە واتا و مانای خۆی هەیە.
وەزیری شەڕی تورکیا یاشار گولەریش وتی، 'دیدارەکەمان ئەرێنی تێپەڕبوو، لەماوەیەکی نزیکدا بە کردەوەش دەردەکەوێت'. دەزانرێت کە دەوڵەتی لە دژی کوردەکان سیاسەتی کۆمەڵکوژی بەڕێوەدەبات؛ کەواتە چۆن دەکرێت لە نێوان ئەواندا دیداری ئەرێنی بێنە ئاراوە و ئەنجامەکەشی لە ماوەیەکی نزیکدا ئاشکرا بێت. هەمووان حەز دەکەن بزنن؛ لە نێوان مەسرور بارزانی و دەوڵەتی تورکدا چ جۆرە دیدارێک ئەنجامدران، چ بڕیارێک دران؟ دەبێت ئەمە ئاشکرا بکەن. ئەگەر ئەوە ئاشکرا نەکرێت، وابیردەکەنەوە کە ئەگەر پرسی کورد لەبەرچاو نەگیرابێت، ئەمە بە واتای ئەوەی کە لە نێوان دەوڵەتی تورک و مەسرور بارزانیدا لە دژی پەکەکە، لە دژی گەلی کورد بڕیاری نەرێنی دراون. لەبەر ئەوەی دەوڵەتی تورک لە دژی کوردەکان شەڕ بەڕێوەدەبات.
پێویستە هەمووان خاوەندارێتی لە ڕۆژئاوا بکەن
ئەگەر سوریا دانوستان لەگەڵ کورد نەکات و کێشەکان چارەسەر نەکات، ئەوا کوردی ڕۆژئاوا، هاوپەیمانیان لەگەڵ گەلدا بەهێز دەکەن، بەرخۆدان دژی داگیرکەر زیاتر دەکەن، ملکەچی دەوڵەتی تورک نابن. دەبێت ئەمە بزانرێت. بەڵام دەمانەوێت سوریا و گەلی کورد و گەلانی تر دژی داگیرکەری تورک بوەستنەوە، چونکە دەوڵەتی تورک دەیەوێت شەڕ گەورەتر بێت و ناوچە داگیرکراوەکانی سوریا فراوانتر بکات. ئەگەر سورریا نایەوێت خاکی زیاتری لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیر بکرێت، پێویستە پەیوەندی لەگەڵ کورد باشتر بکات، دەوڵەتی تورک لە لایەکەوە هێرش دەکات، لەلایەکی تر کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات. دەتوانین بڵێین، هەموو ڕۆژێک لە ڕۆژئاوا خەڵکی سڤیل دەکوژێت. بەڵام هەمووان بێدەنگن، بێدەنگی واتە کۆمەڵکوژی دەوڵەتی تورک دژی کورد بە شتێکی سرووشتی دەبینن، ئەگەر وەها نییە، پێویستە دژی بوەستنەوە. بەڵام وەها ناکەن، کەواتە کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک قبووڵ دەکەن، بەمەش بەشدارن لەم کۆمەڵکوژییە.
ڕۆژئاوا بەها مرۆڤایەتییەکانی دەپارێزێت، بۆیە هەرکەس خۆی بە دیموکراتیک و سۆسیالیست و ئیکۆلۆژیست و ئازادیخواز و هونەرمەند و ڕۆشنبیر دەزانێت، خۆی بە نەیاری داگیرکاری و لکاندنی خاک و فاشیزم دەزانێت، بەها مرۆڤایەتی و دیموکراتیکەکان بەبنەما دەگرێت، پێویستە خاوەندارێتی لە ڕۆژئاوا بکات.چونکە ڕۆژئاوا تەنها لەپێناو خۆیدا تێکۆشان ناکات، بەڵکو لەپێناو هەموو مرۆڤایەتییە. ئەمەش لە واقیعدا سەلمێنراوە. تێکۆشانێکی مەزنی ئەنجامدا دژی داعشی تیرۆریست، هەزاران شەهید و برینداری بەخشی، مرۆڤایەتی لە بەڵایەکی مەزن پاراست، ئێستەش دەوڵەتی تورک ئەو کەسانە دەکوژێت کە دژی داعش وەستانەوە و بەرگریان کرد لە بەها مرۆڤایەتییەکانی هەموو جیهان، ئیتر بۆچی جیهان بێدەنگە..؟
هەندێک دەوڵەت لەپێناو بەرژەوەندییەکانیان بێدەنگن، بەڵام ڕۆشنبیران و سۆسیالیستەکان و ژنان و بزووتنەوە ئیکۆلۆژیستەکان و دیموکراتیخواز و ئازادیخوازەکان، بۆچی بێدەنگن؟ نابێت بێدەنگ بن، چونکە هەندێک لەوانەی باسم کردن لەنێو ئەو تێکۆشانە بوون، شەهید و کۆششیان هەبوو، دەبێت مرۆڤایەتی ڕۆژئاوا لە دەوڵەتی تورک بپارێزن، بەتایبەت گەلی کورد لە هەر چوار پارچە و دەرەوەی وڵات ڕۆژئاوا بپارێزن، ئەمە داخوازییەکی نەتەوەییە.
دەوڵەتی تورک دەخوازێت هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوا زیاتر بکات، دەخوازێت هەرێمی زیاتر داگیربکات، لەپێناو چوونە نێو خاکی ڕۆژئاوا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەوڵی دیپلۆماسی دەدات، پێویستە گەلەکەمان ئەمە ببینێت، لەپێناو خۆپاراستن لە داگیرکەر، دەبێت ئامادەکاری بکەن، ئەم ئەرکەیان لەسەرە. کاتێک هێرشەکان دەستپێدەکات، نابێت خاک و وڵاتەکەیان جێبهێڵن، پێویستە تا کۆتایی بەرامبەر داگیرکەر بوەستن لەسەر خاکەکەتان، ئەگەر لەسەر خاکەکەتان بمێننەوە و تێکۆشان بکەن، ئەوکات دەوڵەتی تورک گورزی گەورەی بەردەکەوێت، ناتوانێت خاکەکەتان داگیربکات.
قۆناغێکی هەڵبژرادنی گرنگ لە تورکیا و باکوری کوردستان تێپەڕی. ئەم هەڵبژاردنە بە فشار و ستەم و ساختەکاری فاشیزمی تورک چووە نێو مێژوو. گفتوگۆکان دەربارەی هەڵبژاردنەکان بەردەوامە. هێرشەکان بۆ سەر هەدەپە زیاتر بوون. هەروەها هێرشەکان دژی تەڤگەرەکەتان هەیە. چۆن ئەم گفتوگۆیانەی دوای هەڵبژاردنەکان دەنرخێنن؟
هەڵبژاردنەکانی مانگی ئایار زۆر گرنگ بوون، بۆیە هەمووان لەسەری دەدوێن. گفتوگۆ هەڵە نیە و پێویستە. بەڵام گرنگە ئەم گفتوگۆیەی هێزە ئازاد و دیموکراتیکەکان بگۆڕێت بۆ پەرەسەندنی ئەرێنی و سەرکەوتن. ئەگەر هەڵبژاردنەکان بەم جۆرە بێت، ئەوکات مانادار دەبێت. وەک دەزانرێت هاوپەیمانی ڕەنج و ئازادی پێکهات، ئامانج لەم هاوپەیمانییە دیموکراتیزەکردنی تورکیا بوو. دەبێت ئەم هاوپەیمانییە فراوانتر بکرێت. لە پراکتیکدا بەباشی جێبەجێ نەکرا. هەندێک کەموکورتی هەبوون. بەرهەمی هەندێک هەڵە و خەمساردییە. بەڵام دەبێت وانە وەربگرن و ببێتە ئەزموون. ئەوکات هەڵە و کەموکوڕییەکات تێدەپەڕن. ئەوانەی سەرکەوتنیان دەوێت، دەبێت وەها مامەڵە بکەن.
ئەوانەی لەم هاوپەیمانییەدان، دەبێت پەیوەندی بە گەلەوە بەهێزتر بکەن. چونکە دەرکەوت خاڵی لاواز و کەموکوڕی هەیە. ئەگەر پەیوەندی لەگەڵ گەلدا نەبێت، سیاسەت ئەنجامی نابێت. چونکە ئەمە هاوپەیمانی ئازادی و دیموکراسییە. بۆیە دەبێت لەسەر بناغەی جڤاک بێت. دەبێت جڤاک ڕێکخستن بکات و گوزارشت لە ئیرادەی بکات. دەبێت لەگەڵ گەلدا بڕیار بدەن. ئەوکات ئەنجامیان دەبێت. بەپێچەوانەوە، ناتوانن ئەنجامێک لە سیاسەت بەدەست بخەن. دەبێت سیاسەتیان بەهێز بێت. ئێستە ئاکەپە باوەڕدار بەدەوری خۆی کۆدەکاتەوە، ئەمە بەشی بەهێزی تورکیایە. بۆیە دەبێت ڕێگە لەم بەکارهێنانەی باوەڕداران بگرن لەلایەن ئەردۆگانەوە، چونکە باوەڕداران گەورەترین بەشی جڤاکن. ئەگەر ئەمە نەبینن، سیاسەت لەسەر ئەم بناغەیە نەکەن، خاوەندارێتی لەم جڤاکە نەکەن، ناتوانن لە تورکیا بگەنە ئەنجامێک. ئەمەش لە هەڵبژاردن دەرکەوت.
بۆیە ڕێبەر ئاپۆ سیاسەتێکی دژ بەمە پەرەپێدا. سیاسەتێک لەسەر بناغەی ئیسلامی دیموکراتیک. چونکە ئایینی ئیسلام ئایینی باڵادەستی تورکیایە. زۆرینەی دانیشتووان مسوڵمانن. ئەگەر ئەمە نەبینن، هەرچیەک بکەن سودی نابێت. پێویستە هەمووان لەم هاوپەیمانییە ئەم راستییە ببینن. دەبێت بە سیاسەتی ئیسلامی دیموکراتیک ڕووبکەنە گەل، خاوەندارێتی لە گەل بکەن. ئەوکات ئەنجامتان دەبێت. ڕاستی نەتەوەی دیموکراتیک لەم هەڵبژاردنە دەرکەوت. کێشەکانی تورکیا چارەسەر نابێت بەبێ پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیک. بۆیە پێویستە جەختی لێ بکرێتەوە و بپارێزرێت. بۆچی وا دەڵێم؟ چونکە ئەم پارادایمە هێرشی لەسەرە، رەنگە هێرشەکان کاریگەربن. دەبێت لە هۆ و ئامانجی هێرشەکان تێبگەین. لەبەرامبەردا، باشتر نرخاندن بۆ پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیک بکرێت.
هەندێک لە کوردەکانی سەر دەوڵەتی تورک هێرش دەکەنە سەر ڕێبەر ئاپۆ و کورد
هەندێک کەس خۆیان بەرپرسیار دەبینن لەم دۆخە، ئەرکی خۆشیان بەجێ دەگەیەنن. دەیانەوێت کێشەکان چارەسەر بکەن و لەم پێناوەدا کاردەکەن. بۆ نموونە، بە ڕەخنە ئەرێنییەکانیان. ڕەنگە ڕووبەڕووی ئاستەنگ ببنەوە، بەڵام دەزانم ئەنجامی مەزنیان دەبێت. وەک چۆن هەندێکیان بەرپرسیارن و هەوڵی سەرکەوتن دەدەن، هەندێکی تر دژایەتی دەکەن. چونکە دابڕاون لە جڤاک و هەست بە بەرپرسیارێتی ناکەن. لە خزمەتی فاشیزم و قڕکردنن. بەم هۆیە بە ئاسوودەیی دەدوێن. هێرش دەکەنە سەر ڕێبەر ئاپۆ و پارادایمەکەی و پەکەکە. هەندێکیان بە ئاشکرا و هەندێکیان بە شاراوەیی.
ئەوە ٥٠ ساڵە بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ، تێکۆشانێکی بێوێنە دەکرێت. چەندین بەها و پێوەری وڵاتپارێزی لەم تێکۆشانە ئافرێنراوە. هەندێک دژی ئەم بەهایانە دەوەستنەوە بەناوی نەتەوەپەرستییەوە. هێرش دەکەنە سەر ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە. خۆیان بە نەتەوەپەرست ناودەبەن. پەیوەندیان بە نەتەوەپەرستییەوە نییە، هەمووی درۆیە. نەتەوەپەرست تێکۆشان دەکات و قوربانی دەدات. بەڵام دەبینین نە تێکۆشان هەیە نە قوربانیدان. هیچ ئۆپەراسیۆنێکیان دژی دەوڵەتی تورک نەبووە، قوربانیان نەداوە. هێرش دەکەنە سەر ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە و سیاسەتی دیموکراتیک شانبەشانی دەوڵەتی تورک. ئەمە چ جۆرە نەتەوەپەرستییەکە؟ دەبێت نەتەوەپەرستەکان لەپاڵ ئەوانەدا بن وا لەپێناو جڤاکی کورد تێدەکۆشن. نابێت هاوکاری قڕکەرانی کورد بن. فاشیست و نەژادپەرست و شۆڤێنییەکان لەسایەی سیاسەتی ئەردۆگانەوە هێرش دەکەن. نەوەک بەس تورکەکان، بەڵکو کوردەکانیش. ئەمە سیاسەتی دەوڵەتی تورکە.
وەک چۆن گەلی تورک و گەلی کورد بە جۆشوخرۆشەوە دەڕواننە پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیک و لەم پێناوە تێدەکۆشن، هەندێکی تر لێی دەترسن و هێرش دەکەن. ئەوانە فاشیست و شۆڤێنی و نەژادپەرستەکانن و خزمەت بە سیاسەتی دەوڵەتی تورک دەکەن. دەبێت هێزە دیموکراتیخواز و ئازادیخوازەکان لەم هێرشانە تێبگەن، لەپێناو پاراستنی دیموکراتیەتی بوون و تورکیایەتی بوون و سۆسیالیزم لە تورکیا. هێرش دەکەنە سەر پرۆژەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا. بەم هێرشانە دەیانەوێت هاوپەیمانیی ڕەنج و ئازادی لەناوببەن. لەم قۆناغەدا، پێویستە پرۆژەکەی رێبەر ئاپۆ بپارێزرێت. دەبێت دیموکراتیزەکردنی تورکیا و تورکیایەتی بوون و یەکبوونی گەل بکرێتە بناغە. ئەگەر هاوپەیمانیی ڕەنج و ئازادی لەسەر ئەم بناغەیە دابمەزرێت، هەموو هێرشەکان شکست دێنن و هاوپەیمانییەکە بەهێز دەبێت.
هاوپەیمانییەکەی ئەردۆگان لەبەرچاوە. دووبارە هاوپەیمانییەکەی کلیچدار ئۆغلۆ شکستی هێنا. هاوپەیمانی ڕەنج و ئازادی گەشە دەکات. دەبێت بەشدارانی ئەم هاوپەیمانییە بەرپرسیارانە بجووڵێنەوە. ئەمە لەسەریان پێویستە. بە مانایەکی تر، دەبێت سیاسەتی دیموکراتیک لە کوردستان و تورکیا پەرەپێبدەن.
پێویستە گەلی کورد بە گفتوگۆ کێشەکانیان چارەسەر بکەن
ڕووداوی زۆر لە کوردستان و تورکیا ڕوودەدەن، بەتایبەت لە کوردستان. بۆ نموونە، لەم ڕۆژانە کوردەکان لە بسمیل یەکتریان کوشت. نابێت گەلەکەمان یەکتر بکوژن. دەبێت بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەن. دەبێت سیاسەتی دیموکراتیک گەل بپارێزێت و ڕێگە لەم کێشانە بگرێت. چونکە دەوڵەتی تورک دەیەوێت ئەم کێشانە زیاتر بن، کوردەکان یەکتر بکوژن. دەبێت سیاسەتی دیموکراتیک لێرەدا ڕۆڵ بگێڕێت.
دەوڵەتی تورک بەهۆی سیاسەتی قڕکردنی کوردستانەوە لە هەموو لایەکەوە هێرش دەکاتە سەر گەل. بۆ نموونە، هاندانی پێشێلکاری، ناردنەوەی ئێسقانی شەهیدان لە تورەکە بۆ بنەماڵەکانیان، کوستنی دەیان مناڵ و بەتەمەن بە ئۆتۆمبیلی گولەنەبڕ. هاندان بۆ لەشفرۆشی و هیرۆین و سیخوڕی. جوگرافیای کوردستان تاڵان دەکرێت و دارەکان دەبڕێت و گوندەکان وێران دەکرێت. واتە ئیمکانی ژیان لە کوردستان دەبڕێت. نابێت گەلەکەمان بێدەنگ بن. بۆ نموونە، لە هەر شارێک دەوڵەتی تورک هێرش بکات، پێویستە گەل لەو شوێنە دژی ڕاپەڕن. ئەمە کاری ڕاستە. کوردایەتی و ئایین و مرۆڤایەتی ئەمە دەخوازێت.
وەک لە هەڵبژاردنەکان دەرکەوت، گەلی کورد ئەردۆگانی ڕەتکردەوە. گەل ئەردۆگانی ڕەتکردەوە. نەوەک هەر گەلی کورد، گەلی تورکیش ڕەتی کردەوە. ئەم حکومەتە شەرعی نییە. بڕیارەکان بۆ گەلی کورد شەرعی نییە و گەلی کورد بەرپرس نییە لێیان. بە مانایەکی تر، دەسەڵاتی تورک، بە تەواوی فاشیستە. بە هێز گەیشتۆتە دەسەڵات.
یادی ٢٧ ساڵەی شەهیدبوونی کادرێکی پێشەنگی پەکەکەیە، زیلان، کە ٣٠ حوزەیرانی ١٩٩٦ بە چالاکییەکی فیداکاری لە دێرسیم شەهیدبوو. ئەمڕۆ چالاکی فیداکاری لە ڕیزی پەکەکەدا هەیە، چۆن ئەم ڕۆحە فیداکارییەی نێو تێکۆشان دەنرخێنن؟
سەرەتا بە ڕێز و شکۆوە یادی هەڤاڵ زیلان و سەما و گوڵان و هەموو شەهیدانی شۆڕش دەکەمەوە و سڵاو لە هەموو شۆڕشگێڕانی ئازادی دەکەم. هەڤاڵ زیلان بەرەنگاری هێرشی سەر ڕێبەر ئاپۆ بووەوە. ئەمە تەنها چالاکییەک نەبوو، هەڵگری چەندین مانایە. نامەی هەڤاڵ زیلانە بۆ گەریلا و گەلی کورد و دەوڵەتی تورک. بە ڕاشکاوی بە دەوڵەتی تورکی گوت، ئەگەر بتانەوێت ڕێبەرمان لەناوببەن، مانای لەناوبردنی ئێمەیە. بۆیە مافی خۆمانە لەناوتان ببەین. پێویستە بەو بڕیارانە بچنەوە دژی گەل و تەڤگەرەکەمان دەیدەن. لە ڕابردوو زۆرتان کرد و کەس لێی نەپرسینەوە. پێتان وابوو هەر وا دەبێت. بەڵام ئەم تەڤگەرە، تەڤگەری دادپەروەرییە. لێپرسینەوەتان لێ دەکرێت، دەبێت بزانن.
پەیامەکەی زیلان بۆ گەریلا وەها بوو: "شێوازی شەڕەکەتان لە ئاستی مەترسییەکان نییە، دوژمن دەیەوێت ڕێبەرمان لەناوببات، واتە ئێوە لەناوببات. پێویستە بە تاکتیکی نوێ دژی ئەم دەوڵەتە بوەستنەوە". ئەم تاکتیکەش دەرکەوت.
پەیامەکەی بۆ گەل بەم جۆرە بوو: "بڕوانن، چەقۆ لەسەر ملتانە، پێویستە مردن ڕەت بکەنەوە. ئەگەر مردنتان ناوێت، پێویستە ڕێکخستن بکەن و تێکۆشان بکەن دژی دوژمن بکوژ". پەیامەکەی زۆر گرنگە. بۆیە ڕێبەر ئاپۆ گوتی: "زیلان فەرماندەی ئێمەیە و ئێمە شەڕڤانی ئەوین". زیلان ڕێباز و هێڵێکی نوێی تاکتیکی داڕێژا، بە تەنها چالاکی نەکرد. بۆیە چالاکییەکەی شتێکی ئاسایی نەبوو. لەم پێناوەدا، هەزاران کەس لە کوردستان بە ناوی زیلانەوە تێدەکۆشن. ئەمڕۆ دەبینین پاژک و کەژەکە و یەژاستار، خۆیان لەسەر ڕێبازی زیلان نوێ دەکەنەوە. کاریگەریەکی گەورەی لەسەر ئاستی جیهان هەیە. هەمووان، پارتەکەمان و گەلەکەمان و شەڕڤانەکانمان بە ڕۆحی زیلانەوە تێدەکۆشن. پەکەکە هەر لە دروستبوونەوە بە ڕۆحی فیداکاری دەرکەوت. ئەمەش لە کەسێتی زیلان و هەڤاڵانی زیندانی ئامەد ڕەنگی دایەوە. ئەمڕۆ ڕێبازی زیلان و ڕۆحی زیندوو دەکرێتەوە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، لە زاپ و مەتینا و ئاڤاشین.
ئەمڕۆ هەموو ئەوانەی تێدەکۆشن لەپێناو دیموکراسی و ئازادی گەلی کورد لە زیندانەکانی تورکیا و دەرەوە، بەم ڕۆحەوە بەرخۆدان دەکەن. هەروەها گەلەکەمان لە هەموو گۆڕەپانەکان و دەرەوەی وڵات بەم ڕۆحەوە تێدەکۆشن. ڕۆحی زیلان یەم خەباتە ئاراستە دەکات. کاتێک نەیانتوانی پەکەکە بسڕنەوە و گەلی کورد ڕووبەڕووی قڕکردنی زیاتر بکەنەوە، بەهۆی ئەم ڕۆحی بەرخۆدانەی زیلانەوەیە. ئەم ڕۆحە پڕە لە بەرخۆدان و فیداکاری. وەها نەبوایە، نەماندەتوانی ئەم تێکۆشانە دژی سوپای تورک بکەین. سوپای تورک سوپایەکی ئاسایی نییە. دووەمین سوپای ناتۆیە. بەڵام ئێمە ٥٠ ساڵە دژی وەستاوین. ئەگەر بەرخۆدانەکەمان بەم ئاستە بەردەوامە، هاوسەنگیەکان پێک دێن و دەڕوخێن، ئومێد دێتەپێش، تورکیا دەکەوێتە ڕەوشێکی خراپ، هەموو بە فەزڵی ئەم بەرخۆدانەیە. بە فەزڵی ئەم ڕۆحە، بەهای زۆرمان ئافراند و بەرخۆدانمان گەیاندە ئەم ڕۆژە. پێویستە گەشە بکەین و چاو بەخۆماندا بخشێنینەوە لەسەر ڕێبازی زیلان. ئەگەر بە ڕۆحی زیلان پەرە بە خۆمان بدەین، ئەوکات شیاوی رێبەر ئاپۆ و شەهیدان دەبین. ئەوکات دەتوانین ئومێدی گەل و مرۆڤایەتی زیندوو بکەینەوە. تەڤگەرەکەمان تا ئەمڕۆ بەم ڕۆح و شێوازە خەباتی کردووە، لەمە بەدواش هەر بەو جۆرە تێدەکۆشین.
دەوڵەتی تورک چێژ لە کۆمەڵکوژی و کوشتن دەبینێت
ئاشکرایە دەوڵەتی تورک لە ٢٩ ی حوەزیران بڕیاریدا بە سێدارەدانی شێخ سەعید. ٤٦ وڵاتپارێزیان لەگەڵ شێخ سەعید لەسێدارەدا. هێشتاش گۆڕەکانیان نادیارە. دەوڵەتی تورک .ڕێبەر ئاپۆی دادگایی کرد. لە ٢٩ ی حوزەیران بڕیاری سێدارەیان بۆ ڕێبەر ئاپۆ دەرکرد. بە مانایەکی تر، کتومت وەک شێخ سەعید، بڕیاریان لەسەر ڕێبەر ئاپۆدا لە هەمان بەرواردا. ئەمە دەرخەری ڕاستی دەوڵەتی تورکە. بە تێگەیشتن لە ڕاستی دەوڵەتی تورک و ڕاستی مێژووی گەلی کورد، لەم ڕووداوە تێدەگەین. ئەوکات مرۆڤ دەتوانێت لە هۆکاری ئەشکەنجەی دڕندانەی سەر ڕێبەر ئاپۆ تێبگات. دەوڵەتی تورک کوشتنی کورد بە ڕەوا دەبینێت.
بەم هۆیەوە، هەموو ڕۆژێک دەڵێت زۆر کەسمان کوشت. چێژ لەمە دەبینێت. بڕواناکەم کەس چێژ لە مردن ببینێت. بەڵام دەوڵەتی تورک چێژ لە کۆمەڵکوژی و کوشتن دەبینێت. ئەمە دەرخەری ڕاستی دەوڵەتی تورکە. بۆیە هەوڵەکەیان بۆ لەناوبردنی ڕێبەر ئاپۆ و گەلی کوردە. بیر لە هیچی تر ناکەنەوە. بۆیە هەموو توانایەکی تورکیا خراوەتە کار. دەبێت هەموو کورد و مرۆڤێک ئەمە بزانێت. دەبێت بزانن چۆن خۆیان بپارێزن و دژی دەوڵەتی تورک بوەستنەوە. دەبێت ئەرکی خۆیان بزانن.
ئەگەر بەگوێرەی ڕێبەر ئاپۆ و تێکۆشان و بەهاکان مامەڵە بکەن، هەڵەیان نابێت. ڕەنگە قوربانی بدەن، بەڵام سەردەکەون. ئەمڕۆ گەلەکەمان دەزانێت کێ وڵاتپارێزە، بەهای وڵاتپارێزی دەئافرێنێت و قوربانی دەدات. لەبەرئەوەی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە ڕۆژانە خەباتی بێ وێنە دەکەن لەپێناو ئازادی گەلی کورد. هەموو ڕۆژێک شەهید دەبەخشن. بەم بۆنەیەوە، یادی هەموو شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی دەکەمەوە و سەری ڕێز بۆ یادیان دادەنەوێنم. هەروەها سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان دەکەم. هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو شەڕڤانان دەخوازم لە تێکۆشانەکەیاندا".
هـ . ب