جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە، وڵامی پرسیارەکانی ماڵپەری مەدیانیوزی دایەوە. بایک باسی لە چوونی وەزیری بەرگری تورک بۆ عێراق کرد و رایگەیاند، سەردانێکی سەربازی بوو. بایک ئاماژەی بەوەدا کە جگە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئامانجی هێرشەکان داگیرکەری هەموو پارچەکانی کوردستانە و گۆتی، "لە ماوەیەکی نزیکدا، پێدەچێت لە باشوری کوردستان، لەدژی دەوڵەتی تورک و هاوکارەکەی پەدەکە، شەڕێکی گەورە رووبدات."
سەردانەکەی ئاکار سەربازی بوو
بایک باسی لە سەردانی وەزیری بەرگری تورک کرد کە ماوەیەک لەمەوبەر، چوو بووە باشوری کوردستان و عێراق و وتی، "وەزیری بەرگری کە پێشتر سەرۆک ئەرکانی سوپا بوو، لەگەڵ شاندێکی میت ئەو سەردانەی ئەنجامدا. وەک ئەوەی لە شاندەکەدا دیارە، سەردانێکی سەربازی بوو. لە لێدوانەکانی دوای سەردانەکەشدا دەرکەوت کە بابەتی سەرەکی سەردانەکە، تەسفیەکردنی پەکەکە یە. تاکە رۆژەڤی چاوپێکەوتنەکە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق و پەدەکە، تەسفیەکردنی تەڤگەری ئازادی کورد بوو. ئەم سەردانە سەربازیە، ئامانجی لە پشتەوەیە.
کۆماری تورکیا سەد ساڵ لەمەوبەر بەپێی کەلتور و تایبەتمەندی مێژوویی ئەنادۆڵ دروست نەکرا. لە ئەنادۆڵ ژمارەیەکی زۆر کەلتور، ئایین، زمان و پێکهاتە هەبوون. پێویستە ئەو سیستمەی لە ئەنادۆڵ دروستدەکرا، بەپێی ئەو تایبەتمەندیانە دروست بکرایە. بەڵام بەداخەوە، ئەوانەی کۆماری تورکیایان دروست کرد، بەپێی ناسنامەی ' تورک و سونی' و لەسەر بناغەی نەتەوە – دەوڵەت دروستیانکرد. لەسەر ئەم بناغەیە ئەرمەن، رۆم، ئاشور و سوریانی لەناوبران. بەم شێوەیە گەلی کریستیانیان لە ئەنادۆڵ کردە دەرەوە. چەرکەز، عەرەب و لازی موسوڵمانیش لەناو ناسنامەی تورکبوون توێنرانەوە. هێنایانە ئەو ئاستەی، گەلان نەتوانن بۆ خۆیان شتێکیان بوێ. کوردانی ئێزدی بە میتۆدی زۆر جیاواز لە کوردستان دەرکران و ئەوانەی ماون لە ناو ئیسلامی سونیدا توێنرانەوە. بەم شێوەیە جگە لە کورد و عەلەویەکان هەموو کەسێکی جیاوازیان قڕ کرد و دوورخرانەوە. لە بەرانبەر نەتەوە دەوڵەت لە سەر سەنتێزی تورک – ئیسلام، بە تەنیا کورد و عەلەوی مانەوە. سەد ساڵە لە دژی کورد و عەلەویەکانن، تاکە سیاسەتی دەوڵەتی تورک، تواندنەوە و قڕکردن بوو. لە هەموو بوارێکی ژیاندا، سیاسەتی ڕەتکردنەوە و لەناوبردن پەیڕەوکرا.
لە بەرانبەر هێرشی قڕکردن، بەرخۆدانی کورد و عەلەوییەکان بەردەوام بوو. لە هەمانکاتدا کورد لەبەر ئەوەی کە لەناو نەتەوە – دەوڵەتەکانی عێراق، سوریا، ئێران و تورکیا پارچەکران، لە هەموو جێگایەک بۆ هەبوونیان بەرخۆدانیان کرد. لە باشووری کوردستان لەناو سنۆرەکانی عێێراق چەندین ساڵ هەندێک فاکتەر کۆبوونەوە و پێگەی ئەمڕۆی بەڕێوەبەری هەرێمی کوردستانیان دروست کرد. لە سوریا لەگەڵ پرۆسەی بەهاری عەرەبی، شۆڕشی ڕۆژئاوا هەڵگیرسا. ئەگەر بە فەرمی قبوڵنەکرابێت، بەڵام بۆ هەموو گەلانی جیهان بووەتە، ئیلهام و مرۆڤایەتی خاوەنداری لێکرد. ئەوەی ئێستا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، چارەنووسی رۆژئاوا لەناو سوریادایە. لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش سەد ساڵە کورد بۆ هەبوون و ئازادی تێدەکۆشن و ئەو تێکۆشانە بەردەوامە. لە باکوری کوردستان لەماوەی ٥٠ ساڵی ڕابردوودا، بە پێشەنگایەتی پەکەکە تێکۆشانێک هەیە و لە هەمانکاتدا سەد ساڵە تێکۆشانی هەبوون بێوەستان بەردەوامە.
لە هەموو پێشکەوتنێکی کورد ترسان
دەوڵەتی تورک کە لەسەر سەنتێزی تورک و ئیسلام دروستکراوە و تواندنەوەی کوردیان کردووە بە تاکە سیاسەت لە باکوری کوردستان، هەموو شتێکی کردووە، بەڵام سەرنەکەوتووە و بە هۆی پێشکەوتنی گەلی کورد لە پارچەکانی دیکەش ترساون. لە شەڕی دژی پەکەکەدا پارتەکانی کوردستان بۆ قبوڵکردنی پێگەی خۆیان، پشتگیریان لە ئەردۆغان کرد و ئەردۆغانیش، ئەوەی وەک 'هەڵەیەک کە نابێت دوبارە بکرێتەوە' پێناسە کرد. بەپێی ئەردۆغان پێشکەوتن و گەشەپێدان لە پارچەکانی کوردستان دەبێتە نمونەیەک بۆ باکور و ئەوەی بۆ خۆی وەک مەترسییەک دەبینێت.
تا جەنگی یەکەمی جیهانی، جگە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە ژێر دەسەڵاتی ئێران دایە، لە سێ پارچەی کوردستان شەڕ کۆتایی پێهات کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی عوسمانیەکاندابوو، دەوڵەتی تورک ئەو پەیمان و رێککەوتننانە، کە ئەو ناوچانە لە دەستیان دەربچێت، قبوڵ نەکرد. جگە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، هەموو پارچەکان وەک سنوری نەتەوەیی میساقی میللی دەبینی. بۆیەش بۆ پارچەکانی دیکەش کە کەوتنە ناو سنورەکانی سوریا و عێراق، داوای هەندێک شتی دیکەیان کرد.
جگە لە رۆژهەڵات، ئامانجەکە داگیرکردنی هەموو کوردستانە
گەشەدانەکانی دەرەوەی باکور، دەیترسێنێت و لەلایەکی دیکەوە لەبەرئەوەی ئەو هەرێمانە وەک سنوری نەتەوەیی خۆی دەبینێت، مەرجەکانی جەنگی سێیەمی جیهانی، وەک هەلێک دەقۆزێتەوە و دەیەوێت جگە لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەموو پارچەکانی کوردستان داگیر بکات. داگیرکەری سەر عەفرین، سەرێکانی، گرێ سپی و رۆژئاوا، پلانی داگیرکەری لەسەر باشوری کوردستان کە شەنگال، مەخمور، موسڵ وکەرکوکی لەناودایە، بەپێی ئەم بناغەیە دەکرێت. سەردانەکەش بەم ئامانجە کراوە و نایشارنەوە.
بەم شێوەیە دەیانەوێت، پەکەکە کە لەبەردەم سیاسەتی لەناوبردن و تواندنەوە ئاستەنگە، تەسفیە و پاکتاو بکەن و تا لە دەستیان دێت، باشوری کوردستان داگیر دەکەن.
ئاکەپە، مەهەپە و ئۆراسیاییەکان، نەتەوە – دەوڵەتی تورک پێکەوە بەڕێوەدەبن
ئەگەر بێمە سەر پرسیاری ئێوە، دەتوانم بڵێم، ئاکەپە، مەهەپە و ئۆراسیاییەکان، دەوڵەتی تورک بەڕێوەدەبەن. تاکە شت کە کۆیان دەکاتەوە، قڕکردنی کوردە. لەبەرئەوە هیچ فاکتەرێک ناتوانێت ئەو هێزانە پێکەوە کۆبکاتەوە. سیستمی سەرۆکایەتی، کە لە لەسەری رێککەوتن، بە تەنیا بۆ ئەوە بوو، کە بتوانن بە ئاسانی کورد قڕ و پاکتاو بکەن، بەڵام لەبەرئەوەی ناتوانن ئامانجەکەیان پێکبهێنن، هاوپەیمانیەکەیان لاوازە، بەرلەوەی هەر کەسە بچێتەوە سەر ڕێگاکەی، بۆ ئەوەی بتوانن، ئامانجەکەیان کە پاکتاوکردنی کوردە، ئەنجام بدەن، چییان لەدەست دێت دەیکەن. بۆیەش لەناو رێککەوتنەکەدا کێشە هەیە.
رووداوە نێونەتەوەییەکان درێژەدان بە هاوپەیمانیی فاشیستی تەنگاو دەکات
دووەم ئەوەیە، ئەو رووداوانەى لە ئاستی نێونەتەوەییدا روودەدەن تاوەکو دەچێت بەردەوامیی ئەو هاوپەیمانییە فاشیستییە تووشی گرفت و ناڕەحەتی دەکات. جیهانی وڵاتانی رۆژئاوایی، کە ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا سەرۆکایەتیی دەکەن، لیبراڵیزمی دیموکراتیک-یان زۆر بۆ گرنگە و بیر لەوە دەکەنەوە، کە ئەوە لە تورکیادا نەماوە. وڵاتانی رۆژئاوا تورکیا نە بە لیبراڵ دەزانن و نە دیموکراتیکیشی دەزانن. تەنانەت خۆیان بۆ ئەو رژێمە پاکتاوکەرە فاشیستە نەرمکردووە و بۆ خۆیان پێی دەڵێن، کە سیستمەکەیان "ئۆتۆکراسی"یە (دەسەڵاتی تاکەکەسی کە هەموو دەسەڵاتەکان لە دەستی یەک کەسدایە، وەک سەدام). یانی وڵاتانی رۆژئاوا لە سیاسەتی دەرەوەیاندا کێشەیان لەگەڵ هاوپەیمانیی ئاکەپە – مەهەپە – ئەرگەنەکۆن هەیە. تاوەکو دەچێت دەسەڵاتی ئێستا بۆ رۆژئاوا وەک پاڵپشتیکاری جیهادییە ئایینە رادیکاڵەکان سەیر دەکرێت، کە گەورەترین مەترسییە بۆ سەر رۆژئاواییەکان، هەروەها بابەتی ئاسایش و پاراستنیان هەیە و لە دەرەوەی ئەو نیگەرانییانەى رۆژئاواییەکان، رۆیشتووە سیستمی بەرگریی مووشەکیی ئێس ٤٠٠ ی لە رووسیا وەرگرتووە و هەڵوێستی جیاوازی لە هەڵوێستی وڵاتانی رۆژئاوایی لە رۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست وایکردووە، تاوەکو دێت، خەریکە لە وڵاتە رۆژئاواییەکان دادەبڕێت.
ئەردۆغان لەگەڵ ترامپ پەیوەندیی کەسیی پێشخست و بە هاتنی بایدن ئەو دەرفەتەى لە دەست دەڕوات. دوای هاتنی بایدن ئەگەری ئەوە هەیە نزیکایەتیی وڵاتانی رۆژئاوایی لەگەڵ دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە – ئەرگەنەکۆن گۆڕانکاریی بەسەردا بێت و ئەوەش وادەکات، کە کۆماری تورکیا زیاتر بکەوێتە ناو سەودا و مامەڵەوە. هەروەها لەو دۆخەدا مشتومڕ روودەدات. بۆ ئەوە ئەو دەسەڵاتە دەیەوێت پەلە بکات. بەو سەردانەى ئەمدواییە جارێکیتر پلانی پاکتاوکردنی پەکەکە و دیسانەوە داگیرکردنی شەنگال تاوەکو مەخمور و باشووری کوردستانی هەیە.
'بۆ پاکتاوکردنی پەکەکە رۆڵی نوێیان بە پەدەکە داوە'
بایک سەرنجی خستەسەر قسەکانی ئەردۆغان کە وتبوی "لە پڕ لە شەوێکدا هێرش دەکەین" و وتی، "ئەردۆغان وتەبێژی هاوپەیمانیی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە – ئەرگەنەکۆنە. هەر خۆی لە مێژە پلانی داگیرکارییان هەیە. دەیانەوێت لەو چوارچێوەیەدا هێرشی داگیرکەری بکەنە سەر ناوچەکانی گەریلا بە تایبەتی لە باشووری کوردستاندا خۆیان بەرفراوان و هەمیشەیی بکەن. لەو مانایەدا ئەردۆغان قسەیەکی نوێی نەکردووە. هەر خۆی سەردانەکە بۆ عێراق و باشووری کوردستان لەسەر ئەو بنەمایە بووە. سەرباری ئەوەى گوشارێکی زۆر لەسەر عێراق هەیە، بەڵام تاوەکو ئاستێک بەشداری ئەو پلانەى کۆماری تورکیا نەبووە، بەڵام ناتوانێت هەڵوێستێکیش بگرێتەبەر کە ئەو پلانە ئاستەنگ بکات، بەڵام لەلایەکی ترەوە دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەى رەوایی بە هێرشەکانی خۆی بدات، رۆڵێکی گەورەی لە بابەتی پاکتاوکردنی پەکەکەدا بە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) داوە. پەدەکەش ئەوە نیشان دەدات، کە ئەو رۆڵە گەورەیەی لە ئەستۆ گرتووە. بە قسەى خۆیان دەیانەوێت ئەو شوێنانەى داگیریان کردوون بەرفراوانیان بکەن. هەر خۆی ئەوە دیارە، ئەگەر ئێمە بڵێین، لە مێژوویەکی نزیکدا لە باشوور لەگەڵ کۆماری تورکیا و پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)، کە هاوکاریی دەوڵەتی تورک دەکات، شەڕێکی گەورە روودەدات، بە هەڵەدا نەچووین.
'پەیوەندیی تورکیا لەگەڵ وڵاتە رۆژئاواییەکاندا پچڕاوە'
بایک باسی پەیوەندیی تورکیای لەگەڵ ئەمریکا کرد و وتی، "ئەگەر مرۆڤ بەپێی دۆخەکە و کاتەکە لێکدانەوەى بۆ پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا بکات، کە نوێنەرایەتیی وڵاتانی رۆژئاوایی دەکەن لەگەڵ تورکیادا، پەیوەندییەکی پڕ لە کێشەیە. ئەوەى لە هەموو کەس زیاتر ورە و بوێری بە کار و کردارە پاکتاوکارییەکانی کۆماری تورکیای فاشیست دەدات، رەفتار و نزیکایەتیی یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکایە. یانی پەیوەندیی یەکێتیی ئەوروپا وئەمریکا بۆ مافی گەل، مافە دیموکراتیک و بەها دیموکراسییەکان و... هتد لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی سیاسی، سەربازی و ئابوورییە. ئەوەش بە مانای ئەوەیە دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە لە تورکیا درێژە بە فاشیزم و لە کوردستان درێژە بە پاکتاوکردن دەدات. بە پێچەوانەى ئەوەوە دەبێت، مافی مرۆڤی گەردوونی، ئازادی و مافە دیموکراتیکەکان نەبنە قوربانیی هیچ بەرژەوەندییەک. هەرچەند هەندێکجار یەکێتیی ئەوروپا لەو بوارەدا رەخنە لە تورکیا دەگرێت و دەسەڵاتی ئێستای تورکیا بە 'ئۆتۆکراسی' پێناسە دەکات، بەڵام بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە هیچ کارێکی بەرچاوی ئەنجامنەداوە.
'رەخنە لە کۆماری تورکیا دەگرێت، بەڵام کاتێک بابەتەکە دەبێتە بابەتی کورد بێدەنگەى لێدەکەن'
دەبێت یەکێتیی ئەوروپا بەو ئەندازەیەى لە ناوخۆی خۆیدا بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ هەستیارە، بەو ئەندازەیەش هەستیاری بۆ کوردستان نیشان بدات. ئەنجوومەنی ئەوروپا، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و کۆمیتەى دژ بە ئەشکەنجە (سی پی تی) لە بابەتی هێرشە پاکتاوکارییەکانی کۆماری تورکیا بۆ سەر کوردان لە کورتییان داوە و تەنانەت بڕیارەکانی خۆشیان لەو بارەیەوە جێبەجێ نەکردووە. لە دژی کۆماری تورکیا بڕیاریان داوە، بەڵام هیچ سزایەکی نادەن. تەنانەت لە زۆر بابەتدا رەخنە لە کۆماری تورکیا دەگرن، بەڵام کاتێک بابەت دەبێتە بابەتی کورد و هەبوونی کورد، ئەوان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و چڕ یارمەتیی کۆماری تورکیا دەدەن و پشتیوانیی لێدەکەن. لەبەر ئەوەش چاوپێکەوتنی وەزیری دەرەوەى تورک لەگەڵ وەزیری دەرەوەى ئەڵمانیا لە پێش هەموو شتێکەوە لەسەر کورد بوو و هەروەها لەلایەن هەموو پێکهاتە دیموکراتیکەکانەوە گومان و نیگەرانی لەسەر ئەو چاوپێکەوتنە هەیە".
بایک سەرنجی خستە سەر پشتیوانیی رای گشتیی دیموکراتیک و وتی، "بۆ ئێمە لە نزیکاتیی دەوڵەتەکان زیاتر نزیکایەتیی گەلانی ئەوروپا و ئەمریکا و راگشتیی گرنگە. هەڵوێستەکانی رای گشتی لەو وڵاتاندا تاوەکو ئاستێکی دیار کاریگەریی لەسەر سیاسەت و هەڵوێستی دەوڵەتەکان هەیە. بۆ ئەوەش زیاتر پشتیوانی رای گشتیی دیموکراتیک و گەلان بۆ ئێمە گرنگە. پەیوەندیی گەلان و پێکهاتە دیموکراتیکەکان دەریدەخەن، کە پەیوەندییەکان ستراتیژین و بەپێی ئەوە دەجوڵێنەوە".
'بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی فاشیست – پاکتاوکار، پشتیوان و یارمەتیدەر بن'
بایک باسی ئەوەیکرد، "ئەو عەقڵییەتە پاکتاوکار – فاشیستە نە ریفۆرمی پێدەکرێت و نە دەستوورێکی بنەڕەتیی دیموکراتیکیش ئامادە دەکات. دەسەڵاتێک، کە لە دەرەوەیى خۆی هەموو کەس بە "تیرۆریست" و دوژمن دەزانێت و پاکتاویان دەکات، کۆمەڵگە پارچەپارچە دەکات، جیاکاری دەکات، لە تورکیا و لە دەرەوە جگە لە فرمێسک، ئێش و زوڵم هیچی نییە و هیچی پێناکرێت. بۆ ئەوەش دەبێت گۆڕانکارییەک رووبدات و ئەوەى دەبێت بگۆڕدرێت ئەو دەسەڵاتە فاشیستییە، کە لە پێش هەموو شتێکەوە بۆ کوردان و تورکیا و هەموو گەلان بووەتە مەترسی. دەبێت ئەو دەسەڵاتە فاشیستە – پاکتاوکەرە بڕوات. ئەگەر شتێک بۆ کوردستان و تورکیا دەکەن، دەبێت پشتیوانی لە کار و تاوان و سزاکانی ئەو دەسەڵاتە فاشیستە – پاکتاوکارە نەکەن تاوەکو رۆیشتنی خێراتر بکرێت. پشتیوانی لە تێکۆشانی هەبوون لە کوردستان و دیموکراسی لە تورکیا بکەن، بۆ رۆیشتنی ئەو دەسەڵاتە پاکتاوکار و فاشیستە پشتوانیی پێویست ئەنجام بدەن".
ف.ق / ژ.ت