بەبۆنەی ١ی ئایار، پارت و ڕێکخراوە چەپەکانی کەرکوک ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا

ژمارەیەک لە پارت، ڕێکخراو و کەسایەتی چەپی شاری کەرکوک، بە بۆنەی ١ی ئایار بۆ داکۆکی لەمافی چینی کرێکاران ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا و پاشان گردبوونەوەیەکیان سازکرد.

ئەمرۆ پێنج-شەممە بەبۆنەی نزیکبوونەوەی رۆژی ١ی ئایار کە دەکاتە رۆژی جیهانی کرێکاران، لە فلکەی پارێزگای کەرکوک، لە باشوری کوردستان، ٧ پارتی سیاسی و ٢ سەندیگا و ژمارەیەک لە ڕێکخراو و کەسایەتی چەپی شارەکە، چالاکییەکیان ڕێکخست بۆ جەختکردنەوە لەمافی چینی هەژار و کرێکار.

ئەو لایەنانەی کە بەشداری چالاکییەکە بوون بریتیبوون لە ( حزبی شیوعی کوردستان و عێراق، حزبی شیوعی کرێکارانی کوردستان، تەفگەری ئازادی کۆمەلگای کوردستان حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان،، بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان، هاوپەیمانی نشتیمانی و ڕەوتی دیمکراتی) هەروەها هەریەک لە (ڕێکخراوی ئازادی ژنان لە عێڕاق، ڕێکخراوی بیمە، یەکێتی سەندیگای رێکارانی پارێزگای کەرکوک، یەکێتی ئەنجومەن و سەندیگا کرێکارەکانی عێراق و چەند کەسایەتی چەپی شارەکە) بەشداری چالاکییەکەبوون.

سەرەتا چالاکییەکە بە ڕێپێوان و ووتنەوەی دروشمەکانی وەکو( ئێمە چینی کرێکاری دژی ستەمکارین) دەستی پێکر لە شارەوانی کەرکوکەوە تا فلکەی پارێزگای کەرکوک، پاشن لە فلکەی پاریزگای کەرکوک ئامادەبووانی چالاکییەکە کۆبنەوە و یاداشتنامەیەکیان ئاڕاستەی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و پارێزگاری کەرکوک کرد،

بەختیار محەمەد چالاکوانی مەدەنی و رۆژنامەنووس، بەناوی ئامادەبووانی چالاکییەکەوە یاداشتنامەیەکی خویندەوە و ووتی: "بەبۆنەی رۆژی جیهانی کرێکاران پیرۆزبایی ئاڕاستەی چینی کرێکار لە تەواوی جیهان و عێراق بەگشتی و بەتایبەتی لە کەرکوک دەکەین، لێرەوە بۆ داکۆکی کردن لە مافی چینی کرێکار یاداشتنامەیەک ئاڕاستەی هەر سێ سەرۆکایەتی عێراق و پارێزگاری کەرکوک دەکەین، بۆ ڕێگری لە قەیرانی زیاتری بێ چارەسەر و بەردەوامی ستەم و نادادیی و گەندەڵی بەجۆرێک دەرئەنجامەکەی کارەسات بار بێت، ئەم خاڵانەی خوارەوە وەکو داواکاری دەخەینە ڕوو:-

یەکەم/ هەڵوەشانەوەی بڕیاری ژمارەی ١٥٠ی ساڵی ١٩٨٧ی ئەنجومەنی شۆرشی هەڵوەشاوە، وە دەستبەسەرکردنی فرەیی و ئازادی کاری سەندیگایی و بەپی بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکاری عێراقی، دەرچوونی یاسایی نوێ عیراقی لەبەرژەوەندی چینی کرێکار و زەحمەتکێش.

دووەم/ هەموارکردنەوەی ژمارەی ٣٩ ساڵی ١٩٧١، یاسای خانەنشینی و بێمەی کرێکار کە گونجاوبێت لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتیەکان .

سێ-یەم/ دەستبەرکردنی ئازادی کار و ڕێکخستنی سەندیگایی لە عێراق.

چوارەم/ یەکسانی هەلی کار و کرێ کار لەنێوان ژنان و پیاواندا.

پێنجەم/ کەمکردنەوە و رێکخستنەوەی باج لەسەر شانی هاووڵاتیان بەتایبەت توێژە کەم دەرامەتەکان بەپی یاسایەک کە لەگەڵ دۆخی خەڵکی بگونجێت.

شەشەم/ کارکردن بۆ بەگەرخستنەوەی کارگە بەکخستووەکان لەکەرتی گشتی.

حەوتەم/ کارکردن بۆ درچوونی یاسایەک کە ببێتە لەنابردنی ئەو گەندەڵییەی کە زۆربەی دەزگاکانی دەوڵەتی عیراقی گرتۆتەوە.

هەشتەم/ کارکردن هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو یاسا بەرکارانەی کە یارمەتیدەرە بۆ بەردەوامی گەندەڵی و نادادی کۆمەڵایەتی.

نۆیەم/ ڕەخساندنی دۆخی کاری یەکسان بۆ هەمووان بێ جیاوازی.

دەیەم/ هەموارکردنەوەی یاسای ژماەی ٣٧ی ساڵی ٢٠١٥ لەبەرژەوەندی کرێکاران، وە کارپێکردنەوەی یاسای ژمارە ٨٧ی ساڵی ٢٠١٧.

ف.ق