بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە سەردانی گڵکۆی شەهیدان کرا لە کەرکوک

لە کەرکوک بەبۆنەی هاتنی جەژنی قوربان، ئەنجوومەنی کەرکوکی تەفگەری ئازادی، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (ڕەژاک) و گەنجانی ووڵاتپارێز سەردانێکیان ڕێکخست بۆسەر گڵکۆی شەهیدان.

بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە وەکو نەریتێکی کۆمەڵایەتی و ئاینی کۆمەڵگای باشوری کوردستان و کۆمەڵگای ئیسلامی کە خەلکی سەردانی گۆرستان دەکەن بۆ بەسەرکردنەوە کەسوکار و ئازیزانیان، ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەفگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان و ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان(ڕەژاک) و کۆمەڵەی گەنجانی ووڵاتپارێزی کوردستان، لە کەرکوک وەکو خاوەنداری کردن لە شەهیدانی ڕێگای ئازادی سەردانی گڵکۆی شەهیدانی کەرکوکیان کرد.

جێگای باسە لە سەردانەکەیاندا بۆسەر گڵکۆی شەهیدانی کەرکوک یادی هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستانیان کردەوە و داوایانکرد، کە یەکێتی گەلی کورد دروستبکرێت، هەروەها پەیمانیان دووپات کردەوە کە بەردەوام بن لە خەبات و تێکۆشان لەسەر ڕێبازی ئەو شەهیدانە.

عومەر حاجی حوسێن ئەندامی ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەفگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان سەبارەت بەسەردانەکەیان بۆسەر گڵکۆی شەهیدان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: "سەرەتا ئێمە وەکو ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەفگەری ئازادی و ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (ڕەژاک) و گەنجانی ووڵاتپارێزی کوردستان لێرەوە سەری رێز و نەوازش دادەنوێنین بۆ تەواوی شەهیدانی سەربەرزی ڕێگای ئازادی و ڕیگای مرۆڤایەتی".

سەبارەت بەدۆخی گەلی کور لە هەل و مەرجی ئیستادا عومەر حاجی حوسێن ووتی: "دوژمنان هێرشەکانیان بەرامبەر هێڵی ئازادی گەلی کورد چڕکردۆتەوە و بەردەوام لە پیلانگێرین دژ بە گەلی کورد، لە بەرامبەریشدا هێڵی ئازادی و بزوتنەوەی مرۆڤایەتی لە بەرگرییەکەی سەختدایە بۆ بە ئەنجام گەیاندنی هێڵی ئازادی گەلان، دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە ڕێبەر ئاپۆ و گەریلاکانی سەر چیا سەربەرزەکانی کوردستان و تەواوی گەلی کورد پیرۆز دەکەین".

هەروەها سەبارەت بە دۆخی باشوری کوردستان و بەتایبەتی کەرکوک ناوبراو ووتی: "جێگای نێگەرانیە کە لە باشور بە گشتی و لە کەرکوک بە تایبەتی لەبری چارسەری کێشەکان و بەرەوپێش بردنی پێکەوەژیان بەداخەوە عەقڵیەتی ناسیۆنالزمی نەتەوەیی و ڕەگەز پەرستی بەسەر گەلەکەمان پێشدەکەون و ئەمەش جێگای ڕەخنەیە، وە تەنها ڕێگە بۆ بە ئاسوودە ژیان کردنی گەلانی عیراق پێکەوەژیانێکی دیموکراتیانەیە".

لە کۆتایدا عومەر حاجی حوسێن ووتی: "لەچواچێوەی پێکەوەژیانێکی دیموکراتیانە پێویستە وەڵامی دەست تێوەردانە دەرکییەکان بدەینەوە، پێویستە گەلی کورد لەچواچێوەی یەکێتیەکی دیموکراتی و نەتەوەیی خۆی ڕیکبخاتەوە، وە هیوادارین بەزووترین کات ئەمە بێتەدی لەپێناو بەئازادی ژیان کردنی تەواوی گەلانی ناوچەکە".