بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ڕەژاک لە کەرکوک گردبوونەوەیەکی ئەنجامدا

بەدروشمی(کات کاتی پاراستنی ژنان و کۆمەڵگایە)، ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان (ڕژاک) لە کەرکوک گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.

ئێوارەی ئەمرۆ لە باخچەی (مامە ریشە)، لە گەرەکی شۆرجەی شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لەژێر دروشمی (کات کاتی پاراستنی ژنان و کۆمەڵگایە)، ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان (ڕەژاک) هەستا بە ئەنجامدانی گردبوونەوەیەکی جەماوەری بۆ یادکردنەوەی ئەو رۆژە.

لە گردبوونەوەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنانی کەرکوک و ژمارەیەک ئەندامانی ڕێکخراوەکانی بواری ژنان لە شاری کەرکوک بەشداری گردبوونەوەکە بوون.

دەقی بەیاننامەکەی ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان(ڕەژاک) لەلایەن مامۆستا دلڤان ئەکرەم خوێندرایەوە و لە سەرەتادا ناوبراو بەردوشمی" دژی تووند و تیژی لەسەر ژنان،پێداگردەبین لەتێکۆشانمان" و "ژنی بەهێزو هۆشیار لەپێناو ئازادیدا تێدەکۆشێت"، دەستی بە چالاکییەکە کرد.

پاشان مامۆستا دلڤان ئەکرەم دەستی بەخوێندنەوەی بەیاننامەکەی ڕێکخراوەکە کرد و وتی: "هەمووان دەزانین کە زهنیەتی تووندوتیژی بەرامبەر ژنان تووندوتیژییە بۆسەر تەواوی کۆمەڵگە، چونکە ژن چینی هەرە گرنگ و بەکاریگەری ناو کۆمەڵگە و ژیانە.

هەتاکو ئێستا پرسی ژن دەستنیشان نەکراوە لەلایەن سیستەم ولایەنە پەیوەندیدارەکانی بوارەکە، بۆئەوەی ڕەوایەتی بدەن بەتوندوتیژییەکانی سەر ژنان. هەمیشە وتراوە و دەڵێن لە بایۆلۆژی پیاودا تووند و تیژی هەیەو سروشتیە، دەبێت ژن نەرم بێت و خۆڕاگربێت و هەموو نەهامەتیەکان قبوڵ بکات، لێدان وکوشتنیش، چونکە نامووسە، وە لەژێر ناوی نامووس و موڵکداریدا ژنان ستەمیان لێدەکرێت و دەکوژرێن وەکو کاڵا و موڵک تەماشادەکرێن، و نکۆڵی لە هێزی ژن دەکرێت، سەرەڕای ئەو ڕۆڵ و مێژووە نەنووسراوەی ژن هەی بووە بە درێژایی مێژوو."

 هەروەها لە درێژەی بەیاننامەکەدا مامۆستا دلڤان ئەکرەم وتیشی: " پرسی ژن بە سەرەکی و گرنگ نابینرێت ئەو تووندوتیژییە دروستکراوەی زهنیەتێکی ڕەگەزگەراییە کە خۆسەپێنە و نکۆڵی کارە، لەکاتێکدا لەکۆمەڵگەی سروشتیدا ژن کۆمەڵکەی بەڕێوە بردوە و پێکەوەژیان هەبووە، لەدوای دروستبوونی ئەو زهنیەتەوە تا ئەمڕۆ ژن دەچەوسێنرێتەوە".

پاشان باس لە میژووی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و کۆمەڵکوژییەکان لەدژی کورد کرا و دلڤان ئەکرەم وتی: " لە هەر بارودۆخێکدا ژن قوربانی سەرەکیە، لەجەگەکاندا ،لەداگیرکاریەکاندا کە لەجیهان و کوردستان ڕویان داوە،نمونەش (خووشکانی میرابەل کە بەدڕندەترین شێوە کۆمەڵکوژکران پاش ئەوەی دەستدرێژی کرایە سەریان لەلایەن سەربازانەوە و بووە هۆی ئەوەی کەڕۆژی 25ی تشرینی دووەم بکرێت بە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی لەسەر ژنان)

لە کۆمەڵکوژی دێرسیم، کیمیابارانی هەڵەبجە، ئەنفالەکان وشنگال، ڕۆژئاوای کوردستان و زۆری تریش ژنان تێدا قوربانی بوون، ژنان هەمیشە ڕۆڵی پێشەنگ و ئەرێنیان هەبووە و هەیە. لەتێکۆشان بۆ ئازادی وئاشتی ،ب ەدەر لەدایکایەتی وئەرکەکانی تر".

لە درێژەی بەیاننامەکەدا باس لە خراپی باردۆخی هەرێمی کوردستان و قوربانی بوونی دایکان و ژنان بە دەستی سیاسەتی هەڵەی حکومەت کرا کە تیدا هاتبوو: "هەر وەکو هەمووان ئاگادارین لەو کۆچە کۆڕەوەی باشوری کوردستان کە ڕوویان کردۆتە سنورەکانی وڵاتانی ئەوروپا دیسان ژنان قوربانین و ژنانی نەخۆش و دووگیان زیان مەند بوون، و دایکانیش کە بەلەدەستدانی ڕۆڵەکانیان ئازار دەچێژن، ئەوانە هەمووی دەکەونە چوارچێوەی تووندوتیژیەوە، چونکە ژیانێکی ئارام وسەقامگیر نیە، بەهۆی ئاڵۆزی و چەقبەستوویی بارودۆخی سیاسی، ئابووری، بێ گوزەرانی و پەروەردەییەوە.

تووندوتیژی لەسەرژنان بنەمای خۆی لەزهنیەتی نامووس پەرستیەوە دێت و کەمی هۆشیاری لەسەر مێژوو و فەلسەفی و نەناسینی مێژووی نەنوسراوی ژنەوە سەرچاوە دەگرێت و شیکاری زانستی بۆنەکراوە، و ژن دەکرێنە بوکەڵە وکاڵا بۆ بەرژەوەندیە حیزبی وسیاسی، ئابوریەکان بەکاردێن، ئەگەر بەوجۆرە شیکاری بۆ ژن نەکەین و چارەسەریەکی بناخەیی بۆدانەنێین ئەوا ناتوانین دۆخەکە بگۆڕین.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتبوو: " ئەو دۆخەی ژنی تێدایە بە زهنیەتی ژنناسی  تێدەپەڕێت و دەبێتە هەوێنی چارەسەری بۆ هەموو پرسەکانی تر. پێویستە ئێمەی ژنان و ڕێکخراوەکان بەهۆشیاری و بەرپرسیارانە کار لەسەر دۆخی ژنان بکەین و بە ئەرکە سەرەکییەکەمان هەستین. بەیەکڕیزی وچارەسەریانە، هەموو ڕۆژێک بکەین بە تێکۆشان و بەرەنگاری هەموو تووندوتیژییەکان بینەوە کە بەرامبەر خەڵک و بە تایبەت ژنان دەکرێت، کە ژنان دەکوژن، دەسوتێنن ودەڵێن خۆی کوشت، لەشوێنی ژن کوشتن پێویستە ئەو زهنیەتەی کە ژن کوژیە بکوژرێت کە لە ژێر بیانوی بێ بنەما ژن دەکوژن."

لە کۆتایی بەیانامەکەدا مامۆستا دلڤان ئەکرەم بەرپرسی کەرکوکی ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان (ڕەژاک)، وتی: " نەمری بۆ خوشکانی میرابەل وهەموو ژنانی تێکۆشەرو ئازادیخواز".

پاش خوێندنەوەی بەیاننامەکەی (ڕەژاک) لەلایەن مامۆستا دلڤان ئەکرەمەوە، بە وتنەوەی دروشمەکانی (بژی ژنانی ئاشتیخواز، بژی ژنانی پێشەنگ و خاکپارێز، بمرێت هەموو تووندوتیژی و ژن کوشتنێک) کۆتایی بە گردبوونەوەکە هات.

ف.ق