بەهۆی بۆردوومانی دەوڵەتی تورکەوە لە ٥ گوند ئاگر کەوتەوە

ئەندامی سی پی تی کامەران عوسمان ڕایگەیاند بەهۆی بۆردوومانی ئەمڕۆی دەوڵەتی تورکەوە، لە دەڤەری بەرواری باڵا لە ٥ گوند ئاگر کەوتووەتەوە و دانیشتووانی گوندێک گیریان خواردووە.

ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی، کامەران عوسمان ڕایگەیاند بەهۆی بەردەوامی شەڕ و بۆردوومانی چڕی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپبارانەکانی دەوڵەتی تورک لە دەڤەری بەرواری باڵا، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، ئاگر گەیشتووەتە ناو گوندەکانی مێرگا قەسرێ و گرێ سۆر و ئەلکیشکێ و جمبلکێ و بێلیزانێ.

کامەران عوسمان ڕایگەیاند لە گوندی ئەلکیشکێ ئاگر گەیشتووەتە ناو ماڵی گوندنشینان و باخ و بێستانی جوتیارەکان و گۆڕستانی گوندەکە، بەهۆی بڵێسەی ئاگرەکەوە، شەقامی سەرەکی بۆ چوونە ژوورەوە یاخود هاتنە دەرەوە لە ناو گوندەکە داخراوە، گوتی: " ژمارەیەک لە گوندنشینان توانیویانە خۆیان دەرباز بکەن و لە گوندەکە بێنە دەرەوە، بەڵام لە ئێستادا ١٩ خێزانی ناو گوندەکە گیریان خواردووە و داوای بە هاناوەچوون دەکەن بۆ دەربازکردنیان."

کامەران عوسمان ئاشکرای کرد بەگوێرەی ئەوەی دەخەمەڵێنرێت، بەهۆی ئاگرەکەی ئەمڕۆوە نزیکەی ٢ هەزار و ٤٠٠ دۆنم زەوی سووتاوە.