بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە ٣٦٦ هاووڵاتی مەدەنی لە باشووری کوردستان بوونەتە قوربانی

بەهۆی هێرشە ڕاستەوخۆکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، تەنیا لە ماوەی هەشت ساڵدا لە باشوری کوردستان ٣٦٦ هاووڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانی، ١٥٨ گوندیش چۆڵکراون.

دەوڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠١٥ەوە کۆنسێپتێکی نوێی جینۆساید و قڕکردنی دژی گەلی کورد و بزوتنەوەی ئازادی گەلی کورد دەستپێکردووە کە وەک کۆنسێپتی "چۆکپێدادان" ناسراوە و لەو چوارچێوەدا هاوکات لە سێ پارچەی باکوور، باشوورر و رۆژئاوای کوردستان هێرشەکانی چڕکردووەتەوە و خەڵکانی مەدەنی قوربانی سەرەکی ئەو هێرشانەن.

یەک لەو شوێنانەی هێرش و داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورکی تێدا بە بەردەوامی ئەنجامدراوە، باشووری کوردستانە و لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا دەیان جار لە ناوچە جیاجیاکانی ئەم بەشەی کوردستان هاووڵاتیانی مەدەنی و ناوچە نیشتەجێبوونەکان کراونەتە ئامانجی پەلامارەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر.

بەپی ئامارێک کە لقی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی  سی پی تی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ناردوە، بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە باشوری کوردستان لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوو ٣٦٦ هاووڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانی.

لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٥ وە تا ئیستا ١٤٧هاووڵاتی مەدەنی بەهۆی بۆردوومەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە باشوری کوردستان شەهید بوون، ٢١٩ هاووڵاتی دیکەش بریندار بوون.

هاوکات هەر بەهۆی هێرشەکانەوە ژمارەیەکی زۆری گوند و دیهاتەکانی کوردستان زیانیان پێگەیشتوە و بۆردوومانکراون، بەپێی هەمان سەرچاوە بەهۆی ئەو هێرشانەوە لە مانگی ئابی ٢٠١٥ەوە تا ئیستا ١٥٨ گوند چۆڵکراوە.

بەهۆی چڕی بۆردوومانەکان و ڕاستەوخۆ بە ئامانجگرتنی هاووڵاتیانی مەدەنی لە لایەن دەەوڵی تورکی داگیرکەرەوە، تا ئیستادا ٦٠٠ گوندی ناوچە سنووریەکان هەرشەری چۆڵکردنیان لەسەرە.

خاڵی جێگەی راوەستە لەسەرکردن ئەوەیە کە سەرباری ئەو کۆمەڵکوژیانە و قەبارەی زۆری زیانە گیانی و مادییەکان، حکومەتەکانی هەرێمی باشووری کوردستان، عێراق و رێکخراوە و لایەنە نێونەتەوەییەکان لەبەرامبەر ئەو تاوانە جەنگیانەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بێدەنگن.

هـ . ب