"بەهۆی سیاسەتی هەڵەی دەسەڵاتی کوردی، دوای ٣١ساڵ کەرکوک داگیرکرایەوە"

ڕابەر ڕەشید نووسەر و پێشمەرگەی دێرین، دەلێت: " دوای ٣١ساڵ لە ئازادکردنی کەرکوک جارێکی دیکە لەلایەن سوپای عێراقەوە داگیر کرایەوە، داگیرکردنی کەرکوکیش بەهۆی ناکۆکی هێزە کوردییەکان بوو لە کەرکوک".

ڕابەر ڕەشید نووسەر و پێشمەرگەی دێرین و کەسایەتی رۆشنبیری دیاری شاری کەرکوک، کە بەشداری لە پرۆسەی ئازادکردنی شاری کەرکوک کردووە لە ڕاپەرینی ١٩٩١،  لە ٣١هەمین ساڵیادی ڕاپەرینی گەلی باشوری کوردستان و ئازادکردنی کەرکوک بە تەواوەتی لە رۆژی نەورۆزی ساڵی ١٩٩١دا، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەل ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)، باسی لە رووداوەکانی قۆناغی ئامادەکاری بۆ ڕاپەرین و ئازادکردنی کەرکوک، هێرشی رژێمی بەعس بۆسەر کەرکوک و باشوری کوردستان، دروستبوونی کۆڕەوە مەزنەکەی خەڵکی باشوری کوردستان، دۆخی سیاسی کەرکوک لەسایەی حکومەتی کوردییەوە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و دۆخی ئیستای کوردان دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ و چەند پرسێکی دیکە، کرد.

بەداخەوە بەشێکی سەرکردەکانیش پێشبرکێیان دەکرد تا بڕۆن بۆ هەندەران

سەبارەت بە سەردەمی ڕوودانی ڕاپەرینی هاوڵاتیانی باشوری کوردستان دژی سیستەمی رژێمی بەعس، ڕابەر ڕەشید نووسەر و پێشمەرگەی دێرین، بەم شیوەیە باسی لە قۆناغی ڕاپەرینی باشوری کوردستان کرد: " لە ڕاپەرین لە قۆناغێکی زۆر تەمومژاوی لەنێو بزوتنەوەی رزگاری خوازی گەلی کوردستان ڕوویدا، لە کاتێکدا کە بزوتنەوەی چەکداری لە پاشەکشە و هەرسێکدا بوو لەدوای ڕوودانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال، لە دوای ساڵی ١٩٨٨ بەشێکی زۆری هێزەکان چوونە دیوی ئێران و بەشێکیش بەناچاری خۆیان ڕادەستی رژێم کرد، چونکە توانای ژیانکردنیان نەمابوو، بەداخەوە بەشێکی سەرکردەکانیش پێشبرکێیان دەکرد تا بڕۆن بۆ هەندەران و واز لە شۆرش بهێنن، لەکاتی ئەم ڕووداوانە رژێمی سەدام حوسێن لە ٢ی ئابی ساڵی ١٩٩٠ هێرشی کردە سەر کوەیت داگیری کرد، ئەمەش وایکرد وەچەرخانێکی زۆر هەستیار لەناوچەکەدا ڕووبدات، پاش ئەم ڕووداوانە هێزەکانی پێشمەرگە خۆیان کۆکردەوە تا بەهاری ساڵی ١٩٩١" .

بۆ ئەوەی هاوکاری پێشمەرگە نەکەن، بەعس گەنجان و پیاوانی کەرکوکی دەستگیرکردبوو

هەروەها سەبارەت بەو شەڕەی کە خۆی بەشدار بوو تیدا، ڕابەر ڕەشید وتی: " من کاتی ڕاپەرین لە میحوەرەی پردێ بووم لە شاری کەرکوک، چەند پێشمەرگەیەکی دێرین بەهاوکاری گەنجان و هاوڵاتیانی دڵسۆزی شاروچکەی پردێ، کاتژمێر ٦ لە رۆژی ١١ی ئادار شارۆچکەی پردی ئازادکرا، دوای ئازادکردنی پردێ، لە رۆژانی ١٨، ١٩ و ٢٠ی ئادار هەوڵدرا هێزەکانی پێشمەرگە بەرەو کەرکوک ئاڕاستە بکرێن، بەڵام بەهۆی تۆکمە نەبوونی ڕیزەکانی و بەرگری کردنێکی سەختی سوپای بەعس، شەهیدێکی زۆرمان دا، لە شەوی ١٩لەسەر ٢٠ ئادار، کە سەرەتا لە میحوەری لای ڕەحیماوەوە هاتنە ژورەوە و گەرەکی ڕەحیماوەیان ئازادکرد، لەکاتی ئەم ڕووداوانە عەلی حەسەن مەجید ناسراو( بەعەلی کیمیایی)، گەنجان و پیاوانی شارەکەی دەستگیرکردبوو بۆ ئەوەی نەتوانن هاوکاری پێشمەرگە بکەن، ، لەم کاتەدا بەرەی کوردستانی لە ئارادابوو، کە تەواوی هێز و لایەنەکان بەشداربوون لە پرۆسەکدا" .

شەهید عادل رۆژهەڵاتی، لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتبوو بۆ رزگارکردنی کەرکوک

لە رۆژی ١٩ لەسەر ٢٠ی ئادار لە گەرەکی ڕەحیماوە چەند شەهێدێکمان دا لەنێو ئەو شەهیدانە شەهیدێکی رۆژهەڵاتی هەبوو کە لەگەڵ هاوڕێیانی حزبی شیوعی هاتبوو بۆ رزگارکردنی کەرکوک، ئەو شەهیدە رۆژهەڵاتییە ناوی شەهید عادل رۆژهەڵاتی بوو ڕەوانی شاد، ئەو پێشمەرگانەی لە میحوەری ڕەحیماوە هاتوونەتە ناو کەرکوکەوە باس لەوە دەکەن لە دەنگی هەڵهەڵەی دایکان و خوشکان گریاون، لەو کاتەشدا کە پیاوان و گەنجانی کەرکوک دەستگیرکرابوون، ژنانی کەرکوک ڕێ نیشاندەری پێشمەرگەبوون تا هێرش بکەنە سەر دامودەزگاکانی حکومەتی بەعس، تا کۆتایی کەرکوک بەتەواوی ئازاد نەکرا چونکە لە (سەربازگەی خالید) هێزە عێراقییەکان شەریان دەکرد و شەهیدێکی زۆرماندا لە سەربازگەی خالید، بەڵام دەتوانین بلین بۆ یەکەمجار لە مێژووی شۆرشی کوردیدا ئازادکرا."

لەسەرتای ڕاپەرینەوە هەستمان کرد کە ڕاپەرین ئایندەیەکی ڕووناکی نابێت

 دەربارەی کۆنترۆڵکردنەوەی کەرکوک و ڕوودانی کۆڕەوە مەزنەکەی خەڵکی باشوری کوردستان، ئەو نووسەر و پێشمەرگە دێرینە وتی: "پلانی ئازادکردنی کەرکوک لە پردیوە دارێژرا، بەڵام بەداخەوە لەسەرتای ڕاپەرینەوە ئێمە وەکو خەڵکێکی خاوەن نیمچە ئەزموون هەستمان دەکرد کە ڕاپەرین ئایندەیەکی ڕووناکی نابێت لەبەر ئەوەی هەر هێزێک بۆخۆی دەستکەوتی کۆدەکردەوە وەکو کۆکردنەوەی ئۆتۆمبێل و کەلوپەل و جۆرەها شتی دیکە کە ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی پاشا گەردانی، ئەم پاشا گەردانیە تا رۆژی ٢٨ی مانگ بەردەوام بوو، پاشان دوای ئەوەی رژێمی بەعس بە سەرکردایەتی سەدام حوسێن، شۆرشی باشوری عێراقی شکستپێهێنا، هێزەکانی کۆکردنەوە و هێزێکی بەرچەدانەوە بەرەو کەرکوک بەڕێکەوتن، هێزەکانی پێشمەرگەش بەناچاری پاشەکشەیان کرد، بەداخەوە زەرە و زیانێکی زۆر بەر خەلکی کەرکوک کەوت. پاشان کۆڕەوەی خەڵکی باشوری کوردستان دروستبوو، هیزە نێودەوڵەتییەکان هاتنە ناو گۆڕەپانەوە و هێڵی ٣٦یان دروست کرد کە بۆ پاراستنی باشوری کوردستان بوو".

هەروەها سەبارەت بەگۆڕانی ئەو ئامانجانەی کە خەڵکی و پێشمەرگە ڕاپەری لە پێناویدا، ئەو پێشمەرگە دێرینە دەڵێت: " پاشان دروستکردنی هێلێکی لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوا، پەرلەمان و حکومەتی کوردستان دروستبوو، بەڵام ئەو پەرلەمان و حکومەتەی دروستبوو ئەوە نەبوو کە خەڵک و پێشمەرگە لەپێناویدا ڕاپەری، چونکە خەڵکی ڕاپەرینی نەکرد لەپێناو ئەوەی دوو بنەماڵە بێنە سەر حوکم و تەواوی جومگە هەستیارەکانی ژیان بۆخۆیان قۆرخ بکەنەوە و تەواوی سامان و ژێرخانی وڵات بە تاڵان ببەن، کایەکانی کۆمەڵگایان بەشێوەیەک بەلاریدا بردووە کە شیرازەی خێزان و پەروەردە و فێرکردنیان تێکداو، ئەو پتەویی کۆمەڵگایەی کە لەئارادابوو زۆر قورسە دووبارە کۆبکرێتەوە، بۆیە دەبینین لە ئیستادا ئەو خەڵکەی دەنگی بەو دەسەڵاتە داوە ، لەسەر شەقام ناڕەزایەتی دەردەبڕێ دژی ئەو دەسەڵات و پەرلەمانەی کە خۆی ٤ساڵ جارێک دەنگی پێدەدات" .

هێزە چەپەکان ئیستا خۆیان ڕادەستی دەسەڵات کردووە

سەبارەت بە پێویستی ڕاپەرێنێکی دیکە بۆ گەڕانەوەی دەسەڵات بۆسەر ئەو پرەنسیپانەی کە خەڵکی لەپێناویدا ڕاپەین، ئەو نووسەر و پێشمەرگە ئەوەی خستەڕوو: "لەئیستادا ڕاپەرینێکی هزری پێویستە چونکە ڕاپەرینی چەکداری ناکرێت، چونکە هێزی چەکداری بەدەست هەردوو بنەماڵەیە، دەکرێت بەپشت بەستن بە چەپەکانەوە شۆرشێکی هزری پەرپا بکرێت، بەڵام نەک ئەم هێزە چەپانەی ئیستا کە لەگۆرپانەکدا هەن ، چونکە ئەمانە هێزیکی چەپی مردوون کە خۆی ڕادەستی دەسەڵات کردووە، لەئیستادا هەندێک هێزی ئۆپۆزسیۆن هەیە کە چەند ساڵێک ناڕەزایەتی خەڵکی بەکاردەهێنن و پاشان دەچنە باوەشی دەسەڵاتەوە وەکو بزوتنەوەی گۆڕان کە جارێکی دیکە میللەت بێ هیوا دەکەنەوە، لەکۆتا هەڵبژاردنیشدا چارەنووسی بزوتنەوەی گۆڕانمان بینی" .

بەهۆی سیاسەتی هەڵەوە کەرکوک دوای ٣١ساڵ داگیرکرایەوە

سەبارەت بە پەیامی خۆی وەکو پێشمەرگەیەکی دێرین و کەسایەتێکی رۆشنبیری شاری کەرکوک، ڕابەر ڕەشید وتی: "پەیامی من دوای ٣١ساڵ لە ئازادکردنی جارێکی دیکە لەلایەن سوپای عێراقەوە داگیر کراوە کە بەجۆرەها شیوە سوکایەتی بە هاوڵاتیانی کوردی شارەکە دەکرێت. ئەمەش هۆکاری خۆی هەیە، داگیرکردنی کەرکوکیش بەهۆی ناکۆکی هێزە کوردییەکان بوو لە کەرکوک ، هەندێک هێز هەبووە(پەدەکە) کە لەسەرەتاوە دەیویست کە دۆخی کەرکوک بەم رۆژە بگات کە باشترین بەڵگەش بۆ ئەوە ئەوەیە کە لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە هیچ هەوڵێکی جدی نەداوە بۆ وەرگرتنەوەی پارێزگاری کەرکوک و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، لەدوای ١٤ ساڵ کە کورد حاکمی ڕەهای کەرکوک بووە، ئیستاد کورد لە زۆربەی بەڕێوەبەرایەتیەکانی شارەکە دوورخراوەتەوە و عەرەب لەشوینی داندراوە. هۆکاری ئەمانەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە هەمان سیاسەتی هەڵەی هەرێمی کوردستان گواستەوە بۆ کەرکوک، کە تەواوی کایەکانی شارەکەیان دابەش کرد بوو حزبی دەسەڵات کە ئەم سیاسەتە هەڵەیەش چارەنووسی کەرکوکیان بەم رۆژە گەیاند" .

ئەم سیاسەتە تاسەر نابێت و خەڵکی ڕادەپەرێت دژی ئەم دەسەڵاتە

هەروەها لە کۆتایدا ڕابەر ڕەشید پێشمەرگەی دێرین، پەیامێکی ئاڕاستەی دەسەڵاتی کوردی کرد و وتی: "ئیستا وەکو پێشمەرگەیەکی دێرین لە پایەی ئەو هەموو خەبات و تێکۆشان و قوربانیەی داومانە لە ئیستادا مووچەی پێشمەرگەی دێرین مانگ و نێو بۆ دوو مانگ جارێک دابەش دەکرێت، هەروەها مامۆستا کە بنەغەی بنیادنانی تاکی کوردییە و دەبینین بارودۆخی مامۆستایان چۆنە، کایەکانی دیکەی ژیانیش لەسایەی دەسەڵاتی ئیستای هەرێمی کوردستان هەمان بارودۆخی هەیە، هەموو ئەمانە مایەی نیگەرانین. دڵنیاشین کە ئەم سیاسەتە تاسەر نیە، ئەو هێزانەی کە لەئیستادا لەخەمی گیرفان پڕکردنن، رۆژێک دێت خەڵکی لێیان ڕادەپەری وەکو سەدام حوسێن و رژێمەکەی فرێدەدرێتە زبڵدانی مێژووەوە" .

ف.ق