بنەماڵەی شەنیاشار داوای یەکگرتنیان لە دژی زوڵم کرد

بنەماڵەی شەنیاشار بەردەوامن لە بەرخۆدانیان بۆ هێنانەدیی دادپەروەری و رایانگەیاند، "دەبێت مرۆڤەکان یەکگرتوو بن تاوەکو کۆتایی بە زوڵم، ناهەقی و قەیرانەکان بهێنرێت".

دایە ئەمینە شەنیاشار، کە لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨ لە ناوچەی پرسوسی پارێزگای رحا لە باکووری کوردستان هاوسەرەکەی و دوو کوڕی لەلایەن پاسەوانان و کەسوکاری ئیبراهیم خەلیل یڵدز پەرلەمانتاری ئاکەپەوە کوژران، بەردەوامە لە چالاکیی ئێشکگریی بۆ هێنانەدیی دادپەروەری لە بەردەم دادگای رحا.

 چالاکیی ئێشکگرییەکەیان لە ڕۆژی ٢٥٧هەمیندایە. لەبەر ئەوەى کۆتایی هەفتەدا دادگا دادەخرێت، بنەماڵەى شەنیاشار ئەمڕۆ  چالاکییەکەیان لە ماڵی خۆیاندا لە پرسوس درێژە پێدەدەن.

بنەماڵەی شەنیاشار لەسەر ئەژماری دیجیتاڵ میدیایی خۆیان ئەم پەیامەیان بڵاوکردەوە: "نادادپەروەری لە دادگای رحا هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر دادپەروەری لە هەموو شوێنەکانی تریشدا. پێویستی بە ئازایەتی و نەترسی هەیە. دەبێت مرۆڤەکان یەکگرتوو بن تاوەکو کۆتایی بە زوڵم، ناهەقی و قەیرانەکان بهێنرێت".

ژ.ت