بنەماڵەى شەنیاشار: یڵدز بڕیاری گرتنی هەیە و لە رحا ئازادانە دەسوڕێتەوە

بنەماڵەى شەنیاشار رایانگەیاند، "ئیبراهیم یڵدز بڕیاری دەستگیرکردنی هەیە، بەڵام ماوەى ٣ ساڵە ئازادانە لە رحا دەسوڕێتەوە".

ئەمینە شەنیاشار کە هاوسەرەکەى و ٢ لە کوڕەکانی لەلایەن خزمانی ئیبراهیم خەلیل یڵدز پەرلەمانتاری ئاکەپەوە کوژران، لەگەڵ فەرید شەنیاشاری کوڕێدا کە لە هەمان هێرشدا بریندار بوو، ماوەى ١١٨ رۆژە لە چالاکیی "ئێشکگریی دادپەوەریدان".

بنەماڵەی شەنیاشار بەهۆی قەدەغەى هاتوچۆوە چالاکییەکەیان لە ماڵەوە درێژە پێدەدەن و لە ئەژماری تایبەتی خۆیان لە میدیای دیجیتاڵیدا پەیامێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، ئەنوەر یڵدز و ئیبراهیم یڵدز بڕیاری دەستگیرکردنیان هەیە، بەڵام ٣ ساڵە دەستگیر ناکرێن و وێنەکانیان بڵاوکردنەوە.

 بنەماڵەی شەنیاشار لە ژێر وێنەکاندا نووسیویانە، "تورکیا وڵاتی دیموکراسی و ئازادییە! ئەوەى بیەوێت دەڕوات کارەکانی خۆی بەهێز دەکات و دەڕوات رادەست دەبێت (ئەنوەر یڵدز)، بڕیاری دەستگیرکردن بۆ ئیبراهیم یڵدز هەیە! بەڵام ٣ ساڵە لە رحا ئازادانە دەسوڕێتەوە، چونکە مامە پەرلەمانتارەکەى لە پێشتیەتی!".

ژ.ت