بنەماڵەى شەنیاشار: ئەگەر یەکگرتوویی هەبێت دادپەروەریش پێکدێت

بنەماڵەى شەنیاشار رایانگەیاند، دادپەوەری بە یەکگرتوویی پێکدێت و بانگەوازی یەکگرتوویان بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە.

ئەمینە شەنیاشار، کە هاوژینەکەى و دوو کوڕی لەلایەن خزمان و پاسەوانەکانی ئیبراهیم خەلیل یڵدز پەرلەمانتاری ئاکەپەوە کوژراون، لەگەڵ فەرید شەنیاشاری کوڕیدا، کە ئەویش لەو هێرشەدا بریندار بوو، لە بەردەم داگای رحا دەستیان بە چالاکیی ئیشکگریی دادپەروەری کردووە و چالاکییەکەیان ماوەی ١٢٠ رۆژە بەردەوامە.

ئەمینە شەنیاشار و فەرید شەنیاشاری کوڕی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ و لە بەردەوامیی چالاکییەکەیاندا رۆیشتنە بەردەم دادگای رحا و پۆستەرێک کە لەسەری نوسرابوو، 'دادپەروەری بۆ هەموان' و 'دایکێک ١٢٠ رۆژە لە بەردەم دادگای رحادا لە چالاکیی ئێشکگریی دادپەروەریدایە، کە ٢ کوڕ و هاوژینەکەى لە نەخۆشخانە کوژران. لەبەر ئەوەى پەرلەمانتارێک دەستی لە کوشتارەکەدا هەیە، ئەوە ٣ ساڵە رێگا نادرێت دادگایکردنی دۆزەکە بەڕێوەبچێت' بەرزکردبووە و دەستیان بە ئێشکگری و چالاکییەکەیان کرد.

مەروە دەمیرەڵ یەکێک لە بەرەنگارەکان و چالاکوانانی شەقامی یوکسەلی ئەنقەرە، کە بە یاسای حکومی باری نائاسایی لەسەر کار دەرکرابوو و لەو شەقامەدا چالاکییان بە ناوی "ئێمە کارەکەى خۆمان دەوێت" بەڕێوەدەبرد، لەگەڵ فیلیز ئۆزچەلیک، کە ئەدیبە ئۆزچەلیکی دایکی لە ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ەوە لە سامانداغی هاتای دا و لە هەڵکوتانە سەر ماڵەکەیاندا دڵی لە لێدان کەوت و گیانی لە دەستدا، رۆیشتن بۆ سەردانی بنەماڵەى شەنیاشار.

دەمیرەڵ لە چالاکیی ئێشکگریی بنەماڵەى شەنیاشاردا وتەیەکی پێشکەشکرد و وتی، "ئەمڕۆ ١٢٠ رۆژە چالاکیی بەردەوام بەڕێوەدەچێت و ٣ ساڵیش بەسەر کۆمەڵکوژییەکەدا تێپەڕیوە. ئێمە دەزانین ئەم سەردانانە هێز و ورەی زیاتر بە بنەماڵەکە دەدات، بۆیە داوا لە هەموو کەسێک دەکەین با بێت سەردانی بنەمالەکە بکات و گوێ لە داوای ئەمان بۆ دادپەروەری بگرن".

فیلیز ئۆزچەلیک لە چالاکییەکەدا رایگەیاند، ٢ رۆژە لە پارکی عەبدوڵا جۆمەرد لە بەردەم دادگادا لە چالاکیی ئێشکگری بۆ دادپەروەریدان و وتی، "تێکۆشانەکەى ئێمەش لە ٧١هەمین هەفتەدایە. ئێمەش داوای دادپەروەری لە هەموو کەس دەکەین. ئێمە هاتووین بۆ سەردانی بەرخودانەکەى بنەماڵەى شەنیاشار. من لەو بڕوایەدام ئێمەی گەل هەموومان لە بەرخوداندان دەبین بە یەک و یەکگرتوو دەبین".

فەرید شەنیاشار کە لە هێرشەکەدا بریندار بوو رایگەیاند، تێکۆشانەکەیان بۆ دادپەروەری لە ٤هەمین مانگدایە و وتی، "لەگەڵ دایکمدا درێژە بە تێکۆشانەکەمان دەدەین. ئێمە لێرە بانگەوازی یەکگرتن و یەکگرتوویی بۆ هەموان بڵاودەکەینەوە. ئەو یەکگرتوویە رۆژ بە رۆژ گەورەتر دەبێت. بۆ یەکگرتویی داوای پشتیوانی لە هەموان دەکەن، چونکە لە یەکگرتوویدا دادپەروەری بەدی دێت".

ژ.ت