"بەپێی بەرنامەیەکی درێژخایەن هەوڵی جینۆساید کردنی کورد دەدرێت"

عەبدوڵا کەریم، نووسەر و توێژەری بواری ئەنفال: "لە کاتی جینۆسایدی ئێزدییەکان کورد هێزی پێشمەرگەی هەبوو، سەڕەڕای ئەمە شەنگال بە هەموو گوندەکانییەوە جینۆساید کرا، ناکرێت بەئاسانی تێپەڕێت".

عەبدوڵا کەریم مەحمود نووسەر و توێژەری بواری ئەنفال، لە ٩هەمین ساڵیادی جینۆسایدی کردنی گەلی ئێزدیی، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) سەبارەت بە پرسەکانی وەکو بەردەوامی جینۆسایدی گەلی کورد لەهەر چوارپارچەی کوردستان بەپی پلانی دوژمنان و داگیرکەران لەنێوانیشیاندا جینۆسایدی گەلی ئێزدی، وە کەمتەرخەمی دەسەڵاتی باشوری کوردستان لەبەرامبەر پاراستنی کوردان لە مەترسییەکانی سەری، هەروەها گرنگی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی خوبەڕیوبەری دیموکرات بۆ گەلانی عێراق و لەنێوانیشیاندا گەلی ئیزدی، ناوبراو بۆ (ANF) دوا.

پاشەکشەی پێشمەرگە بواری بە جینۆسایدی ئێزدییەکان دا

سەبارەت بە کەمتەرخەمی دەسەڵاتی باشوری کوردستان لە پاراستنی گەلەکەی لەبەرامبەر جینۆساید و هێرشەکانی دوژمنان، عەبدوڵا کەریم مەحمود نووسەر و توێژەری بواری ئەنفال، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) ڕایگەیاند: "جینۆسایدەکانی گەلی کورد دەگەڕێتەوە بۆ دوای لۆزان کە ماوەی سەد ساڵە گەلی کورد جینۆساید دەکرێت، کە ئەمەش بە پلانێکی درێژخایەند ئەنجامدەدرێت بۆ کۆمەڵکوژ کردنی کورد، ئەوەی مایەی تیڕامانە دەبینین کە جینۆسایدی ئێزدییەکان جینۆسایدێکی تراژیدای زۆر گەورەیە، بەداخەوە کە دەسەڵات و حکومەتی باشوری کوردستان خۆی بە پارێزەری نشتیمان دەزانێت لە ئاستی پارێزگاری سنوری کوردستان نەبووە،  ئەگەرنا چۆن دەسەڵاتی باشوری کوردستان هێزەکانی پاشەکشە دەکات لەبەردەم چەتەکانی داعش کە بواریان بە داگیرکردن و جینۆسایدی قەزایەکی گەورەی وەکو شەنگال دا".

بەپی بەرنامەیەکی درێژخایەند هەوڵی جینۆساید کردنی کورد دەدرێت

هەروەها سەبارەت بە هەوڵە بەردەوامەکانی عەقڵیەتی فاشستی بۆ سڕیننەوەی گەلی کورد، ئەو نووسەرەی بواری ئەنفال ووتی: "ژنان و منداڵانی ئێزدی بەشێوەیەک جینۆساید کران کە لەسەردەمی پێش هاتنی ئیسلامیش جینۆسایدی بەو دڕەندەییە ڕووی نەداوە، ئەم جینۆسایدە پلانی عەقڵیەتی ئەتاتورک و ئەردۆغانی ئەم سەردەمەیە کە چۆن لە سیڤەر و لۆزاندا بوون و نشتیمانی کوردیان سڕییەوە، لە ئیستاشدا بەپی بەرنامە هەوڵدەدرێت کە مرۆڤی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان جینۆساید بکرێت، وە تاکی کورد لەلایەنەکانی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و دەرونی تێکبشکێت، بەداخەوە دەسەڵاتی کورد بەو هەموو میدیایەی کە هەیەتی لەئاستی ڕووداوەکان نەبووە".

ناکرێت کەمتەرخەمی دەسەڵاتی باشور بەرامبەر جینۆسایدی ئێزدییەکان تێبپەڕێت

هەروەها ئەو توێژەرەی بواری ئەنفال باسی مەترسی جینۆسایدی ئێزدییەکانی کرد بەراورد بە جینۆسایدی گەلی کورد لە پرۆسەی بەدناوی ئەنفال و ووتی: "جینۆسایدی ئێزدییەکان لەگەڵ شاڵاوی ئەنفال جیاوازن چونکە لەسەردەمی ئەنفالدا هێزی پێشمەرگە لە سەنگەرەکانی شەڕدا بوو لەگەڵ عێڕاق و ئێران، بەڵام لە جینۆسایدی ئێزدییەکان کورد حکومەت و پەرلەمان و هێزی پێشمەرگەمان هەبوو بۆ پاراستنی سنورەکان، سەڕەڕای ئەمە قەزایەکی گەورەی وەکو شەنگال بە هەموو گوندەکانییەوە جینۆساید بکرێت، ناکرێت ئەم جینۆسایدە بەئاسانی تێپەڕێت".

بەپلانی ئەردۆغان و زلهێزەکان ئێزدییەکان جینۆساید کران

ئەو نووسەرە ئاشکراشی کرد کە بە بەرنامەی هاوبەشی ئەردۆغان و داعش بەپلانێکی نێودەوڵەتی لەگەڵ زلهێزەکان جوگرافیای گەلی ئێزدیی جینۆساید کرا و ووتی: "ئەردۆغان و داعش لەگەڵ ووڵاتانی زلهێز پلانێکی گەورەیان هەبوو بۆ ئەوەی ئەم جوگرافیایە تووشی جینۆساید بکەن، بەڵام ئایە پلانی ئێمەی کورد دوای جینۆسایدی ئێزدییەکان چیە ئایا دەبێت ئێزدییەکان هەر لەناو ترایژیدای جینۆساید لەناو کامپەکان بن؟، یان بەپلانەوە ڕووبەڕووی ئەو جینۆسایدە ببینەوە، جینۆسایدی ئێزدییەکان تائیستا بەردەوامی هەیە، دەبێت بەرنامەی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێڕاق لە ئاستی تراژیدیای گەلی ئێزدی بێت".

گرنگە سوود لە ئەزموونی خوبەڕێوبەریی دیموکرات وەربگرین

لە کۆتایدا عەبدوڵا کەریم مەحمود نووسەر و توێژەری بواری ئەنفال، سەبارەت بە گرنگی ئەزموونی خوبەڕێوەبەری دیموکرات و گرنگی سوود وەرگرتن لەو سیستەمی خۆبەڕێوبەری دیموکراتییە بۆ تەواوی گەلانی عێراق، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) ڕایگەیاند: "ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان ئەزموونێکی زۆر سەرکەوتووبوو، بینیمان کە مەزڵوم کۆبانی کە قوتابییەکی بەڕیز ئۆجالانە، توانی لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە چەتەکانی داعش و سوپای تورکیا تێکبشکێنێت، کە لەئیستادا ئەزموونێکی زۆر سەرکەوتوو هەیە کە پەروەردەیەکی ئەخلاقی زۆر جوانیان لەلا هەیە دوور لە بەرژەوندی و دوور لەو پەروەردە نادروستە (سەقەتەی) لە باشوردا هەیە، گرنگە ئێمە گرنگی بە ئەزموونی خۆبەڕێوبەری دیموکراتی بدەین و سوودی لێ وەربگرین".

هـ . ب