بە دیمەن

برای شەهیدی قەڵەم کاوە گەرمیانی: سیخوری نەبێت، دەستی تیرۆر ناگاتە ڕۆژنامەنووسان

کاروان ئەحمەد برای ڕۆژنامەنووسی شەهید کاوە گەرمیانیی، سەبارەت بە تیرۆرکردنی دوو ڕۆژنامەنووسی ئازادی ژن، وتی: "دەستێکی ناوخۆی بووە بە هۆکاری ئەوەی ئەم دوو ڕۆژنامەنووسە لە لایەن تورکیاوە بە ئامانج بگیرێن."

ڕۆژی هەینى ٢٣ی ئاب، هەر دوو ڕۆژنامەنووسی ژن (گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین) بە هۆی بۆردوومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانى دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، لە نزیک شارۆچکەی سەیدسادق شەهیدبوون. لەو بارەیەوە کاروان ئەحمەد برای شەهیدی قەڵەم کاوە گەرمیانی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

'دەستێکی ناوخۆی هۆکاری تیرۆرکردنی ئەم دوو ڕۆژنامەنووسەیە'

مامۆستا کاروان ئەحمەد لە سەرەتایی قسەکانییدا پرسە و سەرخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی هەر دوو شەهیدی ڕۆژنامەنووسی ئازاد کرد، کە بە دەستێکی ڕەش لە ناوخۆی باشووری کوردستان تیرۆرکران، وتی: "ئەم تیرۆرانە درێژە پێدەری هێرش و تیرۆرەکانی ترن کە کراوتە سەر ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان، کە بە دەستی ناوخۆیی تیرۆرکراون. گومانێکم لەوە نییە کە ئەمەش دەستێکی ناوخۆیی تێدایە، چونکە تورکیا ٤٠٠ کیلۆمەتر لێرەوە دوورە، چۆن فرۆکەیەکی بێ فرۆکەوان دەتوانێت لێرە دوو ڕۆژنامەنووس بە ئامانج بگرێت، بۆیە دڵنیام لەوەی دەستێکی ناوخۆی هەیە بووە بە هۆکاری ئەوەی ئەم دوو ڕۆژنامەنووسە لە لایەن تورکیاوە بە ئامانج بگیرێن.

ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە کە ئەم دەسەڵاتە لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا تەنها کارێک توانیویەتی بیکات تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسەکانی هاوڕێمان بووە. ئەزانن ڕۆژنامەنووسەکان ڕووی ڕاستیی بەرپرس و منداڵەکانیان پیشانی کۆمەڵگا دەدەن، بۆیە ڕقیان لە ڕۆژنامەنووسەکان دەبێتەوە."

وتیشی: "وەک چۆن ڕژێمی بەعس لە کاتی ڕووخانیدا هەموو کارە نائەخلاقی و قێزەوەنەکانی، کە بەرانبەر گەلی عێراقی کردبوویان ئاشکرابوو. دڵنیام بە ڕووخانی ئەم حیزبە کوردییانە کە ماوەی ٣٠ ساڵە دەسەڵاتیان بە دەستە هەموو کارە قێزەوەنەکانیان و نا ئەخلاقییەکانیان بۆ هەموو میللەت ئاشکرا دەبێت.

ئەوکاتە ڕادەکەن بۆ وڵاتانی تر بەڵام بە دواتانا دێین و دەگەڕێین هەمووتان دادگایی دەکرێن. تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان ماوەیەک نەمابوو، ڕۆژنامەنووسانیان دەستگیر دەکرد، بەڵام لە ئێستادا تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان دەستی پێ کردۆتەوە کەواتە درێژە پێدەری کاری تیرۆریستیین ئەم دەسەڵاتە."

'لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان کە ڕۆژنامەنووس بە ئامانج دەگیرێت ئەوان لێی بەرپرسن'

لە درێژەیی قسەکانییدا مامۆستا کاروان باسی لەوەکرد کە دەسەڵاتی سیاسی باشووری کوردستان بەرپرسن لە بەرانبەر تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد و بەمجۆرە بەردەوام بوو: "لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان کە ڕۆژنامەنووس بە ئامانج دەگیرێن ئەوان لێی بەرپرسن. دواتر باسی ئەوە دەکەین کە تورکە فاشیستەکان لێی بەرپرسن چونکە زانیارییەکان لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا دزەی کردووە بۆ ئەوان، ئەگەر کاری سیخوری نەبێت ئەم دوو ڕۆژنامەنووسە دەستی ڕژێمی تورکی فاشیست ناکەون و تیرۆربکرێن. بۆیە هەمیشە ئەوان دووپاتکردۆتەوە کە واز لەکاری تیرۆربێنن چونکە ڕاگرتنی دەسەڵاتان پەیوەست نییە بە تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسانەوە، ئەگەر دەتانەوێت دەسەڵاتان درێژە بکێشێت دەبێت خۆتان لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و هاوڵاتیانی ئەم هەرێمەدا ئاشت بکەنەوە."

لە کۆتایی قسەکانییدا کاروان ئەحمەد بانگەوازی لە گەل و ڕۆژنامەنووسان کرد کە هەڵوێست بنوێنن لە بەرانبەر تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان، وتی: "دواکارم لە ڕۆژنامەنووسان ئەوەیە ڕێگەنەدەن تیرۆر بەسەریاندا تێپەڕێت. هەموو ڕێگەکان بگرن لە دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە چونکە ئەمڕۆ نا سبەی سەرەی هەمووان دێت."