بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورک بەردەوامە: سنوری برادۆستی هەولێر و دهۆک بۆردوومانکرا و بریندار هەیە

دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە یەک کاتدا تۆپبارانی سنووری برادۆستى لە هەولێر و سنووری پارێزگای دهۆکی کرد، لە ئەنجام بۆردوومانەکەدا دوو هاوڵاتیی مەدەنی برینداربوون.

هێرشە داگیرکارییەکان

بەپێی هەواڵەکانی ئاژانسی ڕۆژ نیوز کە پشت بە سەرچاوە هەرێمییەکان دەبەستێت؛ دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بەردەوامە لە هێرشە داگیرکارییەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان، ئەمڕۆش لە یەک کاتدا تۆپبارانی برادۆستى لە سنوورى هەولێر و هەروەها سنووری پارێزگای دهۆکى کرد.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەکردووە دەوڵەتی تورک تۆپبارانی کوێستانی لۆلان و بناری چیای شەکیوی لە سنووری برادۆستی سەر بە پارێزگای هەولێر کرد.

زانراوە بە هۆی تۆپبارانەکەوە دوو هاوڵاتیی مەدەنیی برینداربوون، بەڵام بە هۆی ئەگەری دووبارە تۆپباران کردنی سنوورەکەوە تیمەکانی تەندرووستی ئۆتۆمبێلی فریاگوزارییان ڕەوانەی شوێنی تۆپبارانکردنەکە نەکردووە.

لەلایەکی دیکەشەوە، کەمێک پێش ئێستا دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆردوومانی سنووری پارێزگای دهۆکی کرد، تا ئێستا زیانەکانی ئەم بۆردوومانە نەزاندراوە.

بە گوێرەی ئامارێکی بڵاوکراوەی ڕێکخراوەی سی پی تی ئەمریکی (Community Peacemakers Teams) بە هۆکاری هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باشووری کوردستان بەلایەنی کەمەوە ١٦٢ گوند چۆڵکراون و هەڕەشەی چۆڵکردن لەسەر زیاتر لە ٦٠٠ گوندی دیکەش هەیە. هەروەها ڕاگەیاندراوە لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەلایەنی کەمەوە ٢٠ هەزار دۆنم پوش و پاڵان و زەوی و زاری کشتوکاڵی ئاگرییان گرتووە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە هێزەکانی داگیرکەری تورک بە قوڵای ٥٠ کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی باشووری کوردستانەوە.