ڕێپێوان لە ئێلح: ئەم بەرخۆدانە ئیرادەی ئازادییە

لە ئێلح دژی کودەتای قەیوم ڕێپێوانی جەماوەری ئەنجامدرا. لە چالاکییەکەدا درووشمی "ژن ژیان ئازادی" و 'بە بەرخۆدان سەردەکەوین" و "ئێلح، خاوەنداری لە ئیرادەت بکە" بەرزکرایەوە.

بەرخۆدان دژی قەیوم

لە ئێلح بەرخۆدان دژی قەیوم بەردەوامە، ئەمڕۆ بە بەشداری پارت و ڕێکخراوەکان ڕێپێوانێکی جەماوەر ئەنجامدرا، ڕێپێوانەکە لە پارکی یەڵماز گونەی تا چوارڕیانی باسین بەردەوام بوو.

لە چالاکییەکەدا درووشمی "ژن ژیان ئازادی" و 'بە بەرخۆدان سەردەکەوین" و "ئێلح، خاوەنداری لە ئیرادەت بکە" بەرزکرایەوە. جەماوەر لە چواڕیانی باسین گۆرانیان چڕی و هەڵپەڕکێیان کرد.

سەرەتا هاوسەرۆکی دەم پارتی ئێلح سۆنگول کۆرکماز و ئەندامانی پلاتفۆرمی ژنانی ئەدەنە سەڤیل ئاراجی و شیلان سورمەلی قسەیان کرد، ئاماژە بەوە کرا قەیوم سەرەتا بە ئامانجگرتنی دەسکەوتەکانی ژنانە، دووپاتکرایەوە تا گەڕاندنەوەی ئیرادەی گەل  لە هەموو جێیەک بەرخۆدان دەکەن.

ژنان و گەنجان وەڵامی هەرە بەهێز دەدەنەوە

هاوسەرۆکی شارەوانی وان، نەزلیهان شەدال لە چالاکییەکەدا ڕایگەیاند ژنان و گەنجان وەڵامی هەرە بەهێز دەدەنە قەیوم، ڕێگە نادەن دیسان شارەوانییەکان داگیربکرێن و گوتی: "سەرکەوتن بۆ گەلی ئێلحە".

هاوسەرۆکی شارەوانی ئامەد، دۆغان خاتوون ڕایگەیاند هەمووان لە کوردستان خاوەنداری لە ئیرادەیان دەکەن، گوتی: "ناچارن ئیرادەی گەل قبووڵ بکەن. ناتوانن ئێمە بشکێنن و سەرمان پێ نەوی بکەن".

هاوسەرۆکی شارەوانی وان، عەبدوڵا زەیدان، گوتی: "گەلەکەمان ڕێگە نادات شکۆیان پێشێل بکەن. شارەوانییەکانمان بەدەست دەهێنینەوە".

٤٨ ڕێکخراو نەخشەڕێگای هاوبەشیان بڵاوکردەوە

سەرۆکی سەندیکای نەوت فەیسەڵ کارتال نەخشەڕێگای هاوبەشی ٤٨ ڕێکخراوی بە ناونیشانی "دەسەڵات دەیەوێت کۆمەڵگەیەکی بیرنەکەرەوە و بێ ڕێکخستن بنیات بنێت. دژی قەیوم دەڵێین، بژی دیموکراسی" خوێندەوە.

"شکست بە زیهنیەتی ئێوە دەهێنین"

هاوسەرۆکی شارەوانی ئێلح گوڵستان سۆنوک گوتی : "لەم گۆڕەپانی بەرخۆدانەوە دەڵێین، زیهنیەتی پیاوسالاری ئێوە تێکدەشکێنین".

"ئەم بەرخۆدانە ئیرادەی ئازادییە"

هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە چیدەم کلیچگون ئوچار گوتی: "ئێلح بۆ تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد جێیەکی گرنگی هەیە. بەرخۆدانی گەلی ئێلح، بەرخۆدانی ئیرادەی ئازادییە".

"چارەسەرنەکردنی پرسی کورد"

ئوچار ڕایگەیاند قەیوم بەرئەنجامی چارەسەرنەکردنی پرسی کوردە، گوتی: "گرنگترین شت بۆ ئەم وڵاتە چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کوردە. قەیوم بکشێننەوە، گۆشەگیری هەڵبگرن و دەست لە سیاسەتی شەڕی تایبەت هەڵبگرن. ئێوە سەدەیەکتان لەدەستدا. وەرن بە پارادایمی بەڕێز ئۆجالان لە سەدەی دووەمدا ئاشتییەکی ڕاستەقینە بەدی بهێنین. تا چوونی قەیوم پێکەوە تێدەکۆشین".

پاش قسەکان، پۆلیس هێرشی کردە سەر جەماوەر

پاش قسەکان، پۆلیس هێرشی کردە سەر جەماوەر. جەماوەر لە چوارڕیانی باسین هەڵپەڕکێیان کرد. پاشان پۆلیس بە گازی فرمێسکڕێژ و ئاو هێرشی کرد. بەڵام گەل پاشەکشەی نەکرد.

بەرخۆدانی گەل بەردەوامە.