"بەرژەوەندی زلهێزەکان واقعی ئیستای کوردستان و کەرکوکی خوڵقاند"

پرۆفیسۆر دڵشاد عومەر شوانی رایگەیاند، "دەرئەنجامی پەیماننامەی لۆزان تا ئەمرۆ بەردەوامە، ئەویش بریتییە لە دابەشبوونی کوردستان و بەردەوامی مەترسییەکانی لەسەر کورد".

پرۆفیسۆر دڵشاد عومەر شوان، نووسەر و توێژەری مێژوویی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فورات (ANF)، هەڵسەنگاندنی بۆ مەترسییە بەردەوامەکانی پەیماننامەی لۆزان بۆسەر کوردستان بەگشتی و شاری کەرکوک بەتایبەتی، هەروەها چۆنیەتی مامەڵەکردنی کورد لەگەڵ ئەو پەیماننامەیە و چەند پرسێکی دیکە کرد.

"بەهۆی بەردەوامی پەیماننامەی لۆزان، کۆمەڵکوژی و مەترسی لەسەر کورد بەردەوامە"

 د. دڵشاد عومەر شوان، سەبارەت بە کاریگەری بەردەوامی پەیماننامەی لۆزان لەسەر کورد، وتی: "کۆنگرەی لۆزان کە لە ٢٤ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٢٣ بەسترا و ئەنجامەکەی ئەم واقع و دۆخەی ئیستای خوڵقاند، کۆنفرانسی لۆزان پلانی دەوڵەتانی کۆلۆنیالیزم بوو بۆ ئەم ناوچەیە، بۆیە تائیستا ئەو دۆخەی لۆزان خوڵقاندنی بەردەوامە، ئەویش دابەشبوونی کوردستانە. سەد ساڵ بەسەر فەرامۆش کردنی نەتەوەی کورد تێپەڕی. تەواوی ئەو مەترسییانەی کە لە سەد ساڵی ڕابردوو بەسەر خاکی کوردستاندا هاتووە دەرئەنجامی لۆزان بووە. مەترسی و کۆمەڵکوژی لەسەر کورد بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی کورد، لەپێناو چارەنووسی کورد و کوردستان، بڕیار لەسەر دامەزراندنی قەوارەیەکی سیاسی دەدات".

 "زلهێزەکان ئامادەنین سازش لەسەر کەرکوک بکەن

 ئەو نووسەرە سەبارەت بە گرنگی شاری کەرکوک بۆ وڵاتە زلهێزەکان وتی: کەرکوک شارێکی گرنگە لەناو خاکی کوردستاندا. چارەنووسی کەرکوک بەستراوەتەوە بە چارەنووسی کوردستانەوە. بەدەر لەوەش ئەمرۆ زۆربەی دەوڵەتانی زلهێز و هەرێمییەکان لەوانەیە لەسەر شارەکانی هەرێمی کوردستان سازش بکەن بەڵام بۆ کەرکوک بەهیچ شێوەیەک ئامادە نین، بڕیار لەسەر ئەوە بدەن ببێتە بەشێک لە هەرێمی کوردستان، بەهۆی بەرژەوەندییە نەوتییەکانەوە کەرکوک بۆتە خاڵی چاولەسەری زلهێزەکان، پێش دابەشکردنی کوردستان کەرکوک خاڵی دەستبەسەرداگرتنی زلهێزەکان بووە".

"بەرژەوەندی نەوتی کەرکوک دۆخی ئیستای خولقاندووە"

د. دڵشاد عومەر شوان لە کۆتایدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، "هەر پرسێک تایبەت بە شاری کەرکوک بێت، دەوڵەتانی زلهێز و هەرێمییەکان دێنە سەرخەت، ئەمەش بەحوکمی ئەو دەرئەنجامەی پەیمانی لۆزان بۆ بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتە زلهێزەکانی ئەو سەردەمە لێیکەوتەوە. هەروەها لە ئەنجامی پەیماننامەی لۆزان بەرژەوەندی دەوڵەتە هەرێمییەکانیش پارێزراوە، بۆیە ڕیگەنادەن کەرکوک بگەڕێتەوە بۆسەر هەرێمی کوردستان. کاریگەری پرسی کەرکوک و نەوتەکەی لەسەر دەرئەنجامی پەیماننامەی لۆزان ئەم واقعەی ئیستای بۆ ئێمەی کورد لێکەوتەوە".

جێی باسە پرۆفیسۆر دڵشاد عومەر شوانی، نووسەر و توێژەری مێژووییە و تائێستا بەشداری لە دەیان کۆنفرانسی جیهانی کردووە و دەیان توێژینەوەی لە گۆڤارە نێونەتەوەیی و عەرەبییەکان بڵاوکراوەتەوە، سەبارەت بە میژووی ئابووری و کۆمەڵایەتی شاری کەرکوک، خاوەنی چەند کتێبە لەوانەش کتێبی'نەوتی کەرکوک و ململانیەی زلهێزەکان'.

ژ.ن