ماوەیەکە بێدەنگی باڵی بەسەر دۆخی سیاسی عێراق دا کێشاوە بەهۆی چەقبەستووی دۆخی سیاسی عێراق، لە کاتێکدا هیچ ڕێککەوتنێک لە ئارادا نیە بۆ دەربازبوونی وڵات لەو قەیرانە سیاسیەی لەسەر پێکهێنانی حکومەت تێکەوتووە، دوای کشانەوەی ڕەوتی سەدریش لە پەرلەمانی عێراق، جارێکی دیکە گرێ کوێرەی پرۆسەی سیاسی عێراق ئاڵۆزتر کرد بە شێوەیەک دەرگای بۆ چەندین ئەگەر کردەوە، کە ڕەنگە لە ئایندەدا بەرۆکی پرۆسەی سیاسی عێراق بگرێتەوە.
هەرچی لایەنە کوردییەکانە، پێیانوایە کشانەوەی ڕەوتی سەدر، کەلێنی لە پەرلەمانی عێراق دروست کرد، بەڵام بە هەلیشی دەزانن بۆ ئەوەی لایەنە کوردییەکان خۆیان ڕێکبخەنەوە و بە وەرەقەیەکی سیاسی هاوبەشەوە بڕۆنە بەغداد، چونکە کشانەوەی سەدر بە هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانی سێ قۆڵی سەدر و پارتی و سوننەکان لە قەڵەم دەدرێت، تا ئێستا لایەنی کوردی ناکۆکن لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار و پۆستە باڵاکانی دیکەی حکومەتی عێراق.
سەبارەت بەو پرسە محەمەد نەسرەدین چاودێری سیاسی و سیاسەتمەدار دیاری شاری کەرکوک لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتەدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) لەسەر ئەو بابەتانە دوا.
بەرژوەندی بەربەستی سەرەکییە لەبەردەم پێکهێنانی حکومەت
سەبارەت بە ئاڵنگاری بەردەم پێکهێنانی حکومەتی عێراق محەمەد نەسڕەدین چاودێری سیاسی ووتی: "بەهۆی دەستێوەردانی ووڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی پرۆسەی سیاسی لە عێراق پرۆسەیەکی قورسە، بەهۆی ئەو دەستێوەردانانە متمانە لەنێوان لایەنە سیاسییەکان نەماوە، هەموو ئەمانە دروستکردنی حکومەتی کردووە بە کارێکی ئەستەم بەتایبەتی دوای کشانەوە فراکسێونی سەرد ، ئەمڕۆ عیراق ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکی زر گەورە دەبێتەوە بەهۆی بارودۆخی ناوچەکە و باردۆخی ئابوری خەڵکی عێراق پێویستی بەوە هەیە، کە پەلە بکرێت لە دروستکردنی کابینەی نوێی عێراق، بەڵام تا ئێستا بەربەستی سەرەکی لە بەرامبەر پێکهێنانی حکومەت بەرژەوەندی حزبی و بەرژەوەندی هەندێک لایەنە سیاسی و بەرژەوەندییە هەرێمییەکانە، زاڵ بەسەر بەرژەوەندییەکان ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ دروستکردنی حکومەتی نوێ عێراق".
عێراق پێویستی بەحکومەتێکە لەئاست ئاڵنگارییەکان بێت
هەروەها ئەو چاودێرە سیاسییە سەبارەت بە ووتی: "ناوچەکە لە بەردەم گۆڕانکاری گەورەدایە، عێراقیش کێشەی ئەمنی گەورەی هەیە و لەلایەکی دیکەوە خەڵکی عێراق لە دۆخێکی ئابوریی زۆر خراپ تێدەپەڕن، بۆ زاڵ بوون بەسەر تەواوی ئەم ئاڵنگاری و کێشانە پێویستە عێراق حکومەتێک دروست بکات، کە بتوانێت ڕووبەڕووی ئەم ئاڵنگارییانە بێت، بۆیە پێویستە لایەنەکان دەستبەرداری هەندێک بەرژوەندیی حزبی بن".
لایەنی کوردی لەگەڵ بەغدا گفتوگۆی لەسەر بەرژەوەندی نشتیمانی و خەڵکەوە ناکەن
سەبارەت بە مەترسی پەرتەوازەیی یی نێو ماڵی کورد و لایەنە سیاسییە کوردییەکان، ناوبراو ووتی: " هیچ کات وەکو ئەمڕۆ بارودۆخی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان لە مەترسیدا نەبووە، هەریمی کوردستان لە بارودۆخێکی خراپدایە، لە ڕووی گۆڕانکاری و کێشەکانی ناوچەکە و پەرتەوازەیی نێو ماڵی کورد و ئابوریی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا لە ئاستێکی خراپدایە، هەروەها ئەوەی پێگەی کوردی لە پێکهێنانی حکومەتی عێراق لاواز کردووە ئەوەیە، کە هەردوو لایەنی کوردی خاڵی سەرەکیی داواکردنیان پۆستی سەرۆک کۆمار لەبری ئەوەی داوای چارسەری کێشەی مادەی ١٤٠ و چارەسەرکردنی کێشە و بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد و خاک و نشتیمان بێت، ئەمەش خاڵێکی لاوازی کوردە چونکە کێشەی کورد لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بەغذا کێشەی پۆست نەبووە، ئەو خاڵانەی ئێستا لایەنی کوردی لە بەغدا گفتوگۆی لەسەر دەکات خاڵی سەرەکی نین کە پەیوەست بێت بە بەرژەوەندی نشتیمان و خەڵکەوە".
ژ.ت