بەسێ ئەرزنجان ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی کۆمەڵەکانی ژنانى کوردستان (کەژەکە - KJK) قسەى بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد و رایگەیاند، ٤٣هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکەی لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، گەریلاکان، کە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا شەڕ و بەرخودان دەکەن، لە بەرخۆدانی زیندانیان، بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان، لە گەلی کورد و دۆستانی گەلی کورد پیرۆز دەکات.
بەسێ ئەرزنجان رایگەیاند، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە دامەزراندنی پەکەکەدا گرنگییەکی زۆری بە نوێنەرایەتیکردنی هێڵی ئازادیی ژنان دا و وتی: تێکۆشانی ئازادیی ژنان هەمیشە لەناو پەکەکەدا لەسەر ئەو بنەمایە پەرەی سەندووە و بەوەش پەکەکەی کرد بە حیزبی ژنان. بۆ پێشخستن و گەشەپێدانی ڕێکخستنکردن و هێڵی ئازادیی ژنان لە ناو پەکەکەدا هەمیشە هەڵمەتی قەڵەمبازانەى بەڕێوەدەبرد. تاوەکو گەیاندییە ئەم سەردەمە. ڕێبەرمان بە دروستکردنی پەکەکە گەورەترین بەشداریی ستراتیژی بۆ ئازادیی ژنان خوڵقاند. ژنان بە بەشداریکردنیان لە ڕیزەکانی پەکەکەدا گەیشتوونەتە جەوهەر و سروشتی خۆیان، هێز و توانایی و لێهاتووی خۆیان دۆزییەوە. لە کەسایەتیی ژنانی کورددا تێکۆشانی ئازادیی ئێمە بە کەسایەتیی ساکینە جانسز دەستی پێکرد و بە هەزاران شەهیدی دا، لەگەڵ ملیۆنان خەباتکار، لایەنگر و هاوسۆزی بووەتە تێکۆشانێکی سەرتاسەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دا. ئاستی ژنانی کورد ئێستا بۆیە گەیشتووەتە ئەو ئاستە، چونکە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆ تێکۆشانەکەى بۆ بونیاتنراوە. بۆیە دامەزراندنی پەکەکە بۆ ژنان بووەتە ڕۆژی سەرلەنوێ بونیاتنانەوە و هەبوون".
بەسێ ئەرزنجان لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە گۆشەگیریی قورس و تووندی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و وتی: "یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕفاندنی ڕێبەر ئاپۆ بە پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەیی و بردنیان بۆ ئیمراڵی، لەبەر کار و تێکۆشان و هەوڵەکانی بوو بۆ ئازادکردنی ژنان لە کۆیلەیەتی. رێبەرەکەمان لەبەر هەوڵەکانی بۆ ئازادکردنی ژنان و ئافراندنی مرۆڤی ئازاد بەو شێوەیە گۆشەگیریی لە دژ ئەنجامدەدرێت، بۆیە جارێکی تر سڵاو لە هەڵوێستی بەرخۆدان و ئازادییان دەکەین، کە ڕێبەرەکەمان لە دوورگەی ئیمراڵی پیشانی دەدات".
بەسێ ئەرزنجان ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی کەژەکە ڕاشیگەیاند، هێڵی ئازادیی ژنان لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە ترس و ناڕەزایی و تووڕەیی گەورەی لە سیستمی پیاوسالارییەوە لێکەوتەوە و وتی: پیاوسالاران، ناڕەزایەتی و تووڕەیی خۆیان لەسەر لەدەستدانی کۆیلەیەتیی ژنان، گەیاندووەتە ئاستێک، کە ڕێبەرەکەیان دیلکردین و لە گۆشەگیریدا رایانگرتووە. رێبەرەکەمان ڕێگا و ئامرازەکانی ئازادیی ژنانی پیشانداین. هەوڵ و سەرکەوتنەکانی ڕێبەرمان بۆ ئازادکردنی ژنان لەلایەن هەمووانەوە قبوڵ دەکرێت. ئافراندنی ژنانی کورد، کە فیدایانە بەرخۆدانیان لە دژی داعش کرد، بەرهەمی سەرۆک ئاپۆیە. ئەوە لەلایەن هەموو کەسێکەوە دەزانرێت. ڕێبەرەکەمان ڕاستی ژنانی ئازادبووی ئافراند، ڕادیکاڵترین شۆڕشی سەدەی ٢١ی خوڵقاند، کە پێشەنگایەتیی شۆڕشی ژنانە. بە ئایدۆلۆژیای خۆی و بە مۆدێلی ڕێکخراوەیی و سیستمی ژیانی خۆی دەرگاکانی ئافراندنی بۆ ژیانێکی نوێ کردەوە. لە ڕاستیی ژنانی کورد دا هەزاران جار سەلمێنرا، کە بیر و رامان و تێز و تێڕوانینی سەرۆک ئاپۆ بۆ ئازادی چەندە راست و دروستە.
"تێکۆشانی دژ بە گۆشەگیری بە پێشەنگایەتی ژنان بەڕێوەدەچێت"
گەورەترین وەڵام بۆ گەڕان بە دوای ئازادیی ژنان و مرۆڤایەتی لە تاریکیدا ماوەتەوە، بەڵام ئەو وەڵامە لە بەرگرینامەى ڕێبەرەکەمان دا، کە لە ئیمڕاڵی نوسیویەتی هەیە، بۆیە هەموو ژنان، گەل و باوەڕەکان دەیانەوێت ئازاد ببن. ئێمەی ژنانی کورد بە بەختین، کە خاوەنی رێبەرێکی وەهاین. ئێمە منەتدار و قەرزداری رێببەرەکەمانین. دەرفەت و بەختێکی گەورەیە بۆ ئێمە، کە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا تێبکۆشان بکەین و هاوڕێیەتیی بکەین".
بەسێ ئەرزنجان رایگەیاند، ژنانی کورد ڕۆڵێکی سەرەکیان بینیوە لە تێکۆشان بۆ لابردن و تێکشکاندنی گۆشەگیریی ٢٢ ساڵەی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئازادکردنی و وتی، "ئێمە وەک بزووتنەوەی ژنانی کورد پێشەنگایەتی بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەرمان و بڵاوکردنەوەی بیرو رامانەکانی بەسەرتاسەری جیهاندا دەکەین. ئازادی ڕێبەرمان بەرنامە و رۆژەڤی سەرەکیمانە. ئێمەی ژنان ئازادیی خۆمان لە ئازادیی ڕێبەرەکەماندا دەبینین. هۆکاری قەدەغەکردنی چاوپێکەوتنەکان بۆ ماوەی ٦ مانگ، هەڵوێست و وەستانەوە و پێگەی ئازادیی ڕێبەرەکەمان دەخاتەڕوو. دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە هەر کات تەنگاو دەبێت سیاسەتی گۆشەگیری و گوشار لە دژی ڕێبەرەکەمان بەکار دەهێنێت. ڕێبەرەکەمان لە بەرامبەر ئەوەدا لە بەرخۆدانێکی گەورەدایە. بە تێکۆشانی ئازادیی گەلەکەمان و گەریلا و ژنان، دەسەڵاتی فاشیستیی تورک ناتوانێت ئەنجام بەدەست بهێنێت".
ڕێبەرەکەمان بووە بە 'ڕێبەرێکی گەردونی'
بەسێ ئەرزنجان ڕاشیگەیاند، ملیۆنان کەس لە گەلانی ئەوروپا بەشداری لە هەڵمەتەکانی ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن و وتیشی: "بیر و رامانەکانی ئازادیی ڕێبەرمان وەک لافاو بە سەرتاسەری جیهاندا بڵاودەبێتەوە و قبوڵ دەکرێت. لەم ڕووەشەوە گۆشەگیریی سەر ڕێبەرەکەمان بێمانا و پووچ دەکەنەوە. رێبەرەکەمان بووە بە رێبەرێکی گەردوونی، بۆیە سەرەکیترین کار بەرخۆدانی ئێمە، ڕێکخستنبوونمان و تێکۆشانی ئێمەیە. لەو چوارچێوەیەدا هەڵمەتەکەمان بە ناوی ' کات کاتی ئازادییە' و 'لە دژی پاکتاوکردنی ژنان کات کاتی پاراستنی ژنان و کۆمەڵگایە' بە بەهێزی بەڕێوەدەچن. هەروەها تێکۆشانمان لەگەڵ دۆستە ئینتەرناسیۆنالیستەکانمان زیاتر و گەورەتر دەکەین".
"دانانی پەکەکە لە لیستی 'ڕێکخستنە تیرۆریستییەکان' گەورەترین شەرمەزارییە بۆ مرۆڤایەتی"
بەسێ ئەرزنجان باسی لە هەوڵەکان بۆ لابردنی ناوی پەکەکە لە لیستی "ڕێکخستنە تیرۆریستییەکان" کرد و وتی: "بوونی ناوی پەکەکە لە لیستی 'ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان'دا گەورەترین شەرمەزاریی مرۆڤایەتییە. پەکەکە بزووتنەوەیەکی ئازادییە. تێکۆشان و خەبات و چالاکی و ئایدیۆلۆژیاکەی ڕوون و ئاشکرایە. ڕۆڵی پەکەکە لە تێکشکاندنی داعش زۆر گەورە بوو. پەکەکە لە هەموو ڕێکخستنەکان و هەموو دەوڵەتەکان زیاتر نوێنەرایەتیی هێڵی ئازادیی ژنان دەکات.
بەپلان و ڕێککەوتنە پیس و قێزەونەکانی ئەمریکا و ئەوروپا بەتایبەتی ئینگلتەرا و فەرەنسا کوردستان بەسەر چوار بەشدا دابەشکراوە. هێشتا لەم سەردەمەدا کورد لە ژێر دۆخی داگیرکەری و ئیستعماری نێونەتەوەیدایە. ئەو هێزانە بەرپرسیارن لە بێ پێگە بوون و بێ کیانبوونی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هێشتا مافی ڕۆشنبیری و زمانی دایکیی کورد لە تورکیا قبوڵ ناکرێت. مافی خۆبەڕێوەبەریی خۆسەر، و خۆبەڕێوەبەریی کورد بە نەبوو دەزانن. ئەوە لە کاتێکدایە بە شێوەیەکی سەرەکی ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا دەوڵەمەندیی خۆیان بە تاڵانکردنی گەل و ژنانی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا و ئەفریقا بە دەستهێناوە. ئەوان نایانەوێت واز لەو شتانە و ئەو تاڵانکارییانە بهێنن. ناتۆش لە رووی جەوهەری و ناوەرۆکی خۆیەوە رێکخستنێکی وەهایە، کە درۆکانی ئەو دەوڵەتانە دەپۆشێت، دزەکان دەیپارێزێت و پارێزگارییان لێدەکات. سەرچاوە و هۆکاری هێشتنەوەى ناوی پەکەکە لە لیستی 'ڕێکخستنە تیرۆریستییەکان'دا و پشتیوانی ناتۆ بۆ دەوڵەتی تورک بۆ ئەو هۆکارانە دەگەڕێتەوە.
هەموو جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ کوردایەتیی نۆکەر و خیانەتکاردا دادەنێن، بەڵام لە دژی کوردایەتیی ئازاد، کە پشتبەستوە بە هێزی خۆی، هەموو جۆرە سیاسەتێکی توندوتیژیانە بەکار دەهێنن و رەوایی بە توندوتیژییەکانیان دەدەن، بەڵام زۆرێک لەڕۆشنبیران، فەیلەسووفەکان، نووسەران، ڕۆژنامەنووسان و سیاسەتمەداران لە جیهان دا لە دژی هێشتنەوەی ناوی پەکەکەن لەسەر لیستی "ڕێکخستنە تیرۆریستییەکان"دا و لە دژی ئەوە هەڵوێستیان هەبووە. سەرنج بدەن، ناوبانگ و متمانەى پەکەکە لە نێو گەلانی جیهان و ژناندا زۆر گەورەیە، پەکەکە لە نێوان گەلاندا بزووتنەوەیەکی ڕەوایە، بەتایبەتی دوای شەڕی داعش ئەو متمانەیە بەدەستهێنا. لەلایەن گەلانەوە پەسەندکراوە و پشتیوانیی لێدەکرێت، بۆیە دەبێت ئەو بڕیارە ناڕەوا، نائەخلاقی و بێویژدانییە، کە لەلایەن دەوڵەتەکانەوە دراوە هەڵبوەشێتەوە. بۆ ئەوەش دەبێت پێش هەموو شتێک ژنان لە هەموو ناوچەیەکدا خەباتێکی بەهێز و کاریگەر بەڕێوەببەن، بۆیە یەکێک لە بەرنامە و رۆژەڤە سەرەکییەکانی ئێمە لابردنی ناوی پەکەکەیە لە لیستی 'ڕێکخستنە تیرۆریستییەکان' دا".
"سەردەمی دیکتاتۆریی فاشیستیی کۆتایی هات، پێویستی بە ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز بە پێشەنگایەتیی ژنان هەیە"
بەسێ ئەرزنجان ڕایگەیاند، دەسەڵاتی فاشیستی و داڕزاوی ئاکەپە - مەهەپە بە هێرشکردنە سەر باکور و ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان ژیانی خۆی درێژ دەکاتەوە و وتی: "بەڵام ئەستەمە ئەو عەقڵییەتە، کە کۆمەڵگا دەکاتە کۆیلە، لەسەر پێی خۆی بمێنێتەوە. کۆمەڵگای تورکیا بەهۆی کێشەی ئابوورییەوە لە قەیرانێکی سەختدایە و لە دۆخی هەڵوەشاندنەوەدایە، کۆمەڵگا گەیشتووەتە ئەو ڕادەیە، کە چیتر ناتوانێت سیاسەتە ئابوورییەکانی دەسەڵات قبوڵ بکات، بۆیە تەمەنی ئەم دیکتاتۆرییەتە، کە بە خەونی دەوڵەتی عوسمانیی نوێوە لە ناوچەکە دەجوڵایەوە کۆتایی پێهاتووە. گرنگ ئەوەیە ئۆپۆزیسیۆن هەڵوێستی هەبێت. ئەوە دەبێتە خاڵێکی یەکلاکەرەوە. ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن لە تورکیا بەرامبەر بە کۆمەڵگە راستگۆ بێت، ئەوا بێگومان لەسەر بنەمای تێکۆشانی هاوبەش، لە دژی دەسەڵاتی فاشیستی سەردەکەوێت. بە دڵنیاییەوە ژنانیش دەبنە پێشەنگی ئەو تێکۆشان و ئۆپۆزسیۆنە".
بەسێ ئەرزنجان تیشکی خستە سەر سیاسەتی شەڕی تایبەتی دەوڵەتەکان لە دژی ژنانی کورد و وتی: "لە کەسایەتیی ژنانی کورددا داوا دەکرێت کۆتایی بە ئاواتەکانی ئازادیی ژنان و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێنرێت. ڕێگای پووچکردنەوەى ئەوەش هۆشیاری ڕێکخستنبوونە. تاوەکو گەلەکەمان و ژنان خۆیان نەناسن و خۆیان ڕێک نەخەن و لە بەرامبەر ئەو ڕووداوانەدا نەوەستنەوە، کە ڕوودەدەن، دوژمن زیاتر خۆی ڕێکدەخات.
لەو چوارچێوەیەدا ئەرکی ئێمەی ژنانی کورد ئەوەیە، کە لەم قۆناغەدا لە تورکیا، سوریا، ئێران و عێراق پێشەنگایەتی بۆ تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادی بکەین. ئێمە ناچارین، کە لەگەڵ باوەڕی و گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێکەوە فاشیزم بڕوخێنین و ژیانی ئازادی نوێ بونیات بنێین. لە باکوور، ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا، باشوور، شەنگال، ئێمە پێشەنگایەتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی گەلەکەمان و دیموکراتیزەکردن دەکەین.
بۆیە ئێمەی ژنانی کورد مێژووییەکی گرنگی ئازادی و ئەزموونێکی گرنگمان هەیە. ئەم سەردەمە باشترین سەردەمی تێگەشتوویی ژنان و گەلەکەمانە. ئەوەش بناغە و بونیادێکی زۆر گرنگە. دەسەڵاتی فاشیستیی دەوڵەتی تورک بە زەبری هێز لەسەر پێ خۆی راگرتووە. لێرەدا گرنگە ئێمەی ژنان و گەلانی ئازادیخوازان و باوەڕمەندان، زەحمەتکێشان و گەنجان بە ڕۆڵ و ئەرکی خۆیان هەستن و بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە و بە بڕیار و پێداگرییەوە و بە هاوکاریی یەکتر درێژە بە خەبات و تێکۆشان بدەین.
کەس ناتوانێت ڕێگە لە گەڕان و لێکۆڵینەوە بگرێت، رێگەى لە داوای ئازادی ژنان بگرێت. کاتێک ئێمە تیایدا بەشدار بین، ڕۆژانی ئافراندنی چاکە، نوێبوونەوە و جوانی دەخوڵقێت. لەسەر ئەو بنەمایە داوا لە هەمووان دەکەم، کە تێکۆشانمان بۆ ئازادی زیاتر و گەورەتر بکەن و تا ئەو شوێنەی دەکرێت بەشداری لە هەڵمەتی ئازادیمان دا بکەن. ئەگەر رێگا و ڕێبازی ڕاست بگیردرێتە بەر و تێکۆشان بەو شێوەیە ئەنجام بدرێت، ئەوا سەرکەوتنی ژنان و گەلان مسۆگەر دەبێت".
ژ.ت