بەتووش: دەستەی هەماهەنگی هێز و پێکهاتەکانی شەنگال لە عێراق مۆدێلێکی نوێیە

سەید بەتووش، سەرۆکی حزبی تەقدوم ڕایگەیاند، دەستەی هەماهەنگی هێز و پێکهاتەکانی شەنگال نە تەنیا بۆ پێکهاتەی ئێزیدی، بەڵکو بۆ هەموو عێراق ھێز و مۆدێلێکی نوێیە.

سەید بەتووش، سەرۆکی حزبی تەقدوم، لەبارەی پێکھێنانی دەستەی هەماهەنگی هێز و پێکهاتەکانی شەنگال، بۆ ئاژانسی فورات (ANF) قسەی کرد.

سەید بەتووش ڕایگەیاند، دەستەی هەماهەنگی لەوجۆرە دەتوانێت ڕێگری لە فەرمانەکان بکات و وتی: "وەک ئەندامانی دەستەی هەماهەنگی، شانازی بە یەکڕیزی و هاوپەیمانی لەوجۆرە دەکەین. لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین، بۆ ئەوەی ئەو دەستەی هەماهەنگییە بکرێتە نموونەیەک بۆ هەموو عێراق.

ئەوەشی خستەڕوو، "هەنگاوی یەکەمیان ئەوەیە، ئەو کەسانەی بەشداریان لە فەرمانی ٣ی ئابدا کردووە، لە دادگاکانی عێراق دادگایی بکرێن. هەنگاوی دووەمیش ئەوەیە، گوشار بخرێتە سەر حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی قەوارەی شەنگال بەفەرمی بناسێت و شەنگال بۆ شەنگالیەکان بێت. ئێمە مافی دیلەکانی دەستی داعش لە حکومەتی عێراق وەردەگرین. هەوڵ دەدەین ئەو خێزانانەی ماوەی ٩ ساڵە لە کەمپەکانی باشووری کوردستاندان بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان".

سەید بەتووش لە درێژەی قسەکانیدا جەختیکردەوە، "دەبێت خەڵکی شەنگال خۆیان بەڕێوەببەن و قبووڵی ناکەین کەس خۆی بکاتە باوکی شەنگال. پێویستمان بەوە نییە کەسێک لە دهۆک یان بەسرەوە بێت بۆ ئەوەی بمانپارێزێت، کە فیشەکێک تەقێنرا ھەڵبێت. ئێمە خۆمان بەرگری لە خۆمان دەکەین و هێزی پاراستنمان ھەیە، دەتوانن بەرامبەر ھەموو جۆرە هێرشێکی فەرمان بەرگریمان لێبکەن. چونکە ئێمە ئەزموونێکی زۆرمان لە کاتی ٣ی ئاب بەدەستهێناوە و جارێکی تر ئەو هەڵانە دووبارە ناکەینەوە. ئەوەی بەسەرماندا ھات ھەڵەی خۆمان بوو، چونکە ئیمە خۆمان دابووە دەست هەندێک لایەن و لە خەودا بووین. بەڵام ئێستا بەئاگا ھاتووین و وشیار بووینەوە''.

سەرۆکی حزبی تەقەدوم ھەروەھا سەرنجی بۆ ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم ڕاکێشا و وتی، "ئێستا ڕێککەوتنەکە بووەتە مەرکەبی سەر کاغەز و کەس ناتوانێت جێبەجێی بکات. چوونکە ئەو ڕێککەوتنە دوای ماڵوێرانی خەڵکی شەنگال ئامادەکرابوو. بەڵام گەلەکەمان قبووڵی نەکرد و ناڕەزایەتی توندی بەرامبەر پیلانگێڕان نیشان دا. ئێستا زۆرێک لە وڵاتان کۆمەڵکوژی ئێزدییەکانیان بە جینۆساید ناساندووە، بەڵام ئەوە بە تەنیا بەس نییە. دەبێت بە کرداریش جێبەجێ بکرێت. ئەو کۆنسوڵخانانەی کە لە ھەولێرن، جینۆسایدی ئێزدییەکان بە جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم دەبەستنەوە، ئەمەش مایەیی قبوڵکردن نییە. ئیتر ئێمە هیچ ڕێککەوتنێک لەسەرمان قبوڵ ناکەین، کە وەک شەنگالیەکان ڕەنگدانەوەی ئێمەی تێدا نەبێت."

سەید بەتووش لە کۆتاییدا وتی: "با گەلەکەمان وشیار بێت، هێشتا پیلانگێڕەکان لەسەر ئەرکەکانیانن و لە پیلانگێڕییەکان ڕزگارمان نەبووە. هێشتا مەترسی لەسەر کۆمەڵگاکەمان بەردەوامە، با هاوپەیمانی خۆمان پێکبهێنین، بۆ ئەوەی بتوانین پیلانەکان تێکبشکێنین.

ژ.ن