پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی گشتی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە چوارچێوەی خەباتی هەڵبژاردنی پارتی چەپی سەوزدا لەگەڵ هاوسەرۆکی سەیەکەپە لە دیلۆک لەگەڵ گەل کۆبووە. بوڵدان و کاروانەکەی لەلایەن گەلەوە پێشوازیان لێکراو دوتار بەشداری لە کردنەوەی ئۆفیسی هەلبژاردن لە گەڕەکی وەتەن بوو. بە هەزاران کەس بەشداریان کرد و دروشمی 'بژی سەرۆک ئاپۆ'یان وتەوە.
سەرەتا ئایتەن کایا هاوسەرۆکی هەدەپەی دیلۆک قسەی کرد و وتی، لە دیلۆک و هەموو تورکیا مێژوو دەنووسنەوە، بۆیەش وەک دیکە هیچ چارەسەرێک نییە. عەونی بینیجی هاوسەرۆکی هەدەپەی دیلۆکیش وتی، ئەوان بە شەو و رۆژ کار دەکەن.
جانان یوجە هاوسەرۆکی گشتی سەیەکەپەش رایگەیاند کە نابێت لەبیر بکرێت، دەوڵەت چۆن ئەوانی رووبەرووی مردن کردەوە و وتی، " وڵاتێک بنیات دەنێین کە هەمووان وەک خوشک و برا تێیدا بژین."
' پارتی چەپی سەوز دەبێتە رەنگ و دەنگی گەلان'
دواتر پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە قسەی کرد و ئاماژەی بە فێڵەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە کرد و وتی، " دەیدزن، تاڵانی دەکەن، بەڵام هەرچیەک دەکەن ناتوانن لەبەرامبەرمان بوەستنەوە. هیچ کاتێک ناتوانن. رێگری زۆریان دروست کرد. هەوڵ دەدەن پارتەکەمان دابخەن. دەیانەوێت هەدەپە لە سیاسەت دوور بکەنەوە. دەیانەوێت پەرلەمان بێ هەدەپە بهێڵنەوە، هەموو رێگەیەک تاقی دەکەنەوە. بەڵام بەڵێنمان بە گەلەکەمان داوە. وتمان، ئەگەر ئەوان فرت و فێڵیان هەیە، ئێمەش هەنگاومان هەیە. بڕیارماندا کە بە ناوی پارتی چەپی سەوزەوە بەشداری هەڵبژاردن بکەین. ئێستا ئامانج و رێگەیەکی نوێمان هەیە. پارتی چەپی سەوز لە هەموو جێگەیەکی تورکیا دەبێتە دەنگ و رەنگی گەلان."
' وانەیەکی گرنگ بە ئاکەپە دەدەن'
بوڵدان لە بەردەوامی قسەکانیدا باسی ئەوەی کرد کە گەلی دیلۆک ئاکەپە باش دەناسێت و ئاماژەی بە بومەلەرزەکەی ٦ی شوبات کرد و وتی، " دیلۆک ٢١ ساڵە دەبینێت کە ئاکەپە ئەم وڵاتەی خستووەتە چی حاڵێکەوە. دوایین جار بومەلەرزەکە بوو کە سێ رۆژ دیار نەبوون. قوربانیانی بومەلەرزەیان بە تەنیا بەجێ هێشڕ. ئێستا نۆرەی ئێمەیە، نۆرەی گەلانە. ئیدی کات هاتووە کە ئاکەپە رووبەرووی چارەنوسەکەی بکەینەوە. ئەوەش گەلەکەمان بڕیار دەدات. یەکەم دەنگ بۆ گۆڕینی سەرۆککۆمارە. دووەم دەنگ بۆ پەرلەمانە. ئێمەش دەمانەوێت کە بە شێوەیەکی قەرەبالخ بچینە پەرلەمان. بڕوامان وایە گەلی دیلۆک کارێکی باش دەکات. خولی پێشوو مەحمود تورگوت پەرلەمانتار و دەنگی ئێوە بوو. ئێستا پارتی چەپی سەوز لە زۆر شوێن کاندیدی هەیە و نوێنەرایەتیتان دەکات."
بوڵدان باسی ئەوەی کرد کە ١٤ی ئایار دەسەڵات رەوانەی زبڵدان دەکەن و وتی، " ١٤ی ئایار وانەیەک فێری ئاکەپە دەکەین کە لە سیاسەتدا ئیدی ناوی نەهێنرێت."
دواتر گەل دروشمی ' حکومەت دەستلەکاربکێشەرەوە'ی وتەوە و بوڵدانیش رایگەیاند، ئەم حکومەتە شەرمی نییە کە دەست لەکاربکێشێتەوە.
دوای قسەکانی بوڵدان بە هەزاران کەس بە یەک دەنگ دروشمی ' بژی سەرۆک ئاپۆ' وتەوە. دواتر ئۆفیسی هەڵبژاردن کرایەوە. پرۆگرامەکە بە هەڵپەڕکێ کۆتایی هات.
ف.ق