بوون بە ناوی شکۆمەندی
ئازاد، ژیان ودەستینا... لە بەشدار بوونەوە تا شەهیدبوون هەموو ڕۆژێکیان بە تێکۆشانێکی گەورەوە بەڕێکرد. بوون بە هێمای بەرخۆدان، بوون بە ناوی شکۆمەندی.
ئازاد، ژیان ودەستینا... لە بەشدار بوونەوە تا شەهیدبوون هەموو ڕۆژێکیان بە تێکۆشانێکی گەورەوە بەڕێکرد. بوون بە هێمای بەرخۆدان، بوون بە ناوی شکۆمەندی.
ئازادی چییە؟ ڕەنگە هەموو کەسێک بتوانێت ئەم پرسیارە بکات، بەڵام هەموو کەسێک ناتوانێت لەناو خانەکانی جەستەیدا هەست بە ئازادی بکات، لەگەڵیدا بژی و هاوبەشی پێ بکات. چونکە ئامێزگرتنی ئازادی کارێکی ئاسان نییە. ئازادی بە هەوڵ و ماندووبوون و سەختییەکی زۆرەوە لە ئامێز دەگیرێت. بۆ ئەمەش ئازایەتییەکی گەورە پێویستە بۆ ئەوەی گیانی خۆی بەخت بکات. مرۆڤ بۆ ئەوەی بتوانێت ژیانێکی ئازاد بەدەست بهێنێت، دەبێت بە هەموو شێوەیەک خۆشی بوێت، خاوەنداریەتی لێبکات و لەپێناویدا بجەنگێت. ئەمەش بە واتای گەشەپێدانە بە ئیرادە. تەنها ئەوانەی کە بۆ ئازادی شەردەکەن هەست بەمە دەکەن.
کەس هێندەی گەریلاکانی ئازادی کوردستان بە ئازادی رووناک نەکراوەتەوە. چیاکانی کوردستان کە هەوارگەی ئازادیخوازانن، ئەم شەرڤانە ئازایانە هەمیشە بە بەشێک لە خۆیانیان زانیوە و لە هەموو شەڕێکدا پارێزگارییان لێکردووە. چونکە چیاکانی کوردستان تامەزرۆی ئازادین. و ئەوانەی دەتوانن ئەم خولیا و تامەزرۆییەی بەدی بهێنن تەنها گەریلان.
دوو جەستەی جیاواز... یەکێکیان ژنە، یەکێکیان پیاوە. دوو گەنج کە خاوەنی یەک ئامانجن و لە دەوری ئامانجێکی هاوبەش کۆبوونەتەوە. ئەوەی دەگێڕدرێتەوە تەنیا چیرۆکی دوو خۆشەویست نییە. خۆشەویستی ئەوان بەڕادەیەک گەورەیە، کە دەتوانێت بەتەواوەتی جیهان لە ئامێز بگرێت.
سەرحەد و جانان به هه ستێکی وڵاتپارێزییەوە پەیوەندییان بە ریزەکانی گەریلاوە کرد. بە قسەکردن، پێکەنین و هەڵوێستی ژنان و پیاوانی گەریلا کاریگەر بوون. ویستیان وەکۆ ئەو مرۆڤانە بن، کە گیانیان لەپێناو گەلەکەیاندا بەخت دەکەن و تۆڵە لە دوژمن دەکەنەوە.
هەردووکیان لە سەرحەدی کەونار و خۆڕاگرەوە بەڕێکەوتن وخۆیان گەیاند بەر دەروازەی پاڵەوانانی خۆشەویستی ئەم رێبازە. لە چیا ئازادەکان بوون بە ئازاد و ژیان. ناوە نوێیەکانیان نەخشەڕێی ئەوانی دیاری کرد. لەگەڵ ژیانی گەریلادا جوانتر بوون. دوای ئەوەی لە ئەندێشە و کرداردا خۆیان بەرەوپێش برد، داوایان کرد بچنە مەیدانی کردارەوە. هەر خۆی چالاکی لەلای ئەوان رێگەیەک بوو بۆ زیندووهێشتنەوە و پڕجۆش و خرۆش مانەوە.
ئازاد لە شاخی هەکاری و ژیان لە گۆڕەپانی کۆردینە پراکتیکێکی سەرکەوتویان ئەنجامدا. هەردووکیان لەخۆبوردە، ماندوونەناس، کۆڵنەدەر و لێهاتووبوون بوون. بە هەڵوێستی جەوهەری خۆیان کاریگەرییان لەسەر هەموو کەسێک دادەنا. هەردووکیان چونکە گەنج و پڕ وزە بوون لە هەموو شوێنێک بوونە سەرچاوەی وزە. لە هەموو شوێنێک ئەرکەکانیان بە سەرکەوتوویی راپەڕاند.
دوای ئەوەی سوپای دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە ٢٣ی نیسانی ٢٠٢١ لە ناوچەی مەتینا دەستی بە هێرشی داگیرکەری کرد، بەمەبەستی بەرپەرچدانەوەیان پێداگرییان کرد لە سەر بەشداریکردن لەو شەڕە. ئەمە لە کاتێکدایە رێکخستن لەبارەی ئەوانەوە پلانی جیاوازی هەبوو، چونکە ئازاد ماوەیەکی زۆر لە گۆرەپانی شاخی هەکاری رەنج و ماندووبوونی کێشابوو. هاوڕێکانی دەیانویست ئەو رەنج و ماندووبوونەی ئاوێتەی ئایدۆلۆژیای رێبەرایەتی بکەن و بۆ ئەوەی ببێتە فەرماندە پەروەردەی بکەن. لە هەمان کاتدا ژیانیش بۆ ماوەیەک لەگەل بەڕێوەبەرایەتی بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی شارەزا بێت لە فەرماندەییدا، هەربۆیە لە شاخی کۆردینە کشێنرایەوە.
بەڵام دوای ئەوەی شەڕەکە گەرم بوو، ئازاد و ژیان نەیانتوانی دەستەوەستان بن و هەروا بوەستن. داوایاک کرد بەشداری لەم شەڕدا بکەن، وەڵامی پێویست بە دوژمن بدەنەوە و تا کۆتایی شەڕ بکەن. هەوڵی هاورێکانیان بۆ قایلکردنیان نەیتوانی ئەوان رابگرێت. هەردووکیان لە گۆرەپانی کۆردینەدا ئەرکدار کران.
ئازاد لەگەڵ فەرماندە باگەر باشکالە چوونە گۆرەپانی کۆردینە، بەشداربوو لە کارەکانی چاودێری و پشکینی و چالاکییەکان. بە هەولدانێکی بێ وچان هەموو رۆژێک چووە سەر دوژمن. بۆ هاورێکانی بوو بە سەرچاوەی ئازایەتی و بڕوا.
عەدولی گەلەکەی؛ ژیان کە بە عەشقێکی گەورەوە وابەستەی پارتەکەی ورێبەرایەتی بوو، پراکتیکی پاراستنی ناسنامەی ژنی کوردی وێناکرد. ژیان وەک ناوەکەی بوو بە ژیان و بەناو هەموو مرۆڤایەتیدا بڵاوبووەوە. لە شەڕدا بوو بە تۆپەڵێکی ئاگر کە دوژمنی دەسوتاند و بە هەلهەلەکانی ترسی دەخستە دڵی دوژمنەوە.
دوژمن لەساڵیادی ژیانەوەی ١٥ی ئاب بۆردومانی ئەو گۆڕەپانەی کرد. گەریلاکانی گۆرەپانی کۆردینە بۆ رێگریکردن لە داگیرکەری خۆیان بۆ تێکۆشان ئامادە دەکرد. ئازاد بۆ ئەوەی بزانێت دوژمن لە کوێ خۆی مۆڵداوە، داوای مۆڵەتی لە فەرماندە باگەر باشکالە کرد کە بچێتە دەرەوە. فەرماندە باگەڕ لەو شەوە پڕ بۆسەیەدا بێ ئەوەی بزانێت کە دواجار ئازاد دەبینێتەوە، لە چاوەڕوانیدا مایەوە. هەڤاڵانی تا بەرەبەیانی بەدوایدا گەڕان، بەڵام ئازادیان نەدۆزیەوە. فەرماندە باگەر چووە لای هاوڕێکانی لە سەنگەرەکانی تر و داوای لە دەستینا و ژیان کرد کە بە هیچ جۆرێک نەکەونە جموجۆڵەوە و کاتێک ئازادیان بینی ئاگاداریان بکەنەوە و ڕۆیشت. بەڵام ژیان و دەستینا خۆیان پێنەگیرا و دەستیان بەگەڕان بەدوایدا کرد. دوژمن کە هەستی بەوان کرد، هەردووکیانی شەهید کرد. فەرماندە باگەر و سەرحەد لەگەڵ تەرمی ئازاد تەرمی ژیان و دەستینایان دۆزیەوە.
ئازاد، ژیان و دەستینا کە هەموو ڕۆژێکیان بۆ تۆڵەسەندنەوە لە دوژمن بەسەر دەبرد، چوونە کاروانی شەهیدانەوە. لەیەکەم ساتی بەشداربوونەوە تا شەهیدبوونیان، هەموو ڕۆژێکیان بە تێکۆشانێکی گەورەوە بەڕێکرد. بوون بە هێمای بەرخۆدان، بوون بە ناوی شکۆمەندی.
هـ . ب