بەھۆی مانگرتنەوە دۆخی تەندرووستی گۆھدار زێباری ناجێگیرە

ماوەی سێ رۆژە گۆهدار زێباری، یەکێک لە زیندانیکراوانی بادینان، لە زیندانی پەدەکەدا مانی لەخواردن گرتووە و چالاکوانێکیش دەڵێت: "دۆخی تەندروستی گۆھدار زۆر ناجێگیرە".

ئامەد پیران، چالاكوانی مەدەنی لە پەیامێكدا بۆ ڕایگشتی لەبارەی دۆخی گۆهدار زێباری، یەکێک لە زیندانیکراوانی بادینان، رایگەیاندووە، "بارودۆخی تەندروستیی گۆهدار زێباری لە ئاسایشی گشتیی هەولێر زۆر ناجێگیرە و ماوەی سێ رۆژە مانیگرتووە".

ئە چالاکوانە ئەوەشی خستووەتەڕوو، "تائێستا هیچ چارەسەرێکی پزیشکی بۆ گۆهدار زێباری نەكراوە و لایەنی پەیوەندیداریش بە دەنگییەوە نەچوون".

ئەمەش لە کاتێکدایە، پێدەچێت ئەمڕو دۆسیەیەكی دیكە لەسەر گۆهدار زێباری بجوڵێندرێت و رۆژێكیش بۆ دادگاییكردنی لەسەر ئەو دۆسیەیە دەستنیشان بكرێت، کە وەک ئامەد پیران ئاماژەی بۆ کردووە: "گۆهدار رووبەڕووی پیلانێکی مەترسیداری دەزگای ئاسايش دەکرێتەوە".

گۆهدار زێباری، لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠دا، لەگەڵ چوار چالاكوان و رۆژنامەنووسی دیكە بە تۆمەتەکانی "سیخوڕیی، هەوڵدان بۆ كودەتا و ئاژاوەگێڕی" دەستگیرکران، لە ١٦ی شوباتی ٢٠٢١یش لەلایەن دادگای تاوانەكانی هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

دوای كەمكردنەوەی سزاكەی بەڕێژەی ٦٠%، بڕیاربوو، لە ١٦ی ئاداری ٢٠٢٣ ئازادبكرێت، بەڵام رۆژێك پێشتر واتە لە ١٥ی ئاداری ٢٠٢٣، لە دانیشتنێكی دادگادا بەبێ ئاگاداركردنەوەی پارێزەرانی، گۆهدار زێباری سزای حەوت مانگی تر زیندانیكردنی بەسەردا سەپێنرا، ئەویش تەنیا بە تۆمەتی گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەكەی و دوای تانەدان لە بڕیارەكە، ماوەی سزاكەی لە حەوت مانگەوە بۆ پێنج مانگ كەمكرایەوە.

 ماوەی سزای دووەمی گۆهدار زێباری، ڕۆژی چوارشەممە، ١٦ی ئابی ٢٠٢٣ تەواوبوو، بەڵام تا ئێستا ئازاد نەکراوە و لە زیندان هێڵدراوەتەوە و بەپێی وتەی پارێزەر، كەسوكاری و چالاكوانان دیسان دۆسیەیەكی دیكەی لەسەر كراوەتەوە.

ئەو دۆسیە نوێیەی بۆ گۆهدار زێباری کراوەتەوە، پەیوەستە بە بوونی چەکێکی جۆری تاپڕی ساڵی ١٩٦٠، کە هی باپیریەتی و لە ماڵی خوشكەكەیدا گیراوە.

جێی باسە مانگی رابردووش شێروان شێروانی، ڕۆژنامەنووسی زیندانیکراوی بادینان، بە سیناریۆیەکی دروستکراو سزای چوار ساڵی دیکە زیندانیی بەسەردا سەپێندرا، لەکاتێکدا دەبوو مانگی ئەیلولی ئەمساڵ ئازاد بکرێت.

ژ.ن