بڕیار ڕەشید: دەبێت داگیرکاریی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق بوەستێنرێت

بڕیار ڕەشید، پەرلەمانتاری یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، جەخت دەکاتەوە لە یەکخستنی بڕیاری عێراقی بۆ وەدەرنانی داگیرکەری تورکیا لەسەر خاکی عێراق و باشوری کوردستان.

هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق و بەتایبەت باشوری کوردستان بەردەوامە، ئەوەش لەسایەی بێدەنگی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەرچەن دەوڵەتی داگیرکەر ڕۆژانە هێرش دەکاتەسەر هاوڵاتییان.

سەبارەت بە دەستدرێژییەکانی تورکیا، پەرلەمانتارەکەی یەکێتی قسەی بۆ ئاژانی ڕۆژ نیوز کرد و گوتی: «ئەمە یەکەمجار نییە داگیرکەری تورکیا هێرش بکاتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان» هەروەها گوتی «ئێمە وەک فراکسیۆنی یەکێتی، بەتوندی سەرکۆنەی ئەم هێرشانە دەکەین و داوای لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکەین، داوا لە پەرلەمانی عێراق دەکەین دانیشتنێکی تایبەت بەم هێرشانە گرێ بدات».

ئاماژەی بەوە کرد «ئێمە دەزانین نزیکەی ١٠٠ بنکەی سەربازی دەوڵەتی تورکیا لە هەرێم هەیە»، هەروەها گوتی: « ٥ بنکەی ئاسمانی و ٤ هەزار سەرباز و ٩ بنکەی هەواڵگری هەن، لەم بارەیەوە هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ عێراق نەکراوە، بۆیە بە هیچ جۆرێک ڕێگە بە مانەوەیان نەدرێت».

لە کۆتایی قسەکانیدا، پەرلەمانتارەکە گوتی: «دەبێت کار بکەین بۆ دەرکردنی تورکیا لە هەرێم، هەروەک دەبێت سنوورێک دابنرێت بۆ هێرشەکانی بۆ سەر خاکەکەمان، ئەمەش پێویستی هەڵوێستێکی یەکگرتووە، لەپێناو وەستاندنی هێرشەکان دەبێت فراکسیۆنە کوردییەکان لە پەرلەمانی عێراق یەک دەنگ بن».

ف.ق