ئاشکرا بوو، ئیدارەی پارێزگای موش، فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی ١١٣ی ڕێگاوبانی ناچار کردووە، بەشداری لە مەراسیمی ٢٦ی ئاب لە ملازگر بکەن. هەڕەشەی ئەوەشیان لێکراوە، 'ئەو کارمەندانەی بەشداری لە مەراسیمەکەدا ناکەن بە پێچەوانەوە بەرپرسیار دەبن'. هەروەها داوا لە فەرمانبەران کراوە وێنەی خۆیان لە کاتی بەشداریکردن لە مەراسیمەکەدا تۆمار بکەن.
لەوبارەیەوە سومەیە بۆز، پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز لە بازنەی موش، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فورات (ANF) ڕایگەیاند، "دانیشتوانی ناوچەکە بەڵگەیەکیان لەبارەی فشارەکانی ئێدارەی پارێزگا گەیاندووەتە دەستمان، کە بە پێی ناچارکراون بەشداری لە مەراسیمەکەدا بکەن".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، سەرەتا پرسیارمان لە وەزارەتی ناوخۆ کرد، کە ئایا ئاگاداری کارێکی لەو شێوەیەن، پرسیمان کرد ئایا فەرمانەکە ھی ئاوانە یان نا؟، هۆکاری ناچارکردنی کارمەندان بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمەکە چییە؟. ھاوکات بەڵگەکە وەک هەڕەشەیەک وایە. خەڵک هەڕەشەیان لێکراوە، 'ئەگەر بەشداری مەراسیمەکە نەکەن، لە کار دەردەکرێن'.
ئەو پەرلەمانتارەی پاری چەپی سەوز وتیشی: بابەتێکی دیکە لەسەر ئەو بەڵگەیەیی ئاماژەی پێکرا، ئەوەیە کە ئەو بودجەیەی بۆ ڕای گشتی تەرخان کراوە، لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆ مەراسیمێک بەکارهێنراوە. بۆز بە بیریشی هێنایەوە کە هەم ئیدارە پارێزگا و ھەمیش شارەوانی موش ئۆتۆمبێلی دامودەزگاکانیان و سەرچاوە داراییەکانیان بۆ ئەو مەراسیمە تەرخان کردووە.
سومەیە بۆز جەختیشی کردەوە، "ئەوە جۆرێک لە ستەمە، کە کارمەندان بە زۆرەملێ ناچاربکرێن بەشداری لە مەراسیمەکانی دەسەڵاتدا بکەن و بە گرتنی وێنە ئامادەبوونیان بسەلمێنن، هەروەها بە شێوەیەی نھێنی هەڕەشە لە کارمەندان بکرێت کە لە ئەگەری بەشدارینەکردن لە کار دەردەکرێن. ئێمە بەدواداچوون بۆ ئەو پێشنیازە دەکەین کە پێشکەش بە پەرلەمانمان کردووە. هاوکات لە لێکۆڵینەوەکانمان لەبارەی گوشارەکان بۆسەر کارمەندان و فەرمانبەران بەردەوام دەبین و ھەر زانیارییەکیشمان لەوبارەیەوە دەستبکەوێت لەگەڵ ڕای گشتی ھاوبەشی دەکەین.
ژ.ن